05/12/2024
DidiMn Logo
Top

ڕوونکردنەوەی سینەما سالم دەربارەی ڕێگریکردن لە نمایشی فیلمی لەپێناو ئازادیدا

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

دیمەنێک لە فیلمەکەوە | دەرهێنانی ئەرسین چەلەک

دیدی من – ڕاگەیاندنی سینەما سالم

دوای ئەوەی بڕیار بوو سینەما سالم لە شەوی سەری ساڵدا (31\12\2019)، فیلمی لەپێناو ئازادیدا، لە دەرهێنانی ئەرسین چەلەک نمایش بکات، ئەمڕۆ، دووشەممە (30\12\2019)، ”بە پاساوی ئاسایش و ئارامیی شار“، لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگادار کراینەوە کە ”نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت“.

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، سینەما سالم بە هۆی نمایشی دوو فیلمی ترەوە، ڕووبەڕووی ڕێگری و داخستن بووەوە. 

لە کاتێکدا ئێمە ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژمان لەگەڵ زۆرێک لە بەرپرسە ئیداری و ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە و ئەوانیش هەمان ڕای ئاسایشی سلێمانییان هەیە کە فیلمەکە نمایش نەکرێت، پێمان وایە ڕێگرتن لە هونەر و سینەما، هیچ بیانوویەک قبووڵ ناکات، تەنانەت ئەگەر ئاسایش و ئارامییش بێت. ئەرکی هونەر و سینەما جگە لە دروستکردنی هۆشیاری لە ڕێگەی ئیستاتیکاوە، هیچی تر نییە؛ لە کاتێکدا فیلمی ”لەپێناو ئازادیدا“ گێڕانەوەی ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی نیشتمانەکەمانە و لە ڕووی هونەرییەوە لە ئاستێکدایە، لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی بەشداریی کردووە. ئێمە پێمان وابوو ئەرکی هەموومانە لە باشوور، پشتیوانیی لەم فیلمە بکەین و بتوانین پێکەوە بۆ یەکەم جار بیخەینە سەر شاشەی سینەما، تا هاونیشتمانییان بیبینن و لە ڕێی هونەر و سینەماوە، ئاگاداری ئەو مێژووە گرنگە بن. 

دوای ئەم مامەڵە میلیتارییەی تەنانەت لەگەڵ هونەریشدا دەکرێت، کە ئاسۆکانی ئازادیی ڕادەربڕین و بیرکردنەوەی فەزای گشتی تاریکتر دەکات، ئەم پرسیارە بۆ ڕای گشتی جێ دەهێڵین: فیلمێک کە لە هەموو دنیا نمایش دەکرێت، بۆ لە نیشتمانەکەی خۆیدا نمایشی قەدەغەیە؟

تاکە چەکی ئێمە، هونەر و سینەمایە و هێشتایش بە ئیرادەی یەکەم ڕۆژی کارکردنمان، بە شێوازی تر بەردەوام دەبین. 

هەر بەم بۆنەیەوە، ڕۆژی 9\1\2020، سەعات 3:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ، گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر سانسۆر و ڕێگریی بەردەم ئازادییەکان لە ”پایتەختی ڕۆشنبیری“، ڕێک دەخەین. هەر لێرەوە بانگهێشتتی هەموو ھونەرمەندان، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی شاری سلێمانی دەکەین، لەم گفتوگۆ کراوەیەدا بەشدار بن.

سینەما سالم
30\12\2019

هاوبەشی بکە

Cinema Salim, Rojava,