16/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: خەیاڵ لە فیلمی “سێ ئاسن”دا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

فیلم: سێ ئاسن (3 Iron, 2004) – دەرهێنەر: کیم کی دوک – بینەر: محەمەد حاجی

سێ ئاسن فیلمێکە دەربارەی ھەست و سۆزی نێوان دوو کەس بەبێ دیالۆگ، بەڵام کە دەگەیت بە کۆتایی فیلمەکە، بۆت دەردەکەوێت کە زمانی جەستە زۆر کاریگەرترە و دەتوانێ چیرۆکێکی خۆشەویستیت بۆ بگێڕێتەوە.

چیرۆکی فیلمەکە

تای سوک گەنجێکە شەوانی خۆی لەو ماڵانە بەسەر دەبات کە خاوەنەکانیان بە ھۆی گەشتکردن یان ھەر ھۆکارێکی ترەوە، ماڵەکەیان جێ دەھێڵن. تای سوک لە ڕێی ئەو پۆستەرانەی بە کیلۆنی دەرگای ماڵەکانەوە ھەڵیاندەواسێ، دەزانێ کام ماڵە چۆڵە، بۆ ئەوەی شەوێک یان زیاتر لەوێ بەسەر ببات. سەرباری ئەوەی ئەم گەنجە بێ پرس لەو ماڵانە دەمێنێتەوە، بەڵام ھیچ کات نیەتی دزیکردنی نییە، بە پێچەوانەوە چووبێتە ھەر ماڵێک دوای خۆی تەواوی ماڵەکە خاوێن دەکاتەوە و جلوبەرگە پیسەکانیان بۆ دەشوات و گوڵەکانیان بۆ ئاو دەدات و ئامێرە لەکارکەوتووەکانیان بۆ چاک دەکاتەوە…

وێنەی دیمەنێک لە فیلمی “سێ ئاسن”

ھەموو شتێک بۆ تای سوک ئاسایی دەڕوات، تاکو ئەو کاتەی لە یەکێ لە ماڵەکان ژنێک بە ناوی سەن ھاو دەبینێت. سەن ھاو هاوسەری پیاوێکی سەرمایەدارە، زۆری پێ ناچێت بۆ ئەوەی بینەر تێبگات ئەم ژنە ڕاستە لە ڕووی داراییەوە ژیانێکی شاھانەی هەیە، بەڵام لە ڕوی ھەست و سۆزەوە بۆشاییەکی گەورەی هەیە. دەرکەوتنی تای سوک لەو ماڵەدا وەک ئاماژەیەک ڕوونە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سۆزدارییە.

چیرۆکەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە سەن ھاو بڕیار دەدات لەگەڵ تای سوک گەشت بکات و خووە سەیروسەمەرەکەی ئەو گەنجە نامۆیە تاقی بکاتەوە لە چوونیان بۆ ماڵە چۆڵەکان…

لێکدانەوەی دیمەنی کۆتایی

کە دەگەیت بە دیمەنی کۆتایی فیلمەکە، چەند ئەگەرێک دێنە پێش، بەڵام ئەوەندەی من بیرم لێ کردەوە، لە ھەمووی گونجاوتر ئەوەیە کە تای سوک، کوڕە گەنجە نامۆکە، لە ڕاستیدا بوونی نییە، تەواوی ئەو چیرۆکانە زادەی خەیاڵی ژنەکەن، چونکە ئەو ژنە لە ژیانیدا بۆشاییەکی گەورە لە ھەست و سۆزی ژیانی هاوسەرییدا ھەیە، بۆیە بۆ پڕکردنەوەی، پەنای بۆ خەیاڵ بردووە و لە زیھنی خۆیدا کەسایەتییەکی دروست کردوە بەو جۆرەی ئارەزووی دەکات. بۆ ڕاست و دروستیی ئەو لێکدانەوەیەیش، ئاماژەگەلێکی حاشاھەڵنەگر لە دیمەنەکانی کۆتایی فیلمەکەدا دەبینرێن، وەک ئەو کاتەی سەن ھاو، کە لەگەڵ پیاوەکەیدا باوشیان بە یەکدا کردووە و لە پشتەوە تای سوک ماچ دەکات، بێ ئەوەی پیاوەکەی ھەستی پێ بکات. بە تایبەتی دیمەنی وەستان لەسەر ئامێری کێشانەکە، کە سەن ھاو و تای سوک لەسەری دەوستن و پێوانەکە ھەر لەسەر سفر دەمێنێتەوە، ئاماژەیەکی ئەوەندە ڕوونە کە ھیچ ئەگەرێکی تر ھەڵناگرێت، جگە لەوەی بڵێین ئەو پەیوەندییە سۆزدارییە خەیاڵێکە و ھیچی تر، چونکە لۆژیکی فیزیا دەڵێت کاتێک دوو کەس بە شێوەیەکی فیزیکی لەسەر ئامێرێکی کێشان دەوستن، نابێت پێوانەی ئامێری کێشانەکە ژمارە سفر بخوێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، مرۆڤ دەتوانێ دەست بەسەر تەواوی شتەکانی کەسێکی تردا بگرێت و کۆنتڕۆڵی بکا، جگە لە خەیاڵی نەبێت، چونکە خەیاڵ وەک ئاژەڵێکی کێوی وایە، ھیچ کەس توانای دەستەمۆکردن و ماڵیکردنی خەیاڵی کەسێکی تری نییە.

هاوبەشی بکە

3 Iron, Binar u Film, Movie,