06/12/2024
DidiMn Logo
Top

زێدەواقیعى: چەند یادداشتێک دەربارەى فەزاى مەجازى

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
هاوار محەمەد

 

1. مادەى ڕەش

فەیلەسووفى فەڕەنسى ژان بۆدریار لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا حیکایەتى کەسێک دەگێڕێتەوە بە ناوى ئیشى (Ishi). ئیشى سەر بە دانیشتوانە ڕەسەنەکەى ئەمەریکایە و دوایین هیندییە لە خێڵەکەى خۆى کە ڕادەگوێزرێت بۆ شارى سان فرانسیسکۆ. ئیشى سەرى سووڕدەمێنێت لە دیمەنى ئەم گەلە خەڵکە زۆرەى کە لەوێ دەیانبیێت، وێنەى گەورەیى شارەکە و قەرەباڵغى و ڕێژەى زۆرى دانیشوان دەیگەیەننە ئەو بڕوایەى کە هەموو ئەو کەسانەیش وا پێشتر مردوون، هاتوون لەم شارە نیشتەجێ بوون؛ مردووەکان دەچنە نێوان زیندووەکانەوە و مەودایان لە یەکترى بۆ دەهێڵنەوە. بەم جۆرە زیندووەکان و مردووەکان بە پاڵ یەکترییەوە دەژین. ئەگەر مردووەکان دەربکەینە دەرەوە، ئەوا خەڵکى ئەوەندە تێکەڵ دەبن و لە یەکترى نزیک دەبنەوە، کە ناتوانن یەکترى ببینن، لە زێدەئاشنایەتیدا بە یەکترى نامۆ دەبن و ”ئەویترێتی“یان نامێنێت؛ ئەمەش واتە هەموان بە یەکترییەوە دەنووسێن، دەبنە یەک پارچە و بارستە؛ هەموو شتێک دەچێتە نێو شتێکەوە تاوەکو ئەم کوتلەیە لە قورسیدا بەسەر خۆیدا دادەڕمێت.
بەم جۆرە، ئەوەى پەیوەندیى نێوان زیندووەکان ڕادەگرێت مردووەکانن. بۆدریار زیندووەکان وەک میتافۆرێک بۆ ”واقیع“بە کار دەهێنێت، بەڵام واقیعێک کە بە هۆى مەجازەوە بووەتە زێدەواقیعى (hyperreality). ئەم ”مەجاز“ەیش مردووەکان نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە، مەجاز ڕێک ئەوەیە کە مردووەکان دەکاتە دەرەوە و مەوداکان دەسڕێتەوە. بە بڕواى بۆدریار، لێکدژییەکى ڕەها لە نێوان واقیع و مەجازدا بوونى نییە. پەیوەندیى ئەم دوانە دیالەکتیکى نییە، بۆیە فراوانبوونى فەزاى مەجازى لەبرى ئەوەى واقیع هەڵبوەشێنێتەوە، ڕای دەکێشێت. پتر واقیع چەند هێندە دەکاتەوە و واقیع خێرا دەکات تاوەکو لە خێرایى خۆیدا دەبێتە تیشک. واقیع – مەجاز پێکەوە و لە تێکەڵبوونیاندا واتە زێدەواقیعى. ئەم زێدەواقیعییە لەمڕۆدا تۆڕەکانى ئینتەرنێت، سۆشیال میدیا، شەپۆلى مانگە دەستکردەکان، دیجیتاڵ بەرهەمیان هێناوە، ئەمانەش سەرلەبەرى پەیوەندییەکانى ئێمەیان داڕشتووەتەوە. فەزاى مەجازى مەوداى بەرجەستەى نێوان مرۆڤەکانى سڕیوەتەوە، مردووەکانى تەراندووە؛ هەموان هێند بە یەکتر ئاشنا دەکات کە چیتر ئاشنایەتییەک بوونى نامێنێت، چونکە ئاشنایەتى لەو مەودایەدا دروست دەبێت کە مردووەکانى تێدایە. هێند جیهانیش شەفاف دەکاتەوە کە لە شەفافییەتدا شیرازەى نامێنێت و بەسەر خۆیدا هەرەس دێنێت، چونکە شیرازە واتە هەبوونى مەودا و هاوسەنگیى نێوان هەمەجۆرییەکان و ڕەگەزە نالێکچووەکان. سڕینەوەى نالێکچوویى واتاى توندوتۆڵبوونى شیرازە نییە، بەڵکو ڕێک هەڵوەشاندنەوەى شیرازەیە. لەمڕۆدا هەموان وەکو یەکمان لێ دێت و یەکترى دووپات دەکەینەوە؛ عەشق و ژوورى نوستن و کۆندۆم و تاتۆى شوێنە هەستیارەکانیشمان هەر دەچنە نێو فەزاى مەجازییەوە، بەم جۆرە نهێنییشمان نامێنێت. بە کورتى فەزاى مەجازى هەموومان بە یەکترییەوە دەنووسێنێت، غەریبە و نەناس و ئەویتر دەسڕێتەوە، وەک بڵێی هیچ مەودایەک لە نێوانماندا نەماوە تاوەکو دەرفەتى ئەوەمان پێ بدات وەک ”ئەویتر“ لە یەکتر بڕوانین. ئایا دەتوانین بە یەکجاری ئەم کەلێنە بسڕینەوە و مردووەکان ڕاو بنێین؟ لاى بۆدریار ئەم مەودایە هیچ نییە جگە لە نوقسانییەکى بنەڕەتى کە لە کۆنەوە جیهانى ڕاگرتووە، هیچ نییە جگە لە بەتاڵییەک کە ئەو بە سوودوەرگرتن لە فیزیا، ناوى لێ دەنێت ”مادەى تاریک“ یان ”ماتەرى ڕەش“ (dark matter)، بۆشاییەکى بێڕەنگ وەک ڕاگرى خودى ماتریاڵ، ماتریاڵى سپى؛ ئەم ماتەرە ڕەشە خۆى دژ بە هەڵپەى شەفافبوونەوەى یەکجارەکییە، دژ بە خۆشگوزەرانیى ڕەهایە، دژ بە کامڵێتى و پێرفێکشنە، بەڵام سەرچاوەى گۆڕانکارییشە. دنیاى ئێستاى سەرمایەدارى لە هەموو بوارەکاندا دەیەوێت بگاتە ڕادەى تێربوون، دەیەوێت چاکەى گشتى (سیستمى لیبراڵى) لە هەموو گەردووندا جاڕ بدات تاوەکو کۆتایى ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەوەتا خۆى بەرەو کۆتاییهێنان بە جیهان دەڕوات. سەرمایەدارى شەهوەتى خۆى بۆ ڕەواندنەى ئەم تاریکاییە بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام ناشتوانێت بەر بە کارەساتەکانى ئەم کارەى بگرێت؛ بەم جۆرە هەتا مادەى تاریک کەمتر بکرێتەوە، جیهانیش شێواوتر دەبێت.

2. غوولەکان سەما ناکەن

میشێل فۆکۆ لە وتارێکیدا ئاماژەیەکى خێرا و سەرپێى بەوە دەدات کە جەستەى غوولەکان و جەستەى سەماکارەکان هەردووکیان دەیانەوێت زۆرترین فەزا داگیر بکەن… بەڵام فۆکۆ ڕەنگە بە هۆى ئەوەى نەیویستووە لەسەر ئەم ئایدیایە زۆر بمێنێتەوە، لە بیری چووە پێمان بڵێت یەکەمیان وەک واقیع داگیرى دەکات و دووەمیان وەک مەجاز. غوولەکان جەستەیەکى ئاوساو و قەبەیان هەیە، زیاتر لە شێوەى باڵۆن گەورە دەبن، دەیانەوێت زۆرترین ڕووبەر لە فەزا دابپۆشن، جەستەى قەبەش ڕاستەوانەیە لەگەڵ کەمبوونەوەى تواناى جووڵە و خێرایی، بۆیە پتر جێگیرن، بەڵام جەستەى سەماکەر جەستەیەکى لاستیکییە و دەکشێت، بە جووڵە و سووڕانەوە و هەنگاوەکان سنوورى خۆى گەورەتر دەکات، فەزا دەکات بە ڕووبەرى شوێنپێ و خێرایى، سەماکەر ناتوانێت لە جێیەکدا بمێنێتەوە و ئۆقرە بگرێت. بۆ یەکەمیان شوێن سەنتراڵە و بۆ دووەمیان کات. سەردەمى مۆدێرنە سەردەمى غوولەکان بوو، سەردەمى کارگەى قەبە و شارى سەنتەرى و حیکایەتى گەورە بوو کە لە دواجاردا گەیشت بە سەرکردە گەورەکان و ڕەگەزە سەردەستەکان، گەیشت بە کەمپەکان و تۆتالیتاریزم. هاوکات سەردەمى شۆڕشى گەورە و ڕەخنەى گەورە و ئومێدى گەورەش بوو: ”شا دال“ یان ”مەدلوولى گەورە“. سەردەمى ئێستامان، بە مانایەک کۆمەڵگەى پۆستمۆدێرن، سەردەمى سەماکەرەکانە (دال بۆ دال)، سەردەمى فەزاى مەجازییە کە لە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان و تەکنۆلۆژیاى زانیاریدا خۆى دەنوێنێتەوە، سەرى لە بچووککردنەوەى جیهان و چەکى کۆمپیوتەرى و (بە گوزارشتى بۆدریار) جەنگى بێجەنگەوە دەرچووە، کە مەترسیدارترە لە جەنگ. بەڵام وەک چۆن لە سەردەمى غوولەکاندا دژ بە جەستە زەبەلاحەکان، بەرەنگاریى زەبەلاحییش بەرهەم هات، ڕەنگە لە سەردەمى سەماکەرەکانیشدا، دژ بە جەستە خێراکان، بەرەنگاریى خێرا بەرهەم بێت. سەما دەتوانێت لە بەرەنگارییشدا هەر سەما بێت. بە بڕواى هەندێک لەوانەى کە حەزیان لە حیکایەتە گەورەکانە، ئەم سەمایانە گەر بەرەنگارییش بن هێشتا ڕزگارمان ناکەن، چونکە جوزئی و لۆکاڵین. بەڵام فیلیکس گواتارى باسى لە کۆبوونەوەى هەموو سەماکەرەکان دەکرد، هەموو وردە بەرەنگارى و شۆڕشەکان. ئەم کۆبوونەوەیە بە ماناى کوتلە نییە. غوول کوتلەیە و بەسەر خۆیدا دادەڕمێت، مەگەر سەما ڕزگارى بکات، بۆیە پرسەكه‌ نۆستالژیا نییە بۆ سەردەمى غوولەکان، بەڵکو ئەم ئەوەیە چۆن سەما هەمەجۆرەکان کۆ ببنەوە، ئەمەش واتە ئەم پرسیارە: ئایا چەپ دەتوانێت غوولێکى سەماکار بەرهەم بهێنێت؟ ئێستا وا باشترە لەجیاتیی ئەوەی چەپ بە ناوى پێشکەوتنخوازییەوە کە لە خۆیدا کۆنەپارێزانەیە، هەر بیرى لاى شتە قەبەکان بێت، بیر لە ستراتیژى ئاوێزانبوون و کۆبوونەوەى ئاستە وردەکان بکاتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە ناهێڵێت تەواو لۆکاڵى و جوزئی بن، هەر بەو جۆرەى کە گشتى و تۆتاڵیتەش نین. چەپ چیتر ناتوانێت بە ”ڕەش – سپى“ بدوێت، گرنگە بیر لەوە بکاتەوە چۆن ڕەنگەکانى ئاوێزە لە پێکهاتەیەکدا کۆ بکاتەوە.

 

3. کۆتایى ڕۆشنبیرى ئاڤانگارد

پەیوەندیى نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات یەکێکە لە کێشە ئاڵۆزەکانى مەسەلەى ڕۆشنبیر، بە تایبەتییش لە ساڵانى حەفتاکان بە دواوە تەمومژێکى زۆر دەورى گرتووە. بەگوێرەى تێزى ئێدوار سەعید ”ڕۆشنبیر دەبێت حەقیقەت بە دەسەڵات بڵێت“. لە ڕاستیدا لەمڕۆدا هەرسێ وشە سەرەکییەکەى نێو ئەم تێزە – ”ڕۆشنبیر، حەقیقەت، دەسەڵات“- خۆیان ناڕوونن و خوێندنەوە نوێیەکان بۆ هەریەکێکیان، ئەم تێزەى ئێدوارد سەعیدیان ئێجگار لاواز کردووە، ئەگەر پووچەڵیشیان نەکردبێتەوە. کێشەکە ئەمەیە: ڕۆشنبیر خۆى مەرج نییە خاوەنى حەقیقەت بێت تا بە دەسەڵاتى بڵێت، مەرجیش نییە خۆیشى دەسەڵات بەرجەستە نەکاتەوە، مەرجیش نییە دەسەڵات دیار بێت تاوەکو ڕۆشنبیر حەقیقەتى پێ بڵێت.
تێزێکى دیکە: ڕۆشنبیران ئاڤانگاردى کۆمەڵگەن. ئەم تێزە زیاتر لینینییە و هەتا سەردەمى جەنگى جیهانیى دووەم بە دروستى مایەوە، لە دواى ئەوەش تا شۆڕشى ئایارى 68، بە تایبەت لە ڕێگەى تێگەى ”ڕۆشنبیرى مولتەزیم“ى سارتەرەوە درێژ کرایەوە. لەوەبەدوا ئەم تێزە کەوتە بەر هێرش، پێشتریش فرانکفۆرتییەکان ڕەخنەیان لێ گرتبوو. هێشتا تا ئەمڕۆش ئەم دروشمە لەسەر زارى چەپى ئەرسۆدۆکس هەر ماوەتەوە، چونکە بۆ ئەوان هێشتاش ”هۆشیارى“ مەسەلەى بنەڕەتییە. چینى کرێکار دەبێت هۆشیار بکرێتەوە!
بە هەرحاڵ، وێڕاى هەموو ئەو زەبرانەى دیکە کە بەر ئەم تێزە کەوتووە، ڕەنگە هیچ یەکێکیان هێندەى فەزاى مەجازى بەشدار نەبووبێت لە تێکشکاندنى پێگەى ڕۆشنبیرى ئاڤانگارددا، هەر بەو جۆرەى ئەم فەزایە پێگەى ڕۆشنبیرى ئەرستۆکراتییشى تێک شکاند. بە یەک جار چەمکەکانى وەکو بلیمەتى، کاریزما، ڕەسەن، پاکژى، حەقیقەت، بەرپرسیارێتى، شاعیربوون، نووسەرى مەزن، ئەدەبى باڵا و هیی تر سەنگ و قورسایى جارانیان نەما. پێشتر ئاڤانگارد، بە هۆى ئەمانەوە، ئاورایەک لە دەورى خەرمانەى دابوو، عەباى مەعریفە و ڕابەرایەتى و ئیلتیزامى بەسەر شانەوە بوو. ڕۆشنبیرى ئاڤانگارد هۆشیاریى بە کۆمەڵگەى ناهۆشیار و چینى چەوساوە دەدا و نوێنەرى دۆزى ڕەوا و حەقیقەت بوو، دەبوو ئاستى هۆشیاریى کۆمەڵگە و گرووپەکان بەرز بکاتەوە و بەرەو زانین و بڕوا و ئامانج ئاڕاستەیان بکات: ئەو لە هەموان زیاترى دەزانى. بەم جۆرە پێگەیەکى هەبوو کە بەرامبەر تیۆر و پراکتیک بەرپرسیارى دەکرد. لە سەردەمى تەکنۆلۆژیاى زانیاریدا ئەم شەبەنگە دەڕەوێتەوە؛ زانیارى دەبێتە شتێک لە بەردەستى هەمواندا، کەرەستەکانى خوێندنەوە و نووسینیش دەبنە کەرەستەى هەموان، چاپخانەکانیش چیتر ناتوانن ڕێ لە بڵاوبوونەوەى ”بەرهەمە خراپەکان“ بگرن، کتێبخانەکان دەبنە ئەلیکترۆنى و هەموو کەسێکیش مافى ئەوەى هەیە لەسەر هەموو شتێک قسە بکات؛ بە مانایەک هەموان دەتوانن ڕاى خۆیان بڵێن. سۆشیال میدیا بە ڕادەیەکى زۆر جێگاى ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ دەگرێتەوە، یان هیچ نەبێ هەژموونیان تێک دەشێکێت، لە هەمووشیان کاریگەرتر تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبووکە. فەیسبووک دەبێتە پێگەیەک لە بەردەستى هەمواندا کە پێگە سەنتراڵییەکانى ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆن، واتە پانتایى ڕۆشنبیران، لاواز دەکات. لەم پێگەیەوە چیتر فیلتەرى بڵاوکراوەکان نووسین و گوتەکان ناپاڵێوێت، خەڵکییش بۆ نووسین پێویستیان بە خوێندنەوە و شەونوخونیى زۆر نابێت، بە مانایەکى تر فەیسبووک پتر دەبێتە شوێنى قسەکردن، یان نووسینەوەى قسە نەک نووسینەوەى نووسین، بەڵام ئەمە نووسینیش خۆى بەرە بەرە لەو فۆڕمە خوداییەى خۆى دوور دەکەوێتەوە. کەوایە هەنگاوێکیش زیاتر لە لاوازکردنى پێگەى ڕۆشنبیر دەڕوات و دەگاتە لاوازکردنى پێگەى خودى نووسینیش، لەبرى ئەوە ”وێنە“ دادەبارێت. پۆستى فیسبووک هەروەک چۆن دەیەوێت جێگاى بڵاوکردنەوە بگرێتەوە، هەر بەو جۆرە دەیەوێت سیحرى وتاریش بەتاڵ بکاتەوە. لە فەیسبووکدا هەر کەسێک دەتوانێت ”نووسەر بێت لە خۆیدا“ و بشبێتە ”نووسەر بۆ خۆى“. لایک و کۆمێنت و چاتیش جێگاى نامەى کاغەز دەگرنەوە، کە بەشێک بوو لە ئەدەبى ڕۆشنبیران.

 

4. Befor/ After

وا دابنێ لە ژوورەکەتدا 2 ئاوێنە بە تەنیشتى یەکترییەوە هەن، یەکێکیان ئاوێنەیەکى شەڕەنگێزە و وێنەى شێواوى خۆتت بۆ دەنێرێتەوە، ئەوی تریان سیحرییە و ئێجگار جوان پیشانت دەدات، واتە لە ئاوێنەى شاژنى حیکایەتى کچەبەفرینە دەچێت و هەموو جارێک دڵنیات دەکاتەوە تۆ دەکرێت جوانترین بیت. 1: باوەڕ بە کامیان دەکەیت؟ 2: چ هەستێکت بۆ دروست دەبێت؟ گەر بتەوێت باوەڕ بەوەى یەکەمیان بکەیت، ئەوا لە بەراوردى هەردووکیاندا هەستکردن بە نوقسانییت بۆ دروست دەبێت، گەر بتەوێت باوەڕ بەوەى دووەمیان بکەیت، لە بەراورددا بەوەى یەکەمیان، خۆتت تووشى تەوەهوم کردووە. ڕێگەى سێیەم هەیە، ئەویش ئەوەیە باوەڕ بەوەى یەکەمیان بکەیت و بتەوێت بەوەى دووەمیان بگەیت، واتە لە ئاوێنەى یەکەمەوە بپەڕیتەوە بۆ نێو ئاوێنەى دووەم. بەم مانایە ئاوێنەى دووەم هیچ نییە جگە لە دروستکردنى نەقسى دەستکرد لە ئاوێنەى یەکەمدا، ئینجا بەرهەمهێنانى خواست بۆ پڕکردنەوەى ئەم نوقسانییە لە ڕێگەى ئاوێنەى دووەمەوە.
لەمڕۆدا میدیا ڕێک بەم ستراتیژییەتە کار دەکات؛ لە ڕاستیدا ئەوە ئاوێنە نییە لە ژوورەکەتدایە، بەڵکو شاشەى تەلەڤیزیۆنەکەتە کە بۆت دەکرێت بە 2 بەشەوە. لاى ڕاست ڕوخسارێکى ناڕێک و پەڵەپەڵە و زیپکاوى و چرچولۆچت پیشان دەدات و لەسەرى نووسراوە ”Befor“ و لاى چەپیش ڕوخسارێکى پێرفێکت و ئایدیاڵییت پیشان دەدات و لەسەرى نووسراوە ”After“. پێت دەڵێت تۆ ئێستا لە لاى ڕاستتدایت، بپەڕەوە بۆ لاى چەپ. بەڵام پێش و پاش چى؟ پێش و باش بەکارهێنانى هەندێک مادە و دەرمانى جوانکارى، پێش جوانکارى و تەجمیلى سەنتەرە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان.

 

5. نامەى سەرمۆر

تا پێش هاتنى تەکنۆلۆژیاى پەیوەندیگیرى و تۆڕى نێت، یەکێک لەو شتانەى کە دەستبۆنەبراو مابووەوە، نامەى شەخسى بوو. ئەم جۆرە نامەیە حەرەم و ئاوراى خۆى هەبوو کە تەنانەت دەوڵەتیش لە کاتى زۆر پێویست و گوماناویدا، یان لە دۆخى ئاوارتە و ناسەقامگیریى بارى ئاسایشدا نەبوایە بۆى نەبوو مۆرەکەى بشکێنێت، بیکاتەوە و ناوەڕۆکەکەى کەشف بکات. لەمڕۆدا ئیمەیل و چات جێگاى نامەى شەخسییان گرتووەتەوە و ئەو سیحرەیان بەتاڵ کردووەتەوە کە نامەى شەخسى هەیبوو، ناوەڕۆکى ئەم چات و ئیمەیلانەیش لە بەردەستى کۆمپانیا و دەزگا سیخوڕییەکاندان و هەرچۆن بیانەوێت دەتوانن تەماشایان بکەن، چونکە بوونى پاسۆرد لەسەر ئەکاونتەکانمان تەنها پاسۆردە بۆ کەسانى دەوروبەرمان نەک دەزگا سیخوڕییەکان، بۆیە پاسۆرد هەرگیز بە نهێنى نامێنێتەوە و نابرێتە ژێر گڵ. ئەو کاتەى کە چاتێک لەگەڵ کەسێکى تایبەتیدا دەکەیت و دەیشاریتەوە (واتە ”هیدن“ى دەکەیت) ئەوە لە هەموویان زیاتر کەشف دەبێ، چونکە هیدنى چاتەکە بە ماناى ئەوەى ئەمەیان تایبەتە و نابێ کەشف ببێت، بۆیە دەزگاکان ئاسانتر دەتوانن بزانن کام چات و نامەیە لە هەموان هەستیارترە، بەم جۆرە ئێمە خۆمان نیشانەى کەشف لە چات و نامەکانمان دەدەین. بە دیوێکى دیکەشدا، نامە بەشێک لە یادەوەرى و چاوەڕوانییەکانى ئەو کەسانەى پێک دەهێنا کە نامەگۆڕینەوەیان دەکرد، ئەمە بۆ عاشقان، نووسەران و ئەدیبان، بۆ سەربازەکان لە جەنگ و خانەوادەکانیان، بۆ زیندانییەکان، بۆ کارى سیاسى و سەرکردەکان بەشێک بوو لە ئەزموون و ژیاننامە کە دواجار دیکۆمێنت دەکران. چات لە یادەوەریدا نامێنێتەوە، نووسێنێکى بێیادەوەرییە و بە دەگمەنیش دەبێتە بەشێک لە ژیانى ئەدەبى و فیکرى و سیاسیى کەسێک. لە ڕووى فۆڕمیشەوە، چات ئێستاتیکاى نامەى تێک شکاندووە. هەندێک کەرەستە و شێواز هەبوون کە فۆڕمى نامەکەیان دادەڕشت، بۆ نموونە واژۆ، ڕێکەوت، دەستنووس، ڕەنگى مەرەکەب و هیی تر، جۆرێک یەکپارچەیى و هەڕەمییەتیشى بە ناوەڕۆکێکى پڕەوە پێوە دیار بوو، پەیوەندییەکى ناوەکیى ڕستەکان و بڕگەکانى پێکەوە دەبەستەوە و بە دەگمەن لە نامەیەکدا زیاتر لە 2 بابەتى جیاواز باس دەکران. چات خۆى چوارچێوە و کڵێشەى لە سایتەکەدا بۆ دیزاین کراوە، هاوکات لە ڕستەى کورت و خێرا پێک هاتووە، کە پەیوەندییەکى یەکپارچەیان بە یەکترییەوە نییە، لە هەر ساتێکیشدا دەشێت بابەتێک جێ بهێڵرێت و باز بدرێت بۆ سەر بابەتێکى تر. نامەى شەخسى کۆتاییەکى هەبوو، بە ناچارى دەبوو نوقتەى کۆتایى دابنرێت، بە مانایەکی تر لە نامەدا ”ئابوورى لە زماندا“ هەبوو، واتە دەستگرتن بە قسەوە؛ ناردن و گەیشتنیشى ڕیسک و چاوەڕوانیى تێدا بوو. بەڵام چات تا ناکۆتا درێژ دەبێتەوە، ئەگەر جەبرى کات نەبێت ناتوانیت لەگەڵ ئەویتردا لە شوێنێکدا بوەستیت، دەتوانیت بێ پچڕان بدوێیت و هیچ چاوەڕوانى و ڕیسکێکیش لەئارادا نییە، یەکسەر دەگات. دواجار نامەى شەخسى دەشیا نەگات، بەڵام کە دەگەیشت وەک خۆى دەگەیشت؛ ئێستا نامەى ئەلیکترۆنى بە دڵنیاییەوە یەکسەر دەگات، بەڵام هیچ کات وەک خۆى ناگات، چونکە زمان دەسوێت و زۆروتنیش دەبێتە بەدحاڵیبوون.

 

6. لە ناو دایناسووڕەکاندا

کەسانێک لەناکاو خۆیان لە دارستانێکدا دەبیننەوە، دایناسووڕ بەملاولایاندا فڕکە فڕکیان دێ، دێن و دەچن و شەڕ دەکەن، لە هەموو خراپتر شاڵاویان بۆ دێنن و دەیانەوێت پەلاماریان بدەن، ئەمان هیچ چارەیەکیان نییە جگە لەوەى ترسى مەرگیان لی بنیشێت و هەڵبێن، لەناکاو عەینەکى تەلەڤیزیۆنە 3Dەکە لا دەبەن و هەناسەى ئارامى هەڵدەکێشن: ”ئۆى، خۆ ئەمە ڕاستەقینە نەبوو، بەڵام ڕێک لە ڕاستى دەچوو.“ هەر بەو جۆرەى کە لە خەوندا لە شوێنکى بەرزەوە دەکەوینە خوارەوە، یان مارێک پێوەمان دەدات، بەڵام تا بەخەبەر نەیەین نازانین خەونە، بۆیە کاتێک لەناکاو ڕادەچڵەکێین دەڵێین بەختەوەرین کە ”ڕاست نەبوو“ یان بە پێچەوانەوە. خەونیش دنیاى مەجازییە، هەروەکو تەلەڤیزیۆنى 3D. چۆن بە تەواوى خەون وەهم نییە، مەجازیش وەهم نییە، بەڵکو پانتایى ئاوێتەبوونى وەهم و واقیعە. مەجاز ئەو سنوورى واقیع و وەهمە هەڵدەگرێت، واقیعیش لە خۆیدا هەڵدەمژێت، لە دوایین سنووریشدا واقیع واقیعیتر دەکاتەوە: دیسان زێدەواقیع. بۆیە تەنها دواى بەخەبەربوونەوە دەتوانین بڵێین ”لە ڕاستى دەچوو“، بەڵام داخۆ دەتوانین هەرگیز لە دنیاى مەجازیدا بەخەبەر بێین؟ ئایا دەتوانین لە مەجاز بێینە دەرەوە؟ مەجاز نایەوێت لاسایى واقیع بکاتەوە، بۆیە ”لەبەرگرتنەوە“ى بێشومارى واقیع، خودى واقیع دەکاتە ”زڕەوێنە“ (سیمولاکرا)ى خۆى، واتە دەیکاتەوە بە کۆپیى کۆپییەکانى، بەم جۆرە لە ئەسڵ و ئۆرجیناڵ دەکەوێت. ئەمەش وا دەکات کاتێک عەینەکى تەلەڤیزیۆنەکەش لا دەبەین، هێشتا نەهاتووینەتە دەرەوەى مەجاز، بە خێرایى دەچینەوە نێو مەجازێکى تر، هەر بەو جۆرەى لە فەیسبووک دێینە دەرەوە و دەچینە نێو ئینستاگرام. بەڵام هێشتا ئەوەندەش نا، بەڵکو کە دنیا خۆى دەبێتە دنیاى دیجیتاڵى، ئیدى تۆ دەبیتە کۆدێک لە نێو ئەم دنیایەدا. تۆ خۆت دەبیتە کۆد و پاسۆرد و ژمارە و ئەکاونت، پەیوەندى و عەشق و سێکس و پێکەنین و گریان و سەرجەم ئەزموونە ڕاستەقینەکانى دیکەش هەر لە نێو وێنە و کەرەستە و ئیمکانەکانى ئەم دنیایەدا مومارەسە دەکەیت. تێزەکە لە دوا سنوورى ڕەشبینانەی خۆیدا ئاواى لێ دێت: ڕاستى لە خەون دەچێت. بەڵام ئەم تێزە هەڵەیە، چونکە جێگۆڕکێ بە ڕۆڵى خەون و ڕاستى دەکرێت، ئەو کاتە دەتوانین لەگەڵ فرۆیددا و دژ بە فرۆید بڵێین: چەپێنراو بە ڕێگاى خەوندا نایەتەوە، بەڵکو بە ڕێگاى ڕاستیدا دێتەوە. کەواتە گەڕاوینەتەوە بۆ دیکارت بە شیکاریى فرۆید. ئیدى لەجیاتیى ئەوەى بە خەون تەفسیرى ڕاستى بکەین، بە ڕاستى تەفسیرى خەون دەکەین. دروستتر ئەوەیە بڵێین لە دنیاى ئەمڕۆدا خەون و ڕاستییش بەرهەم دەهێنرێن. چیتر خەون و ڕاستى یەکترى تەفسیر ناکەن، بەڵکو هەردووکیان زێدەواقیع تەفسیر دەکەن.
ئێمە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەردەمى دایناسووڕەکان و بچینە نێو جیهانەکەیانەوە، لە ژوورەکەى خۆمانەوە سەفەر بکەین نەک بە شوێندا، بەڵکو بە کاتیشدا. بەم جۆرە کات و شوێن مەجازى دەبنەوە و چیتر ناتوانن بە ڕەهایى سنوورە ڕەق و پتەوەکانى خۆیان بپارێزن. بە دیوێکى تریشدا، جیهانى خەون و جیهانى واقیع چیتر وەک سەردەمى مۆدێرنە و هەتا فرۆیدیش هێندە دوورلەیەک نین کە تەنها لە ڕێگەى تەفسیر و لێکدانەوەوە خەون بتوانێت شتێک لەسەر واقیع بڵێت. ڕەنگە نەتوانین بە ئاسانى ئەو تێزەى فرۆید پووچەڵ بکەینەوە کە دەڵێت ”نائاگایى ئەبەدییە“، بەڵام دەتوانین بڵێین لەمڕۆدا ماناى نائاگایى و خەونیش گۆڕاوە و پەیوەندییەکەیشیان بە واقیعەوە هەمان پەیوەندىی پێشوو نییە. لە سەردەمى سەرمایەداریى پۆستمۆدێرندا، نائاگایى دەستکرد و دەرەخێزان دروست دەبێت، دێریدا گوتەنییش ”هەمیشە لە یەک زیاتر بوونى هەیە“، لێرەدا زیاتر لە یەک نائاگاییمان هەیە، بەم جۆرە خەونیش مەرج نییە گەڕانەوەى چەپێنراو بێت، بەڵکو لە ڕێگەى تەکنۆلۆژیاى پێشکەتووەوە بەرهەم دەهێنرێت.

7. ئایکۆنەکان:

ئێستا سەردەمى ئایکۆنەکانە، گوتنى ئەمەش واتا کۆتایى سەردەمى پاڵەوانەکان، ڕێبەرە گەورەکان، کاریزماکان، بلیمەتەکان. لە دادا و سوریالیستەکانەوە تێدەگەین کە چیتر بەرهەمى ئەدەبییش موڵکى بلیمەتەکان نییە، شیعر ئەو کەسانە ناینووسن کە ئیلهامیان بۆ دێت و هەر بە سروشت شاعیرن، داهێنان لەو کەسانەوە نایەت کە بە خۆڕسک لە خوێنیاندایە. کاتێکیش دەڵێین سەردەمى پاڵەوانەکان و کاریزما و ڕێبەرە مەزنەکان کۆتایى هاتووە، بەو مانایەى چیتر هەلومەرجى کۆمەڵایەتى و ئەم واقیعەى وا مەجازی بووەتەوە، ڕێگا بە دروستبوونیان نادات. بە قەولى زیگمۆند باومەن سەردەمى شتە ڕەق و تۆکمە و پتەوەکان بەسەرچوو، ئێستا هەموو شتێک لە دۆخى شلیدایە. گەر زیاتریش بڕۆین وەک مارکس دەڵێین ”هەر شتێک ڕەق خۆى پیشان بدات، بە هەڵم دەبێت“ و با دەیبات. گەر هەوڵێک هەبێت بۆ ”دروستکردن“ەوەى ئەم بوونە پتەوانە (بۆ نموونە ڕابەرى کاریزمى)، ئەوا ئیمکانى نێو واقیع خۆى نییە، بەڵکو سەپاندنە بەسەر واقیعدا و بەم جۆرەش دەبێت بە زۆرەملێ و سەرکوتدا بڕوات. هۆى ئەمە ئەوەیە لە ڕاستیدا ئەم سەردەمە هیى ئایکۆنەکانە، ئایکۆن جێگاى کاریزماى گرتووەتەوە. ئایکۆنەکان پتر ئەستێرەکانن لە بوارى سینەما، گۆرانى، هونەر، وەرزش، مۆدێل و فاشن، کۆمیدیا و هیی تر، وەک گەى دیبور دەڵێت: ”ئەستێرەکان بۆ ئەوە هەن شێوازە جیاوازەکانى ژیان و شێوازەکانى تێگەیشتنى کۆمەڵگە بەرجەستە بکەن.“ هەر بۆیە پێویستە ژیانى خۆیان وەک ژیانێکى پڕ و پێرفێکت، جوان و خۆشگوزەران دەربکەوێت تاوەکو ببێتە نموونەى تەماهیکردن و هاوشوناسى بۆ ئەوانی تر. ئەمەش دەبێتە ڕێڕەوى ساخکردنەوەى کاڵاى کیچ و برەودان بە کلتوورى بەکاربەرى، لە ڕێگەى ڕیکلام و وێنە و پرۆگرامە تەلەڤیزیۆنەکان و سۆشیال میدیا و هەواڵە ڕۆژنامەگەرییەکانەوە لەبارەى خۆیان و ژیانیانەوە: چۆن دەژین، چى دەخۆن، چ دەرمانێک بە کار دێنن، چ مۆدێلێک جلوبەرگ دەپۆشن، ستایلەکانیان چۆن ڕێک خستووە، کێشیان چەندە و چ جوانکارییەکیان کردووە و تا دوایی.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزاى مەجازى پانتاییەکى گەورەیە بۆ بە ئایکۆنەبوونى ئەم ئەستێرانە، میلیۆنان مرۆڤ لە سەرتاپاى زەوییەوە لە پەیجەکانیاندا کۆ دەبنەوە، چاودێرییان دەکەن و وێنەکانیان و ئەپەکانیان داونلۆد دەکەن، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەکى خەیاڵى بۆ کۆبوونەوەى سەرمایە لە دەستى ئەم ئەستێرانەدا بەبێ ئەوەى تەنها یەک کرێکاریشیان هەبێت. بۆ نموونە لە ساڵى 2016دا بنەماڵەى کارداشیان، خۆى و دەستە خوشکەکانى، تەنها بە ئەپ و ڕیکلامەکان و وێنە ڕووتەکانى خۆیان کە بە گۆڤارە بەناوبانگەکانیان فرۆشتووە، نزیکەى 119 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە. نموونەیەکى دیکە: ئەو خەڵکەى لە کۆنسێرتێکى مایکڵ جاکسۆندا کۆ دەبوونەوە زۆر زیاتر بوو لە کۆبوونەوەى خەڵکان لە دەورى ڕابەڕێکى سیاسى. لە ئێستاشدا لە کەناراوەکانى هەندێک لە وڵاتە گەشتیارییەکاندا کۆنسێرت و فێستیڤاڵى گۆرانى و سەرگەرمى لە لایەن کۆمپانیاکانەوە ساز دەدرێت کە میلیۆنان کەس لە هەموو لایەکى دنیاوە تێیدا کۆ دەبنەوە، بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک لە نێو کلتوورى بەرخۆریدا ڕۆ دەچن، خۆیان ڕووت دەکەنەوە، شامپانیا دەپرژێنن، گۆرانى دەڵێن و مەلە دەکەن و خۆیان بە هەتاو دەدەن. بە کورتى ئەوەى لە ئێستادا تواناى کۆکردنەوەى خەڵکى هەیە، ئەوەى لە ئێستادا بە هاوکاریى ئەستیرەکان و ئایکۆنەکان دەتوانێت خەڵک کۆ بکاتەوە، کلتوورى بەرخۆری و سەرگەرمییە نەک سیاسەت. بەم مانایە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەم دۆخە سیاسەت زەروورەتە، سیاسەتیش کایەیەکى سەربەخۆ نییە تاوەکو دواجار بەسەر هەموو کایەکانى دیکەدا بیسەپێنین. میتا سیاسەت دواجار کوشتنى هەر سیاسەتێکە. ڕەخنەگرتن لە کلتوور سیاسەتە، هەر بەو جۆرەى ڕەخنە لە ئابووریى سەرمایەداری سیاسەتە. لەمڕۆدا کە کلتوورى بەرخۆرى چووەتە هەموو پنتێکەوە، ئیدى بووەتە بەشێکى دانەبڕاو لە سیستم، ڕەگەزێک بەپێى شێوازێکى پەیوەندیى دیاریکراو، ئاوێتەى سەرجەم ڕەگەزەکانى دیکە بووە. مادام سیستم هەموو کایەیەکى داگیر کردووە، ئەوا سیاسەتیش دەتوانێت لە هەموو کایەیەکدا چالاک ببێت. پێویستە ڕەخنەى کلتوورى ڕەخنە بێت لەم کلتوورە مەسرەفگەرییە، بەو مانایەى ڕەخنەگرتن لە شێوازى بەکاربردن، جودا نابێتەوە لە ڕەخنەگرتن لە شێوازى بەرهەمهێنان. پێش هەموو شتێک سیاسەت لە ”ڕەخنە“وە دروست دەبێت نەک لە سیاسەت خۆیەوە. مارکس کە ڕەخنە لە ئابووریى سیاسى دەگرێت، بەو مانایەیە درێژکردنەوەى ڕەخنەکە دەتوانێت ڕۆڵى سیاسیى ڕادیکاڵ بگێڕێت. هەموو پانتاییەک دەکرێت بکرێتە پانتایى ململانێ، یەکپارچەیى و ڕیتمەکەى بشێوێنرێت، هەموو شتێکیش دەتوانێت ببێتە کەرەستەى ئەم ململانێیە، ئیدى وێناکردنى سیاسەت وەک کایەیەکى چوارچێوەدار، بە تەڵقینى ئایدیۆلۆژى و دروشمى قەبە و مژدەى گەورە، هیى سەردەمێکە کە زەمەنى بەسەرچووە، واتە لەم سەردەمەدا مەگەر تەنها بگاتە دیسپۆتیزم، دەنا بە هیچ کوێ ناگات. سیاسەت بریتى نییە لە پەنابردنەوە بۆ تیۆریى کامڵ و کەرەستەى حازربەدەست و میکانیزمە تەقلیدییەکانى وەکو حیزبى گەورە و ڕابەرى کاریزمى و ڕێکخستنى ئاسنین، بەڵکو دەبێت لە نێو واقیع و کۆنتێکستەوە بۆ ئیمکانەکانى سیاسەت بگەڕێین، بەو مانایەى لە کەلێنەکانى واقیعدا ئیش بکەین و درزەکان گەورەتر بکەین. سیاسەت ئەو کەلێنەى بەرەنگارییە کە لە هەموو کایەکاندا هەیە، ئەرکى ڕادیکاڵ تەنها دروستکردنى لینک و زمانى هاوبەشە لە نێوان ئەم وردە سیاسەتانەدا.

 

هاوبەشی بکە

Hawar Muhemed, hyper-reality, Wtari Kteb,