19/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بێرگمان: خوێندنه‌وه‌ی شاملو دانا بۆ فیلمی مۆری حەوتەم و مەرگ

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

مۆری حەوتەم

دیدی من – بینه‌ر و فیلم

فیلم: مۆری حەوتەم
ده‌رهێنه‌ر: ئینگمار بێرگمان
بینه‌ر: شاملو دانا

فیلم فیلمی مۆری حەوتەم، لە دەرھێنانی ئینگمار بێرگمانە و بەرھەمی ساڵی 1957ـە، ھەرچەندە فیلمەکە چەند ساڵێک پێشتر سیناریۆکەی نووسرابوو بەڵام بەھۆی نامتمانەیی بەرھەمھێنەران بە بێرگمان سیناریۆکەی ڕێک ڕەتکرایەوە، بە تێپەڕبوونی کات دوای دەرکردنی فیلمی زەردەخەنەیەکی شەوێکی ھاوین و وەرگرتنی خەڵاتێکی تایبەتی کان بە فیلمەکە، بەرھەمھێنەرە ئەمەریکییەکان ڕوو دەکەنە بێرگمان و ڕێی دەدەن، بە چەند مەرجێک، سیناریۆی مۆری حەوتەم بکات بە فیلم.
بە شێوەیەکی گشتی تێمای فیلمەکە لەبارەی مردنەوەیە.

+ تۆ کێیت؟
– من مەرگم.
+ ھاتوویت من ببەیت؟
– من دەمێکە ھاوەڵی تۆم.

ئەمە یەکەم گفتوگۆیە و ھەر لە سەرەتای فیلمەکەوە مەرگ ھاوەڵی کارەکتەرەکان دەکات و ھەریەکەیان کاردانەوەی جیاوازی بۆ مەرگ ھەیە یەکەم کەسیش ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەنتۆنیۆس بلۆکە.

بلۆک سوارچاکێکە کە چەندین ساڵە وازی لە خۆشەویستی و ژیانی تایبەتی و جوانییەکانی دنیا ھێناوە و بەرەو نائومێدییەکی قوڵ لە ناخەوە ڕێ دەکات، نائومێدییەکانیش لەبەرامبەر ناحەزییەکانی خۆیدایە بەرامبەر بە پرسیارە نەزانراوەکانی ژیان، بلۆک وێڵ و سەرگەردانی ئەم پرسیارانەیە و بە ھەر ڕێگایەک بێت دەیەوێت وەڵامەکان تەنانەت لە پرسیارکردن لە مەرگیشەوە بێت، دەست بکەوێت.

بلۆک چەند ساڵە لە چاوەڕوانی مەرگدایە بەڵام کە مەرگ ڕووبەڕوی دەبێتەوە دەڵێت: جەستەم ئامادەی مەرگە بەڵام خۆم نا. مەرگ یاریزانێکی لێھاتووی شەتڕەنجە نیگارەکانی سەدەی پانزە ئەم ڕاستییە دەردەخەن. بلۆکیش ھەروا شارەزایە، یارییەکی خاو دەکەن کە بە درێژایی فیلمەکە بەردەوامە، گەر بلۆک بیباتەوە وازی لێ دەھێنێت، بە پێچەوانەشەوە مەرگە. ھەرچەندە کەسیش ناتوانێت لە مەرگ ڕابکات گەر ئەو کاتە نەبێ دەبوایە کاتێکی تر ڕووبەڕووی بێتەوە.

وەک وتمان بلۆک کەسێکیە سەرگەردانی پرسیار و ھەستە نەزانراوەکانە و وەک مەرگ پێی دەڵێت: تۆ ھەرگیز لە پرسیارکردن ناوەستیت، بلۆک چەند جارێک ناخمان دەھاژێنێت دەمانکاتە ناو گومانێکی قوڵی خۆمانەوە کە دووبارە پرسیار دەربارەی خۆمان و ناخمان و بوونی خودا بکەین. ئێمەی مرۆڤ کە ھەستمان ھەیە سۆز و خۆشەویستیش ھەروا نەوەکانی پێش ئێمە و دواتریش درووستکراوی ھیوا و حەزن و بەھرەداری لە ھەمووماندا بوونی ھەیە، چونکە ھەموو شتەکان بوونیان ھەیە. پێدەچێت ئەمەش چاکترین بەشی ئێمە بێت. کەواتە سەرچاوەی ترسەکانمان و سەرچاوەی درووستبوونی خودا لە ھزری ئێمەدا لە کوێوە سەری ھەڵداوە ؟

چەند کارەکتەرێکی تر بەناوی جۆزیف و میا و میکاییلی منداڵە بچووکەکەیانە ئەوان لە فیلمەکەدا ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆن بە مانای بنەماڵەیەکی پیرۆز کە لە ئینجیلدا وەک نوێنەرە ڕاستییەکانی ژیان دەردەکەون، لەگەڵ سەما و ھۆنراوە و شیعر و عەشقدا دەژین، بەختەوەری لە ڕیتمی ژیانیای ڕۆژانەیان ئاشکرایە، جۆزیفیش بەھەمان شێوە توانای بینینی ھێزە نەزانراوەکانی ھەیە لە دیمەنێکدا مەریەمی پاکیزە دەبینێت کە عیسا فێری ڕۆشتن دەکات و بینینەکانی توانای ھونەرمەندی زیاتر دەکات لە نووسینی شیعرەکانی، بەڵام گەشبینییەکی گێلانەش نییە چونکە مەرگیش دەبینێت و جیاواز لە ھاوڕێ بێئومێدەکانی، تاکە کەسە کە مەرگ وەک وەحشیگەرێک دەبینێت و ھەوڵ دەدات بنەماڵە پیرۆزەکەی لەژێر سێبەری مردندا ڕزگار بکات.

دیمەنێک لە فیلمەکەوە

ھەرچەندە ئەم فیلمەی بێرگمان بە ماوەی 36 ڕۆژ كاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و بە شێوەیەکی بەرچاو و پێویست ئەو ئامانجە گرنگانەی کە بێرگمان ویستی بیگەیەنێت بەپێی ویستی ئەو نەیگەیاند، دیمەنەکانی کۆتایی فیلمەش خێرا و سوتفە بووە ھەرچەندە دیمەنەکەش لە ئێستادا بە وێنەیەکی دەگمەن و گرنگی بێرگمان دادەنرێت و ناوی لێنراوە سەمای مەرگ، لەگەڵ ئەوەشدا قوتابخانەیەکی فیلمی گرنگی کردەوە کە کاریگەرییەکانی بەسەر دەرھێنەرەکانەوە جێھێشت وەک ودی ئاڵن لە فیلمی Love and Death و فیلمی Bill and Tedsی دەرھێنەر بۆگوس جۆرنی و The Last Action Heroی جۆن ماکتیرنان و The Meaning of Lifeی تیریی جۆنس.

ڕەنگە ئەم فیلمە نەمانگەیەنێتە باوەڕێکی قەناعاتپێکەر بەوەی کە ھەرگیز لە مردن نەترسین، بەڵام ھیچ نەبێت دەرمانێکی چاکە لەوەی چیتر مردن ئاڵوودەییەک نەبێت پێمانەوە. چونکە لەکۆتایدا مردن بۆخۆی نەزانراوێکە.

بە سوود وەرگرتن لە چەند سەرچاوەیەک:
– نامیلکەی سەنتەری پێرسۆنا 
– دوو ڤیدیۆی ڕیڤیوو سەبارەت بە فیلمەکە.

هاوبەشی بکە

Binar u Film, Ingmar Bergman,