24/04/2024
DidiMn Logo
Top

سیاسەتەکانی وڕێنەکردن

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

سلێمانی پایتەختی وڕێنە، كاری چیا جەمال

زاموا محەمەد

 

 

”نالی حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە

بەیتی ڕەدیفی کەس نییە، هەرزەنویسە گەپ دەکا“

— نالی

 

 

لە سەرەوەی دەروازەی شەقامی مەولەویی شاری سلێمانی، دروشمی ”سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری“ هەڵواسراوە، لە چەند ڕۆژی پێشوودا لە لایەن ھونەرمەندێکەوە تابلۆیەک کە وشەی ”وڕێنە”ی لەسەرە، خرایە سەر وشەی ”ڕۆشنبیری“ و دروشمەکە بوو بە: ”سلێمانی پایتەختی وڕێنە“؛ ئەم جۆرە هۆشیارییەی کە سلێمانی وەک پایتەختێک بۆ ڕۆشنبیری ڕەت دەکاتەوە، لەڕاستیدا هۆشیارییەکی نوێ نییە و چەندین ساڵە وەک تارماییەک بەناو فەزای گشتی و کۆمەڵگەی ڕۆشنبیرانی ئێمەدا دێت و دەچێت، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی ناوچەی سلێمانییش. ئینجا ئەم ڕەتکردنەوەیە هەر ئاڕگیۆمێنت و پاساوێکی ئەقڵانیی لە پشتەوە بێت. پێموابێت ئاشکرایە کە سلێمانی لە هەڵگرتنی ئەم دروشمەدا، کە پێیەکی لەناو ڕیتۆریکی ناسیۆنالیستیانەی حیزبە کوردییەکان و پێیەکەی تری لەناو وەهمستانی هەندێک لە ڕۆشنبیر و دەسەڵاتدار و خاوەنبەرژەوەندیی تایبەتیدایە، چیی دیکە سەرکەوتوو نییە؛ بەرگریکردن لەم دروشمە یان لە بێئاگایی و فریوخواردنەوەیە بە وەهم و ناولێنان و شوناسبەخشینەوە و پۆلێنکارییەکانی دەسەڵات لەپێناو درێژەدان بە هەیمەنەی خۆیدا، یان بە هۆی نوقومبوونەوەیە لە ئەقڵیەتێکی حیزبیی ناسیۆنالیستیانەی بەسەرچوودا، کە لە ڕۆژگاری دوای ڕاپەڕینەوە و تاکو ئێستاش، بەردەوام پێویستی بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک دروشمی وەک ”پایتەختی ڕۆشنبیری، پایتەختی گەشتیاری، پایتەختی ئاشتی و… تا دوایی” هەیە بۆ داپۆشینی داڕزان و وێرانبوونە ئیداری، ئەخلاقی و ڕۆشنبیرییەکانی ناو خۆی.

دانانی وشەی ”وڕێنە“ لەسەر وشەی ”ڕۆشنبیری“، لە تەفسیرێکدا بەبینەییکردن(visualization)ێکی کورتخایەنی ئەم جۆرە هۆشیارییەیە کە پێشتر باسم کرد، بە شێوەیەکی کاتی گواستنەوەیەتی لە بواری گشتی و بواری گفتوگۆوە بۆ ناو بواری بینەیی و بۆ ماوەیەکی کەم بەدیهێنانیەتی لە چاوەندازی خەڵکدا (بە کورتخایەن و کاتی و ماوەی کەم، مەبەستم لەوەیە کە ڕووداوەکە زۆر درێژەی نەکێشا و بوونی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو زیاتر لەوەی لەناو واقیع و شەقامدا بێت، بەڵام نامەوێت لێرەدا باسەکە بۆ ئەم بابەتەیان بەرم). لە تەفسیرێکی تردا گومانکردنە لە شوناسی سلێمانی وەک پایتەختێک بۆ ڕۆشنبیری؛ لە تەفسیرێکی تریشدا بەرەنگاربوونەوە و پرۆتێستە بەرانبەر دروشمە ڕەسمییەکە. بەربنەمای هەر کام لەم تەفسیرانە، هەرچی بۆچوون و گفتوگۆ و ڕا بوو سەبارەت بەم پرسە، سەبارەت بە شوناس و پێگەی ئێستای سلێمانی و سەبارەت بە کارەکەش، لە پشتگیریکردنی دروشمە دەستکاریکراوەکە یان ڕەتکردنەوەی، لە هاوڕابوون و هاوڕانەبوون، لە بەڵێ و نەخێر تێپەڕ نەدەبوو، بۆیە هەر لە دانان و ئەنجامدانی کارەکەوە تا کاردانەوەکان و گفتوگۆکانی دوای کارەکەش، ئەگەرچی لە جەوهەردا پرسیارکەر و ڕەخنەییبوون بەرانبەر دەسەڵات و دۆخی ئێستای شارەکە، بەڵام ناڕاستەوخۆش بەشدار بوون لە داپۆشین و ونکردنی کۆمەڵێک مانا و ئیمکانی گرنگدا کە ”وڕێنە“ لە خۆیدا هەڵیگرتووە، ناڕاستەوخۆش بەشدار بوون لە نیشاندانی ”وڕێنە“دا تەنها وەک تانەیەک و وەک ئامڕازێک بۆ سەرزەنشتکردن. ئەم نووسینە، لەم چەند پەرەگرافەی دواتریدا، بە سوودوەرگرتن لە بۆچوونەکانی میشێل فۆکۆ سەبارەت بە فیکشن، دەسەڵات، بەرگری و حەقیقەت، هەوڵێکی کورت دەبێت بۆ باسکردنی ئەو ئەگەر و دەرچانەی کە “وڕێنە” لە خۆیدا هەڵیگرتوون؛ “وڕێنە“ کە بەر لەوەی بیکەینە میکانیزمێک بۆ پەراوێزخستن و پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتیانەی ئەوانەی لە واقیع دابڕاون، بێئاگان، کاڵفامن یان بیرکۆڵن، دەشێت وەک دژێک بیبینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگری بەرانبەر بە دۆخ و هەلومەرجی زاڵ، دەشێت وەک سیاسەتێک بیبینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە گوایە حەقیقەتە.

جگە لە دژایەتییە ڕیشەییەکەی لەگەڵ واقیع و ڕاستیدا، ئەوەی لە وشەی وڕێنەدا سەرنجڕاکێشە نزیکییە قووڵەکەیەتی لەگەڵ وشەگەلێکی وەک خەیاڵ و چەوتدا، لە زمانی ئینگلیزیدا بە وڕێنە دەگوترێت ”hallucination“شتێک کە ببینرێت و ببیسترێت، بەڵام لەڕاستییدا لەوێ نەبێت، کە ئەمیش لە دژایەتییەکەیدا بۆ واقیع و ڕاستی دەچێتە ڕیزی وشەگەلێکی وەک ”illusion– وەهم، falsehood– چەوتێتی“ەوە، لە هەمووشی گرنگتر نزیکایەتییەکەیەتی لەگەڵ وشەی ”fiction- شتانێک کە داهێنراون یان وێناکراون بەڵام ڕاستی نین، یان ئەدەبی خەیاڵی“*؛ بەڵام چی ڕاستییە و چی فیکشن، وڕێنە یان خەیاڵە؟ چییە ئەمە دیاری دەکات؟ یەکێک لە گرنگترین ئەو بیرمەندانەی کاری لەسەر ئەم پرسە کردووە، میشێل فۆکۆیە. بۆ فۆکۆ حەقیقەت خاوەنی بوونێکی ڕەها و جێگیر نییە، بەڵکو بەرهەمێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە، ڕژێمەکانی حەقیقەتی ناو کۆمەڵگەیەکە، بەرهەمی کاروکاردانەوەکانی نێوان پەیوەندییەکانی مەعریفە و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە. لای فۆکۆ دەسەڵات لە سەردەمی مۆدێرندا چیدی تەنها لە دەستی پادشا یان فەرمانڕەوایەکدا نییە، هەڕەمییانە لە سەرەوەی کۆمەڵگەوە شۆڕ نابێتەوە بەرەو خوارەوەی کۆمەڵگە،  بەڵکو لە خوارووی کۆمەڵگەوە و لە یەکە هەرە بچووکەکانەوە سەر دەکەوێت و وەک تۆڕێکی ئاڵۆز بە هەموو کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە. ”دەسەڵات لە هەموو شوێنێکە، لەبەر ئەوە نا کە جڵەوی هەموو شتێک دەدات، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە هەموو شوێنێکەوە دێت“(Foucault 1978: 93). دەسەڵات لای فۆکۆ ”پەرش و بڵاوە زیاتر لەوەی چڕبووەوە بێت“، بەوپێیەی لە هەموو پەیوەندییەکاندایە ”بەرجەستەبوو و دەردراوە زیاتر لەوەی بەدەستهێنراو بێت…“(Gaventa 2003: 1).

دەسەڵات لە سەردەمی مۆدێرندا، یان دەسەڵاتی دیسپلینکەر، چیدی بە کوشتن و ئەشکەنجەدان کار ناکات، بەڵکو دەستوەردەداتە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەسەوە، ڕۆدەچێتە پەیوەندییەکانی تاکەکەسەوە، هیچ پەیوەندییەک نامێنێتەوە خاڵی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات. لێرەوە وەزیفەی ئەم دەسەڵاتە تەنها لە قەدەغەکردن، سزادان و کوشتندا کورت نابێتەوە، وەزیفەکەی ئەمانە تێدەپەڕێنێت و دەگات بە چاودێریکردن و بەرهەمهێنان، ڕێکخستنەوە و دەستکاریکردن: ”دەبێت بە یەکجاری واز لە وەسفکردنی کاریگەرییەکانی دەسەڵات بهێنین بە وشەگەلی نەرێیانە: ‘دوور دەخاتەوە، دەچەپێنێت، سانسۆر دەکات، لا دەبات، پەردەپۆش دەکات و دەشارێتەوە’. لەڕاستیدا دەسەڵات بەرهەمهێنەرە، واقیع بەرهەم دەهێنێت؛ بوار بۆ بابەتەکان و سرووت بۆ حەقیقەتەکان بەرهەم دەهێنێت، تاک و ئەو مەعریفەیەش کە لە تاکەوە دەشێت بەدەست بهێنرێت، سەر بەم بەرهەمهێنانەن“(Foucault 1995: 194). ئەم دەسەڵاتە دەچێتە پەیوەندییەکی دانەبڕاوەوە لەگەڵ مەعریفەدا، لەژێر هەیمەنەی ئەم مەعریفە\دەسەڵاتەشدا ئەوەی پێی دەگوترێت ڕاستی یان حەقیقەت، چیدی دۆزینەوەیەکی بێلایەن و ئەزموونی نییە، چیدی نەگۆڕێکی جێگیر نییە لە مێژوودا، بەڵکو بەرهەمی کار و کاردانەوە بەردەوامەکانی مەعریفە\دەسەڵات و گوتارەکانی کۆمەڵگەیەکە لە سەردەم و هەلومەرجێکی مێژوویی دیاریکراودا: ”حەقیقەت پاداشتی ڕۆحە ئازادەکان نییە، وەچەی خەڵوەتی دوورودرێژ نییە، ئیمتیازێکیش نییە لای ئەوانەی سەرکەوتووبوون لە ئازادکردنی خۆیاندا. حەقیقەت شتێکە سەر بەم جیهانە: بە چەندین شێوازی جیاجیای بەستنەوە و سنووردانان بەرهەم دەهێنرێت، کاریگەریی جیاجیای دەسەڵات بەرهەم دەهێنێت کە ڕێک خراون. هەر کۆمەڵگەیەک ڕژێمی حەقیقەتی تایبەت بە خۆی هەیە، ‘سیاسەتی گشتی’ حەقیقەتی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەوانیش ئەو جۆرانەی گوتارن کە قەبووڵیان دەکات و وەک ڕاست کاریان پێ دەکات؛ ئەو میکانیزم و نموونانەن کە توانای جیاکردنەوەی ڕاست و چەوت بە یەکێک دەدەن“ (Foucault, 1980: 131).

لە هەلومەرجێکدا کە ڕاست و چەوت، وڕێنە و واقیعگۆیی، بابەتیانە و بێلایەنانە جیا ناکرێنەوە و هەمیشە هێزێک بەشدارە لە ماناپێدانیاندا، لە واقیعکدا کە موفەبرەک و بەرهەمهێنراوە و بەردەوام زمان و ئاسۆکانی بینینیش لە دەستکردێتیی خۆیدا کورت دەکاتەوە، ئێمە ناچارین پەنا بۆ ئەو میکانیزمانە بەرین کە هێشتا بوونیان نییە، ئەو دەنگانە ببیستین کە هێشتا نەهاتوون، ئەو وێنانە ببینین کە هێشتا دیار نین، بە دەربڕینێکی تر: وڕێنە بکەین و فیکشن و خەیاڵ دابمەزرێنین. لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە مێژووی سێکشواڵێتی لەگەڵ لوسێت فیناس، فۆکۆ دەڵێت: ”من باش دەزانم کە جگە لە فیکشن، هەرگیز هیچی ترم نەنووسیوە، بەڵام بەمە نامەوێت بڵێم کە حەقیقەت تێیاندا ‌بوونی نییە. وای دەبینم کە مومکین بێت فیکشن لە حەقیقەتدا کار بکات، کە گوتاری فیکشنی کاریگەریی حەقیقەت بەرهەم بهێنێت، کە ڕوو بدات گوتارێکی ڕاستەقینە شتێک دروست بکات کە هێشتا بوونی نییە، واتە هەڵیببەستێت [لە ڕێی فیکشنەوە بەرهەمی بهێنێت]، یەکێک مێژوو لەسەر بنەمای واقیعێکی سیاسی هەڵدەبەستێت کە دەیکاتە ڕاستی، یەکێکیش سیاسەتێک کە هێشتا بوونی نییە، هەڵدەبەستێت، لەسەر بنەمای حەقیقەتێکی مێژوویی“(Foucault, 1980: 193). داڕشتنەوەی مێژوویەک، هەڵبەستنی مێژوویەک، وڕێنەکردنی مێژوویەک، دەتوانێت تەواوی مانا و دەلالەتەکانی ڕابردوو بگۆڕێت لە پەیوەندیدا بە ئێستامانەوە. وڕێنەکردن لە ئێستادا، هەڵبەستن لە ئێستادا، دەشێت چەندین دەروازە بەرەو ئەگەری تر و هەلومەرجی جیاواز لەوەی ناونراوە واقیع، بکاتەوە؛ وڕێنە جیاوازییە ئەو کاتەی بە هۆی خودی جیاوازییەوە پەیوەندیی لەگەڵ واقیع دادەمەزرێنێت.

کێشە و نەخۆشییەکانی واقیعی کوردی، جا هەرچی بن، لە داوەشانی ئەخلاقییەوە تا شکستی سیاسی، ڕۆشنبیری، هونەری و ئیداری، لە کێشەی مافی ژن و داپۆڵسینی ئافرەتانەوە تا خۆفرۆشی و گەندەڵی، لە خەلەلی بونیادییەوە تا شێواندن و تەحریفی مێژوویی، بە چەمکدان و فەرهەنگ و زمانێکەوە تێناپەڕێنرێن کە سەر بە هەمان واقیعی شکستخواردوو بن، بە ڕژێمانێکی حەقیقەت و سیستمگەلێکی بەهاپێدانەوە بازیان بەسەردا نادرێت کە لەناو پەیوەندییەکانی هەمان واقیعدا بەرهەم هاتبن؛ وەک چۆن لەسەر ئاستی جیهانییش سەرمایەداری و دۆخی پاش-کۆڵۆنیاڵیزم بە زمانێک و لۆجیکێکەوە تێناپەڕێنرێن کە سەر بە مێژووی خۆیان بن: واقیع بەو بۆمبانە ناتەقێنرێتەوە کە خۆی پێماندەدات. پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کە هێشتا بوونی نییە، ئەوە بگوترێت کە هێشتا نەگوتنە، ئەوە نیشان بدرێت کە نادیارە، ئەوەی لەژێر جەبری دەساڵاتێکدا ناوی دەنرێت وڕێنە یان خەیاڵ. جگە لەو مانا باوەی وڕێنە، کە دابڕانە لە واقیع و کەموکورتیی ئەقڵییە، دەبێت یادمان بێت کە یەکێکیشە لەو شتانەی بەردەوام دژی واقیعە، بەردەوام دژی دۆخی ئێستایە، بەردەوام دەرچە و ئەگەرە بۆ تێپەڕاندنی واقیع، تێپەڕاندنی واقیعێک، کە تا لە دیوی ناوەوەی سنوورەکانیدا بین، بەردەوام خۆی بەها و مانا بە دژەکانی خۆی دەدات و دەستکارییان دەکات و دەیانشارێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە حەقیقەتەکان بێلایەن نین، کە مەعریفە بێلایەن و بابەتی نییە، کە خودی مانا و واقیعیش بەردەوام بەرهەم دەهێنرێن، نابێت بکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە پەیوەندییەکانی مەعریفە\دەسەڵات وەک ئەهریمەنێکی دیکارتی ببینین کە تەنها دەست دەخاتە سەرمانەوە و کۆنتڕۆڵی بیکردنەوە و ژیانمان دەکات و سنووردارمان دەکات، چونکە لە هەر کوێ دەسەڵات هەبوو لەوێ بەرگرییش هەیە؛ یان گوتارەکان کە کۆی بەرهەمەکانی ئایین و فەلسەفە و سیاسەت و زانست و تێکستە نیمچەزانستییەکان و حیکمەت و قسە ڕۆژانەکان و تەفسیرەکانیان دەگرێتەوە لە سەردەمێکی دیاریکراودا، وەک قەفەسێک ببینین بۆ کورتکردنەوە و لەقاڵبدانی بەردەوامی زمان و خودێتیمان، بەو پێیەی ”گوتارەکان یەکجاری و هەمیشە خزمەتکاری دەسەڵات یان دژی نین … دەبێت ڕێ بەو پڕۆسە ئاڵۆز و ناجێگیرە بدەین کە لە ڕێیەوە گوتار دەتوانێت ئامڕاز و کاریگەریی دەسەڵات بێت، بەڵام لەمپەڕێک، خاڵێکی ساتمەکردنی بەرگرییش بێت و دەستپێکی ستراتیژێکی دژەوانەش بێت“(Foucault 1978: 100)، ڕەهەندێکی تایبەتیی وڕێنە کە دژ بە واقیعە و هەمیشە لە دەرەوەی ڕژێمەکانی حەقیقەتە، دەیکاتە جۆرێک لە بەرگریی بەرانبەر ئەوەی لە سلێمانی یان لە هەر شار و ناوچەیەکی تر باڵادەستە؛ هەموو تێپەڕاندنێکی ئێستا، هەموو دەرچوونێک لە واقیعی ڕەخساوی سەردەمێک، هەموو خۆدەربازکردنێک لە چرکەساتێکی مێژوویی دیاریکراو، هەموو بازدانێک چ فیکری و چ ئەدەبی، هەموو خەونبینینێکی ڕادیکاڵانە، لە لایەن ئەو سەردەم و هەلومەرجەوە کە تێیدا لەدایک بووە بە وڕێنە و وشە هاوشێوەکانی ناو دەبرێت، وڕێنە دەشێت بەرگری بێت بەرانبەر هەموو شتێک کە کۆن و سواو و جێگیرە، بەرانبەر هەموو هێزێک کە هەیمەنەکارە، بەرانبەر هەموو دۆخێک کە وەک واقیع سەپاوە. وڕێنە دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ هەموو ئەو ئیمکان و ڕووداو و وێنانەی لە مێژوویەکدا بۆیان ناڕەخسێت بەدی بێن و ببنە واقیع.

لەڕاستیدا ئەم ڕەهەندەی وڕێنە کە من باسی دەکەم شتێکی نوێ و سەردەمییانە نییە لە ناوچەکەدا. درەوشاوەترین شاعیری ناو دیمەنی مێژوویی ناوچەی سلێمانی، وڕێنەکارترین کارەکتەری ئێمەیە. زەمەنێک کە هەیمەنەی زمانی تورکی، فارسی و عەرەبی لە لوتکەی خۆیدایە، زەمەنێک کە کەلتووری ئەم ناوچەیە لە نێوان کەلتووری عوسمانی، ئێرانی و عەرەبیدا تواوەتەوە، زەمەنێک کە تەنانەت پیت و ڕێزمانیش لە ناوچەکەدا داگیر کراوە و کوردی و خۆماڵی نییە، نالی دێت و ”هەرزەنویس“ی و ”گەپ“ێک دەکات کە لە داهاتوودا ناو دەنرێت کوردیی شێوەی سلێمانی. شیعری نالی بە ئیمتیاز وڕێنەیە لەناو ئەو واقیعەی ئەوسای میرنشینی باباندا، لەناو واقیعێکدا بە ئایین و دونیابینیی عەرەبی و بە سیاسەت و ئیدارەش ماوەیەک فارسی و ماوەیەک تورکی. ئەوەی لە نالیدا شکۆیە هەرگیز ناوهێنانی نییە بە یەکەم شاعیری کوردینووسی ناوچەکە (بیریشمان بێت ئەم یەکەمییە هێشتا لە نێوان نالی و مستەفا بەگی کوردیدا ساغ نەکراوەتەوە)، بەڵکو شکۆی نالی لەو ئیدراکە قووڵەیدایە بەرانبەر بە زمانی خۆی و ڕەهەندە سیاسییەکانی، بەرانبەر بەو ئیمکانە سیاسییەی کە ئەو تەرزە لە بەکارهێنانی زمان و چوونەناوەوەی، ئەو تەرزە لە بەکارهێنانی مەجاز و دەربڕینی شاعیرانە هەڵیگرتووە: ”فارس و کورد و عەرەب هەرسێم بە دەفتەر گرتووە“. بونیادی نووسین، شێوازی بینین، تەرزی پەیوەندیی دامەزراندن لەگەڵ زماندا، تەنها کۆمەڵێک جموجوڵی شیعریی پەتی نین، بەڵکو دەشێت دەرگا بەسەر ئەگەر و ئیمکانی نوێدا بکەنەوە؛ کاتێک زمان و بیرکردنەوەیەک لەژێر سەپێنراوەکانی واقیعی خۆیدا دەردەهێنرێت ڕووبەڕووی ئەو واقعیە دەکرێتەوە، بەرانبەر و دژ بەو واقیعە دادەنرێت، لەو واقیعە دادەبڕدرێت و نامۆ دەکرێت، وڕێنەی پێ دەکرێت، چیدی بە تەنها سەر بە ڕژێمەکانی حەقیقەت نابێت، چیدی بەتەواوی و هەیمەنەکارانە زادەی خۆمومارەسەکردنی مەعریفە\دەسەڵات نابێت، بەڵکو دەبێتە خاڵێکیش بۆ بەرگری، دەبێتە دەرچوویەک لە هەیمەنەی گوتارەکان، دەرچوویەک کە هەمیشە لە بەردەم ئەگەری ئەوەدایە بە وڕێنە ناو بنرێت و پەراوێز بخرێت. بۆیە ”تەبعی شەککەرباری” نالی ”کوردی ئەگەر ئینشا دەکا“، چیدی پێویست نییە مەقسوودەکەی پشتەوەی بگێڕینەوە بۆ شەهوەتی نمایشکردنی زمان و نیشاندانی توانایەکی شیعریی پەتی؛ ”خۆئیمتیحانکردن“ و ”بە عەمدەن واکردن“ی نالی جۆرێکە لە وڕێنە، جۆرێکە لە بەرگری، لە بەدەستهێنانەوەی خود: ”کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە“.خۆجیاکردنەوەی نالی، بینینی خۆی وەک تاقانەیەک، بەرهەمی غوروور و لوتبەرزییەکی پوخت نییە، بەڵکو بەرهەمی دابڕانێتی لە سەپێنراوەکانی واقیعەکە، لە دیسکۆرسە باوەکان، لە حەقیقەتە باوەکان، دۆخێک کە سەردەمەکە بە هەرزەنووسین و گاڵتەوگەپ ناوی دەنێت، بە وڕێنە ناوی دەنێت: ”نالی حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییەبەیتی ڕەدیفی کەس نییە، هەرزەنویسە گەپ دەکا“**.

ئایرۆنیەتێکی سەیرە کە مێژووی ئەدەبیی ئەم ناوچەیە بە وڕێنە دەست پێدەکات و لەم چەند ڕۆژەی پێشووشدا، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت نازناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ پایتەختی وڕێنە، لەودیو پرسیارورووژاندن و مەبەستە ڕەخنەییەکەیەوە، پێموابێت پایتەختی وڕێنە دۆزەخێکی کەلتووری نییە بمانەوێت لێی هەڵبێین، بەڵکو یۆتۆپیایەکە دەبێت بەدوایدا ڕا بکەین، ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە وڕێنەیە، پێویستمان بە بەرگری و ڕەتکردنەوەی ئەو مێژووە سیاسی-ڕۆشنبیری-کۆمەڵایەتییەیە کە بە کۆڵماندا دراوە؛ وڕێنە بەرگری و ڕەتکردنەوەیە لە بەردەم ئەفسانەکانی شۆڕشی شاخ و خێڵەکییەکانی دەسەڵاتی ئەمڕۆدا، لە بەردەم ڕۆشنبیر و نووسەرانێکدا کە بەشێکن لەم دۆخە، لە بەردەم کۆی ئێستادا. مەبەستی من بە هیچ جۆرێک بەرگریکردن نییە لە سلێمانی یان هەر ناوچەیەکی تر، قسەکەشم لەسەر بەهای کارەکە و گۆڕینی دروشمەکە نییە (چ لە ڕووی هونەری و چ لە ڕووی سیاسییشەوە)، بەڵکو من دەمەوێت مەبەستەکەم تەنها لە تێگەیشتنماندا بۆ وڕێنە چڕ ببێتەوە، لەو پەیوەندییە قووڵانەدا چڕ ببێتەوە کە وڕێنە لەگەڵ چەمکگەلێکی گرنگ و هەستیاری وەک حەقیقەت، داهێنان، نواندنەوە (representation)، ڕەتکردنەوە و… تادواییدا هەیەتی. لەگەڵ گەڵاڵەکردنی ئەم جۆرە تێگەیشتنەدا بۆ وڕێنە و پاش بارکردنی بەم مانایانەی لە سەرەوە باس کران، لە پەیوەندیدا بە دروشمەکەی سلێمانییەوە، هەروەها لە پەیوەندیدا بە کۆی مێژووی ئەدەبی، هونەری و ڕۆشنبیریی ئێمەوە، چەند پرسیارێک سەر هەڵدەدەن کە من بە گونجاوی دەزانم لە کۆتایی ئەم وتارەدا بۆ خوێنەریان بەجێ بهێڵم: کێن وڕێنەکارانی ڕاستەقینەی ناو مێژووی ئێمە؟ چۆن وڕێنەکانمان ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دەزگا و دامەزراوەکان، گوتارەکان و دیسپلینەکان بکەینەوە؟ دواجاریش: ئایا سلێمانی، یان هەر شارێکی تری کوردی، دەتوانێت ببێتە پایتەختێک بۆ وڕێنە؟

 

 

 

*مانا ئینگلیزییەکان لەم چاپەی فەرهەنگی ئۆکسفۆردەوە وەرگیراون:

Hornby (2010).Oxford advanced learner’s dictionary of current English. London, Oxford University Press.

**بەیت و نیوەبەیتەکانی نالی لەم نوسخەیەی دیوانی نالییەوە وەرگیراون:
عەبدولکەریمی مودەڕیس و فاتیح عەبدولکەریم (1387). دیوانی نالی. سنە، انتشارات كردستان.

 

سەرچاوەکان:

  • Foucault, Michel (1978). The History of Sexuality: An Introduction, New York, Pantheon Books.
  • Gaventa, John (2003). Power after Lukes: a review of the literature, Brighton: Institute of Development Studies.
  • Foucault, Michel(1995). Discipline and Punish: the birth of the prison. New York, Vintage Books.
  • Foucault, Michel (1980). POWER/KNOWLEDGE: Selected Interviews and Other Writings. New York, Pantheon Books.
هاوبەشی بکە

Wtari Art u Design, Zamwa Muhammad,