18/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕاگوزەرێک بە ژیان و بەرهەمەکانی ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی گابریەل گارسیا مارکیز

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

گابریەل گارسیا مارکیز

دیدی من 
یونس سلێمان ئەحمەد

گابریەل گارسیا مارکیز ناوێکی نامۆ نییە لە دونیای ئەدەبی جیهانی بەگشتی و رۆماننووسی بەتایبەتی، چونکە مارکیز هەر زوو توانی وەک و رۆماننووسێکی بەتوانا خۆی بە جیهان بناسێنێت، چونکە رۆمانەکانی مارکیز پڕن لە هونەری جوانیناسی و خوێنەر  سەرسام دەکات.

گابریەل گارسیا مارکیز لە بەرواری 6/3/1928 لە شارۆچکەیەک بە ناوی ئاراکاتاکای کۆڵۆمبی لەدایک بووە، بەڵام هەر زوو دایکوباوکی لە یەک جیا بوونەوە و لە لای باپیرە و داپیرەی گەورە کرا. بەخێوکردنی لە لایەن داپیرە و باپیرەی کاریگەریی لەسەر مارکیز دروست کرد، چونکە هەردووکیان بە بەردەوامی چیرۆک و ئەفسانەی جۆراوجۆریان بۆ دەگێڕایەوە، بەتایبەتی داپیرەی. ئەمەش کاردانەوەی لەسەر خودی مارکیز بەجێ هێشت و بووە ئەوڕۆماننووسە گەورەیەی کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهان خوێنەر بەرهەمەکانی دەخوێنێتەوە.

ساڵی 1940 و لەتەمەنی 12 ساڵیدا کۆرسی خوێندن بۆ خوێندکارانی زیرەک وەردەگرێت و ڕوو لە خوێندنگەیەکی سەر بە کڵێسە لە شاری زیپاکیورای نزیک پایتەختی کۆڵۆمبیا دەکات، پاش هەفتەیەک مانەوە لە خوێندنگە، واز لەخوێندن دێنێت و بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە.

مارکیز دوای تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی، چووە زانکۆی بۆگۆتا لە بواری یاسا دەستی بە خوێندن کرد، لەساڵی 1946 بە شێوەی جدی دەست بە نووسین دەکات و یەکەم کورتەچیرۆکی بە ناوی سێیەمین دەستلەکارکێشانەوە لە ڕۆژنامەی ئال بۆگاتا بڵا ودەکرێتەوە. پاش بڵاوبوونەوەی کورتەچیرۆکەکە، چەندین چیرۆکی تر دەنووسێت و لەهەمان رۆژنامەدا بڵاوی دەکاتەوە.

 مارکیز کاریگەریی هەریەکە لە نووسەران کافکا و هەمینگوەی و ولیام فۆکنەری لەسەرە و لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی ولیام فۆکنەر. لەبارەی کاریگەریی فۆکنەر مارکیز دەڵێت: ”ئەگەر بەرهەمەکانی ولیام فۆکنەرم نەخوێندبایەوە هیچ کات نەدەبوومە نووسەر.“ بۆیە دەچێت بۆ ئەمەریکا و چاوی دەکەوێت بە فۆکنەر. ساڵی 1967 ساڵێکی گرنگە پەیوەند بە مارکیزەوە، چونکە لەو ساڵەدا رۆمانی سەد ساڵ تەنیایی بڵاو کردەوە، کە لە کۆی 8000 دانەی چاپکراو، لە یەکەم هەفتەدا تەواو دەبێت، بەمەش مارکیز ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات و هەر ئەمەش وا دەکات بە بۆنەی ئەم ڕۆمانەوە چەندین خەڵاتی جیهانی وەربگرێت، لە سەروو هەمویانەوە خەڵاتی بەناوبانگی نۆبڵ بۆ ئەدەبی ساڵی1982. ناوبانگێکی جیهانی پەیدا دەکات و ڕۆمانەکەی بۆ نزیکەی سی زمانی جیهانی وەردەگێڕدرێت. خۆشبەختانە ئەم ڕۆمانە لە ساڵی 2000 لە لایەن حەسەن ڕەستکارەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بە خوێنەری کوردی ئاشنا بووە. هەر بە هۆی ئەم ڕۆمانەوە لە ساڵانی 1969 خەڵاتی کیانچانۆ لە لایەن ڕەخنەگرانی ئیتاڵیا و ساڵی 1972 خەڵاتی رۆمۆڵد گایگۆسی فەنزوێلی وەرگرتووە.

مارکیز سەرەڕای ڕۆماننووسی، ڕۆژنامەنووسێکی سەرکەوتووش بوو، لەو بوارەدا کاری کردووە وەک هەواڵنێر بۆ ئاژانسی پرێنسالاتین‌ی کووبی، بۆ ماوەی سێ ساڵ کاری کردووە و هەر لەبارەی کاری ڕۆژنامەنووسییەوە مارکیز دەڵێت: ”ئەوەندە ئارەزووم لە رۆژنامەنووسی دەکرد، جارێکیان کاتێک پاپام دەبینی دەستی لە بەلەکۆنەکەدا بۆ خەڵک ڕادەوەشاند، حەزم دەکرد بکەوێتە خوارەوە هەتا هەواڵێک بۆ ڕۆژنامە بنێرم.“

bg

مارکیز چوار زمانی جیاوازی زانیوە، کە ئەوانیش ئیسپانی، ئینگلیزی،  فەڕەنسی و ئیتاڵی بوون. مارکیز وەک و خۆی دەڵێت، زۆر ڕاڕایە لە نووسیندا، بۆیە جارێکیان بۆ نووسینی چیرۆکێکی دە تا دوانزە لاپەڕەی پێنجسەد لاپەڕەم لەکار کرد.

یەکێکیتر لەو رۆمانە ناوازانەی مارکیز کە دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب نووسیویەتی، رۆمانی خۆشەویستی لەسەردەمی کۆلێرادایە، کە هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یەکەمدا 72000 دانەی لێ چاپ کرا و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو. هەروەها وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و کراوەتە فیلمیش.

 مارکیز لەبارەی نووسینەوە  دەڵێت: ”ئەگەر رۆژێک نەنووسم، وا هەست دەکەم کە شیاوی خواردنی ئەو نانە نیم کە دەیخۆم.“

گرنگترین بەرهەمەکانی تری نووسەر کەس بۆ سەرهەنگ نامە نانووسێ، ئەوین لە ساڵانی بە بادا، پاییزی باوکسالاری، کاتژمێری شووم و بە یادی سۆزانییە غەمبارەکانمن، لەگەڵ چەندین چیرۆک و کورتەچیرۆکی تری بەناوبانگ.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە گابریەل گارسیا مارکیز نووسەرێکی گەورەیە و لە بواری ڕۆماننوسیی ئەم سەردەمەدا لە سەرانسەری جیهان بەرهەمەکانی خوێنەری هەن.

لە بەرواری 17/4/2014 و لە نەمەنی  87 ساڵیدا لە شاری مەکسیکۆ سیتی لە مەکسیک کۆچی دوایی کرد.

 

دەقی وەسێتنامەی گابریەل گارسیا مارکیز

”زۆرتان لێ فێربووم ئەی مرۆڤ، هەموو دەیانەوێت لە لوتکەی چیا ژیان بکەن، بەڵام ڕازی خۆشبەختی هەڵگەڕانە بەسەر چیادا، نەک خودی لوتکەی چیاکە کە خەونی پێوە دەبینن. گەر خودا بخوازێ دەرفەت و ژیانێکی دیکە پێم ببەخشێ، بەهەموو بوونم دەیقۆزمەوە، ڕەنگە ئەوە نەڵێم کە بیری لێ دەکەمەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بیر لەوە دەکەمەوە کە دەیڵێم. هەموو شتێک بەهای خۆی پێ دەبەخشم، وەک ئەوە نا کە ئەو شتە گوزارشت لە چی دەکات، بەڵکو ئەوەی چ بایەخێکی هەیە. کەم دەخەوم و خەو زۆر دەبینم، دەبێ ئاگامان لەوە بێت خولەکێک چاو لێک دەنێین، واتە لەدەستچوونی 60 چرکە لە ڕۆشنایی.

 

دەڕۆم و ڕێ دەکەم، لە کاتێکدا ئەوانی تر وەستاون، بێدار دەبم کاتێک ئەوانی تر لە خەودان، گوێ دەگرم کاتێک ئەوانی تر قسە دەکەن. گەر خودا ژیانێکی ترم پێ ڕەوا ببینێ، ئەو کاتە بەرگی زۆر سادە دەپۆشم و لەسەر زەوی بە ڕووتی ڕادەکشێم، نەک ڕووتیی جەستە، بەڵکو بە عوڕیانی ڕۆحیشەوە ئەوە بۆ خەڵک دەسەلمێنم، کە چەندە هەڵەن کاتێک وا بیر دەکەنەوە عاشق نابن کە پیر دەبن، بێ ئەوەی ئاگایان لەوە بێت کە ئەوان کاتێک پیر دەبن کە لە عەشق دەکەون. گەر جارێکی تر دەرفەتم هەبوایە باڵم دەبەخشی بە مناڵەکان، بەڵام لێیان دەگەڕام خۆیان فێری پەرواز و فڕین بن، فێرم دەکردن مەرگ لەگەڵ پیریدا نایەت، بەڵکو هۆکاری لەبیرچوونە.

ئەی مرۆڤ، زۆر لە ئێوەوە فێر بووم؛ فێر بووم کاتێک منداڵێکی ساوا بۆ یەکەم جار دەستی بۆ باوکی درێژ دەکات، ئەوا مانای ئەوەیە دەیەوێت بۆ هەمیشە دەستی لە دەستی بەرنەدات، فێر بووم مرۆڤ دەتوانێ ڕێ بە خۆی بدات لەسەرەوە لەوی تر بڕوانێت، ئەمە تەنیا لە کاتێکدا بیەوێت ڕاستی بکاتەوە دوای ئەوەی کە کەوتووە. زۆرتان لێ فێربووم ئەی مرۆڤ، بەڵام کەمیان کەڵکم دەگرێ، لە بەر ئەوەی ئێستا من جانتاکەم دەپێچمەوە و ماڵئاوایی لە ژیان دەکەم.

هەمیشە ئەوە بڵێ کە هەستی پێ دەکەیت، ئەوە بکە کە بیری لێ دەکەیتەوە، گەر بمزانیایە ئەمە دوایین جارە بە نوستووی دەتبینم، بە توندی لە باوەشم دەگرتی و لە خودا دەپاڕامەوە بمکات بە پاسەوانی ڕۆحت. گەر بمزانیایە ئەمە دوایین ساتەکانە کە تێیدا دەتبینم، خۆم هەڵە و نائاگا دەکرد کە تۆ هەموو شتێک دەزانی، لە بەرامبەرتدا ڕادەوەستام و بە شەرم و ترسەوە پێم دەگوتی ”خۆشم دەوێی“. هەمیشە سبەینێک هەیە، ژیان دەرفەتمان دەداتی تا باشتر بژین، بەڵام ئەگەر هەڵە نەبم ئەمە دوایین ڕۆژی ژیانی منە. خۆشیم لەوە دێت پێت بڵێم ”چەند خۆشم دەوێی“، ”هەرگیز لە بیرت ناکەم“، چون سبەینێ نادیار ەو نازامنە، چ بۆ گەنج و چ بۆ پیر، ڕەنگە ئەمە دوایین جار بێت ئەو کەسانە دەبینمەوە کە خۆشم دەوێن. لەوە زیاتر چاوەڕێ مەبە، تا درەنگی نەکردووە، هەر ئەمڕۆ بکەوە خۆت، ڕەنگە سبەینێ نەیەت، ئەوکات لەسەر ئەمرۆ پەشیمان دەبیتەوە کە کاتێ نەبوو بۆ پێکەنینێک، لەباوەشگرتنێک، ماچێک، یان سەرقاڵ بووی تا دوا تەمەننای خۆت بدرکێنی. هەمیشە نزیک بە لە خۆشەویستانت، بچرپێنە بە گوێیاندا کە تۆ پێویستت پێیانە خۆشت بوێن و گرنگیان پێ بدە، لە کاتی خۆت بگرە و پێیان بڵێ ”لێت تێدەگەم، بمبوورە، بە ئەرک نەبێ، سوپاس“. هەم و پەیڤەکانی خۆشەویستی لە ئاستیاندا بە دڵ دەرببڕە، لە بیری ئەوەدا بن داوا لە خودا بکەن تا هێز و حیکمەتتان پێ ببەخشی، تا بتوانن گوزارشت لە خۆشەویستیتان بکەن.هەروەها ئەوە بکەنە بەڵگەنەویستێک بۆ هاورێ و دۆستانتان کە ئەوان چەندە بۆ ئێوە گرنگن.

هەمیشە ئەوە بڵێ کە هەستی پێ دەکەیت و ئەوە بکە کە بیری لێ دەکەیتەوە.“

 

سەرچاوەکان:

رۆمانی سەدساڵ تەنیایی، و: حەسەن ڕەستکار، چاپی دووەم، 2005، سلێمانی
گۆڤاری ئایندە، ژمارە 17

هاوبەشی بکە

Biography, Gabriel Garcia Marquez, Younis Sleman Ahmad,