21/11/2024
DidiMn Logo
Top

ئه‌و ڕووباره‌ی شانۆی ڕاسته‌قینه‌ی تێدا خنكێنرا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیمه‌نێك له‌ فیلمی هۆنراوه‌ فۆلكلۆرییه‌كانی به‌سته‌ر سكره‌گس

ڕێژه‌ن جه‌مال

له ‌یه‌كێك له ‌دیمه‌نه‌كانی فیلمه‌ نوێیه‌كه‌ی برایانی كۆین (جۆیل ‌و ئیسیان كۆین)، به ‌ناوی هۆنراوه‌ فۆلكلۆرییه‌كانی به‌سته‌ر سكره‌گس كه‌ دیمه‌نێكه‌ به ‌قووڵی كار له‌ ده‌روونی بینه‌ران ده‌كات، به‌ڵام په‌یامێكی توندیشی پێیه‌ بۆ چۆڵكردنی شوێنی شانۆی جدی، بۆ شانۆی ساده ‌‌و ساكار‌ و ئاسانبه‌ده‌ست.

دیمه‌نه‌كه‌ باس له ‌دوو هونه‌رمه‌ند ده‌كات كه‌ به‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌كی گه‌ڕۆكه‌وه‌ شاره‌وشار ده‌گه‌ڕێن‌ و نمایشه‌كانیان پیشانی بینه‌ران ده‌ده‌ن، هاریسۆن كه‌ هه‌ر چوارپه‌لی له‌ده‌ست داوه‌ به ‌توانایه‌كی ئه‌فسانه‌یی له ‌ده‌نگیدا (قه‌سیده‌كانی شیلی، چیرۆكه‌كانی ته‌ورات‌ و كاره‌كانی شکسپیر) نمایش ده‌كات، ئه‌و به‌شه‌ی ناو فیلمه‌كه‌ ناونراوه‌ تكـتی ژه‌مه‌خواردن، ئه‌وه‌ پیشان ده‌دات كه‌ ئه‌و شانۆ گه‌ڕۆكه‌ی ئه‌وان هه‌رچه‌نده‌ نمایشه‌كانیشی قووڵن ‌و له ‌ئاستێكی به‌رزدان، به‌ڵام داهاته‌كه‌ی ته‌نها به‌شی یه‌ك قاپ شۆربا ده‌كات، هه‌ندێك كاتیش بینه‌ران وه‌ڕس ده‌كات ‌و ته‌نانه‌ت خه‌ویشیان لێ ده‌كه‌وێت.

تا دێت داهاتی ئه‌و نمایشانه‌ له ‌كه‌می ده‌دات كه‌ هاریسۆن بۆ بینه‌رانی ده‌كات، ئێواره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆ گه‌ڕۆكه‌كه‌ كه‌ لیام نیسۆن ڕۆڵی ده‌بینێت، نمایشێك ده‌بینێت كه‌ مریشكێك له ‌چه‌ند چركه‌یه‌كدا ئه‌وه‌ی بینه‌ران لێی داوا ده‌كه‌ن جێبه‌جێی ده‌كات‌، نمایشه‌كانی ئه‌و مریشكه‌ بینه‌ر‌ و داهاتێكی زۆر باشیشی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌و مریشكه‌ له ‌خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كڕێت دواتریش له‌سه‌ر ڕووبارێك عه‌ره‌بانه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێنێت‌ و هاریسۆن فڕێ ده‌داتە ناو ڕووباره‌كه‌وه‌.

ئه‌و دیمه‌نه‌ی ناو فیلمه‌كه‌ی برایانی كۆین، زۆر به ‌ڕوونی مه‌رگی شانۆی قووڵ ‌و جدی و له‌ده‌ستدانی به‌هاكه‌ی له ‌به‌رانبه‌ر شانۆی ساده‌ پیشان ده‌دات، ئەگه‌رچی ئه‌دا و ئاماده‌بوونی هاریسۆن له ‌ئێواره‌ نمایشه‌كانیدا بێوێنه‌یه‌‌ و خودی نمایشه‌كانیشی له ‌چه‌ندین تێكستی گرنگی مێژووه‌وه‌ ئیلهامیان وه‌رگرتووه‌، كه‌چی بینه‌ران پێیان باشه‌ به‌دیار نمایشی مریشكه‌كه‌وه‌ دابنیشن‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت، مریشكه‌كه‌ به ‌زیاده‌وه‌ ده‌یكات.

ڕه‌خنه‌ تونده‌كه‌ی برایانی كۆین ته‌نها ئاڕاسته‌ی ئه‌و شه‌پۆله‌ له ‌شانۆی ساده‌ و ساكار نییه‌ كه‌ ئێستا وه‌ك شێرپه‌نجه‌ به‌ شانۆكانی دنیادا بڵاو بووه‌ته‌وه‌‌ و لێره‌ش، له‌ هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ری خۆی هه‌یه‌، به‌ڵكو ڕه‌خنه‌ی ئه‌وان بۆ ته‌واوی كایه‌كانی هونه‌ره‌ كه‌ هاوشان به ‌سه‌رده‌می ساده‌یی‌ و شۆ (Show) به ‌دونیادا بڵاو بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موان گۆرانیبێژ، شاعیر، ڕۆماننووس، ئه‌كته‌ر‌ و فیلمسازن‌ له ‌ڕه‌خنه‌كانی نێو دیمه‌نی تـكـتی ژه‌مه‌خواردن به‌ده‌ر نین.

دیمه‌نێك له‌ فیلمی هۆنراوه‌ فۆلكلۆرییه‌كانی به‌سته‌ر سكره‌گس

ئه‌وه‌ی برایانی كۆین له‌ فیلمه‌ نوێیه‌كه‌یاندا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ شانۆ (یاخود فراوانتر بڵێن هونه‌ر) ده‌توانێت بینه‌ره‌كانی ڕازی بكات، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ده‌ستبه‌رداری ستاندارد‌ و ئاسته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی خۆی نه‌بێت.

مایكڵ بلینگتۆن له ‌وتارێكی ڕه‌خنه‌ییدا زۆر وردتر له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ شانۆ تێیدا به‌ره‌و پۆپۆلیزم هه‌نگاو ده‌نێت قسه‌ ده‌كات‌، پێی وایه‌ شانۆ له ‌ڕۆژئاوا خه‌ریكه‌ ده‌كه‌وێته‌ كێبڕكێ له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلی فۆرده‌وه‌، كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ستی بلینگتۆن له‌وه‌یه‌ چۆن شانۆ ده‌ستبه‌رداری دیوه‌ قووڵه‌كه‌ی خۆی ده‌بێت‌ و كار بۆ ڕازیكردنی بینه‌ره‌كانی ده‌كات.

ئەگه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین هاریسۆن له ‌نێو فیلمه‌كه‌ی برایانی كۆیندا نوێنه‌ری ئه‌و ته‌وژمه‌یه‌ كه‌ نایه‌وێت هونه‌ره‌كه‌ی بۆ ئاستی پرسیاره‌ ساده‌ و ساكار‌ و چیرۆكه‌ هه‌زارباره‌‌ و سواوه‌كان داببه‌زێنێت، له ‌به‌رانبه‌ردا به‌ڕێوه‌به‌ر نوێنه‌رایه‌تیی دونیای قووڵنه‌بوونه‌وه‌‌ پرسیاری ”چۆنتان پێ باشه‌؟“ ده‌كات.

ساته‌وه‌ختی فڕێدانی هاریسۆن بۆ نێو ڕووباره‌كه‌ هه‌ر به ‌ته‌نها ساته‌وه‌ختی دابڕان نییه‌ له‌ مێژوویه‌ك‌ و ئاماژه‌ش نییه‌ بۆ ده‌ستپێكی سه‌رده‌مێكی نوێ، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م شڵپه‌ی ئاوه‌كه‌دا ڕووباره‌كه‌ شیلی‌ و شكسپیر ‌و كۆی ئه‌و ده‌قه‌ گرنگانه‌ی مێژوو له‌گه‌ڵ هاریسۆندا نوقم ده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌ر به‌ر له‌وه‌ی هاریسۆن فڕێ بداته‌ نێو ڕووباره‌كه‌وه‌، به‌ردێك كه‌ له ‌قه‌باره‌دا شتێك له‌ هاریسۆن بچووكتره‌ فڕێ ده‌داته‌ ئاوه‌كه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا ببێته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ی ئه‌و چه‌ند ساتێك دواتر ده‌ستبه‌رداری ده‌بێت، ئاخۆ ئاسان سه‌ر ده‌رناهێنێته‌وه‌؟

ده‌شێت بۆچوونێكی ستیڤن لێزه‌رلاندی ڕه‌خنه‌گر و ده‌رهێنه‌ری شانۆ كه‌ باس له‌ ڕازیكردنی بینه‌ران له‌سه‌ر حیسابی دابه‌زینی ئاستی هونه‌ریی نمایشێك، زیاتر كۆمه‌كمان بكات. ئه‌و پێی وایه‌ ”كاره‌ساتی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بینه‌ران به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌‌ و پێكه‌نینێكی پڕوپوچ ڕازی بكه‌یت“.

ئیرك فاسن سۆسیۆلۆگی فه‌ڕه‌نسی پێی وایه‌ ناكرێت چاو له‌و ڕاستییه‌ بپۆشین كه‌ هه‌موو كه‌س ناچێت بۆ بینینی شانۆ، ئه‌وه‌شی ده‌چێت شانۆ ببینێت نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ ناكات، ئه‌و پێی وایه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی چاوه‌ڕوانیی بینه‌ران له‌ شانۆ، ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی بینه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای شانۆكانمان ده‌بێت، چونكه‌ فاسن پێ له‌سه‌ر ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ داده‌گرێت كه‌ بینه‌ران گێل نین  و ده‌توانن مانا به‌ نمایشه‌كان بده‌ن، هه‌ر بۆیه‌ خه‌می ئه‌و له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ نمایشه‌كان ئه‌و ڕۆڵه‌ له ‌بینه‌ران بستێننه‌وه‌.

له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ‌و له‌به‌ر ڕۆشنایی گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسییه‌كانی جیهاندا، دووباره‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ چه‌مكه‌كانی جه‌ماوه‌ر ‌و پۆپۆلیزم به‌پێویست زانرا، ئه‌وه‌ی له ‌ئه‌مریكا جه‌ماوه‌ر بڕوا به‌ لێدوانه‌ ئاگرینه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ ده‌هێنێت و متمانه‌ی پێ ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ‌ئه‌ورووپا جه‌ماوه‌ر پارته‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، بۆ سۆسیۆلۆگه‌كان جێگه‌ی قسه‌له‌سه‌ركردنه‌، چونكه‌ له ‌دواجاردا هه‌مان ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بڕیار له‌سه‌ر هونه‌ر و نمایشه‌كان ده‌دات، چونكه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ دابڕاو نییه‌ له‌ ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و سیاسییه‌كان.

ئه‌وه‌ی شانۆ له ‌دووڕیانێكدایه ‌و ده‌بێت له ‌نێوان پێكه‌نین‌ و چه‌پڵه‌ڕێزان، له‌گه‌ڵ بێده‌نگی ‌و وردبوونه‌وه‌ بڕیار له ‌یه‌كێكیان بده‌ین، پیته‌ر برووك له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا زۆر ورد له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ده‌وه‌ستێت، برووك ده‌ڵێت: ”بڕوام وایە دوو جۆر شانۆ هەن، شانۆیەکیان ڕووی لە چەپڵەڕێزانە، کە چەپڵەڕێزان جوانترین دەربڕینە شانۆ بتوانێت بەدەستی بهێنێت، شانۆیەکی تر ڕووی لە بێدەنگییە، لەم شانۆیەدا ڕاستگۆترین دەربڕین کە شانۆ تێر بکات، بێدەنگییە، لێرەدا باشترین شێوە هێنانەدی هێندێکی گەورەی بێدەنگییە لەگەڵ بینەراندا“ ئه‌و بۆچوونه‌ی برووك زۆر به ‌ڕوونی ده‌كرێت ئاماژه ‌بێت بۆ ئه‌و تراژیدیایەی هاریسۆنی نێو فیلمه‌كه‌ی بریانی كۆین تێیدا ده‌ژیی، كاتێك نمایشه‌كانی پێشكه‌ش ده‌كات‌ و كه‌مترین پێشوازیی له ‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ لێ ده‌كرێت.

ڕه‌خنه‌ تونده‌كانی ئه‌و دوو برایه‌ له‌ هونه‌ری ساده‌‌ و ئاسانبه‌ده‌ست ڕیشه‌یه‌كی قووڵتری هه‌یه‌، ئه‌وان له ‌ساڵی 1991 فیلمی بارتۆن فینكیان به‌رهه‌م هێنا، كه‌ به ‌ڕوونی ئه‌وه‌ی نیشان ده‌دا چۆن هه‌ژموونی هۆلیوود په‌لاماری نووسه‌رێكی لاوی شانۆ ده‌دات، كه‌ له ‌یه‌كه‌م ئه‌زموونی نووسینی شانۆییه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام پاره‌یه‌كی خه‌یاڵیی له‌ ستۆدیۆكانی هۆلیووده‌وه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌ست، بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمێكی زۆرانبازی.

له ‌یه‌كێك له‌ دیمه‌نه‌كاندا كاره‌كته‌ری بارتۆن له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ری چارلی (كه‌ پیاوێكی بازاڕییه‌) گفتوگۆ له‌سه‌ر خراپیی دۆخی شانۆ ده‌كه‌ن، بارتۆن به‌ چارلی ده‌ڵێت: زۆر به ‌ساده‌یی با پێت بڵێم شانۆكه‌ی ئێمه‌ ته‌نها سێ دۆلار ده‌كات.

له ‌دیمه‌نێكی تردا بارتۆن له‌ ته‌والێتێكدا نووسه‌رێك به ‌ناوی ده‌بلیۆ بی مایهۆ ده‌بینێت، كه‌ بارتۆن وه‌ك گه‌وره‌ترین نووسه‌ری سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی ناوی ده‌بات‌ و پێی ده‌ڵێت نه‌مده‌زانی تۆش لێره‌، له‌ هۆڵیوود كار ده‌كه‌یت. وه‌ڵامه‌كه‌ی مایهیۆ بۆ بارتۆن به ‌قووڵی ئه‌و دۆخه‌ نیشان ده‌دات كه‌ هۆلیوود تێیدا نووسه‌رانی گه‌وره‌ی قوت داوه ‌‌و ده‌ڵێت: ”هه‌موومان ده‌كه‌وینه‌ ئێره‌وه‌‌ و هه‌ر لێره‌ش كۆتاییمان پێدێت“.

ده‌روونی لوین ده‌یڤس، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ فیلمه‌كانی برایانی كۆین كه‌ ساڵی 2013 به‌رهه‌م هێندراوه‌، چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ گۆرانیبێژێكی فۆلكلۆری ئه‌مریكی ده‌كات كه‌ ئه‌لبومه‌كه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌می لێ فرۆشراوه‌‌، له ‌لێشاوی ئه‌و به‌ بازاڕیبوونه‌ی موزیك‌ و گۆرانیدا لوین ده‌یڤس ون بووه‌.

فیلمه‌كه‌ پیشاندانی ئه‌و دونیا حه‌قیقی‌ و ڕاستگۆیه‌ی لوین ده‌یڤسه له ‌به‌رانبه‌ر بازاڕی زه‌به‌لاحی موزیك‌ و گۆرانی، دونیای هونه‌رمه‌ندێكی ڕاستگۆ ‌و بێهیوا نیشان ده‌دات كه‌ ئاماده‌ نییه‌ سازش له‌ ئاستی هونه‌ریی خۆی بۆ بڕێك پاره‌ بكات.

هاوبەشی بکە

wtari shano,