07/05/2021
DidiMn Logo
Top

گەشتی ئەستێرەی مەریخ؛ چەند سەرەقەڵەمێک

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

زاموا محەمەد – دیدی من

لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا ماشێنە ئاسمانییەکەی “ناسا” گەییە مەریخ –پیرۆزە!-، بەڵام ئێمە دەمێکە چووین؛ بە “ئێمە”، هەم مەبەستم لە دانیشتوانی ئەستێرەی ئەدەبیاتە و هەمیش لە کورد. لە پێشەکیی “گەشتی ئەستێرەی مەریخ”دا، میرزا مەنگووڕی بە ئایرۆنیەت و قوڵییەکی گاڵتەجاڕانەی کەم وێنەوە دەنووسێت: “داوا لەو میللەتانە ئەکەم کە ئەیانەوێ بچن بۆ ناو ئەستێرەی مەریخ، بەسەرهاتی من لەبیر نەکەن بە ناوی گەلی کوردەوە. لە سازمانی پرۆژەی چوونەناو فەزای خارجیی دەرەوە کورسییەک بۆ گەلی کورد دابنێن، کە کوردیش لەو سەرکەوتنەدا بەشدارە هەرچۆنێک بووبێت … پەیکەری من و مەردۆخیشتان نابێ لەبیر بچێت، لەو دەشتاییەی کە ئەکەوێتە بەردەمی (پەرلەمانی مەریخ)”.

زانستی ئەدەبی –ئەوەی دواتر ناونرا خەیاڵی زانستی- زۆر زۆر لە زانستی نوێ کۆنترە. بۆ نمونە: “ریسالەی فازیل ئیبن ناتیق” کە ئیبن نەفیس لە دوروبەری ١٢٦٩دا نووسیوێتی، یان “خەون”ەکەی یۆهانس کێپلەر(دەوروبەری ١٦٠٨) کە بە ڕای ئایزاک ئەسیمۆڤ کۆنترین دەقە سەر بە شێوەی خەیاڵی زانستی بێت؛ لای خۆیشمان، “گەشتی ئەستێرەی مەریخ”ەکەی میرزا مەنگووڕی، کە لە ساڵی ١٩٥٢دا نووسراوە، دەشێ بە یەکەم نموونەی ئەم شێوەیە دابنرێت.

لەم سەرهەڵدانە سەرەتاییانەوە تا دەگەین بە ئەمڕۆ، لە دەق و فیلمەکانی نێو سەبژانری “خەیاڵی زانستی”دا، بە شەهادەتی سینەما و ئەدەب، زۆرێک مرۆڤ چوونەتە سەر هەسارە و ئەستێرەکانی دیکە و باسیان لەو یۆتۆپیایانە کردووە کە “ئەوانی دی” لەوێ بونیادیان ناوە، زۆرێکیش لە ئاکنجیانی هەسارە و ئەستێرەکانی دیکە هاتوونەتە سەر زەوی و لەگەڵ خۆیاندا قیامەت و وێرانکارییان هێناوە؛ هیچی نوێ لەمەدا نییە.

ئەوەی لەمەڕ نیشتنەوەکەی “پێرسی”ەوە(نازناوی ماشێنە ڕۆڤەرەکەی ناسا) لەسەر مەریخ نیشانی ئێمە درا، چەند فۆتۆیەک بوو کە تاکە شتێک لە بارەیانەوە بگوترێت، ئەوەیە کە ڕوونن و کوالیتییان باشە. باسەکەی من ئەوە نییە کە ئەم فۆتۆیانە ڕاستەقینەن یان نا، قسە لەسەر ئەوە نییە کە داخۆ مرۆڤ لە دەرەوەی سینەما و ئەدەبیاتدا پێی ناوەتە سەر هەسارەیەکی دیکە یان نا؛ ئەو دەمەقاڵێیە با ئیماندارانی زانست و ئیماندارانی ئایین بیکەن. بەڵام ئەوەی بۆ من جێگەی ئایرۆنیەت و پرسیاریشە، ئەوەیە کە داخۆ بۆ ئەو شتەی ئێمەی پێی دەڵێین وەرگر(بینەر یان موتەلەقی؛ چونکە لە واقیعی هاوچەرخدا تەنیا خوێنەری دەق و بینەری فیلم موتەلەقی نین، باڵکو تاکی نێو کۆمەڵگایش کورتکراوەتەوە بۆ موتەلەقیەک)، فۆتۆیەک بەهێزترە یان فیلمێک و ڕۆمانێک؟ وەک پرسیاری حەقیقەت و ڕاستەقینەبوون نا، بەڵکو وەک پرسیاری نواندنەوە و سیمیولەیشن، فۆتۆی “پێرسی” کاتێک تایەکانی لە تەپوتۆزی مەریخ وەردەدات، زیاتر بەکارە و قەناعەتپێکەرترە، یان ئەو کاتەی مەردۆخ بەر لە بردنی میرزا مەنگووڕی بۆ “ئیسترامیخ”ی پایتەختی مەریخ، سەعاتێکی دەداتێ کە هەم ترپەی دڵ و هەم حەزی نێو دەروونی خاوەنەکەی دەپێوێت و نیشانی دەدات؟ نیشتنەوەی ماشێنەکەی ناسا “حەقیقەت”ێکە، “واقیع”ێکە کە ئێمە تەنیا لە ڕێی فۆتۆیەکەوە دەتوانین بچینە ناوی، لە کاتێکدا کە گەشتەکەی مەنگووڕی بۆ مەریخ “خەیاڵ”ێکە، “درۆ”یەکە تەنیا لە ڕێی کتێبە یۆتۆپییەکەی مەنگووڕی خۆیەوە ئێمە داخڵی دەبین.

لە سووچێکی کتێبی “سیمولاکرا/سیمولەیشن”ی بۆدێریاردا بۆڵاندنێکی زۆر قەشەنگ و قووڵ هەیە، پێویست ناکات بگەڕێمەوە سەری تا بیرم بکەوێتەوە: دیزنی‌لاندمان نیشان دەدەن تاکو پێمان وابێت دەرەوەی دیزنی‌لاند ڕاستەقینەیە، لە کاتێکدا کە دەرەوەیشی و خودی لۆس ئەنجیلۆسیش خەیاڵییە و سەر بە نەزمی باڵاواقیعە.

وابزانم دیزنی‌لاند چیدی تەنیا لەسەر زەوی نییە. لەم سەدەیەوە ڕەنگە ئیدی دیزنی‌لاند لە مەریخیش بێت، ڕەنگە لە هەسارە و ئەستێرەکانی دیکەیش بێت؛ مەریخ دیزنی‌لاندی ناسایە لە ئاسمان، ناسایش لقێکی دیکەی کۆمپانیای واڵت دیزنیە، کە تایبەتە بە گەنج و گەورەکان و لە داهاتوودا بەرنامە و پڕۆگرامەکانی ئینتەرتەینمێنتی گەردوون پێشکەش دەکات، بۆ ئەوانەی خەیاڵیان سەر بە قەسیدە دوورودرێژەکەی زانستە. پرسیارە هەرە خۆشەکە ئەمەیە: داخۆ کەی جادووگەرەکانی واقیع ئێمەیش دەبەن بۆ دیزنی‌لاندەکەی مەریخ؟

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Zamwa Muhammad,