24/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: هەشت دزێوەكە، ئەو فیلمەی نابێت بكرێت بە كتێب

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بینەر و فیلم
فیلم: هەشت دزێوەكە (The Hateful Eight, 2015)
دەرهێنەر: کوینتین تارانتینۆ
بینەر: ڕێباز ئەکرەم

بە درێژایی مێژووی سینەما، هەمیشە كتێبەكان سەرچاوەی سەرەكیی دروستكردنی فیلم بوون. بەڵام زۆر كەمن ئەو فیلمانەی، توانیویانە پەیام و ڕووداوەكانی كتێبەكان وەكو خۆی، یان جوانتر و بەرزتر، ئەگەر ئەوە مەحاڵ نەبێت، بگێڕنەوە. ئەوە پەیامێكی ڕوونە، بۆ بەرز نرحاندن و چۆكدادان بەرانبەر هێزی وشەكان و سیحری گێڕانەوە. بەڵام لە فیلمی (هەشت دزێوەكە) ئەو هاوكێشەیە نزیكە تەواو پێچەوانە ببێتەوە. فیلمەكە كە بە شێوازێكی ناباوی سینەما، چەشنی گێڕانەوەی ڕۆمانێكی مۆدێرن، لە چەند بەشێكدا ڕووداوەكان دەگێڕێتەوە، دەتوانێت ئەو گومانە دروست بكات، ئەگەر بكرێت بە كتێب، ڕەنگە وشەكان هێندە كاریگەر نەبن و توانای گێڕانەوەی ڕووداوەكانیان نەبێت. بەمەش (تارانتینۆ) كە نووسەر و دەرهێنەری فیلمەكەیە، زۆر بە جوانیی هێزی بینین و مەزنی سینەمامان بۆ ئاشكرا دەكات.

فیلمەكە باس لە چارەنووسی هەشت كەس دەكات، هەشت كەس جگە لە دزێو، شایەنی هیچ وەسفێكی دیكە نین. لەو نێوەندەشدا تارانتینۆ زۆر زیرەكانە وێنەكان تێكەڵ دەكات. بە شێوەیەك دوای تەواوبوونی فیلمەكەش، لە نێوان دزێوەكاندا، ناتوانین بكوژ و كوژراو، هەق و ناهەق، لێك جیا بكەینەوە. ئەگەر ئەوە دیوێكی نامۆ و جوانی فیلمەكە بێت، بۆ من دیوە هەرە جوانەكەی، نەبوونی هیچ پاڵەوانێكە، یان ونبوونی پاڵەوانەكەیە!

لەو فیلمەدا، هیچ شوێنێك بۆ هیچ هەستێك جێگیر نییە! لە هەر دیمەنێك كە بینەر هەست و سۆزی بۆ یەكێك لە دزێوەكان دەجووڵێت، هێندە ناخایەنێت، تارانتینۆ بە باس و چیڕۆكێكی دیكە، هەستت دەگۆڕێت، چەندین پرسیارت لە لا دروست دەكات. من لە دۆخی خۆمەوە ئەو قسەیە دەكەم. لەو شوێنەی كە خەریك بوو خۆشەویستیم بۆ (ماركۆس وارن)ی ڕەشپێست جیگیر دەبوو، بە گێڕانەوەی شێوازی ئازاردان و كووشتنی كوڕی ئەفسەرێكی سپیپێست، لە دەمی خۆیەوە، زۆرم ڕق لە (ماركۆس وارن) بووەوە. بەڵام هێندەی پێ نەچوو، بە چەند ڕستەیەكی دیكە، تارانتینۆ دیسان خڕۆشاندمی، ڕقەكەی كاڵ كردمەوە، یاری بە هەستم كرد و گوتی: لەوانەیە كوژراوە سپیپێستەكە، خراپتری بە ڕەشپێستەكان كردبێت.

وەكوو هەموو ئەو فیلمانەی لە نووسین و دەرهێنانی تارانتینۆ خۆیەتی، بە تایبەتی هەردوو شاكارە فیلمی (كڕۆكی خەیاڵ) و (جەنگۆی ئازادكراو)دا ئەو فیلمەش بێ ئەوەی كەمترین خەوشی كارەكتەرسازیی تێدا بێت، بە زمانێكی باڵای ئەدەبیی زۆر بەرز، پڕە لە گفتوگۆی جوان، كە بۆ من وەكو خوێنەرێك، چێژێكی زۆریان هەبوو. بە گشتی، ئەو فیلمە شایەنی ئەوەیە زیاد لە جارێك تەماشا بكرێت.

هاوبەشی بکە

Binar u Film, Quentin Tarantino,