19/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونەرەکانی سێرچکردن لە گووگڵدا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

شاڵاو حەبیبە

سەردەمانێک حەزم دەکرد کتێبێک بە ناوی هونەرەکانی سێرچکردن لە گووگڵدا بنووسم. دیارە ڕوونە لە تایتڵەکەدا لە وشەی سێرچکردندا کردنەکە زیادە، حەزم دەکرد بەم زیادەیەوە بینووسم، چونکە گووگڵ هەمیشە بێشوومار زیادەی بۆت پێیە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر بە زمانێکی خزمەتکردوو بگەڕێیت، هەڵەکانیشیت بۆ ڕاست دەکاتەوە، یان زۆر جاریش بە زمانەکانی هاوچەشنی ئەوەی ئێمە، ڕاستەکانت بۆ دەکات بە هەڵە. ئەمەیش تووڕەمان دەکات، وەک ئەو نووسەرانەی کە ڕاستییەکەی هیچ لە ڕێنووس و زمان نازانن، بەڵام هەمیشە گلەیی دەکەن گوایە ڕێنووسکارەکان دەستکاریی زمانەکەی ئەوانیان کردووە و تێکیان داوە، یانیش وەکو ئەو ڕێنووسکارانەی ئیتر چونکە ڕێنووسکارن، سەرلەبەری کتێبەکنیان پێ هەڵەیە و وای باس دەکەن وەک ئەوەی لە بنەڕەتەوە ئەوان نووسەری کتێبەکان بن. پێم وایە هەمیشە دەبێت ناوەندێک هەبێت. گووگڵ زۆر جار لەم ناوەندەدا دەمانهێڵێتەوە و جاربەجاریش ئەملاوئەولامان پێ دەکات.

هەڵبەت هەر وەک چۆن ئێستا بیرم نییە کە بڕیار بوو بە دیاریکراوی چیی تێدا بنووسم، ئاوهایش ناکەوێتەوە یادم کە چۆن بوو نەمنووسی، بەڵام بێگومان دەبێت باسی سەرەکیی کتێبەکە هەمان گەڕان بووبێت بە دوای ئەو شت-کەسەی تردا. لێرەدا گووگڵ زەینێکی وشیارە لەو ڕووەوە کە ئەو شتانەمان بۆ دەپارێزێت کە ئێمە ترسی لەدەستدانیانمان هەیە. هەڵبەت ئەم قسەیە بۆ ئینتەرنێتە بەگشتی، کە من لە باسی گووگڵ، یووتیووب و فەیسبووکدا کورتی دەکەمەوە، کە زۆریش لە کورتبوونەوە ناچێت، بەڵام گووگڵ لەو ڕووەوە ناتوانێت زەینێکی هێندە وشیار بێت کە ڕێک چیمان بۆ بهێنێت، ئەو زەینێکی دەقیقی نییە، ڕاستە کە نزیکەی هەمیشە هەمان ئەو شتانەمان بۆ دەهێنێت کە گەرەکمانە، بەڵام هاوکات زۆر جاریش وەک سووپی-گەرم-خواردن هەوڵ دەدات لە قەراغەکانیەوە بابەتەکەمان بۆ بهێنێت، بۆ نموونە لە گووگڵدا ئەگەر بنووسین ڕازی چی ڕوو دەدات؟

بەر لە هەموو شتێک گووگڵ خەیاڵی بۆ ڕازی تەنیایی دەچێت. ناحەقیشی نییە، ئەم کتێبە کە بووەتە بەشێک لە زەینی ئێمەی خوێنەری کورد، وەک دەڵێن پڕ لە شیعری بەرزی دڵدارییە و ئەحمەد هەردی نووسیویەتی، بەڵام هەردی تەنیا نیوەی کتێبەکەی نووسیوە و لەسەر داوای هاوڕێکانی لە 1957دا چاپی دەکات. مەبەستم لە نیوە ئەوەیە زۆرێک لە شیعرەکان تەواو نەکراون. دیارە زۆرێک ئەم باسە دەزانن و خراپییەکەی گووگڵ ئەوەیە ناتوانین تێی بگەیەنین کام شتانەمان پێشتر بیستوون و کامانەمان نەبیستوون؛ ئەو هەموو لینکەکانمان بۆ قەڵاچن دەکات و ئەرکە قورسەکە لەسەر شانی خۆمانە جیایان بکەینەوە.

هەردی، کە دوای بڵاوکردنەوەی کتێبەکە ساڵانی ساڵ بێدەنگ و ون دەبێت، تەنانەت هەواڵی مردنی ئەمدەموئەودەم دەڕوات، دەکەوێتە بەر تانەوتەشەر و ڕەخنەی نووسەران و هاوڕێیان، کە ناتوانێت شیعرەکانی تەواو بکات. کاکەی فەلاح لە 1977دا گوتارێکی دوورودرێژ لەم بارەیەوە دەنووسێت: هەردی بە تاقیکردنەوە بۆی دەرکەوت ناتوانێت شیعرێکی ھاوبیر و ھاوسۆز و بەھرەدارانەی وەک ئەوانەی پێشوو بڵێت، مەسڵەحەت وایە بێدەنگ بێت… ھۆیەکان و زامەکانیش زۆرتر لەوە قووڵتر و بەسوێترن کە وشکەگلەیی و تاسەی سەرپێیی ئەموئەو کار لە شاعیر بکات و بجووڵێت.“ ئەمانە قسەکانی کاکەی فەلاحن، ئەو بە ئاشکرا هێرشێکی ناڕەوا دەکات و لەوە دەدوێت هەردی ناتوانێت ئەم شیعرانە تەواو بکات و نەک ئەوە؛ چیتر هەر شیعریشی پێ نانووسرێت.

هەردی هەندێک لەو شیعرانەی کە لە 1936دا بە نیوەچڵی نووسیبوونی، سەرلەئاخیر لە 1983دا تەواویان دەکات. وەک شتێک ویستی بە شیعر وەڵامی کاکەی فەلاح بداتەوە. لێرەدا پرسێکی ئەخلاقی و سوودێکی ئەدەبی لە گۆڕێن: یەکەمیان ئەوەی کە ئایا نووسەر مافی ئەوەی نییە بێدەنگ بێت؟ جا هەر جۆرە بێدەنگییەک بێت؛ بێدەنگی لە ئاست نادادپەروەرییەک، مافپێشێلکردنێک کە لە سەردەمەکەیدا ڕوو دەدات، هەروەها بێدەنگییەک لە ئاست نووسینەکانی خۆیدا، واتە چیتر نەنووسێت. بۆ ئەوەی یەکەمیان ڕەخنەیەکە ڕووبەڕووی بۆرخێسیش دەکرێتەوە، ئەو لە ڕۆژگارێکی تاریکی سیاسیدا نە هیچی لەو بارەیەوە نووسی، نە وەکو هاوڕ‌ێکانی دەستبەسەر کرا و نە ڕایشی کرد، واتا ئەمڕۆ جێی گومانە کە چۆن لە کاتێکدا ئەویش وەک ئەوانی دیکە نووسەر بوو، دەیتوانی بە ئازادی بسووڕێتەوە و هاوڕێکانیشی کە لە هەمان پێگەی ئەودا بوون؛ یان هەڵاتوو یان دیل بوون. ئاخۆ بێدەنگبوونی نووسەر لەم دۆخانەدا، بە واتای قایلبوون بە دۆخەکەیە؟ یان بە واتای لایەنگریی دەسەڵاتە؟ یانیش بە واتای ناهومێدبوون دێت؟ بەڵام بێدەنگییەکەی دووەم کە لە ئاستە گشتییەکەی بڕیارێکی تەواو شەخسییە، لێرەدا بۆ کاکەی فەلاح بووەتە مایەی تێڕامان و بگرە بەو هۆیەوە هێرشیش دەکاتە سەر هەردی. لەوێدا نووسەرێک هەبوو کە خۆی گوتەنی ”ئێستاش جارجار بووکی شیعر دەمجووڵێنێت“، بەڵام نەیدەویست چیتر بنووسێت، جا چاک یان خراپ بە هەر جۆرێک بێت لە نووسین تۆرابوو، بەڵام وەک وەڵامێک بۆ کاکەی فەلاح گەڕایەوە و شیعرەکانی تەواو کرد. هەرچەندە هەردی تووڕە بوو، وەلێ سەرەنجام لەم کێشمەکێشەدا چەند شیعرێکی جوان بە کتێبخانەی کوردی زیاد بوون. ئەمەی ئەخیر سوودە ئەدەبییەکە بوو.

باسەکە پەیوەند بە کتێبە نەنووسراوەکەی منەوە، هەمان تەواونەکردنەکەیەتی. من تەنانەت سەرەکیبۆردێکیشم (بەهەرحاڵ هەموو شتێک بەدەر لە شیعر بە کیبۆرد دەنووسم) لەو کتێبە نەنووسی، کە ئێستا بە بۆنەی نووسینێکی کاکەی فەلاحییانەوە تەواوی بکەم. کتێبە نەنووسراوەکانی نووسەرانیش زۆر جار زیاترن لەو کتێبانەی کە دەینووسن و چاپیان دەکەن، بەڵام کتێبە تەواونەکراوەکان دنیایەکی دیکەن، بێگومان زەینێکی مرۆیی-ئەدەبی و بگرە هەندێک جار زەینێکی گووگڵییش لە باسی کتێبی تەواونەکراودا دەکەوێتەوە یادی فڕانز کافکا؛ نووسەری کتێبە تەواونەکراوەکان. ئەمڕۆ ئێمە هەر لە ڕێی ئەم کتێبە تەواونەکراوانەوە دەتوانین پەنجە لەسەر خاڵبەخاڵی تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی کافکا دابنێین. کەواتە چۆنە کە ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەک، کەموکوڕییەک یان بۆشاییەکی فیکری نابینەوە لە ئەدەبیاتی ئەم نووسەرە خەون-ئاڵۆز-نووسەدا! بە بڕوای من بۆ نووسەرێکی وەک کافکا هێندە یاسا باوەکان لەگۆڕ نێین. ئەو کە ترسوخۆف و خەونئاسابوون لە ئادگارە سەرەکییەکانی ئەدەبیاتەکەین، بێگومان باسێکی گرنگ نییە کە کۆتایی کتێبەکانی دەکەونە کوێوە؛ ئایا ڕوونە کە کۆتایی خەونەکان لە کوێدان؟ یاخود ئایا کۆتاییەک بۆ خەونێک لەناو چەندین خەونی تردا هەیە؟! بۆیە نیوەچڵجێهێشتنی کتێبەکانیشی دەکرێت هەر بە لایەنێکی ئەرێنی و واتایی ئەدەبیاتەکەی تێبگەین.

لەو لینکانەی کە بە نیوو تاب لە کاتی سێرچی گووگڵدا دەیانکەیتەوە ڕوو دەدات شتی چاوەڕواننەکراویان تێدا بێت. بۆ نموونە لە سێرچکردنی هەمان ڕازیدا کە باسمان کرد، یەکێک لە لینکەکان شێخ ڕەزای تاڵەبانی دەردەچێت. لەم بیدایەتەوە سەبارەت بە شێخ ڕەزا با لە باسی هەمان بیدایەتەوە دەست پێ بکەین، ئەو شیعرێکی لە هەجووی مەلا مەعرووفدا نووسیوە، هەر لە بیدایەتی شیعرەکەیشدا دەڵێت: ”مەعرووفی بێ دیرایەت، گووت کردە ناو بیدایەت“ (دیرایەت بە واتای زانستن، دەرککردن دێت).

ئەگەر ئەحمەد هەردی بە ناحەق تووڕە دەکرێت و تووڕەییەکەی وای لێ دەکات کتێبە نیوەچڵەکەی تەواو بکات، ئەوا شێخ ڕەزا هەر لە بنەڕەتەوەڕا و جاربەجاریش هەر لە خۆڕا تووڕە بوو، ئەمەیشی جا بە شیعر (وەک دەزانن) دەردەبڕی. ئەو شاعیرێکی تووڕە، ناڕازی، قسەڕەق، قسەلەڕوو، شاعیرێك کە بێپەردە هەموو شتێکی دەگوت و لە هیچ کەس و شتێک نەدەپرینگایەوە، بوو. ڕەنگە تا سەردەمانێک ئێمە نموونەیەکی مۆدێرنی ئەم شاعیرەمان هەبووبێت، کە ئەویش بێگومان فەرهاد پیرباڵە بە هەمان ئەو تایبەتمەندییانەوە.

ڕەزا ئەگەر بۆ کارێک چووبا و سەر کاریان نەخستبا، هەجووی دەکردن، ئەگەر چووبا بۆ فەرمانگەیەک و ئیشەکەیان بۆ ڕایی نەکردبا، سەرۆکی فەرمانگەکەی هەجوو دەکرد، ئەگەر فڵان کەس کە هەموو ساڵێک تووتنی بێشەمەی [جۆرەتووتنێکە] بۆ ناردووە، بە هەڵکەوت یەک جار بۆی نەناردبا، ئەوا بە شیعر دەکەوتە گازەندە ”تووتنەکە…/ شێت بووم و نەهات وەختە دڵم دەرچێ لە داغا“ ئەو تەنانەت لە خزم و دۆست و مام و پاشاش یاخی دەبێت و هیچ نامێنێتەوە کە نەینووسێت. ڕەنگە هەر ئەمە بێت وەک شاعیرێکی بیژی دەناسرێت، بەڵام شیعری ئەو بەر لە لایەنە هەجووەکەی، شیعرێکە زیرەکانە نووسراوە. شێخ ڕەزا تەنانەت ئەگەر چووبێتە ماڵەخزمێک و خواردنەکەی بە دڵ نەبووبێت، پاشان کە چووەتەوە هەجوویەکی لەو بارەیەوە نووسیوە. یاخود ئەو کە لەدایکبووی 1831ە، لەو سەردەمدا هەجووی مووچەبڕین دەکات. بە کورتی یاخیبوونەکەی دژی سیستمێک بوو کە لەگۆڕێ بوو. ئێمە ئەمڕۆیش ئەم دەردوبەڵایانە دەبینین، بەڵام خودی شێخ ڕەزا نابینین. ئەو کە هاوکات شاعیرێکی چەمچەماڵی بوو، لە شیعریشدا ئەو ڕق و تووڕەیی و بزێوییە چەمچەماڵییەی نەدەشاردەوە. هەڵبەت بەندەی حازر هەرگیز هاوڕێیەکی تووڕەی چەمچەماڵیم نەبووە، ڕەنگە ئەمەیش هەر وەهمێک بێت کە خۆمان دروستمان کردووە و دواتریش هەر خۆمان کەوتووینەتە داوەکەیەوە. ڕەنگیشە ڕاستییەکەی هەر وا بێت و پەلی بۆ ناو ئەدەبیاتیش کێشابێت. ئەگەر وا بێت من خۆ هیچ تاوانێکم نییە.

دووریش نییە گووگڵ بمانباتە سەر شەقامی شێخ ڕەزای تاڵەبانی، ئەم شەقامە لە بەری خانووبەرەی شاری جوانەوەیە، جا وێنای ئەوە بکەن ڕەزا هیی ئەم سەردەمە بوایە و هەر بەو کەوا و فۆتەیەی خۆیەوە بیویستایە بچووبایەتە ئەو بینایەوە. ئەوکات یان نەیاندەهێشت بێوادە بچێت، یان لە ژوورەوە تووشی کێشەیەک دەبوو. لێرەدا باسی شاعیرێکە کە لە مامەکانی خۆیەوە دەستی کردووە بە هەجووی خەڵکی، بۆیە وای وێنا دەکەم دەڕۆیشتەوە بۆ ماڵ و هەجوویەکی لەو بارەیەوە دەنووسی. ئەوەی کە زیاتر لە هەمووی ڕوونە ئەوەیە کە لە هەجووی بینای شاری جواندا، هەمان وەسفی بەکار دەهێنا کە ئەمڕۆ پێی ناسراوە. دیارە ئەوێی شێخ ڕەزا لە شیعردا زۆر ناودار و زۆریش بەکارە، خۆی گوتەنی تا هەشتاساڵییش هەر بەکار بووە، هەڵبەت ئەمە لە شیعردا، چونکە ڕاستییەکەی عومری بە هەشتا نەگەیشت. هیوادارم لەپڕ بەڵگەیەک نەدۆزرێتەوە، کە بە هەشتا گەیشتبێت و ناچارمان بکات لە یەکەمەوە بیر لە هەجووەکانی ئەم شێخە بکەینەوە. هەروەک نالی کە تا ئەم ئاخرانەیش نە ژنی هێنابوو نە شیعری بۆ دەسەڵات نووسیبوو، کتوپڕ دەرکەوت ژنەکەی ناوی زەینەبە و بۆ دوو هەزار قرووشیش شیعری بۆ والیی عوسمانی نووسیوە. ئەمە جگە لەوەی بە چاوترووکانێک تەمەنی نزیک بە سیی ساڵی پێ زیاد بوو. ئەم ڕووداوە دەمخاتەوە بیری مۆمۆ لە ڕۆمانی ژیان لەگەڵ چەترەکەمدا، کە ئەویش لەناکاو چەند ساڵێک بە تەمەنی زیاد دەبێت و وا هەست دەکات ئیتر بووەتە پیاوێک و دەبێت حسابی جیاوازی بۆ بکرێت. لایەنێکی ڕۆمانەکە بایەخدانە بە گەڕاندنەوەی ژیان، چوونەوە بۆ ڕابردوو، تا بزانین چی ڕووی دا، کە ئەمڕۆ وای لێ هات؟ بێگومان مەبەستم بەشی ستۆدیۆکەیە، کە فیلمەکانی تێدا دەگەڕێننەوە بۆ دواوە. ئێمەیش تا پیرتر دەبین زیاتر پێویستمان بەوەیە گووگڵ فیلمەکانمان بۆ بگەڕێنێتەوە دواوە. گووگڵ زەینی دووەمی ئێمەیە.

لە شێخ ڕەزاوە، تووڕەیی و هەڵچوونە شیعرییەکەی بۆ فەرهاد پیرباڵ ماوەتەوە و لەگەڵ-خەمی-ڕۆژگار-بوونەکەیشی بۆ شێرکۆ بێکەس. ئەوەی یەکەمیان لەمێژە لەو دنیا ئەدەبییە دابڕاوە و ئەوەی دووەمیشان ساڵانێکە چیتر ناتوانێت شیعر بنووسێت، چونکە مردووە. گابرییەل گارسیا مارکیز لە کتێبی زیندووم بۆ ئەوەی بگێڕمەوەدا باسی هاوڕێیەکی باوکی دەکات کە پێیان دەگوت نەرویجی. زۆر شەو لەگەڵ باوکیدا دەچوونە ماڵی نەرویجی و باوکی و نەرویجی پێکەوە شەترەنجیان دەکرد، تا شەوێکیان کە دەچنە ماڵەکەی، دەبیستن مردووە، بۆیە لە گەڕانەوەدا گابرییەل بە باوکی دەڵێت: ”نەرویجی چیتر شەترەنج ناکات.“.

ئەمڕۆ بە نەمانی شێرکۆ بێکەس ئێمەیش چیتر ئەو شیعرانە نابینین کە لە خەمە هەرە ڕۆژانەییەکانی ئێمە بدوێن. شیعری شێرکۆ لەگەڵ هەر هەڵچوونوداچوونێکی کۆمەڵگەدا ئامادە بوو (دیارە لێرەدا ئاستی شیعرەکان بەرباس نین) بە ئەدەبیات ڕووبەڕوو دەبووەوە. ماباقیی شیعری کوردی (هەڵبەت لە ئاستە گشتییەکەیدا و هێندەی من ئاگەدار بم) شیعرێکی پەیوەست بە خەمە خودی و جیهانە خودییەکانەوەیە. مەبەستم ئەوە نییە بڵێم خەمێکی خودی ناکرێت خەمێکی هەنووکەیی بێت، بەڵام ئەوەی شێرکۆ دەینووسی بەرجەستەکراو و بینراو بوو. ڕەنگە ساڵانی داهاتوو ئەگەر کەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ شیعرێک کە تەواو لە خەمی ئەم ساڵانەی ئێمە بدوێت، ئەوا باشترین نموونەکەی (یان هەندێک جار تاقە نموونەکەی) شێرکۆ بێکەس بێت. هەرچەند کەسانی تر ئەم لەگەڵ-خەمی-ڕۆژگار-بوونە بە پێچەوانەوە دەبینن، پێیان وایە ئەمە زیانە بۆ شیعرەکانی شێرکۆ و شیعر بەگشتی. دەڵێن مادەم خەمێکی ڕۆژانەیی خەمێکی کاتییە، ئەوا شیعرنووسین بۆ خەمێکی وا، تێکستێکی کاتیی لێ بەرهەم دێت، کە چێژێکی کاتیی دەبێت. هەرچەند ئاست و قووڵیی وەک دەزانن ئەدەبیاتەکەیە دیاری دەکات شیعرێک بمێنێتەوە، نەک ئەوەی دەربارەی چیی دەدوێت، دەنا هەر بۆ نموونە پیاوێک پاڵتۆکەی لێ دزراوە و سەرمایەتی؛ ئێمە لە هەر سەردەمێکدا ئەم ڕۆمانەی گۆگۆڵ بخوێنینەوە، ئەو پیاوە هەر سەرمایەتی. هەڵبەت ئەمەیش دیسان پرسێکی ئەخلاقییە و ناتوانین داوا بکەین کە شاعیرانمان دەبێت لەبارەی خەمەکانی ڕۆژەوە بنووسن، بەڵام لانیکەم دەتوانین بپرسین لەم ڕۆژگارەدا کە بەگشتی کەسێکی ڕازی نابینیت، بۆ گشتمان خەتێکمان بە دەوری خەمەکانی ئەم ڕۆژگارەدا کێشاوە و شیعرێک لەم بارەیەوە نابینین؟ ئایا هۆیەکەی ئەوەیە کە ئێمەی شاعیران ڕازین بەوەی کە هەیە؟ کە زۆر پێ ناچێت وا بێت، ئەی ئایا مەسەلەکە ناهومێدییە و بە پێویستی نازانین لەم بارەیەوە بنووسین؟ یان بەگشتی وا بیر دەکەینەوە بابەتهایەکی گرنگتر لە شەڕ، کوشتن، ڕفاندن، تیرۆری ڕۆژانە، تەنانەت ئاوارەیی و برسێتییش هەن؟ بە کورتی مەبەستم ئەوەیە لە ڕۆژگارێکی ئاوا ناڕازی و لەناو خەڵکێکی ئاوا ناڕازیدا، شیعری بەو چەشنەی شێخ ڕەزا نابینین، هەڵبەت شێخ دەبوو ناوی شێخ ناڕەزا بوایە، بە بڕوای من.

باشە. ناوم سابیر سەعید شوکرییە، نازناویشم ڕازییە. لە ساڵی 1937ی زایینی لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی مەڵکەندی پێم ناوەتە ژیان و هاتوومەتە ئەم جیهانە پڕ ئەشکەنجە و ئازارەوە. هەر بە منداڵی مەینەت ئێخەی گرتم، جیاوازی کەوتە نێوان دایکوباوکم، ئەوان لێک جیا بوونەوە، منیش کەوتمە ژێر جەوری باوەژن و چەپۆکی ڕەشی زەمانەوە. جا لەبەر ئەم هۆیە، نەنێردرامە قوتابخانە و دڵسۆزێکم نەبوو دەستی یارمەتیم بۆ درێژ بکات. بۆیە دەڵێم نە لە قوتابخانە خوێندوومە، نە لای مەلا، ئەم کوێرەخەتەیشم لە هەوڵ و کۆششی خۆم چنگ کەوتووە، هەر لە منداڵییەوە زۆر ئارەزووی هۆنراوە و چیرۆکم دەکرد، هەرکەسێک هۆنراوەیەکی بخوێندایەتەوە ئەوەندەم ئارەزوو لێی بوو، هەرچۆنێک بوو ئەو هۆنراوەیەم لەبەر دەکرد. ئێستا کەوتوومەتە ژێر باری پەروەردەی ماڵومنداڵ، ئەگەر ماوەیەکی کەم دەرفەتم بێت، دەست دەدەمە پێنووس و چیم بۆ هەڵسووڕا شاشوشەش تەقەڵ پێکەوە دەنێم، ئەمەیش بۆیە دەکەم هەتا ئەم نووسینانە بەرەو ڕێیەکی ڕاستم ببەن و بمگەیەننە ئاواتی دڵ، ئینجا نازانم دەگەم بەو ئاواتە یان نا، ئەمە کورتەی ژیانمە… . تا ئێرە گوتەکانی ڕازی بوون لە مەڕ ژیانی خۆیەوە، ئەو شاعیر و هاوکات بگۆڕی شیعرەکانی وەلی دێوانە بوو بۆ سۆرانی.

ڕازی، پازدە ساڵ لەمەوبەر شیعرەکانی وەلی دێوانەی لە هەورامییەوە دەگۆڕێت بۆ سۆرانی و ئینتیشاراتی کوردستان لە سنە چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. تا ئێستا شەش چاپێک بە لای کەمی کراوە. دیارە ڕازییش هەر ناڕازی بووە، بەتایبەت کە شیعرەکانی وەلیی گۆڕیون، وەلییش شاعیرێکە هەتا بڵێیت ناڕازی لە بەخت و نێوچەوان و چارەنووسی خۆی. هەڵبەت ئەو بێپەردە نازناوی خۆی بە دێوانە قاو دەدات بۆ ئەوەی هەر لە ناوەکەیەوە بزانیت دەبێت چاوەڕێی چ جۆرە شیعرێکی لێ بکەیت.

سولەیمانی محەمەد مستەفا کوردی باسێکی کورتی لەسەر هەمان پێشەکییە کورتەکەی ڕازی نووسیوە، بە ناوی ”پێشەکیی کاک سابیر ڕازی/ لە بۆتەی سەرنج و وردبینی و ڕەخنە و نرخاندندا”، زۆر سادەیییەکەی بزەی پێ کردم و سەرنجتان بۆ چەند ڕستەیەکی باسەکە ڕادەکێشم: ”دەردەکەوێت کە ئەم لاوە یەکێکە لەو لاوە هەوڵکەوتوانەی کە خۆیان خۆیانیان پێ گەیاندووە.“ بەڵێ دیارە ڕازی خۆیشی باسی دەکات، بەڵام ڕازی بەپێی چاپی یەکەمی کتێبەکەی 63 ساڵیەتی! ڕەنگە کتێبەکە لەمێژ بووبێت ئامادەی چاپ بووبێت، یان من نایزانم. سولەیمانی هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ڕازی سەرەڕای خراپیی ژیانەکەی هەوڵی داوە ”بە سەربەرزی بژیی و بنەماڵەیەکی باش دابمەزرێنێت.“ لێرەشدا دەردەکەوێت کە باسنووس تاقەسەرچاوەی قسەکانی هەر پێشەکییەکەی کاک ڕازی خۆیەتی کە لە لاپەڕەی دواتردا دەیخوێنینەوە. دوو خاڵ جێی سەرنجن: یەکەمیان ئەوەی کە سولەیمانی دەڵێت: ”ڕازی ئەگەر ئەم لاوە زیرەک و تێبین و پەندپەزێر و بلیمەتە نەبوایە، دەبوایە کەسێکی بەدخووی بەدسوروشتی لێ دەربچووبایە، کە هەموو کەس خۆی لێ دوور بخستایەتەوە، چونکە چاوسوورکەر و ئامۆژگارێکی دڵسۆزی نەبووە.“ بە جۆرێک لە جۆرەکان سولەیمانی دەیەوێت ئاماژە بە کاریگەرییەکانی ئەدەب بکات بۆ سەر ژیانی ئینسان. ئاماژەیەک کە من لێرەدا نامەوێت زۆرتر لەوەی کە هەیە لەسەری بڕۆم، چونکە تۆزێک ڕۆمانسی دەردەکەوێت و پێم وایە ڕازیی شاعیر ئەدەبیاتیش نەبوایە هەر ئینسانێکی باش دەبوو. یادداشتێک هەیە بە ناوی لە ستایشی نەخوێندەواریدا بێگومان لە گووگڵدا دەست دەکەوێت، لە نووسینی هانس ماگنۆس ئێنسنس بەرگەر، کورتەی باسەکە لەبارەی ئەوەوەیە؛ ئەو کارەساتانەی مرۆڤە خوێندەوارەکان خوڵقاندیانن، ئەوانی نەخوێندەوار هەرگیز نەیانکردن. بێگومان نکۆڵی لە کاریگەریی ئەدەبیات ناکەم، بەڵام خۆ چەپەڵ و مرۆڤکوژ و… لیستەکە درێژە… خۆ بەگشتی ئەوانیش کتێب دەخوێننەوە. هیتلەر لە جیهانگوشاییەکانیدا جارجار دەچووە خەڵوەتەوە و کتێبی دەخوێندەوە. هەوڵی داگیرکردنی ڕووسیای دەدا و لە پشووەکانیدا تۆڵستۆیی دەخوێندەوە. هەر شتێک و کاریگەریی خۆی هەیە، جا چاک یان خراپ، بەڵام ئەوەی پێمان وا بێت کتێب سەرلەبەر ئینسانێک بۆ هەتا هەتایە دەگۆڕێت و دەیکاتە کەسێکی باش، تۆزێک ڕۆمانسییانەیە و هێند ژیرانە نییە. خاڵی دووەم لەم بارەیەوە کە سولەیمانی ئاماژەی پێ دەدات، ئەوەیە داوا لە خوێنەری بەڕێز دەکات ئەگەر باوەڕ بە وەسفەکانی ئەو بۆ ڕازی ناکەن، ئەوا بفەرموون بچن بۆ دوکانەکەی، کە لە شەقامی مەولەوییە. ڕازی دوکانی سەعاتسازیی هەیە و لەوێ نان بۆ وردەکانی پەیدا دەکات، بەدەر لە شاعیربوون قسەخۆش و نوکتەبازیش بووە. ئەمە هەڵبەت ئەوکات کە لە ژیاندا بوو. مخابن ئینسان کە دەمرێت ئیتر ناتوانێت قسەخۆش بێت. ڕەنگە ئەم قسەیە زۆر ساکار دەربکەوێت. ئەمەیش کێشەیەکی زەینیی گووگڵە. ناتوانێت بەپێی هۆشیاری و تەمەنی تۆ، لینکەکانت بۆ ڕیز بکات. خۆشبەختانە ئەمە لە یووتیووب چارەسەر کراوە و گۆرانییەکە نەختەنەختە بەپێی حەزەکانی تۆ پێشنیار دەکرێن، ڕێک وەک ئەوەی یووتیووب هاوڕێیەکت بێت و پێت بڵێت دڵنیام ئەم گۆرانییەت بە دڵ دەبێت، تەماشا دەکەیت بە دڵیشتە.

لە گەڕانێکی زیاتر بە دوای ڕازیدا لە گووگڵ چی دیکە دەبینین؟ گووگڵ دەمانگوازێتەوە بۆ یووتیووب. لەوێ تاقەشتێک دەربارەی ڕازی هەبێت سێ ڤیدیۆیە کە کاوە سابیر سەعید دایناون. یەکیان گۆرانییەکە بە دەنگی بورهان مەجید کە شیعرەکە هیی ڕازییە: بە چاوی پڕ لە نازت وا دیارە/ دەشێوێنێ ئەزیزم ئەم دیارە. گۆرانییەکە ڕەنگە ماوەیەک خووی پێوە بگریت. وام دەزانی بەس خۆم گوێم لێ بووە. زوو هەوڵم دا پێشنیاری بکەم بۆ هاوڕێکانم، تەماشام کرد لای ئەوان زۆر کۆنە. کەواتە ئەوەی زۆر تازەیە هاوکات دەشێت زۆر کۆنیش بێت. ئەمە خۆ بە دەست کەس نییە. باشە، گۆرانیی ”هەی شەمی شەوان“ کە قادر کابان کردوویە بە گۆرانی، شیعری وەلی دێوانەیە کە ڕازی کردوویە بە سۆرانی. قادر کابانیش لە هەمان ساڵ و شار و گەڕەکی ڕازیدا لە دایک بووە. کەریم کابانیش گۆرانیی”یاران وەسیەتم“ی لە شیعری وەلی دێوانەوە وەرگرتووە، کە ئەو شیعرەیش ڕازی کردوویە بە سۆرانی. هەڵبەت لە دنیای گووگڵدا شتەکان هەندێک جار پێچەوانە دەبنەوە. ئەوەی من دەیڵێم هیی گووگڵە. ئەگەر ڕازی بۆ یەکەم جار وەرگێڕانەکانی خۆی لە 2006دا بڵاو کردبێتەوە، کەواتە زۆر پێ ناچێت ئەو هونەرمەندانە وەرگێڕانەکانی ئەویان بەکار هێنابێت، مەگەر بە دەستنووس پێیانی دابێت یان شتێکی تر. ڕەنگیشە ئەسڵەن هیی ڕازی نەبن و کاری پیرەمێرد بن. وەڵامی دروستی ئەمە لە گووگڵدا نییە. هەڵبەت باسی ئەوەش لەگۆڕێیە کە هەندێک لە شیعر و وەرگێڕانەکانی ڕازی بە ناوی شاعیرانی تر و هەندێک جاریش بە ناوی فۆلکلۆرەوە کراون بە گۆرانی. یەکەم جار وەلی دێوانە لەناو سۆرانییەکاندا لە لایەن پیرەمێردەوە ناسرا، کە لە ژین و ژیان هەندێک لە شیعرەکانی کردن بە سۆرانی. کەسێک ئەگەر ئەم وەرگێڕانانەی پیرەمێردی لا بن سوپاسی دەکەم بۆم بنێرێت. پاشان مەحموود خاکی و عوسمان هەورامییش وەلی دێوانەیان بە هەردوو شێوەزارەکە چاپ کردووە. لەم بەینەدا دەمێنێتەوە ئەوەی کە غەدر لە کام وەرگێڕە کراوە؟

کاوە سابیر لە 11ی ئۆگەستی 2015دا ڤیدیۆی گۆرانییەکەی بورهان مەجیدی داناوە، کە لە ڤیدیۆکەدا وێنەی باوکی داناوە. لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا لەبری هۆنراوەی ڕازی، نووسراوە: هۆنراوەکانی ڕازی، کەواتە ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بیت کە لەم ڤیدیۆدا سەرجەم هۆنراوەکانی ڕازی بخوێنیتەوە. (لە ئیدیتکردنی ئەم پەرەگرافەدا خۆیشم زۆر حاڵی نەبووم تەنزی قسەکەم لە کوێیدایە. بەهەرحاڵ مامۆستا ڕەوای هاوڕێم گوتی: ”کتێبی شیعرەکانی ڕازیم هەیە“ بێگومان حەز دەکەم ئەو شیعرانە ببینم، تەنیا لەبەر ئەوەی شاعیرەکەیانم خۆش دەوێت. مامۆستا ڕەوا ئەو ساڵەی لە بیرە کە ڕازیی تێدا مردووە. من ئەوکات هیچیانم نەدەناسی.)

ڕازی لەم ڤیدیۆیەدا پیرەمێردێکە هیلاک دیارە و سەروڕیشی سپی بووە. سمێڵێکی سپیی هەیە و ڕیشی وا دیارە یەک-دوو ڕۆژە نەیتاشیوە. وێنەی یەکەم لەسەر لا گیراوە و ڕووی لە کامێرا نییە. كڵاوێکی لەسەرە. وێنەکە دەبێت لە زستاندا گیرابێت، چونکە چوار جلی لە بەردایە: فانیلەعەلاگە، کراسێک، لەسەر کراسەکەشەوە دوو جلی تر کە ناوەکانیان نازانم. کراسەکەی شینە. لە وێنەی دووەمدا تەماشای کامێرا دەکات. چاوەکانی ماندوون و خەملێنیشتوو. لێرەدا ڕیشە سپی و هاتووەکەی باش دەردەکەوێت. هاوکات دەستی گەنجێک لەسەر شانیەتی کە خودی گەنجەکە بەشێکی زۆر کەمی دیارە، ڕەنگە کاوە بێت. گۆرانییەکە دەڵێت: “بە ئازار و پەرێشان  و حەزینم، تەماشای ڕەنگی زەردم کەن دیارە“ وێنەی سێیەم ڕازی دیسان ڕوومان لێ دەکاتەوە بەو دیودا و وێنەی چوارەم جارێکی تر تەماشای ئێمە دەکاتەوە. گۆرانییەکە دەڵێت: “وەرە ڕازی ئەگەر خاوەن بەڵێنی/ بە قوربانی نەبی ژینت خەسارە…“ ئەم ڤیدیۆیە 140 جار بینراوە.

لە بەینی ئەم دوو ڤیدیۆیەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ڕازی هێندە سادە بوو، کە پێی وایە مەسنەوی پیاوێکە نەک کتێبێک- لە پێشەکیی کتێبەکەیدا، ڕەنگە ئەو بەدەر لە شیعرەکانی وەلی دێوانە، ژیان دەرفەتی خوێندنەوەی هیچ کتێبێکی تری پێ نەدابێت.

ڤیدیۆی دووەم لە 8ی ئۆگەستی 2016دا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری 2015، کە ڕازی ئەوکات هێشتا زیندوو بووە. ئەمە تاقەڤیدیۆی جووڵاوی ئەوە لە یووتیووبدا، کە 2 خولەک و 4 چرکەیە. لە ڤیدیۆکەدا ڕازی بە هەمان ئەو جلانەوە هاوکاتی بیجامەیەکی-شین-لە-بەردا لەسەر کورسییەک ڕاحەت دانیشتووە و وێنەگرەکە قسەی لەگەڵ دەکات. ڕازی ڕیشی تاشیوە. ڤیدیۆکە بە قسەی ئەو دەست پێ دەکات:

”ڕازی: چییەکە؟

کوڕەکەی: شیعر.

ڕازی: (دەستی بەتاڵ ئاوەڵا دەکات. دەڵێت:) بەخوا کەم.

کوڕەکەی: ئێ. (بە مینگەوە.)

ڕازی: (دوای نەختێک) کە گەنجی با کە ئێستەیە/ پڕ لە گۆرانی و بەستەیە/ پڕ لە قاقای پێکەنینە/ پڕ لە هەوڵ و تێکۆشینە/ پڕ لە گەشتی دەشتودەرە/ پڕ لە مەیلی لای دولبەرە.

کوڕەکەی: همم.

(ڕازی نەختێک دەستی دەجووڵێنێت و پاشان تف قووت دەدات. بەردەوام سەیری کامێراکە دەکات.)

ژنەکەی: ئەی پیرییەکە؟

ڕازی: (ملی بەرەو لای ڕاستی خۆی دەسووڕێنێت.) چییەکە؟

ژنەکەی: پیرییەکە، پیرییەکیشت ئەوت لەگەڵیا.“

ڕازی دیسان بەس دەوەستێت. بیری لێ دەکاتەوە. بەردەوام دەستەڕاستی دەلەرزێت یان دەیەوێت ڕیتمی پێ بگرێت. نازانم.

”ڕازی: (سەیری کامێرا دەکاتەوە.) پیری هات بەزمی شادیی بەتاڵ کرد/ فەرەحیی عەیش و شیرینیی تاڵ کرد/ پیری هاتووە پێم ئەڵێ هەڵسە/ لە دەرگای مەستی مەوەستە بەسە/ پیری هاتووە پێم ئەڵێ خزمە/ دانەوەرەوە ڕێی عەدەم نزمە.

ڕازی: (دەوەستێت. دەستی ئاماژە دەجووڵێنێت.) ئااا لە ئەو جۆرە بابەتانە.

ژنەکەی: (دەنگی لەگەڵ ڕازی و کوڕەکەیدا تێکەڵ دەبێت) ئەمەش پیری و ئەوەش گەنجی.

کوڕەکەی: همم.

(ژنەکەی ڕازی پێدەکەنێت.)

کوڕەکەی: (بیری دەچێتەوە ئەو شیعرەی سەرەتای ڤیدیۆکە شیعری گەنجییەکە بوو.) ئەی هیچی گەنجیت لە بیر نەماوە؟

ڕازی: چی؟ (دەست دەخاتەوە سەر دەسکی کورسییەکە.)

کوڕەکەی: هیی گەنجی!

ڕازی: هیی گەنجی؟

کوڕەکەی: بۆ هەر پیریی پیا کەین، با شتێکی گەنجییشی پیا کەین.“

ڕازی دەست دەکاتەوە بە گەنجی. ژنەکەی دەیەوێت هەڵەکە ڕاست بکاتەوە. دەڵێت: ”ئەی ئەوە نییە ئەڵێ گەنجی-

کوڕەکەی: ئا-

ڕازی: (قەیرێک دەوەستێت و بیر دەکاتەوە) نە گەنجی کە ئێستەیە.

ژنەکەی: ئەی ئەوە نییە ئەوە گەنجییە-

کوڕەکەی: ئا گەنجییە-

ژنەکەی: ئا-

ڕازی: پڕ لە گۆرانی و بەستەیە.

هاوکات کوڕەکەی: بەستەیە.

ڕازی: پڕ لە قاقای پێکەنینە/ پڕ لە هەوڵ و تێکۆشینە/ پڕ لە گەشتی دەشتودەرە/ پڕ لە مەیلی لای دولبەرە

(ڕازی لە پڕ لە دوای وشەی دولبەرەکە (کە ئاماژەیە بۆ گەنجێتیی خۆی) بە دەنگێکی بەرز و خۆش ئەمە دەڵێت:

  • ئااای گییان.

ژنەکەی: لەودیو ڕۆژێکیان کەمال هاتبوو-

کوڕەکەی: (پێدەکەنێت.)

ژنەکەی: کەمال هاتبوو ڕیشی بۆ دەتاشی. ئێێ… هینی ئەمەی کرد، بەحسی ئەمەی کرد، ئنجااا… ئەم بۆی نەهات بۆی بڵێت، خۆشی کەلیماتی بیر چووبۆوە، من بۆم وت، وتی خۆ ئەوەنەی وتووەتەوە-

کوڕەکەی: کە لەبەری کردووە.

ژنەکەی: (پێدەکەنێت) دایکم لەبەریشی کردووە. لەبەر هەمووی ئەزانێ.

(ڕازیی شاعیر هەناسە هەڵدەکێشێت. دەیەوێت سەیری کامێرا بکات و ڤیدیۆکە کۆتایی پێ دێت.) ئەم ڤیدیۆیە 62 جار بینراوە.

ئەگەر لە ئینتەرنێتدا بۆ رازی بەبێ حەوتی سەرەتا سێرچ بکەن، ئەوا ابوبکر رازی و زکریای رازیتان بۆ دەهێنێت. کەواتە با حەوتی ”ڕ“ لە سەرەتاوە بنووسین، چونکە بەبێ ئەوە هەرگیز ڕازی نادۆزنەوە.

هاوبەشی بکە

Shalaw Habiba, Wtari Kteb,