04/12/2021
DidiMn Logo
Top

“ئێوارانێک ده‌ستی شیعرم، ئه‌چنه‌ كوشتنی خۆمه‌وه‌

لە لایەن دیدی من 7 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – سەروه‌ر مەحموود

ئێوارانێك
هێزی شیعرم
زه‌ویی گیانت داگیر ئه‌كا!

شه‌ڕی وشه‌م
به‌ر ئه‌بێته‌
پێته‌ختی پرچه‌كانته‌وه‌،

ڕمی چاوم
یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك
عه‌سه‌لی هاوێنه‌كانت
ئه‌پێكن…

ئێوارانێك
ده‌ستی شیعرم
ئه‌چنه‌ كوشتنی خۆمه‌وه‌

لاقی قسه‌م
پێلاق، پێلاق،
پیاوه‌تییم ئه‌ده‌نه‌ به‌ر شاپان!

چه‌رمی سه‌رم
ته‌نك، ته‌نك،
هزرم دائه‌ماڵن له‌ موو…
بڵقی زارم
گه‌مه‌، گه‌مه‌
لاڵ ئه‌بن له‌ ناو هێنانتا.

ئێوارانێك
ده‌فری سینگم
ته‌پ، ته‌پ، له‌ ئینتیزاری كووڵمتدا
چاڵ ئه‌ژمێرن!

لوقمه‌ی دڵم
له‌ تیۆرییزه‌ی ماچه‌كانتا
حه‌ڵاڵ، حه‌ڵاڵ،
ده‌ست ئه‌كا به‌ خوورپه‌ لێدان!

شپرزه‌یی هه‌ردوو ده‌ستم
له‌رز، له‌رز،
ئه‌كه‌ونه‌ نێو قژه‌كانته‌وه‌…

ئێوارانێك
ڕقی لێوم
له‌ كه‌ناری هه‌ردوو لێوتا
ڕائه‌كشێ،
كینه‌ی ماچم
له‌ پشت په‌رده‌یی سینه‌ته‌وه‌
شه‌كه‌ت ئه‌نووێ!
زریكه‌ی تام
به‌سه‌ر گڕكانی زمانتا
شه‌تاو ئه‌دا… تا به‌ری پێت…

ئێوارانێك
باپه‌می* ڕووم
چاوی دایكم ئه‌ترسێنن،
سه‌رتۆپی تا-م
چلووره‌ی سه‌بانی گشت ڕقێ
ئه‌سووتێنێ.
دوو ترپه‌ی زیاتری دڵم
ژیانم لێئه‌سه‌نێته‌وه‌!

ئێوارانێك
شه‌رمی ئه‌وین
من له‌ باخان وه‌ده‌ر ئه‌نێ،
په‌سنی ماچان
من له‌ لێوان ئه‌كاته‌وه‌،
بریسكه‌ی تام
من له‌ له‌شت دائه‌ماڵێ…

ئێوارانێك
له‌ززه‌تی ساڵ
ڕاپێچی نێو كڵێسام ئه‌كا،
قودره‌تی ئاو
ئه‌مخاته‌ حه‌وزی مزگه‌وتێكه‌وه‌،
كه‌للامی خوا…
ئه‌ڕژێ به‌سه‌ر ویقارمدا،
غه‌ززه‌بی با،
ئه‌چێ به‌ نێو سافۆی* گیانما…

باپه‌م: ڕه‌نگی كاڵوكرژ

سافۆ: چیای ڕووتەڵ

پەسن: ستایشکردن، وەسفکردن

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Poetry, sarwar mahmoud,