06/12/2024
DidiMn Logo
Top

فۆڕم، کاواباتا و “ماڵی شۆخە نوستووەکان”

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زاموا محەمەد

لە ساڵی ١٩٢٤دا یاسۆناری کاواباتا و ڕییچی یۆکۆمیتسۆ، هاوڕێ لەگەڵ چەند نووسەرێکی گەنجی دیکەدا، گۆڤاری “سەردەمی هونەری”یان دامەزراند. هەر لە سەرەتاوە، ئەم جووڵانەوە ئەدەبییە خۆی لە دوو شەپۆلی نێو ڕۆشنبیریی یابانی جیا کردەوە: شەپۆلی یەکەمیان، لە لایەن ئەدەبی تەقلیدیی یابانییەوە، لە ڕێی جۆرێک ناچورالیزمی ڕەگاژووەوە لە خودی کولتوری یابانی خۆیدا، پێشڕەویی دەکرا؛ شەپۆلی دووەمیشیان –کە کەمێک هاوچەرختر بوو- لە هۆشیاریی کرێکارانە و ئەدەبیاتی کۆمۆنیستی/سۆسیالیستیدا خۆی دەبینییەوە. ئەگەرچی “سەردەمی هونەری”، بەرانبەر بە ناچورالیزمی یابانی و ئەدەبیاتی سۆسیال/کۆمۆنیستی، دابڕانێکی تەواوەتیی نەگرتەبەر، بەڵام بە هۆی کاریگەربوونەوە بە جوڵانەوەگەلێکی خۆرئاوایی هاوچەشنی دادا، کیوبیزم و ئێکسپریشنیزم، توانی ئەدەبی یابانی بەرەو جوغزێکی دیکە بەرێت و تێڕوانینێکی نوێ بۆ هونەر و ئەدەبیات گەڵاڵە بکات؛ تێڕوانینێک کە کاواباتا و یۆکۆمیتسۆ هەردووک لە ژێر شاناوی “ئینتیباعە نوێیەکان”دا کورتیان دەکردەوە. لەگەڵ تێپەڕینی یابان و ئەم “ئینتیباعە نوێ”یانە بە جەنگەکان، داگیرکردن و کەوتنی حوکمی ئیمپراتۆریدا، بە تایبەت لە نووسینەکانی کاواباتا و پاشتر یۆکیۆ میشیمای هاوڕێ و قوتابیی گەنجتریدا، ئەم تێڕوانینە ئەدەبییە نوێیە بەرەو خودگەراییەک چوو کە بەرمەبنای دەربڕین و ڕوونکردنەوەی جیاجیای هەریەک لەو نووسەرانەی باسکران، بە گشتی دەیویست ڕووکەشی دیاردەکان دابماڵێت و بەرەو ئەزموونکردنی خودی شتەکان بڕوات، وەک خۆیان و لە ناو خۆیاندا (هەر لێرەوە خەڵکانێک ئەم بزاوتە ئەدەبییەیان خستە قاڵبی “هونەر بە خاتری هونەر”ەوە). هەڵبەت ئەم زنجیرە گۆڕانەی بە سەرەتای مۆدێرنیزمی یابانی دەناسرێت و لە گۆڤاری “سەردەمی هونەری”یەوە سەرپێ دەکەوێت، لێرەدا ڕانەوەستا: لە کۆتاییەکانی تەمەنی جینۆشیرۆ تانیزاکی و کاواباتادا، لە میشیماوە تا دەگات بە کۆبۆ ئابێ، ئەم دیدگا ئەدەبییە دیسانەوە بازێکی تری دا و بەرەو جۆرێک لە ڕۆمانتیکیەت چوو کە بڕوای بە وێرانکردنی خود و پووکاندنەوەی هەبوو وەک بەهایەکی جوانیناسانە، وەک بەهایەک لە خودی خۆیدا (بێگومان هەر لەسەر بنەمای ئەم بەها جوانیناسانەیەشەوەیە کە دەتوانین لە ئەتمۆسفیری سەیر و خنکێنەری هەریەک لە “ماڵی شۆخە نوستووەکان” و “دەریاچەکە”ی کاواباتا، خودی خۆکوشتنەکەی کاواباتا بە گاز و شێوازی نووسین و ژیان و خۆکوشتنی میشیمایش تێبگەین؛ ئەمە لە پاڵ چەندین مۆتیفی کولتووریی نەریتییدا کە لە یابان بەردەوام ئامادەگییان هەبووە).

بە کورتی، دەکرێت یەکێک ئەمەی باسکرا وەک دەرکەوتنی مۆدێرنیزمی یابانی و وەک چیرۆکی کرانەوەی ئەدەبی نوێی یابانی بە ڕووی جیهاندا ببینێت. هەندێک لە مێژووناسانی ئەدەب تەنانەت تا ئەو جێیەیش دەڕۆن کە ڕۆمانتیکیەتی میشیما و کاواباتا بە  قۆناغە زۆر لەپێشترەکانی ڕۆمانتیکیەتی ئەورووپی بەراورد بکەن؛ بە ڕۆمانتیکیەتی ئینگلیزیی ئەدەبی کۆلریدج، ویلیەم بلەیک و پێرسی بیش شێلی و ڕۆمانتیکیەتی ئەڵمانیی ئەدەبی گۆتە.

“ماڵی شۆخە نوستووەکان” لە بارەی پیاوێکی پیرەوەیە بە ناوی “ئیگۆچی”ەوە، کە سەردانی میوانخانەیەکی تایبەت دەکات و دواتر نزیک دەبێتەوە لەوەی ببێتە یەکێک لە سەردانکەرە بەردەوامەکانی. ئیگۆچی و چەندین پیرەمێردی دیکەی سەر بە چینی بۆرژوازیی یابان، سەردانی ئەو میوانخانەیە دەکەن، تاکو بۆ شەوێک لە تەنیشت ئەو خانمە ڕووت و شاجوانانەوە بنوون کە بە دەرمان خەوێنراون و بە هیچ جۆرێک ئاگایان لە خۆیان نییە؛ بە شێوەیەک کە وا دەردەکەوێت لە مردنێکی کاتیدا بن، نەک تەنیا لە خەوێکی قووڵدا. ئەم خەوە مردنئاسایە، لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا هەر بە ڕاستی بە مردن دەگەڕێت. یەکێک لەو دوو کچەی ئیگۆچی ئەو شەوە لەگەڵیاندا خەوتووە، دەمرێت و پاش ئەوەی ژنەی پێشوازیکاری میوانخانەکە لەم بارەیەوە ئاگادار دەبێتەوە، سەیرترین وەڵام بە ئیگۆچی دەدات: “ئەوەتا کچەکەی دیکەت لە لایە”.

لەم چاوخشاندنە زۆر سەرپێییەوە بە بەسەرهاتی ڕۆمانەکەدا، خوێنەری تا ڕادەیەک ئاشنا بە ئەدەبی کاواباتا، ڕاوستەوخۆ ئەو تێما زاڵانەی بە خەیاڵدا دێت کە لێرە و لەوێی نووسینی ئەم پیاوەدا بەردەوام دەردەکەون: مەحاڵێتی و مەرگ(لەم ڕۆمانەدا لە ڕێگەی پیری و خەوتنەوە، کە لە کۆتاییدا دەگاتە مردنیش)، جوانی(شۆخە نوستووەکان)، لیریکیزمێک کە جارجارێک ناچوراڵیزم جێی پێ لەق دەکات(لە باسکردنی شۆخە نوستووەکان بەرانبەر بە باسکردنی شەپۆلی دەریا و کەوتنی گەڵا و جموجووڵەکانی دیکەی سرووشتدا).

لە پێشەکییەکی خۆیدا بۆ “ماڵی شۆخە نوستووەکان”، یۆکیۆ میشیما پێی وایە کە “ئەوەی ئەم ڕۆمانە لە کارەکانی دیکەی کاواباتا جیا دەکاتەوە، ئەو کەماڵەیە کە لە فۆڕمدا هەیەتی”. زۆربەی تێما و ڕەگەزەکانی ئەم ڕۆمانە، لە خۆیانەوە دەستپێدەکەن و بە فۆڕم تەواو دەبن. نووستن، کە لەم ڕۆمانەدا دەکرێت بڵێین فۆڕمێکە بۆ مەرگ، بە مردن تەواو دەبێت. یادەوەری، کە فۆڕمێکە بۆ مەحاڵ، بەردەوام لە ئاگایی ئیگۆچیدا سەرهەڵدەدات و بە گەڕانەوەی ئەم ئاگاییە بۆ ئێستا و بۆ نەتوانین و نەکردەبوونی سەرپێخستنی هیچ پرۆسەیەکی سێکسی لەگەڵ شۆخە نوستووەکاندا تەواو دەبێت؛ واتە بە مەحاڵ تەواو دەبێت.

شۆخە نوستووەکان سێکسیان لەگەڵدا ناکرێت، ئەوان نوستوون، بۆیە پاکیزەن. لە لیریکای کاواباتادا ئەمە دەبێتە هۆکاری جوانییان، لە ناو فەزای ڕۆمانەکەشدا ئەمە دەبێتە هۆکاری ئیرۆتیکیبوونیان. ڕەنگە یەکێک وای بۆ بچێت کە لەم ڕۆمانەدا ئیرۆتیسیزم فۆڕمی جوانییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئیرۆتیسیزم زۆر لەوە کاتیتر و کورتخایەنتر و بەشەکیترە کە فۆڕم بێت. ئیرۆتیسیزم هەڵچوونی کاتیی جوانییە، فیچقەکردنی تاوناتاوی جوانییە، زیاتر لەوەی فۆڕمی بێت.

میشیما لە جێیەکی دیکەی پێشەکییەکەیدا، سەبارەت بە سیانەی جوانی، مەرگ و مەحاڵێتی لە ئەدەبی کاواباتادا، دەنووسێت: “گەر ئێمەی ڕۆماننووس سەر بە دیوی ژیان نەبین، ئەوسا درەوشانەوەی ژین تەنیا دەکرێت لەو ڕەهەندەدا دەربکەوێت کە تێیدا مەرگ و ئیرۆتیسیزم پێکەوەن”. جەستەی شۆخە نووستووەکان ئەو ڕەهەندەیە. مەرگ لە جەستەیاندا نووستووە، هاوکات جەستەیان لە نووستندا جوانییە و فیچقە دەکات بۆ ئیرۆتیسیزم، ئیرۆتیسیزمەکەیشیان لە مەحاڵێتیی دەستبۆبردنیانەوەیە. ئەم چوارە پێکەوە دوایین فۆڕم دادەڕێژن: جەستەی شۆخە نوستووەکان فۆڕمی ژیانە.

*ئەم ڕۆمان بە وەرگێڕانی محەمەد عەبدولڵا و پێداچوونەوەى زاموا محەمەد، لە دەزگای سەردەمەوە چاپ و بڵاوبووەتەوە.

هاوبەشی بکە

DidiMn, didimnarticle,