13/11/2018
DidiMn Logo
Top

خۆلیۆ كۆرتاسار، ئەو نووسەرەی بەبێ کوشتار ئەورووپای داگیر کرد

لە لایەن دیدی من 7 مانگ پێش ئێستا

خۆلیۆ كۆرتاسار

دیدی من ڕه‌خنه‌ی چاودێر
سیامەند هادی

12/2/1984، کورتاسار لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پاریس لە تەمەنی 70 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بە بۆنەی 100 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر لەدایکبوونی ئەو نووسەرەدا، ساڵی 2014 لە ئەرژەنتین ناو نرا ساڵی کۆرتاسار و چەند چالاکییەک و کۆمەڵێک پرۆژەی ڕۆشنبیری ئەنجام دران. دیگۆ تۆماسی کتێبی کۆرتاسار لە ڕێگەی بۆینس ئایرسەوە، بۆینس ئایرسیش لە ڕێگەی کۆرتاسارەوەی چاپ کرد و تێیدا باس لە 6000 ڕۆژی ژیانی کۆرتاسار دەکات کە لە بۆینس ئایرس بەسەری بردووە. لەگەڵ چاپکردنی ئەلبوومێکی وێنەیی کە 300 لاپەڕەیە و وێنەی کۆرتاساری تێدایە و تەواوی وێنەکان بۆ یەکەم جار بووە بڵاو بکرێنەوە. هەروەها چەند قوتابخانە و گۆڕەپانێک لە بۆینس ئایرس و پاریس بە ناوی کورتاسارەوە ناو نران. ئەو پیاوەی بە جۆشوخرۆشی لاوێكەوە بۆ ئەدەب و سیاسەت تێدەكۆشا و بە باڵایەكی بەرزەوە كە ٢ مەتر دەبوو، لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا دەردەكەوت و وتاری دەخوێندەوە. پیاوێك لە لایەك بە دووی تازەگەریدا دەگەڕا و لە لایەكی دیكەشەوە وەك ئازادیخوازێك پشتگیریی میللەتە چەوساوەكانی ئەمەریكای لاتینی دەكرد بۆ ڕزگاربوون لە دیكتاتۆرەكان. كۆرتاسار، ئەو نووسەرەی بە ستوونێكی گرنگی ڕێبازی ڕیالیزمی جادوویی دادەنرێت، ئەو یەكێكە لە سەرەتاكانی شێوازێك لە ڕۆماننووسین، كە دواتر چەندین ناوی داهێنەری سەر بەو ڕێبازە دەركەوتن.

 

بایۆگرافیای كۆرتاسار

ڕۆماننووسی ئەرژەنتینی خۆلیۆ كۆرتاسار، 1914/8/26 لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا لە دایك بووە، قۆناغی منداڵیی لە ناوچەی بانفێلد گوزەراندووە، دواتر لە ساڵی 1919دا خێزانەكەی گەڕاونەتەوە بۆ ئەرژەنتین. لە قۆناغی لاویدا لە ئەرژەنتین بووە، لەوێ شیعری نووسیوە و كاریگەریی تەوژمی تازەگەریی بیستەكان و سییەكانی لەسەر بووە. دواتر بووە بە مامۆستای سەرەتایی و لە زۆربەی گوندەكانی ئەرژەنتیندا وانەی گوتووەتەوە. ئەو کاتەی ژەنەراڵ پیرۆن خوان دۆمینگۆی دیکتاتۆر حوکمی ئەرژەنتینی دەکرد، ئەو لە ساڵی 1951دا ئەرژەنتینی بەجێ هێشتووە و وەك وەرگێڕی یونسكۆ چووەتە پاریس و چەند ساڵێک لەوێ ژیاوە. پاش ئەوەی هەردوو کۆمەڵەچیرۆکی کۆتایی یارییەکە و چەکە نهێنییەکانی لە فەڕەنسادا بڵاو بوونەوە، بوونە جێگەی سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەران و وەک چۆن لە ئەرژەنتین ناوبانگی هەبوو، لە فەڕەنساش بە تەواوی وەک نووسەرێکی نوێخواز ناسرا. کۆرتاسار لە پاڵ خوان ڕۆڵفۆ و بۆرخیسدا بە 3 نووسەری سەرەتای ڕیالیزمی جادوویی لەقەڵەم دەدرێن، کە ئەورووپا پێی ئاشنا بوون. بەرهەمەکانی ئەو نووسەرانە ڕەوتێکی جیاواز بوون لە نووسین دەربارەی دیاردە سەیروسەمەرەکانی زەوییەکی نەناسراو لە ڕووی ئەدەبییەوە. دیکتاتۆرەکان و کردەوەی دڕندەئاسای ستەمکارەکان، حیکایەت و ئەفسانە و شتە سەرسووڕهێنەرەکان، ئەوانە هەموویان بابەت و ڕوانینی نوێ بوون بۆ خوێنەری ئەورووپی.

ساڵی 1953 لەگەڵ ئورورا بێرناردیسی وەرگێڕ هاوسەرگیریی کرد و دوای چەند ساڵێک لە یەکدی جیا بوونەوە. لە كۆتایی پەنجاكاندا لەگەڵ چەند نووسەرێکی وەک كارلۆس فۆینتس، ماریۆ ڤارگاس یۆسا، گابرێل گارسیا ماركیز، بزووتنەوەیەکی ئەدەبییان بە ناوی بومەوە دامەزراند و کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر ئەدەبی ئەمەریکای لاتین. كۆرتاسار بە ئیسپانی نووسیویەتی و لەگەڵ ئەوەشدا بە زۆری كاریگەریی تەوژمە ئەدەبییە جیهانییەكانی لەسەر بووە، لە هەموویان گرنگتر سوریالی و هەر لە سوریالییشەوە دەستی پێ كردووە. هەرچەندە زۆربەی ژیانی لە فەڕەنسا بردووەتە سەر، بەڵام وەك كەسێكی ئەمەریكای لاتین خۆی پەروەردە كردووە.

لە ئابی 1981دا تووشی خوێنبەربوونی گەدە بوو، دواتر لە1983دا هاوسەری دووەمی، کارۆل دونلۆپ، کۆچی دوایی کرد. دوای ئەوە باری تەندروستیی كۆرتاساریش ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو، هەر بۆیە برایە نەخۆشخانەیەك لە پاریس و دوای چەند هەفتەیەك لە 12\8\1984دا كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی مونتابارناس بە خاک سپێردرا.

خۆلیۆ كۆرتاسار

بەرهەمەكانی كۆرتاسار

ئەم ڕۆماننووسە لە سییەكاندا دەستی بە نووسین كردووە و لە چەند بوارێكدا بەرهەمی بڵاو كردووەتەوە، وەك شیعر و چیرۆك و دراما و ڕۆمان و گەشتنامە و تا دوایی. نزیکەی 35 کتێبی چاپکراوی هەیە، ناونیشانی هەندێك لەو بەرهەمانەش وەک

1- بوون، شیعر، 1938، بە ناوی خوازراوی خۆلیۆ دینیسەوە بڵاوی كردووەتەوە، 2- کەنارێکی تر، چیرۆک، 1945، 3- زۆرانبازی لەگەڵ دڕندەدا، چیرۆک، 1951، 4- کۆتایی یارییەکە، چیرۆک، 1956، 5- چەکە نهێنییەکان، چیرۆک، 1959، 6- حیکایەتەکانی کرونوبیوس و فاماس، چیرۆک، 1962، 7- هەموو ئاگرەکان ئاگرن، هەمەڕەنگ، 1966، 8- ڕاوەدونراو، چیرۆک، 1967، 9- گەڕی کۆتایی، هەمەڕەنگ، 1969، 10- دوورگەی ناوەڕاستی ڕۆژ، چیرۆک، 1971، 11- کەسێک لەوێوە دەڕوات، چیرۆک، 1977، 12- یەکێک وەکو لۆکاس، هەمەڕەنگ، 1982، 13- کاتی ونبوو، چیرۆک، 1982، 14- براوەکان، ڕۆمان، 1960، 15- خەتخەتێن، ڕۆمان، 1963، 16- کتێبی مانوێل، ڕۆمان، 1973، 17- تاقیکردنەوە، ڕۆمان، 1950، 18- سەرگەرمی، ڕۆمان، 1949، 19- ڕۆژانەی ئەندێس فافا، ڕۆمان، 1995، 20- پاشاکان، شانۆیی، 1949، 21- ڕێگەی خێرای باشوور، 1964، 22- بۆینس ئایرس، 1967، 23- گەشت بە دەورەی مێزدا، 1972، 24- نیکاراگوا، 1983.

 

ڕۆمانی خەتخەتێن

لە ساڵی 1963دا ڕۆمانی خەتخەتێنی نووسی، كە بەناوبانگترین بەرهەمیەتی و ناوبانگێكی زۆری بۆ كۆرتاسار پەیدا كرد. خوێنەر دەتوانێت ئەم ڕۆمانە بە چەند شێوازێكی جیاواز بخوێنێتەوە؛ لە خوێندنەوەی ئەم دەقەدا ئەگەر خوێنەر تێبینیی نووسەر لەبەرچاو نەگرێت، ئەوا هەر خوێنەرە و بە شێوازێكی جیاواز دەست بە خوێندنەوەی دەقەكە دەكات، بەوەش هەر خوێنەرێك كە بە جیاوازیی بەشەكانی دەقەكە دەخوێنێتەوە، لە ڕووی هونەرییەوە لای خوێنەران دەقەكە دەبێت بە چەند ڕۆمانێكی جیاواز! ئەم شێوازە لای زۆرێك لە خوێنەران ئاڵۆز دەكەوێتەوە، هەر بۆیە پێویستە خوێنەر بە وریاییەوە كۆنترۆڵی ڕووداوەكان بكات و بەبێ لەبیرچوونەوەی بەشەكان، سەرجەمی پێكهاتەی ڕۆمانەكە پێكەوە گرێ بدات.

ئەو وشەیەی ناونیشانی ڕۆمانەکەی هەڵگرتووە، ئاماژەیە بۆ یارییەک کە زۆر نزیکە لە خەتخەتێنەوە، بەوەی بە هەنگەشەلێ باز دەدەیتە نێو چەند خانەیەک کە هەر خانەیە و ژمارەی خۆی هەیە. ڕۆمانی خەتخەتێن ڕووداوەكانی لە 2 شوێندا تێكەڵ كراوە، پاریس و بۆینس ئایرس، دەبێت لە نێوانیاندا ئەگەری كرنۆلۆژیایەك دابنرێت بۆ بونیادی دەقەكە. بەشەكانی پاریس پێش بەشەكانی بۆینس ئایرس كەوتوون. دەقەكە لە 3 بەش پێك هاتووە و هەر بەشەو ناونیشانی خۆی هەیە: 1- لەم لایەنەوە، 2-لەو لایەنەوە، 3- لە لایەنەكانی ترەوە. ڕۆماننووس لە سەرەتای دەقەكەدا تێبینییەكی نووسیوە و پێشنیازی بۆ خوێنەر كردووە كە دەتوانێت بە 2 شێوە دەقەكە بخوێنێتەوە: یەكەمیان ناو دەنێت بە خوێندنەوەی ئاسایی، كە لە بەشی یەكەمەوە دەست پێ دەكرێت تا كۆتایی، دووەم خوێندنەوە بازهەڵدانە لە نێوان بەشەكاندا، بەپێی ئەو ژمارەیەی نووسەر لە كۆتایی هەر بەشێكدا خوێنەری پێ ئاگادار دەكاتەوە. واتا لە كۆتایی هەر بەشێكدا ڕۆماننووس بۆ بەدوایەكداهاتنی ڕووداوەكان، ئاماژە بە ژمارەی بەشێكی تر دەدات، ئەو بەشانەش بە دوای یەكدا نایەن. بەو مانایەی هەموو بەشێک ژمارەی تایبەتی خۆی هەیە و بە دوای یەکدا وەک ژمارەی ئاسایی ڕیز نەکراون، لە کۆتایی هەر بەشێکیشدا ئەو ژمارەیە دانراوە کە خوێنەر پێویستە دوای تەواوکردنی بەشەکەی پێشوو، بچێتە سەر ئەو بەشەی کە ژمارەکەی لە کۆتاییدا دانراوە. بەوەش وەک خەتخەتێن بە هەنگەشەلێ لە خانەیەکەوە باز دەدەین بۆ خانەیەکی تر، کە هەموو خانەکانیش ژمارەی خۆیان هەیە. ماریۆ ڤارگاس یۆسا دەڵێت لەو 2 شێوە خوێندنەوەیەدا ئەگەر بەشی دووەممان هەڵبژارد، ئەوا دەقی ڕۆمانەكەمان بە تەواوی خوێندووەتەوە، بەڵام ئەگەر بەشی یەكەممان هەڵبژارد، لە سێیەكی خوێندنەوەی ڕۆمانەكە دوور دەكەوینەوە. ئەو سێیەكەش ئەو بەشانەن كە ناتوانرێت چاویان لێ بپۆشرێت.

ئەو شێوازەی كۆرتاسار لە ڕۆمانی خەتخەتێندا بە كاری هێناوە، پێشتر بە هەمان شێوە لە ڕۆمانی براوەکاندا ئیشی لەسەر كردووە، كە یەكەمین ڕۆمانیەتی. ڕۆمانی خەتخەتێن یەکێکە لە گرنگترین ڕۆمانە سەیر و نامۆکان لە جیهانی ڕۆماندا، لە ڕووی خوێنەریشەوە شێوازی تایبەتی خۆی هەیە، یەکەمین ڕۆمانە کە نووسەر بتوانێت تێیدا یاری بە هەموو شتێک بکات. بە مانایەکی تر گەورەترین و فراوانترین یاری کە نووسەرێک بتوانێت لە ڕووی هونەرییەوە لە ڕۆمانێکدا بیکات، لەم ڕۆمانەی کۆرتاساردا ئەوە کراوە.

ئەم ڕۆمانە باس لە ژیانی كۆمەڵێك هاوڕێ دەكات، كە یانەیەكی تایبەت پێكەوە كۆیان دەكاتەوە. پەیوەندییەكی خۆشەویستی لە نێوان لاماجا و ئۆراسیۆدا دروست دەبێت. بونیادی ڕووداوەكانی ئەم ڕۆمانە سەركێشیی تاكەكەسە بۆ گەڕان بە دووی حەقیقەتدا و ئەو جەوهەرەی لەپێناویدا هەموو شتێك دەخرێتە پەراوێزەوە. هەروەها لە ڕۆمانەكەدا هاوشانی ڕووداوە واقیعییەكان، ڕووداوە ئەفسانەییەكان دەردەكەون و لە چوارچێوەی ئەقڵانییەت دەچنە دەرەوە. لەوێشەوە نووسەری ڕۆمانەكە هێرش دەكاتە سەر كۆمەڵگەی خۆرئاوا و بە ڕوونی ئاماژە بۆ ئەو دەمامكانە دەكات كە مرۆڤی ماندوو كردووە و وردە وردە بەرەو نامرۆڤایەتییەكی كوشندەی دەبات.

ڕۆمانی خەتخەتێن ناوبانگێكی زۆر و كاریگەرییەكی بەرفراوانی هەبووە لە ئەورووپادا و بە تایبەتییش لە فەڕەنسا، وەك دەگوترێت كاریگەرییەكەی هیچی كەمتر نەبووە لە شۆڕشی جەزائیر و ڕزگاركردنی شوێنەوارەكانی نوبا و دروستكردنی سەدلعالی لە میسڕ.

 

تازەگەرییەكی سەركێشانە

كۆرتاسار دەبێت وەك تازەگەرێك تەماشا بكرێت، ئەو تازەگەرییەش لە فۆرم و ناوەڕۆكی بەرهەمەكانیدا بە تەواوی دەبینرێت. ئەو چەند سنوورێكی تێك شكاند و مەودای دوورتری بڕی و تێڕوانینی نوێی بەخشییە پەیوەندییەكانی مرۆڤ لەگەڵ خۆی و دەوروبەری. نووسینەكانی كۆرتاسار گەڕان بوون بە دوای دۆزینەوەی گرفتە كۆمەڵایەتییەكاندا و هەوڵی دەدا دیواری نێوان ئەدەب و شێوازەكانی تری گوزارشتكردن تێك بشكێنێ. كۆرتاسار زۆر گرنگیی بە سیاسەت داوە و هاوسۆز بوو لەگەڵ شۆڕشی كووبادا و زۆر بە گەرموگوڕی قسەی لەسەر دەكرد. هەروەها هاوسۆز بوو لەگەڵ حكومەتە سۆسیالیستییەکەی سلڤادۆر ئەلەندی لە چیللی، بەڵام سەرەڕای ئەو هاوسۆزییە، ڕەخنەشی لێ دەگرتن. ڕوانینی كۆرتاسار بۆ شۆڕش و كۆبوونەوەی خەڵك لە دەوری مەسەلەیەك، بە سڕینەوە و پشگوێخستنی تاك نەدەكەوتەوە، بەڵكو ئەو پێی وابوو كە پێویستە لە هەموو حاڵەتەكاندا تاك گرنگییەكی تایبەت بە خۆی بدات، بەو مەرجەی سنووری ئاسایی خۆی نەبەزێنێت و بەرژەوەندیی گشتی پێشێل نەكات. لە گوتەیەكیدا دەربارەی ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆروێڵ، كۆرتاسار دەڵێت هیچ پاساوێكی ئایدیۆلۆژی نییە وا بكات كە مرۆڤ شتە گشتییەكان بەر لە شتە فەردییەكانی دابنێت، یان ئەو بۆچوونەی كە باس لە خۆشگوزەرانیی گشت دەكات، بخاتە سەروو شتە شەخسییەكانی.

ئەو تازەگەرییەی لە بەرهەمەكانی كۆرتاساردا دەبینرێت، شێوەیەك لە سەركێشیی پێوە دیارە، بە تایبەتی لەو شێوازەی لە نووسیندا پەیڕەوی كردووە. ئەوەش بە شێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی سوریالییەكان لەسەر بەرهەمەكانی. ئەو بە تەنها خەمی خوڵقاندنی فۆرمێكی جیاوازی نەبووە، بەوەی ئارەزووی گەورەی نووسەر بە تەنها خوڵقاندنی فۆرمێكی نوێ بێت و بەس، بەڵكو لە پاڵ ئەو فۆرمە جیاوازەدا بە تەواوی هەست بە فیكرێكی چڕ و ڕۆشنبیرییەكی بەرفراوان دەكرێت. لێرەشەوە دەتوانین بڵێین نووسینەكانی كۆرتاسار لە كۆمەڵێك فۆرمی نوێی بەتاڵ لە فیكر و ڕۆشنبیریی پێك نەهاتوون، بەڵكو هەردوو لایەنەكە بە ئاستێكی چوونیەك پێكەوە دەڕۆن.

كۆرتاسار كەسێكی ئاشتیخواز و هەست ناسك بووە و تا چەند ساڵێك بەر لە مردنی كاتی خۆی بۆ وەرگێڕان و كاركردن لە یونسكۆ تەرخان كردبوو. جگە لەوەش كاری لە چەند دەزگایەكی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤی ئەمەریكای لاتیندا كردووە. گابرێل گارسیا ماركیز ساڵی 1984 لە ماڵئاوایی كۆرتاساردا دەڵێت: ”خۆلیۆ كۆرتاسارم بینی لە سەیرانگەی -فیماناگوا لە نێو ئاپۆرەی خەڵكدا بوو، بە دەنگێكی خۆش یەكێك لە چیرۆكە جوانەكانی دەخوێندەوە، ئەویش چیرۆكی شەوی مانكویلاناپولس بوو، كە باس لە یاریزانێكی بێچارەی مشتەكۆڵە دەكات. لەوانەبوو نەتوانرێت ئەو چیرۆكە بگاتە وەرگر، ئەگەر چێژەكەمان نەزانیایە. سەرەڕای ئەوە ئەو چیرۆكە بوو كە كۆرتاسار هەڵی بژارد بۆ ئەوەی لەسەر سەكۆی باخچە ڕۆشنە فراوانەكە و لە بەردەم ئەو جەماوەرە زۆرەدا بیخوێنێتەوە، كە سەرجەم چینە جیاوازەكانی لە خۆ دەگرت. شاعیرە ناودارەكان، كەسانی بێكار، سەركردەی شۆڕش و نەیارەكانیان. ئەو كۆڕە زۆر سەرسوڕهێنەر بوو.“

کۆرتاسار یەکێکە لە گەورەترین ئەو نووسەرانەی ئەمەریکای لاتین، کە ڕەوتێکی نوێخوازیان لە ئەدەبی ئیسپانیدا بونیاد نا. لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو شێوازە ناباوەوە، دەبینین بەرهەمەکانی هەموو ئەو نێوەندانەی سڕییەوە کە دەکەوتنە نێوان خەیاڵ و حەقیقەتەوە، لەوێشدا نزیک بووە لە سوریالییەکانەوە. ئەو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ئەدەبیی بوم، کە وەک جۆرە شوڕشێک وا بووە لە شێوازی نووسین و تەنانەت مەگێزی خوێنەر لە هەموو جیهاندا. دەتوانین بڵێین ڕیالیزمی جادوویی لەسەر دەستی چەند ژەنەراڵێکی ڕۆمان لە ئەمەریکای لاتینەوە دەرکەوت و کاریگەرییەکەشی کیشوەربڕ بوو. ئەو دیاردەیە بە تەنها گۆڕینێک نەبوو لە شێوازی نووسینی واقیعی و ڕێسا نەریتییەکانی نووسین لە ئەمەریکای لاتیندا، بەڵکو گۆڕانکاری بوو لە نووسینی ڕۆمان بە تایبەت و ئەدەب بە شێوەیەکی گشتی لە ئەورووپاشدا. خۆلیۆ کۆرتاسار و نووسەرانی دیکەی وەک مارکیزی کۆڵۆمبی و یۆسای پیرۆیی و فۆینتسی مەکسیکی و بۆرخیسی ئەرژەنتینی و چەند کەسێکی تر، زللەیەکی توندیان کێشا بە ڕوخساری ڕۆمانی واقیعی و نووسینی واقیعیدا و بە هەمان دەستیش زنجیرەی خەیاڵدانیان پساند و بە چەندین شێواز هەموو ئەو شتانەیان تاقی کردنەوە کە جادووئامێز و مۆرکێکی سیاسییان پێوە بوو.

ئەو داگیرکارییەی ئەمەریکای لاتین لە گێڕانەوەدا هێنایە کایەوە، پێچەوانەی ئەو داگیرکارییە سەربازییەی کۆنی ئەورووپا بوو. داگیرکاری لاتینی، چێژ و خەیاڵدانی گرتەوە و خوێنەرانی زیاتر کرد و فێستیڤاڵەکان و خەڵاتەکانی لە ئەورووپادا پڕ جۆشوخرۆشتر کرد، بەبێ ئەوەی یەک بست زەوی داگیر بکات و دڵۆپێک خوێن بڕێژێت.

 



سەرچاوەكان:

1- ادب امريكا اللاتينية.. قضايا ومشكلات- القسم الاول والقسم الثاني- سيزار فرناندث مورينو-ترجمة: احمد حسان عبدالواحد- 1987.
2- رسائل الي روائي الشاب- ماريو بارغاس يوسا- ترجمة: صالح علماني- دار المدى للثقافة والنشر- 2005.
3- ادب امريكا اللاتينية- ترجمة: صالح علماني- 1990.
4- ملامح من أدب امريكا اللاتينية.. الرواية نموذجا- بدر عبد الملك محمد- دار الكنوز الادبية- الطبعة الاولى- بيروت 1994.
5- موت فی الشارع- قصص من امریکا اللاتینیة- ترجمة: صالح علماني- دمشق 2005.
6- غابريال غارسيا ماكيز.. رائد الواقعية السحرية- ترجمة: عبدالله حمادي- دار الالمعية- الطبعة الثانية- الجزائر 2011.
7- الحجلة.. لعبة القفز بين المربعات- خوليو كورتاسار- ترجمة: نايف أبو كرم- منشورات دار علاءالدين- الطبعة الاولى- دمشق 2004.
8- القدس العربي- 6/1/2006.
9- ايلاف- 17/1/2005.
10- الشرق الاوسط- 6/3/2006.

Biography, Julio Cortázar,