26/04/2024
DidiMn Logo
Top

کامالاداس، ژنە شاعیری هیندی: دەنگی ژن شۆڕشە!

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – الثقافات

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: لانیاس عه‌تا

خانمە نووسەر و شاعیری هیندی، کامالاداس، کە ناسراوە بە دایکی شعری هیندیی مودێڕنی نووسراو بە زمانی ئینگلیزی، خاوەن ژیانێکی بێوێنە و نائاسایی بووە. لێوانلێو بووە لە شعر و داهێنان. هاوکات هەڵگری چەرمەسەریی زۆر بووە و ڕووبەڕووی چەندین تەنگەژە بووەتەوە کە بە دڵێکی پۆلایین و بڕوایەکی نەبڕاوە بە خودی خۆی و داهێنانەکانی تێی پەڕاندوون.

ئەم شاعیرە مەزنە لە ساڵی ١٩٣٤دا لە ویلایەتی کیرالای هیندی چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و لە ٢٠٠٩دا ماڵئاوایی کردووە. وەرزی منداڵی تەمەنی لە ژینگەیەکی پڕ زانست و ڕۆشنبیراندا بەسەر بردووە و لە ژێر ڕۆشنایی ئەندێشەی کەسایەتی ئەدیبی وەک دایک و مامە گەورەکەی پەروەردە بووە. خۆشەویستی بۆ نووسین لە تەمەنێکی زوودا دڵی داگیر کرد. بۆ یەکەم جار لە تەمەنی ٦ ساڵیدا  ”نشرة الشعریة”ی بڵاو کردەوە کە کۆمەڵە قەسیدەیەکی خەمئامێز بوون بۆ ئەو بوکەڵانەی سەریان لەدەست دابوو، بڕیار درابوو ئیدی بۆ هەمیشە بێ سەر ببن.

لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا ژیانی هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکی ”صرفي” بەتەمەنتر لە خۆی  پێک هێنا. پاش هاوسەرگیری لانکەی ژیانیان گواستەوە بۆ شاری مۆمبای. لەوێ بە پشگیریی و هاندانی هاوسەرەکەی، لێهاتوانە دەستی دایەوە خامە. بەڵام ئیدی لە قۆناغێکدا بوو کە وێڵ بووبوو لە نێوان خەرەندی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی نوسەربوون و ئەرکەکانی هاوسەرێتی و کابانیکردن. ئیدی نائاسودە بوو بە هۆی ئەو چاوەڕوانیانەی هاوسەرەکەی لێی دەکرد. پاڵەپەستۆی ئەو وێنایەی خێزان و کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی چاوەڕێیان لێی دەکرد وەک دایکێک و ژنێک تەنگی پێ هەڵچنیبوو.

شۆڕشی بزوتنەوەی ژنان

وەک ژنە نوسەرێک، بەم جۆرە لە بارەی بارودۆخی ئەو ماوەیەی ژیانی دەدوێت:

ژن پێوسیت بوو لە سەرەتادا بۆ هەموان بسەلمێنێت کە هاوسەر و دایکێکی باشە، بەر لەوەی هەر شتێکی دیکە بێت. ئەمەش واتە چاوەڕێکردن بە درێژایی چەندین ساڵ تا سپێتی هەموو پرچی ڕەنگ دەکات. من کاتم نەبوو بۆ چاوەڕێکردن. من خۆڕاگر نەبووم. هەر لەبەر ئەوە لە تەمەنێکی زوودا دەستم بۆ خامە و نووسین برد. خۆشبەختانە بە بەخت بووم لەمەدا. هاوسەرەکەم ئەو هەوڵەی بەرز دەنرخاند کە من لە کاروباری خێزانیدا دەیدەم. بۆیە ڕێگەی پێ دەدەام کە شەونخوونی بە دیار نووسینەوە بکەم. بێگومان ئەمە پاش ڕاپەراندنی سەرجەم ئەرکەکانی ماڵ و تێرکردنی منداڵەکان و پاککردنەوەی چێشتخانەکە. ئەوکات ڕێگەپێدراو بووم دابنیشم و تا دەرکەوتنی هەتاو بنووسم، بەڵام ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیم بەجێهێشت.

نووسینەکانی ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی بیستەم گوزارشت لەو شۆڕشەی بزوتنەوەی ژنان دەکات کە لە هندستان و وڵاتانی دیکەی جیهاندا سەری هەڵدابوو. مۆرکی ئەم گۆشە تێڕوانینەشی لە سەرەتای کارە بڵاوکراوەکانیدا بە ڕوونی دیارە. نموونە وەک ئەو چیرۆکەی کە لە تەمەنی سیازدە ساڵیدا نووسیویەتی. لە ماوەی ساڵانی پەنجاکان و شەستەکاندا تەوەری نووسینەکانی بریتیی بوون لە دژایەتیکردنی جیاکاری ڕەگەزی و گرنگی خاوەندارێتیکردنی ژن بۆ بڕیارە تایبەتەکانی ژیانی لە ڕووی سۆزداری و ڕەگەزیی.

تەنهایی و بێهیوابوونی سۆزداری

ناوەڕۆکی قەسیدەکانی بریتی بوون لە ئارەزوو، هەستکردنێکی تاڵ بە تەنهایی و بێهیوابوونی سۆزداریی. هەموو ئەمانەش بوون بە مایەی سەڕسورمان بۆ خوێنەرەکان و کڵپەکردنی ئاگری توڕەیی لای پیاوە ئاینییەکانی شارەکە. چونکە لەو ماوەیەدا زمانی ئەدەبی هیندی هێندە پێگەیشتوو نەبوو توانستی پەسەندکردنی زمانی ژنێکی هەبێت کە بڕیاری گێڕانەوەی ژیانی دابێت بە بێ پەردە هەستەکان بۆ خوێنەر واڵا بکات. ئەم ستایلە ئازاد و شۆکهێنەرەی هۆکار بوو تا بەراورد بکرێت بەو ژنە نووسەرانەی ئەزموونی هاوشێوەیان هەبووە وەک مارگرێت دۆراس و سیلڤیا پلات.

گەڕان بە دوای ناسنامەدا

وێڵبوون بە دوای ناسنامەی مێیینەبووندا ئامانجی ئەم گەشتە نووسینەی داس بوو. هەربۆیە (لافیتەی) ناڕەزایی دژی ئەو جەبر و ستەمانەی دەرحەق بە ژنان دەکرێن داوای بنبڕکردنی ئەو تێڕوانینەی کۆمەڵگەی هیندیی دەکات کە ژن لە فۆرمی خزمەتکاردا دادەتاشێت و لە پلەکانی خوارەوەی پەیژەی کۆمەڵایەتیدا پێگەداری کردووە. ئەم ژنە نووسەرە وای دەبینێت کە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ داواکردنی مافەکانی ژن بەڵام هێشتا هیچ کەس و لایەنێک گۆڕانکاریی کرداری دروست نەکردووە و تەنها لە قاڵبی قسەدان. ئەم داواکاریانە بە کپی مانەوە و خەونگەلێک پشان دەدەن کە بەدی نایەن و بێ هیچ سڵکردنەوەیەک گوزارشتی لە ڕاستیی دیلبوونی کۆمەڵگەی هیندی دەکرد لە (ئالانا)ی نێرینە و ژێردەستەبوونی بە دەسەڵاتێکی خۆپەرستی پیاوسالار. هەر وەک لە یەکێ لە بەرهەمەکانیدا دەڵێت:

تۆ بە هاوسەر ناوم دەبەیت
فێریان کردم کە شەکر بهاڕم
بۆ ئەو چایییەی کە تۆ دەیخۆیتەوە
من بە لەخۆبوردووی و سنگفراوانییەوە، ڤیتامینەکان پێشکەش بە تۆ بکەم
من دەبێت خۆم بگونجێنم لە ژێر سایەی خۆبەزلزانییە گەورەکەتدا
و نانی جادوویی بخۆم تا بچوک بمێنمەوە
من ئیدی ئاوەز و ئارەزووی خۆم لەدەست دا، هێندەی وەڵامی پرسیارەکانی تۆ بدەمەوە
ئەوەتام تلۆر دەبمەوە بە وەڵامی ناڕێکەوە

هەڵچوون بە خۆشەویستی

 لێرەوە دەبینین تێڕوانینی بۆ یەکگرتنی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەو پیاوەی کە خۆشی دەوێت، بابەتێکە بەرزترە لە پێویستی ڕەمەکی. کە تێڕوانینی زاڵە بەسەر تێگەشتنی پیاو لە بارەی سێکس و چێژبینین لە جەستەی ژن. هەر بۆیە تێڕوانینی بۆ خۆشەویستی بەرز کردووەتەوە لە تێڕوانینی جەستە بۆ تێڕوانینێکی ڕۆحی قوڵ. ڕەخنەگر (ئەینور ڕەحمە) لە کتێبەکەی ”شێوازی گوزارشت لە شعری کالاماداس”دا تێڕوانینی داس ڕوون دەکاتەوە سەبارەت بەو شکۆیەی خوازیارە هەبێت لە نێوان ژن و پیاودا. دەڵێت بە هەلهێنجان لەو پەیوەندییە سۆزداریانەی پێیدا تێپەڕیووە لەگەڵ پیاودا هەمیشە چاو لە ڕێی عەشقێکی ڕۆحانی بووە. هاوڕێیەکی هەمیشەیی بۆ ڕۆحی. ئەمەش بە سروش وەرگرتن لە  ئەفسانەی خواوەند کریشنای هندۆسی بەدیار دەکەوێت. دەتوانن بە ڕوونی ئەمە لە چەند قەسیدەیەکیدا بەدی بکەین سەبارەت بە پەیوەندیی ڕادها کە ناوێکی مێینەیە بۆ کریشنا. هەروەک ئەو قەسیدانەش گوزارشت دەکەن لە باوەڕبوونی بە گرنگی گەشەکردنی لایەنی ڕۆحانی پیاو و دەڵێت:

پیاو وەرزێکە لە وەرزەکان
بەڵام تۆ هەمیشەییت….

خۆشەویستیی زانایان

هەموو ئەوانەی ئەم ژنە شاعیرە خۆشی دەوێن، ئاماژە بوون بە وێنەیەک کە پەیوەندیدار بوو بە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە کە ئەویش خوداوەند بوو. ئەو هەمیشە لە پەیوەندییەکی بەهێز و بەردەوامدایە لەگەڵ سروشتدا، کە ئەمەش لە کۆتاییدا گوزارشتی ڕوونە لە خودا. سەبارەت بەو خۆشەویستییە ڕاستەقینە لە نێوان خودا و مرۆڤدایە. ئەمەش ئەو خۆشەویستییەیە کە زاناکان و ڕۆشنبیران تێیدا دەژین. هەروەها دەڵێت؛

لەمە، لەم کاتژمێرەدا، ڕووبارەکانمان
و درەختە ئالکادامباکانمان دەبنە هی ئێمە
لە پێناو ڕۆحە ونبووە بێلانەکانمان
تا ڕۆژێک بگەڕێیتەوە و وەک
شەمشەمەکوێرە شۆڕبێتەوە لە بوونی پاکی خۆیاندا

ژیان لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هیچ کام لە خۆشی ناوەکی و تێربوونی پێ نەبەخشی. لەبەر ئەوە ئەو خۆشەویستییەی دەبێت لە نێوان ژن و پیاودا بێت لە شعرەکانی ئەودا دەچنە فۆرمی خۆشەویستی بۆ خودا. کاتێک بە هۆی لەدەستچوونە سۆزداری و سێکسییەکانی ژیانییەوە دەیناڵاند، درکی بە جیاوازیی خۆشەویستی نێوان ژن و مێرد و خۆشەویستیی خوداوەند کرد. ئەو بۆی دەرکەوت هاوسەرەکەی ناتوانێت خۆشەویستیی نمونەیی پێشکەش بکات. سەرەڕای خۆشەویستییەکەی، هەرگیز ڕۆژێک هەستی بە چێژبردن نەکردووە. هەر بۆیە زۆر بە ئاشکرا و ڕوونی لە کتێبی ژیاننامەکەیدا دەڵێت؛ خۆشەویستیی ڕاستەقینە هاوڕێی ڕاستگۆی خواوەندە کریشنایە.

دەنگێک لە قەسیدەکانی

وشەکان…

 هەموو ئەوەی لە دەورمە،
وشەیە و
وشەیە و 
وشە…
بەسەر سەرمدا
 وەک گەڵای درەخت گەشە دەکەن
پێناچێت هەرگیز بوەستێت لە 
گەشە لەسەرخۆکەی لە ناوەڕا
 بەڵام بە خۆم دەڵێم
وشەکان زیانبەخشن
ئاگاداربە لێیان
دەکرێت ببن بە زۆر شت
ئەو پشێوییە
ئەو کاتەی پێویست دەکات ئەو پێیانەی کە دەڕۆن بوەستن
تا بڕوانن
ئەو دەریایە بە شەپۆلی شێواوەوە
تەقینەوەی هەوایەکی سوتێنەر

یان 

خەنجەرێکی ئامادە بۆ بڕینی گەردنی باشترین هاوڕێت
وشەکان زیانبەخشن
وەلێ
بەسەر سەرمدا
 وەک گەڵای درەخت گەشە دەکەن
هەرگیز لەوە ناچن بوەستن لە
هاتن
لەو بێدەنگییە
لەو جێگە قوڵەی ناخمدا….

ماڵی داپیرەم..

سبەی ماڵێک هەیە کە دوورە ئێستا
کە تێیدا بۆ جارێک پێشوازیم لە خۆشەویستی کرد
ئەو ژنە مرد
ماڵەکە پاشەکشەی کرد بۆ بێدەنگی
مارەکانیش لە نێوان کتێبەکاندا 
کەوتنە هاتوچوون
من ئەو کات 
منداڵبووم بۆ خوێندنەوە
و خوێنم گۆڕا بۆ ساردیی،
چەشنی ساردیی مانگ
من هەمیشە بیرم لە ڕۆیشتن 
بۆ ئەوێ کردووەتەوە
تا چاو بڕوانمە چاوی پەنجەرە کوێرەکان
تەنها بۆ ئەوەی گوێ لە هەوای بەستوو  
و 
نائومێدییە زۆرەکەم بگرم
کەمێک لە تاریکیم هەڵگرتووە
بۆ ئەوەی بیهێنم بۆ ئێرە 
تا ڕابکشێم
لە پشت دەرگای ژووری نوستنەکەم 
وەک سەگێکی سڕبوو
ناتوانی بڕوا بکەی ئازیزەکەم
ئایا بڕوا دەکەیت،
کە من لە ماڵێکی لەم جۆرەدا ژیاوم؟
من سەربەرز بووم و خۆشەویستیم کرد
من بووم کە ڕێگەکەم ون کرد

ئێستا 
لەبەر دەرگای نەناسراوەکاندا،
دەرۆزەکەری دەکەم
تا ببمە خاوەنی
گەر کەمێکیش بێت
لە خۆشەویستی

هاوینێک لە کالکۆتا

 ئەم شەرابە چییە
ئایا وەک شەرابی ئەیپرڵ نەگوشراوە
وەک پرتەقاڵێک لە پەرداخەکەمدا،؟
ئاگر دەنۆشم
دەنوشم و دەنۆشم
جارێکی دیکە،
من سەرمەستم
بەڵێ، وەلێ بە ئاڵتونێک لە هەتاو
چ ژەهرێکی نەمرە ئەمە!

ئەمەی کە ئێستا لە نێو دەمارەکانمدا دەخرۆشێ
 و 
ئەندێشەم پڕ دەکات لە پێکەنینێکی هێواش؟!
دوودڵیم خەواڵو دەبێت
(فقاعات) گڵۆپە کەفی بچوک لە پەرداخەکەمدا
وەک زەردەخەنەی بوکە شپرزەکان
و دیمانەی لێوانم دەکەن.

ئازیزەکەم
لەم ساتانە خۆش بە کە تۆیان دەوێت 
و
لە بیرەوەریدا جێگر بوون
چەند کورتە کە لەناوچوون شرۆڤە بکەم
چەند کورتە کاتی تۆ
کاتێ لەگەڵ پەرداخەکەمدام
دەنۆشم و دەنۆشم
و جارێکی دیکەش
ئەم شەربەتەی مانگی ئەیپرڵ دەنۆشم

هاوبەشی بکە

kamala dalas, Poetry,