25/03/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: گوزەرێک بە نێو فیلمەکانی کریستۆف کیشلۆڤسکیدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەژار عوسمان
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

سینەمای کیشلۆڤسکی کە باس دەکا، باسی چی دەکا؟

کریستۆف کیشلۆڤسکی، خاوەن ناوبانگی جیهانیی بە فیلمەکانی دە فرمانەکەی مووسا، جووت ژیانی ڤێرۆنیکا و سێ ڕەنگ: شین و سپی و سوور. دەرهێنەرێکی کەمهاوشانی ئێجگار بە بەهایە و سینەماکەی باس لە چیرۆکگەلێکی سادە بەڵام بە چەندین پرسیاری قورس و فەندەمێنتاڵ و گەردوونییەوە لە مەڕ هەستە ئاڵۆزەکانی مرۆڤەوە دەکات. ئەو هەوڵ دەدا وەڵامی پرسیاری ”پێویستە مرۆڤ چۆن بژی؟” بداتەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووی، ”هەموان دەیانەوێت جیهان بگۆڕن هەر کات کە هەوڵ دەدەن کارێک بکەن. من بەش بە حاڵی خۆم پێم وا نییە جیهان بگۆڕدرێ. من پێم وایە جیهان دەبێ پەسن بدرێ و باس بکرێ.”

ئەمەی خوارەوە ١٠ فیلمی کیشلۆڤسکییە کە پێویستە ببینرێن:

١. سوخرەکار – ١٩٧٥

سوخرەکار (Personnel) یەکەم فیلمی درێژی کیشلۆڤسکی بوو، بۆ تەلەڤزیۆن دروستی کرد. چیرۆکی فیلمەکە باسی پیاوێکی گەنجی هەستیار دەکات بە ناوی ”ڕۆمێک” کە خەیاڵێکی عەجیبی لەگەڵ سیحری هونەردا هەیە، ئەم خەیاڵە پەلکێشی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە بەرگدرووی ئۆپێرایەکی شانۆیی. بیرۆکە ڕۆمانسییەکانی ”ڕۆمێک” لە پشت پەردەوە هەقیقەتێکی تازە و تێکشکاو دەهێننە کایەوە. کیشلۆڤسکی لەم فیلمەدا دەسەڵاتی سیستمی سیاسی بەسەر فیلمسازی و هەر دیاردەیەکی ڕاستەوخۆ نزیک لە فیلمسازییەوە، دەخاتە ژێر پرسیار و لێی دەکۆڵێتەوە.

٢. خۆرەی کامێرا – ١٩٧٩

خۆرەی کامێرا (Camera Buff) بە خاڵی وەرچەرخانی کیشلۆڤسکی دادەنرێت لە ستایڵی فیلمی دۆکیۆ-درامی هەردوو فیلمی ”سوخرەکار” و ”برین-The Scar”ـەوە بۆ ستایڵی خود-دیدگایی لە مەڕ پرۆسەی فیلمسازی. چیرۆکی فیلمەکە باس لە پیاوێک دەکات بە ناوی ”فیلیپ مۆس” کارگەرێکە هەوای دروستکردنی فیلم دەدا لە سەری و ژیانە ئاسایی و خۆشەکەی هەڵدەگێڕیتەوە. فیلیپ باوکێکی پەرێشان و مێردێکی شێتوشەیدایە، وەختایەک بە کامێرا هەشت ملیمەکەی دەست دەکات بە تەسویرکردنی ڕۆژان و ژیانی سەرەتای کچەکەی. ئەو دەمەی سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی داوای لێ دەکات بە بۆنەی هاتنی ساڵیادی پارتەکەیانەوە تەسویریان بۆ بکات، لەبەر ئەوەی تەنها ئەم کامێرای هەیە و سەوداسەری فیلمە، ژیانی بە تەواوی قڵپ دەبێتەوە و ژنەکەی و کچەکەی لێ دەتۆرێن و دوور دەکەونەوە.

٣. بەختی کوێر – ١٩٨١

بەختی کوێر (Blind Chance) فیلمێکە دابەش بووە بەسەر سێ خەتی گێڕانەوەی جیاوازدا، دەربارەی پیاوێکە بە ناوی ”ویتێک” کە بە دوای شەمەندەفەردا ڕا دەکات و بە هاواری ”نا!” دەست پێ دەکات، سەیر ئەوەیە ئەم ڕووداوە سادەیە چۆن سەرلەبەری ژیانی کاراکتەرەکە دەگۆڕێت. کیشلۆڤسکی لەم فیلمەدا بە ڕوونی باس لە بەخت و ئاکام دەکات، دەنێو پۆڵەندای کۆمۆنیستیدا و دیدگایەکی ئێجگار تاقانە و نایابە لەمەڕ ژیانی پۆڵەنداوە. ئەم فیلمە بەهۆی سانسۆری دەوڵەتەوە شەش ساڵ پاش وێنەگرتنی و تەواوبوونی بڵاو کرایەوە.

٤. بێ کۆتایی – ١٩٨٥

بێ کۆتایی (No End) سیاسیترین فیلمی کیشلۆڤسکییە، چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژنێک دەکات بە ناوی ”ئولا” کە وەکو وەرگێڕ لە وارشۆی کۆمۆنیسیدا کار دەکات، هەڵکردنی ئەوە لەگەڵ ژیان پاش مەرگی مێردەکەی ”ئەنتێک”، کە پارێزەر بووە. ئولا لە ژێر سایەی یاسایەکی سەربازییانەدا دەژی و کێشەی تووش دەبێت لە مامەڵکردن لەگەڵ مەرگی مێردەکەی و هەوڵ دەدا خۆی لە ناو زۆر شتی جیاوازی ژیانیدا ون و نووقم بکات، هەر وەک؛ ئیش و سێکس و پەیوەندیی لەگەڵ کوڕەکەیدا. بێ کۆتایی، ڕوانینێکی ئێجگار ڕەشبینانەیە دەرهەق بە ئاکامەکان و بارودۆخەکانی ژیان لە ژێر سایەی یاسای سەربازییانەی نەتەوەیەکی کۆمۆنیستدا و بەرمەبنای هەڵبژاردنی ئەخلاقیی تاکەکەس نەک کۆمەڵ، دروست کراوە.

٥. دە فرمانەکەی مووسا – ١٩٨٨

دە فەرمانەکەی مووسا (Dekalog) یەکێکە لە باشترین زنجیرە دراما تەلەڤزیۆنییەکانی گشت زەمەنەکان، لەسەر بنەمای ئەو دە فرمانە دروست کراون کە خودا داویەتی بە مووسا پێغەمبەر. هەر ئەڵقەیەک لەو دە ئەڵقەیە، کورتەفیلمە، گەڕانە بە دوای بابەتێک یان چەندان بابەتی ئەخلاقیی کە ڕووبەڕووی ئەو کاراکتەرانە دەبنەوە کە لە باڵەخانەیەکی پۆڵەندای مۆدێرندا ژیان دەگوزەرێنن و ئێستاتیکایەکی بەرزی سینەماییان تێدا پیشان دراوە. گەورە دەرهێنەری جیهان، ستانلی کوبریک، لە چاپی ساڵی ١٩٩١ی سیناریۆکەدا کە لە ئەمەریکا و ئەورووپا بڵاو بووەوە پێشەکییەکی ئێجگار بەنرخی بۆ نووسی و بە شاکارێکی مەزنی سینەمایی پەسنی دا.

٦. کورتە فیلمێک دەربارەی کوشتن – ١٩٨٨

کورتە فیلمێک دەربارەی کوشتن، (A Short Film About Killing) فیلمێکی دیکەی سیاسییە، بە تەوسەوە ڕەخنەی سزا و سیستمی حوکم لە پۆڵەندا و زۆر وڵاتی تری ئەو زەمانە دەکات، لە لێکنزیکیی کردەوەی تاکەکەس و سیستمی دادگاکانی دەوڵەت دەتوێژێتەوە. فیلمەکە باس لە گەنجێک دەکات بە ناوی ”باکا” کە ڕۆژێک وێڵوێڵێ بە ناو شاردا دەخولێتەوە، چاوی بە تاکسیلێخوڕێک دەکەوێت کە هەڵسوکەوتی ڕەق و توندە دەربارەی موشتەرییەکانی، مەستان سوار ناخا بە بیانووی ئەوەی تاکسییەکەی پیس دەبێت. باکا بڕیار دەدا سوار تاکسییەکە ببێت و ناونیشانی دەرەوەی شاری دەداتێ و لە دەرەوەی شار کابرای تاکسیلێخوڕ دەخنکێنێ. بە کورتی؛ فیلمەکە بەراوردێکیشە لە نێوان بێهەستی و توندوتیژیی کەسێکی بکوژ لەگەڵ ئیعدامێکی ساردوسڕی هەمان ئەو کەسە لە لایەن دەوڵەتەوە.

٧. دووانە ژیانی ڤیرۆنیک – ١٩٩١

جووت ژیانی ڤیرۆنیکا (The Double Life of Veroniqye) یەکەمین فیلم و بەرهەمی نێونەتەوەییی هاوبەشی نێوان فرەنسا و پۆڵەندای کیشلۆڤسکییە، ئەمەش پاش ڕووخانی دەسەڵاتی کۆمۆنیستیی لە پۆڵەندا. یەکێکە لە فیلمە خۆشویستراوەکانی ئەو و تێڕامانێکی ڕازئامێز و هەستڕفێنە لە مەڕ شوناس و عەشق و نەستەوە. ”ئایرێن یاکۆب” ڕۆڵی هەردوو وێرۆنیکا، پۆڵەندییەکی کۆرسی سۆپرانۆ و جووتەکەی، ڤیرۆنیکا، فرەنسییەکی مامۆستای میوزیک دەگێڕێ. ئەگەر چی ئەمان یەکتر ناناسن، بەڵام جووتەکە پەیوەستییەکی هەستی و تەلیسماوی لە نێوانیاندا هاوبەشە، کیشلۆڤسکی ئەمانە بە زۆر وردەکاریی وەک جووڵە و ڕەنگ و کاردانەوەکان دەردەخا. سەرکەوتنی ئەم فیلمە هیوای زیاتری بە کیشلۆڤسکی بەخشی بۆ دروستکردنی دوایین فیلمەکانی خۆی کە سێینەیەک بوون بە ناوەکانی؛ شین و سپی و سوور.

٨. سێ ڕەنگ: شین – ١٩٩٣

یەکەمین فیلمی (سێینەی سێ ڕەنگ – Three Colors Trilogy)ـە. لە (شین-Blue)ـدا ”ژوولێت بینۆش” وەک ژن و دایک ڕۆڵ دەبینێ کە هەم مێردەکەی و هەمیش کچەکەیشی لە ڕووداوێکی تراژیدیدا لەدەست داون و خۆی لە ڕووداوەکەدا زیندوو ماوەتەوە و بەو ئازارەوە دەتلێتەوە. بەڵام فیلمی ”شین” لەوە زیاترە بە تەنیا چیرۆکی خەم بێ؛ بەڵکو چیرۆکی ئازادیشە، هەر وەک ئەوەی ”ژوولی” هەوڵ دەدا خۆی لە ڕابردووی ئازاد بکات و ڕووبەڕووی هەقیقەتەکانی ژیانی دوای مێردەکەی و کچەکەی بێتەوە.

٩. سێ ڕەنگ: سپی – ١٩٩٣

سپی (White) دووەم فیلمی ”سێینەی سێ ڕەنگ”ـە کۆمیدیترین (کۆمیدیای ڕەش) و شلۆقترین فیلمی کیشلۆڤسکییە. شوێنپێی سەرکەشییەکانی ”کارۆل کارۆل”ـی کۆچبەری پۆڵەندی کە لە فرەنسا دەژی هەڵدەگرێ، قسە و باسە لە یەکسانی و گەڕانە بە دوایدا. کارۆلی سەرتاشی بەدبەخت بڕیار دەدا بگەڕێتەوە بۆ وارشۆی زێدی خۆی دوای ئەوەی ژنەکەی ”ژوولی دێلپی” لێی جیا دەبێتەوە هۆکاری تەڵاقی ژنەکەی: (هاوسەرگیرییەکەیان قەت نەبووە بە هاوسەرگیری و ناکامڵە.)

١٠. سێ ڕەنگ: سوور – ١٩٩٤

سوور (Red) دوا فیلمی ”سێینەی سێ ڕەنگ”ە و دوا فیلمی ژیان و سینەمای کیشلۆڤسکیشە. بە فیلمی سوور کە گەڕانە بە دوای بیرۆکەی برایەتی و پەیوەندی نێوان چەند هاوڕێیەکی چارەگراندا، کیشلۆڤسکی قوفڵ لە تێڕامانەکانی لە بەخت و چارەنووس دەدات.

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,