22/03/2024
DidiMn Logo
Top

ئەستێرەکانی کەلار: گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد عەلیی ئەکتەر لە شانۆیی ”وەرن ببین بە سەگ”

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ساڤان عەبدولڕەحمان

محەمەد عەلیی تەمەن بیست ساڵ، نێشتەجێی شاری کەلارە و خوێندکاری قۆناغی دووەمی زمانی ئینگلیزییە لە زانکۆی گەرمیان. ئەو ئەندامی گرووپی هونەریی ئەستێرەکانە و لە شانۆیی ”وەرن ببین بە سەگ”دا، کە دوای نمایشکردنی مشتومڕی دروست کرد و بووە هۆی سڕکردنی گرووپەکەیان لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی گەرمیانەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت.

محەمەد عەلی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دیدی من، وەڵامی چەند پرسیارێک دەربارەی نمایشە شانۆییەکان دەداتەوە.

ماوەی چەندێک پڕۆڤەتان بۆ ئەم نمایشە کرد؟ ئەوکات هیچ گرفتێکتان نەهاتە ڕێ؟

لە ٣٠ی مانگی ڕابردووەوە دەستمان بە پڕۆڤە کرد ، لە ڕۆژانی پڕۆڤەیشدا زۆر کەس دەھاتن بۆ بینینی کارەکەمان و وێڕای چەند تێبینییەک، زۆرینەیان کارەکەیان بە دڵ بوو.

وەک ئەکتەرێک، کاتێک پێشنیاری بەشداریکردنت لەم نمایشە شانۆییەدا بۆ کرا، کاردانەوەت چی بوو؟ وردتر: دوودڵ نەبوویت و دەتانزانی کاردانەوەکان بەم جۆرە دەبن؟

بێگومان کارێکی لەم شێوەیە، لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئەوەی ئێمەدا، دەستبردنە بۆ ئاگر، چونکە کارەکەی ئێمە ھەر ئەو شتە بچووکە نییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، بەڵکو ئەوە گۆشەیەکی بچووکیەتی و زۆر لەوە فرەڕەھەندترە. نەخێر، ھەرگیز دوودڵی بۆ دروست نەبوو. نەک ھەر ئەوەیش، بگرە بە ھۆی دڵگەرمیم بۆ کارەکەم هەندێک پێداچوونەوە و ڕێکخستنم بۆ دەقەکە کرد.

هەر زوو نمایشەکەتان بووە جێی قسەوباسی خەڵک و ڕا و بۆچوونەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

بە بۆچوونی من، ھۆکاری ئەو دەنگدانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ نائاگایی خەڵک و ناشارەزاییان بەرامبەر بە ڕەخنە و کاری شانۆیی. لەگەڵ ئەوەیشدا زاڵبوونی کولتوور و نەریتێکی توندڕەوانە بەسەر خەڵکدا، ئەمەیش وا دەکات کاردانەوەی خەڵک توندتر بکات.

لە دوای نمایشەکەتان، چۆن مامەڵەت لەگەڵدا کرا؟ دەنگۆی ئەوە هەبوو کە چەن گەنجێکی کەلار هێرشیان کردووەتە سەرت و ئازاریان داویت…

دوای تەواوبوونی نمایشەکە، خەڵکێکی زۆر دەستخۆشی و پێشوازییان لێ کردین، بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر بەشێکی بچووکی کارەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خرایە بەر باس و کاردانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوە، تا ئەو ڕادەیەی ھەڕەشەی ”کوشتن”م لێ کرا. ئەمە جگە لە چەندین وشەی ناشیرین و ناوزڕاندن. بەڵام وەکو ھێرشکردن، ھیچ شتێکی وا نەبووە و کۆمەڵێک کەس بە ناڕاست ئەو ھەواڵەیان بڵاو کردەوە، بگرە ھەواڵی كوشتنیشم بڵاو کرایەوە.

شاناز عەلی، ئەو خانمەی ڕۆڵی لەگەڵتدا دەبینی، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کرا؟ بارودۆخەکە بۆ ئەو قورستر نەبوو؟

بێگومان ئەویش بەدەر نەبوو لەو ھێرشە ناڕەوایانە. بە ھەمان شێوەی من تەشهیرێکی زۆری پێ کرا. بەڵام شاناز بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، چونکە بڕیاردانی بۆ ئەوەی ببێتە ئەکتەر لە نمایشەکەدا، بە ھەمان شێوەی ئەم ھێرشانە قورس بوون؛ بڕیارێک بوو کە کەم کەس پێیان دەدرا.

دوای هەموو ئەوانەی ڕوویان دا، پەیامت چییە؟

دەستخۆشی و پێزانینم ھەیە بۆ ئێوەی بەڕێز. پەیامم ئەوەیە کە ھەمیشە یەکەم ھەنگاو زەحمەتە، بەڵام ھیچ ڕێگەیەکیش بێ سەختی و نشێوی نابێت. بە بۆچوونی من کار ئەوەیە کە شەقام بهەژێنێت و ھزری خەڵک بجووڵێنێت. کاری جیدی ئەوەیە بتەقێتەوە، تەقینەوە بە ڕووی نەریتی باودا، چەکووچێک بێت بیری وشک تێک بشکێنێت. ئێمە بەردەوامین، دواجاریش ئەوەی لە دەستی بدەین، کۆتوزنجیرەکانن کە دیلیان کردووین.

هاوبەشی بکە

Art, Freedom of Art, Theatre,