14/09/2024
DidiMn Logo
Top

كتێبێكی فۆتۆگرافی ده‌رباره‌ی به‌رخۆدانی كوردان خه‌ڵاتێكی جیهانی به‌ ده‌ست ده‌هێنێت

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

جۆوی لۆورێنس، فۆتۆگرافه‌ر و ده‌رهێنه‌ر

دیدی منژیوار جه‌وهه‌ر

ئێواره‌ی 21\10\2019، ڕێكخراوی لوسی براوه‌ی خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فۆتۆگرافیی «ipa» ڕاگه‌یاند و كتێبی ئێمه‌ له‌ ئاگره‌وه‌ هاتووین: به‌رخۆدانی كوردان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش‌ی فۆتۆگرافه‌ری به‌ناوبانگی كه‌نه‌دی، جۆوی لۆورێنس خه‌ڵاتی «باشتری كتێبی ساڵ»ی بۆ 2019 به ‌ده‌ست هێنا.
جۆوی له‌ مانگی سێی 2015ه‌وه‌ له‌ سێ گه‌شتی جیاوازدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا و شانبه‌شانی شه‌ڕڤانانی كورد له‌و ناوچانه‌ی كه‌‌ شه‌ڕیان له‌ دژی داعش ده‌كرد،‌ ئاماده‌ بووه‌ و ئازایه‌تی و به‌رخۆدانی كوردانی باشوور و ڕۆژئاڤا به‌ شێوه‌ی وێنه‌ و ڤیدیۆ تۆمار كردووه‌. دوای ڕێگریكردن له‌ چاپكردنی له‌ دوو وڵات به‌ بیانووی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌، كتێبه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2019 له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی پاوه‌ر هاوس بڵاو كرایه‌وه‌‌.

كتێبی «ئێمه‌ له‌ ئاگره‌وه‌ هاتووین: به‌رخۆدانی كوردان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش»

جۆوی لۆورێنس ده‌رباره‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ بۆ دیدی من گوتی: ”دروستكردنی ئه‌م كتێبه‌ ماراسۆنێك بوو. پێش هه‌موو شتێك، ڕازیكردنی ناوه‌ندێكی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی بابه‌تێكی ‘سیاسی’ی له‌م جۆره‌ كارێكی سه‌خت بوو. دوای چه‌ند دواكه‌وتنێك، كتێبه‌كه‌ له‌ لایه‌ن چاپخانه‌كه‌مانه‌وه‌ له‌ چین ڕاگیرا به‌ هۆی هه‌ستیاریی حكومه‌ته‌وه‌. دواتر خۆشبه‌ختانه‌ توانیمان دووباره‌ ڕێكی بخه‌ینه‌وه‌ و له‌ ئیتاڵیا له‌ چاپخانه‌یه‌كی باشتر چاپی بكه‌ین. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ هیچ نییه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ نێو كتێبه‌كه‌دان—بۆ ئه‌وان و هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ گرنگی به‌م دۆزه‌ ده‌دات، شتێكی تازه‌ نییه‌. به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، ئه‌و كێشه‌ و ئاڵنگارییانه‌ی له‌ كاتی دروستكردنی كتێبه‌كه‌ هاته‌ به‌رده‌ممان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ ده‌رده‌خات پتر له‌وه‌ی ئاره‌زوومان بوو، پتر له‌وه‌ی كه‌ ده‌مانتوانی هیوای بۆ بخوازین.“
ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای بڕیاردان له‌ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كه‌ گوتی: ”حه‌زێكی زۆرم بۆ كولتوور و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان هه‌یه‌. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌م ده‌رباره‌ی به‌رخۆدانی كوردان له‌ ڕاستیدا هاوبه‌شییه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانی دیكه‌م—مێنتاوای ئینده‌نوسیا، خێڵه‌كانی دۆڵی ئۆمۆی خواروو له‌ ئیسیۆپیا… ئه‌م خه‌ڵكانه‌ له‌ نێوان چوارچێوه‌ی سنوورێكدا ده‌ژین كه‌ هیچ قسه‌یه‌كیان له‌ دروستكردنیدا نه‌بووه‌. له‌ ئه‌نجامیشدا، له ‌لایه‌ن هێزێكی داگیركه‌ر، ڕژێمێك یان گرووپێكی نه‌ته‌وه‌یی دیكه‌ سته‌میان لێ كراوه‌ و چه‌وسێنراوه‌نه‌ته‌وه‌. ئازایه‌تیی كوردانیش له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی خسته‌ سه‌رمه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕێز و پێزانینێكی زۆر قووڵیش بۆ به‌رخۆدان و ئازایه‌تییان.“

شیمال و كڵاشینكۆف، 3\3\2015، مه‌خموور

شیمال و كڵاشینكۆف، 3\3\2015، مه‌خموور | فۆتۆ: جۆوی لۆورێنس

مێژوو له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بزووتنه‌وه‌كه‌ بڕیار ده‌دات—بۆ شه‌ڕڤانان و مه‌ده‌نییه‌كان به‌ هه‌مان ئاست—به‌ڵام ئێستای نائارام و سه‌خت ده‌بێت.

ده‌رباره‌ی دۆخی ڕۆژئاوایش له‌ ئێستادا، جۆوی بۆ دیدی من وتی: ”ئه‌م شه‌ڕڤانانه‌ بڕوایان وایه‌ كه‌ دنیا ته‌نها له‌ ڕێی به‌رخۆدانیانه‌وه‌ ده‌یانناسن. شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌ته‌ شه‌ڕی گه‌ل. وێڕای ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌موار و كاره‌ساتباره‌ی له‌ ڕۆژئاڤا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، سه‌رم له‌و هه‌موو پشتگیرییه‌ی كه‌سانی سه‌ر به‌ لایه‌نی جیاوازی سیاسی سووڕماوه‌ كه‌ بۆ كوردانی سووریا هه‌یانه‌، له‌ كاتێكدا چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا به‌ ته‌واوی بێده‌نگ بوون. مێژوو له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بزووتنه‌وه‌كه‌ بڕیار ده‌دات—بۆ شه‌ڕڤانان و مه‌ده‌نییه‌كان به‌ هه‌مان ئاست—به‌ڵام ئێستای نائارام و سه‌خت ده‌بێت. ئێمه‌یش وه‌ك هونه‌رمه‌ندان ده‌بێت هه‌ر كارێك كه‌ له‌ده‌ستمان بێت بیكه‌ین بۆ یارمه‌تیدانیان.“

په‌ڕه‌یه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌وه‌

پێشانگه‌ی جۆوی لۆورێنس له‌ سلێمانی

بڕیاره‌ 2\11\2019 ئاژانسی مێترۆگرافی پێشانگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فۆتۆگرافی له‌ مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه‌سووره‌كه‌ له‌ سلێمانی بۆ جۆوی بكاته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی نۆ ڕۆژیش به‌رده‌وام بێت. هاوكات كردنه‌وه‌ی وۆركشۆپێكیش بۆ فۆتۆگرافه‌رانی ناوخۆی كوردستان ده‌رباره‌ی فۆتۆگرافیی پۆرترێت و پۆستپڕۆده‌كشن.

پێشانگه‌كه‌ 2 تا 11ی 11ی 2019 به‌رده‌وام ده‌بێت

جۆوی ده‌رباره‌ی جارێكی تر سه‌ردانیكردنی كوردستانی باشوور و كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌كه‌ی له‌ شوێنێكی وه‌ك مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه‌سووره‌كه‌دا، ده‌ڵێت: ”جێی شانازییه‌ كه‌ ئه‌م وێنانه‌ ده‌هێنمه‌وه‌ بۆ شوێنی ڕه‌سه‌نی خۆیان—ئه‌و نیشتمانه‌ی تێیدا گیراون—كوردستان. به‌و دیواره‌ كۆنانه‌ی كه‌ یه‌كه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی سه‌دام ڕۆژێك له‌ ڕۆژان كورد و عێراقییه‌كانیان پێ ئه‌شكه‌نجه ‌داوه‌، ئێستا وێنه‌ی ئه‌م شه‌ڕڤانه‌ قاره‌مانانه‌ی پێدا هه‌ڵده‌واسرێن كه‌ به‌رده‌وامن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆره‌كانی سه‌رده‌می ئێستامان. هه‌ر گرووپ و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی سته‌ملێكراو كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و توندوتیژییه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ دژی ئه‌وان به ‌كار هێنراوه‌، له‌ لایه‌ن چه‌وسێنه‌ره‌وه‌ به‌ تیرۆریست ناوزه‌ند كراون بۆ ئه‌وه‌ی نامرۆڤانه‌ ده‌ریان بخات. شه‌ره‌فمه‌ندم كه‌ ڕوخساری مرۆڤانه‌ی ئه‌م كه‌سانه‌تان له‌ جه‌رگه‌ی ناكۆكییه‌كانه‌وه‌، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئاژانسی مێترۆگرافی و كتێبخانه‌ی په‌یك پێشان ده‌ده‌م.“

جێی باسه‌، ته‌واوی داهاتی پڕۆژه‌كه‌ بۆ ڕێكخراوی «هه‌یڤا سوور» ده‌بێت، كه‌ ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و یارمه‌تیی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌دات كه‌ به‌ هۆی په‌لاماره‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاڤا ئاواره‌ بوون. له‌ دواهه‌مین ڕۆژی پێشانگه‌كه‌یش مه‌راسیمێكی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ له ‌لایه‌ن كتێبخانه‌ی په‌یک له‌ هه‌مان شوێن به‌ ئاماده‌بوونی جۆوی لۆورێنس ساز ده‌كرێت.

سه‌یدۆ خه‌له‌ف، ئاواره‌یه‌كی ئێزیدی، كه‌مپی نه‌ورۆز، دێریك | فۆتۆ: جۆوی لۆورێنس

گه‌لهات كۆبانی، پارێزگای نه‌ینه‌وا، 27\11\2015 | فۆتۆ: جۆوی لۆورێنس

ژین، شه‌ڕڤانی یه‌په‌گه‌، كانتۆنی جه‌زیره‌، ڕۆژئاڤا، 3\12\2015 | فۆتۆ: جۆوی لۆورێنس

پێشمه‌رگه‌یه‌ك و گه‌ریلایه‌ك له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌سه‌ر چیای شه‌نگال | فۆتۆ: جۆوی لۆورێنس

سلاڤا و بێریڤان له‌ بنكه‌یه‌كی به‌جێهێڵدراوی داعش، شه‌نگال، 23\11\2015 | فۆتۆ: جۆوی لۆورێنس

عاموده‌ و مه‌مۆ، دوو منداڵی كۆبانێن و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ خوێندنگه‌ زمانی كورد ده‌خوێنن | فۆتۆ: جۆوی لۆورێنس

جۆوی لۆورێنس فۆتۆگرافه‌رێكی  ناوداری جیهانییه‌ و كاری له‌گه‌ڵ چه‌ندین ناوه‌ند و كه‌سایه‌تیی به‌ناوبانگدا كردووه‌، له‌وانه‌: ڕۆبێت دێ نیرۆ، ده‌یڤد بێكام، دانی دێڤیتۆ، جێنیفه‌ر لۆورێنس، جۆن لێجێند.

جۆوی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك شه‌ڕڤان له‌ ته‌ل حه‌مس

هاوبەشی بکە

Joey Lawrence, Photography, Rojava,