24/04/2024
DidiMn Logo
Top

هەواڵی لەیادکراو و ناوی لەیادکراو

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منپڕۆجێكت 1324
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

 

پڕۆژەی هەواڵی لەیادکراو و ناوی لەیادکراو، پڕۆژەیەکە لە لایەن تایلەر ڕابینوتیز و جۆزێف وێبەوە لە شاری شارلۆتسڤیل – ڤێرجینیا سەرپێ خراوە، کە تێیدا بە شێوەیەکی زنجیرەیی کاریان کردووە. پڕۆژەکە تەحەدای تێڕوانینەکانمان نەک بە تەنها لەسەر هونەر، بەڵکە لەسەر چالاکوانەکان و بەرەوپێشچوونە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی، دەکات.

لە پڕۆژەکەدا دانزێڵ پەڕەیەکی چاپکراوی ئامادە کردووە تێیدا ناوی هەموو ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کە لە بەرانبەر دڕندەیی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەست داوە. دانزێل دەڵێت: ”بە بڕوای من پێشکەشکردنی هونەرێک لەبارەی کێشەیەک کە خەڵکی لەسەری ڕاهاتوون، گرنگە. پێویستە ڕێگەیەکی نوێ بدۆزینەوە بۆ قسەکردن سەبارەت بە دڕندەیی هێزە ئەمنییەکان. سەردێڕ لەسەر سەردێڕی هەواڵەکان، خەڵکی بەردەوام دەکوژران بۆیە ئێمەش لە ڕێگەی ئەو شتەوەی دەسەڵاتمان بەسەریدا دەشکایەوە، کردارمان گرتەبەر، ئەویش هونەرە. بینینی کارلێککردن و گفتوگۆی واقیعی نێوان خەڵکی، شتێکی گرنگە و بۆ من ئەزموونێکی تەواو کاریگەر بوو کە ببینم خەڵکی لەگەڵ کارەکەماندا کاردانەوەیان هەیە و لە کارەکەمانەوە گفتوگۆ و سەرەباسی گرنگ سەری هەڵدەدا.“

هەروەها تایلەر لەگەڵ دانزێل لە ڕێگەی فیلمێکەوە هاوبەشیی کردووە، کە تێیدا تۆماری هەست و کاردانەوەی ڕووخساری خەڵکی کردووە لە ساتی گوێبیستبوونیان بە سەردێڕ لەسەر سەردێڕ و ناو لە دوای ناوی کوژراوەکان. هەردووکیان پێکەوە فیلمەکەیان کردووە بە پێشانگەیەکی ڕاستەوخۆ. تایلەر دەڵێت: ”گێڕانەوەی چیرۆک چەندین فۆڕم وەردەگرێت، بەرپرسیارێتیی ئێمە ئەوەیە کە زەخت لە سنوورەکانی توانا و کاریگەریی چیرۆکگێڕانەوە بکەین. ئەوکاتە کاریگەریت لە لووتکەدایە کە هۆشیار و بەئاگا بیت. ئەم کێشەیە کێشەیەکی ئاسان نییە، هەروەها سەرەباسێکی سەرنجڕاکێش و ڕوون نییە، بەڵام گفتوگۆ و تێگەیشتن و گوێگرتنی چالاکانە وای لێ دەکات وا بێت. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو ئەوە بوو ژمارەی ئەو دەنگانەی هاتبوونە دەنگ و داوای مافیان دەکرد، زیاد بکەین. لە ڕێگەی هێنانەپاڵی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ بەرەی خۆمان، هەستمان بە بەهێزتربوون دەکرد. دەنگەکانمان ئەوکاتە زۆر بەهێزترن کە هەردوو بەرە پێکەوەین.“

فۆتۆکان لە لایەن فۆتۆگرافەر کێمی لاینی گیراوە، ئەویش بە هەمان شێوە لەسەر نادادپەروەری و دڕندەیی هێزە ئەمنییەکان لە کاردا بووە، بۆیە هاتووەتە پاڵ ئەو دوو هونەرمەندە و بە گرتنی فۆتۆی پێشانگەکە هاوبەشیی کردوون.

 

هاوبەشی بکە

Instalation, Photography,