13/09/2024
DidiMn Logo
Top

چیرۆکی گەلێک لە مەترسیدا بێت، کێ هەنگاو بۆ پاراستنی دەنێت؟

لە لایەن دیدی من 1 مانگ پێش ئێستا

وێنەی چەند پێشمەرگەیەک لە چیای کارۆخ بەشێک بوو لە دواشتەکانی «فارووق سەدری» بەر لەوەی ساڵی ١٩٨٨ لە دەست شاڵاوی سەدام حسێن بۆ سەر گوندەکەیان هەڵبێت. چرکاندن: ئێمیڵی گارسوەیت

دیدی من – ناشناڵ جیۆگرافیک
نینا سترۆڵیک
و. لە ئینگلیزییەوە: ژیار هۆمەر | ناوەندی کەشکۆڵ

سدیق ساڵح ڕووی لێ نام. بەو زەردەپەڕە لە باخەکەیان لە دەوروپشتی سلێمانی –ئەو شارەی بە پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستانی عێراق ناسراوە– ڕاوەستابووین.

ئەو شەوە دەرفەتی بینینی شێخێکی بەتەمەن و سڕقایمم بۆ ڕەخسابوو، گوایە خاوەنی یەکێک لە باشترین ئەرشیفەکانی دەستنووسی کوردییە. سدیقی نەرمونیان و تەمەن ٦٥ ساڵی هەمیشە خەندەلێو، ئەمجارەیان جدی دەینواند: «لێی بپرسە: دنیایەک دەستنووست کۆ کردووەتەوە، بۆ چی هەندێکیان نادەیت بە ژین؟»

ژین لە کوردیدا بە واتای «Life/ژیان» دێت و ناوی ئەو بنکەیەیە کە سدیق و ڕەفیقی برای پتر لە دوو دەیەیان دایانمەزراندووە. کۆکەرەوەی کتێب، دەستنووس، نامە، یادداشت، بیرەوەری و بەڵگەنامەی تری سەدەی ١٩ـیە، نیشاندەری چیرۆکی دوورودرێژی کوردە؛ ئەو گەلەی بە یەکێک لە گەورەترین ئەو نەتەوانەی وڵاتیان نییە ناسراوە. ئەم برایانە کاریان لەسەر ئەرشیفی پارچەکانی تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق کردووە کە پێکهێنەری کوردستانی گەورەن؛ ئەو ناوچە شاخاوییەی تێیدا سەروو ٣٥ ملیۆن کەس بە ئایین و نەریتی جیاوازەوە خۆیان بە کورد دادەنێن.

چیرۆک کورد پێچەڵپێچە، هەر لە ژینی لەسەر چیاکانی مێسۆپۆتامیاوە تا فەتحکردنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بە سەرکردایەتیی جەنگاوەری بەناوبانگ سەڵاحەدین، هەر لە ناپاکییەکەی پاش یەکەمین شەڕی دنیاگرەوە کاتێک هێزە هاوپەیمانەکان نەیانهێشت خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن تا شاڵاوە خوێنینەکەی سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ سڕینەوە و قەڵاچۆکردنیان لە عێراق. مێژوو فێری کردوون وریا و بەدگومان بن. ئەمەیش ئامانجێکی بە برایانی ساڵح بەخشیوە. گەرچی کورد دەوڵەتی نییە، بەڵام گەر سدیق و ڕەفیق کۆڵ نەدەن، گەلەکەیان لە چیرۆکی تۆمارکراو و دەوڵەمەند بێبەش نابێت.

بەو جۆرە کزەی شەوبا لێی دەداین، داواکەی سدیق سەرسامی کردم. خۆی و شێخ محەمەد عەلی قەرەداغی زیادتر لە ٢٠ ساڵ بوو یەکتریان دەناسی. ڕوونی کردەوە شێخ قەت نەیهێشتووە کەس تەواوی ئەرشیفەکەی ببینێت. گوایە سەدان بەڵگەنامەی ٤٠٠ ساڵی ڕابوردووی لایە و سدیق تامەزرۆ بوو بزانێت چییان تێدایە. ڕۆژانەیادداشتی ڕووداوە سیاسییەکان؟ شاکاری شیعری؟ نامەی نهێنیی دیپلۆماسی؟

هەر سەرەداوێک لە بواری ئەرشیفدا تینوویەتیی زانینی چیرۆکە گشتگیرەکە دەشکێنێت. وەک سدیق گێڕایەوە، چیرۆکی کوردەکەیش چەند نەوەیەکە سەرکوت کراوە. گوتیشی: «ئەو کارەی ئێمە دەیکەین شەڕە. شەڕێکی ئاشتیخوازانەیە. تکایە لێی بپرسە.»

مام عەلی لەسەر چیای پێرس لە باکووری عێراق ڕاوەستاوە. چیاکان لانکەی لەمێژینەی کوردن، ئەو گەلەی هێشتا لە پێناو هەبوونی وڵاتێکدا دەجەنگن. ئەرشیف لە هەوڵی پاراستنی چیرۆکی کەسانی وەک ئەودایە. چرکاندن: ئێمیڵی گارسوەیت

وەک پشکنەرێک، ئەرشیفەوان بەڵگە کۆ دەکاتەوە تا وێنەی گشتیی ڕووداوەکان بنەخشێنێت. بیهێنەرە بەرچاوت چیرۆکی ئەمریکا هەر لە ڕوانگەی بەریتانییەکانەوە بگێڕدرێتەوە چۆن دەبێت. یان بیر بکەرەوە گەر وتاری گێستبۆرگی ئەبراهام لینکۆڵن، نووسینەکانی چێ گێڤارا یان وتەکانی نێڵسۆن ماندێلا بفەوتانایە چۆن تێگەیشتمان سەبارەت بە مێژوو دەگۆڕا. چیرۆک لە هەزاران ڕووبەری جیاوازی کۆمەڵگاوە دەق دەگرێت: چیرۆکی یەکەمین ئوسترالییەکان، تابلۆکانی فریدا کالۆ، مۆسیقای ئەریسا فرانکڵین.

زۆرینەی وڵاتە پێشکەوتووەکان ژێرخانێکی پتەویان هەیە. تەنانەت نەتەوەی بچووکی گەشەسەندووی وەک گینیا-بیساو و کۆماری پالاو ئەرشیفی ساکاری نەتەوەیییان هەیە. بەڵام ئەی ئەوانەی وەک کورد دەکەونە نێوان کەلێنی ئەو نەتەوانەی بە فەرمی ناسراون، ئەو گەلانەی نیشتەجێی خاکێکن ململانێ لەتوپەتی کردوون، ئەوانەی کلتوور و مێژوویشیان لە گێڕانەوەی زاڵ بێبەشە؟

زۆرجار مێژوویان لە ناو جانتا و سندووقدا قەتیس دەبێت، هەر لە ژێرزەمین و هەورەباندا هەڵدەگیرێت. باووباپیرانم دوای هۆڵۆکۆست لە پۆڵەندا هەڵهاتوون. کاتێک گەورە بووم، سەرسام بووم بەو هێڵەی لەسەر ڤیزەکەیان دراوە و نووسینگەی کۆچبەرانی ئەمریکا لە خانەی نەتەوەدا «نییە»ـی نووسیوە. تاقە بەڵگەی ژیانیان وەک جوولەکە لە پۆڵەندا و ڕیشەی چەند سەدەی بنەماڵەکەمان لە ئەورووپا، ئەو چنگە بەڵگەنامەیە بوو کە لە جانتایەکی زەردهەڵگەڕاودا هەڵمانگرتبوو: پاسپۆرتی کاتیی پۆڵەندا، پێناسی ئۆردووگا زۆرەملێیەکان، مشتێک وێنە.

ساڵانێک بە دوای شێوازی گەلانی «بێدەوڵەت» بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان پاش ڕاگوێزران و وێرانی گەڕاوم. لە نەتەوە ساواکەی باشووری سوودان، کەوتمە شوێنی ئەو ئەرشیفەوانانەی بە مەبەستی بنیاتنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بەڵگەنامەی ڕزیویان لە ژێرزەمینەکاندا کۆ کردبووەوە. لە کەمپی پەنابەران و لەسەر ڕێچکەی کۆچ، لە ئاوارەکانم دەپرسی چییان لە زێدەکەیانەوە لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.

ئەم بەڵگەنامانە لای زۆرینە ئامرازی پاراستنی ناسنامەکەیانە، گەرچی دەشێت ناسنامەی فەرمییان نەبێت. جاروبارە، ڕۆژانە خەڵکی مەدەنی لە ژێر هەلومەرجی نائاساییدا بۆ ڕزگارکردنی بەڵگەنامەکان ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە. لە کوردستان، کۆسۆڤۆ، سۆماڵیلاند–ئەو ناوچانەی هێشتا خەبات بۆ نەتەوەکەیان دەکەن–لەم جۆرە کەسانەم دۆزییەوە.

ئان گیڵلاند، مامۆستای زانکۆی کالیفۆرنیایە، سەرقاڵی توێژینەوەی ڕۆڵی ئەرشیف و یادەوەری لە ناوچەی جەنگی و ململانێی چەقبەستوو و دەوڵەتی ددانپێدانەدراوە، دەڵێت: «ئەو چیرۆکانەی بە یەکیان دەبەستنەوە یان هەوڵ دەدەن پارچەکانیان پێکەوە بلکێننەوە، چەقبەستوو نین. زیندوون. زۆرتر لە کاتی جەنگدا ئامانجن.» هەروەها پێی گوتم: «سڕینەوەی بەڵگەنامە شێوازێکی سڕینەوەی گەلە.»

ئەوەیش ئەو کەسانەی بەڵگەنامەکان دەپارێزن دەخاتە هێڵی پێشەوەی جەنگێکی بێدەنگ بەڵام چارەنووسساز لە پێناو مێژوو و یادەوەرییان.

کوردستان

شێخ محەمەد عەلی قەرەداغی بە عەبایەکی درێژ و مێزەرەوە لە ماڵی خۆیان لە گەڕەکێکی دڵگیری سلێمانی پێشوازیی لێ کردم. بەدەم تەسبیحاتەوە، بەسەرهاتی ٢٠ ساڵەکەی وەک ڕاوێژکاری خانەی دەستنووسی عێراقی لە بەغدا بۆ گێڕامەوە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، بەو بەڵگەنامە مێژووییە کوردییانەی لای عەنتیکەفرۆش و کەلەپووری تایبەتیی زانیوە. سەرەتا بۆ خۆی کڕیونەتەوە تا دڵنیا ببێتەوە لەوەی نافەوتێن و لە وڵات نابرێنە دەرەوە. دواتر ڕژێمەکەی سەدام وەک چالاکێکی کورد دەستگیری کردووە، ئەرشیفەکەیشی وەک بەڵگەی تاوانباربوونی بەکار هێنراوە.

 
Matthew W. Chwastyk, NGM Staff
Sources: CIA World Factbook; UN World Population Prospects;
Kurdistan Regional Government; Yerevan Saeed, American University

هەر وەک سدیق پێشبینیی کردبوو، شێخ نەیدرکاند چەند دەستنووسی لایە. ڕازی بوو بەوەی تەنیا یەک کتێبم نیشان بدات. بەرگە دەستسازەکەی قاوەیی بوو و پڕ لە لاپەڕەی دەقی دەستنووسی کوردی و نەخشونیگاری ئاڵوواڵا بوو. پەنجەی خستە سەر ئەو دیوانە شیعرییەی وێنە و دەق و پەڕاوێزی ئەدەبیاتی کوردیی تێدا بوو، گوتی: «ئەمە کەشکۆڵە.» و بەرهەمی نووسەرێکی کوردی سەدەی ڕابوردوو بوو. هەروەها لە کەشکۆڵی تردا، شێخ  عەلی شیعری بڵاونەکراوەی هەردوو شاعیری خۆشەویست نالی و سالمی دۆزیبووەوە.

ئەو هەلەم قۆستەوە تا داواکەی سدیقی پێ ڕابگەیەنم: «بۆ چی هەندێک لەو ئەرشیفانە نادەیت بە ژین؟» شێخ بەوە ناسرابوو لەگەڵ زانیاراندا دڵاوایە، زۆر جار دەستنووسیان دەداتێ تا لەبەری بگرنەوە و لێی بکۆڵنەوە. بەڵام ئەسڵییەکانی لە خۆی دوور نەدەخستەوە. «نابێت ئەم کتێبە دەگمەنە لە ئەرشیفی نەتەوەییی کورددا بێت؟»

ئەمجەدی کوڕی هەڵیدایە: «ئێمە ئەرشیفێکی نەتەوەییمان دەوێت لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتدا بێت، نەک حیزب، نەک تاکەکەس. کاتێک ئەوە هەبێت، بە خۆشحاڵییەوە ئەرشیفەکەی دەبەخشێت.»

دواتر وەڵامەکەی شێخم بە سدیق ڕاگەیاند، کەچی پێی سەیر نەبوو. قاییلکردنی زانیاران بەوەی ئەرشیفەکەیان ببەخشن کارێکی دژوارە، بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونکە سدیق مێژوونووسێکی پیشەیی نییە، بەڵکوو زەویناسێکی خانەنشینە. پاش ئەوەی هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا سەرکوتکردنەکانی سەدام حسێنیان بۆ سەر کورد لە ساڵی ١٩٩١ ڕاگرتووە، حکوومەتێکی سەربەخۆی کوردی لە عێراق دامەزراوە و سدیق هەستی کردووە کورد چیدی مەترسیی پاکتاو و قەڵاچۆی لەسەر نییە، بەڵام مێژووەکەی لە مەترسیدایە. بۆیە بنکەی ژینیان وەک پڕۆژەیەکی لاوەکی دامەزراندووە.

دوادواییەکانی نەوەدەکان، خۆی و براکەی دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی ئەو کتێبانەی مێژوونووس و کەسایەتییە ئەدەبییەکان بە کوردی نووسیویانە. ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانیان کۆ کردووەتەوە، لەوانە ژین کە گۆڤارێکی کۆنی کوردییە، ساڵی ١٩١٨ تا ١٩١٩ دەرچووە و ناوی بنکەکەیشیان لەم بڵاوکراوەیەوە وەرگرتووە.

وێنەگر ئێمیڵی گارسوەیت ئەم وێنانە (ئەوەی سەرەوە و خوارەوە)ـی لە دووکانێکی عەنتیکەفرۆشیی هەولێر، پایتەختی کوردستانی عێراق دۆزیوەتەوە. دەڵێت: «لە سندووقێکدا بوون. ناسنامە و چیرۆکی ئەم کەسانە لە ناو چوون.» چرکاندن: ئێمیڵی گارسوەیت
گارسوەیت وێنەکانی بە گژوگیا و گوڵی کوردستان ڕازاندووەتەوە. کورد بە گەلێکی چیایی ناسراوە، ئاماژەیشی بەوە داوە: «ئەمە ڕێگایەکە بۆ بۆ ڕێزلێنانیان و هیچ نەبێت بووژانەوەی کوتێکی چیرۆکەکەیان.» چرکاندن: ئێمیڵی گارسوەیت

سدیق ئاماژەی بە مێژووی عوسمانی و بەریتانی و عێراقی دا و گوتی: «چونکە کورد سەربەخۆ نەبووە، خەڵکی تر مێژووەکەیان بۆ نووسیوەتەوە. گێڕانەوەی کوردییان تێدا نییە. ئێمەیش هەوڵمان بۆ ئەوەیە.» 

سەرەنجام حکوومەتی خۆجێی باڵاخانەیەکی چوار نهۆمیی لە چەقی سلێمانی بە بنکەی ژین بەخشیوە و مووچەیەکی کەمی بۆ ١٤ کارمەندەکەی دابین کردووە.

١٣٠٠ دەستنووس و سەدان کتێبی دانسقە لە نێو گەنجینەکانی ژیندایە، لەوانە دوانوسخەی «شەرەفنامە» کە یەکەمین کتێبە سەبارەت بە مێژووی کورد بڵاو کراوەتەوە و ساڵی ١٥٩٧ بە فارسی نووسراوە.

بە تێپەڕینی کات، ژین ژووری بۆ ئەرشیفی تایبەتی چەندین ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و بەڵگەنامەی دیجیتاڵکراوی سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیا تەرخان کردووە. تا هەنووکە، ئەرشیفی ژین پتر لە ٧٢٠٠ کتێب، نزیکەی ٢٠٠٠ گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی، هەزاران وێنە و دەیان کاتژمێر تۆماری دەنگ و ڤیدیۆی لە خۆ گرتووە.

هەمیشەیش بە دوای زیادتردا دەگەڕێن. پەنا دەبەنە بەر بنەماڵەی کەسایەتییە مێژووییەکان، بازاڕ و ئینتەرنێتیش سەرەوژێر دەکەن.

بەیانییەکی سێپتەمبەر بە هاوەڵیی سدیق سەرمان لە کچەکەی ڕەفیق حیلمی دا؛ ئەو مێژوونووس و شاعیر و چالاکە سیاسییە کوردەی لە سەرەتای سەدەی ٢٠ـدا وەرگێڕی سەرکردەی بەریتانییەکان بووە.

لە ماڵێکی پۆشتەوپەرداخدا پێشوازیی لێ کردین. ڕەشی پۆشیبوو و پەلکی کەزییە سپییە ناسکەکەی بە پشتەملیدا شۆڕ ببووەوە. سدیق ئێمەی ناساند و ناوی ئەوی پێ گوتم؛ خۆشییەکەی ئەوە بوو، هەر وەک بنکەکە، ناوی «ژین» بوو. سدیقیش سەری خستە سەری: «ناوی تۆمان لە بنکەی ژین ناوە.»

شێنێ عەبدووڵای مرۆناس و کارمەندی ناوەندی کوردستان لە سلێمانی هاودەممان بوو. چوار ساڵ لەوەوبەر، ئەو و سدیق بە مەبەستی داواکردنی کاغەزەکانی ڕەفیق حیلمی هاتبوونە لای ژینی کچی و شێنێ سەرنجی دابوو سندووقی تر خزێنراونەتە گۆشەیەکەوە. ناوەڕۆکەکەیان ژیانی سەمەرەی ناهیدەی خوشکەی گەورەی ژینیان خستبووە ڕوو، ئەو ڕچەشکێن و دنیاگەڕ و نووسەرەی چەند ساڵێک لەوەوبەر دواکۆچی کردبوو.

شێنێ زوو نوقمی دنیاکەی ناهیدە بووە. ئەو نامە دەستنووس و ڕۆژانەیادداشتانەی وردەکاریی خۆشەویستییەکەیانی تێدا بووە، ئەو کوتەڕۆژنامانەی هاتنیان بۆ زانکۆی کڵارک لە ماساچووسیتس لە ساڵی ١٩٤٩ ڕاگەیاندووە، ئەو نامانەی لە ویلایەتی ئۆریگۆنەوە تا دیمەشق لێوانلێوی دۆستایەتی بوون. گەرچی ناهیدە مرۆناسیی نەخوێندبوو، گەلێکی لەسەر خواردن، زمان و نەریتی ئەو شوێنانەی سەری لێ داون نووسیوە.

شێنێ قەت سەرنجی هێندە پڕوردەکاریی لە ڕوانگەی ژنێکی کوردەوە نەخوێندبووەوە. ئەم ئەرشیفە چیرۆکی کەمبیستراوی دەگێڕایەوە. سدیقیش هاوڕا بوو، ئەرشیفەکەی ناهیدە یەکەمین کتێبخانەی خانمێکە بۆ ئەرشیفی بنکەی ژین زیاد کراوە.

لە بەردەرگای ماڵی ژین حیلمی، شێنێ ئەملاولای ئەم ژنە بەتەمەنەی ڕامووسی و دەستی هەڵگڵۆفی. براینە ژووری دانیشتن و پاڵمان دایەوە بەو دیوارەی چەندین وێنەی ڕەشوسپیی خێزانەکەیانی پێدا هەڵواسرابوو. ژین منداڵی نەبوو و ئەم سەردانانەی پێ خۆش بوو.

چەند مامۆزا و پوورزایەک لە گوندی هەشتکا لە دامێنی چیای زاگرۆس کۆ بوونەتەوە. دەستکەوتە مێژووییەکانی ژنی کورد لە بەڵگەنامەکاندا خۆیان نواندووە. چرکاندن: ئێمیڵی گارسوەیت

ناوەشکێنە و دومبەڵان و کاکڵەگوێزی لە چێشتخانەوە ئاودیو دەکرد، سدیقیش پرسیارە هەمیشەییەکەی دووبارە کردەوە: «هیچ شتێکی تری لێیە بیرت لە بەخشینی کردبێتەوە؟» 

ژین سەرەتا گوتی هیچ نەماوە. سدیق بە ڕێزێکەوە جەختی لە پرسیارەکەی کردەوە. هەر دەچوونەوە سەر بای ئەو بەڕەکۆنە.

دواجار، پاش پەلکوتان لە ناو باوڵ و ڕەفەی کتێبخانەکانی دوو ژووری نووستنەکەی نهۆمی سەرەوە، دوو گەوهەری نوێ دۆزایەوە: سیپارەیەکی مەڕمەڕینی پڕ لە دەستنووسی باوکی ژین لەمەڕ حوکمڕانیی ئیمپڕاتۆریەتیی بەریتانی و دەفتەرچەیەکی ڕەشی ڕۆژانەیادداشتی ناهیدە. 

شێنێ وەک مرۆناسێک گەیشتبووە بڕوایەک ئەو کەلەپوورەی کۆیان کردووەتەوە هەر بۆ کوردستان نییە. هەڵهێنجانی چوونیەکیی هاووڵاتییانی جیهانە. بەستنەوەی هەودای هۆزێکی ئەمەزۆنە –کە دەمی ڕاووشکار گۆرانی دەچڕن– بە نووزەی ئەو وەرزێرە کوردەی تۆوی ئاواز بە کێڵگەکەیدا بڵاو دەکاتەوە. یاخود ڕەنگە نیشاندانی ئەوەیە چۆن پشکی ژنان بۆ مێژوو لە یادداشت و نامەکانی کوردستان و ئۆگەندا و یەکیەتیی سۆڤێتدا شاردراونەتەوە.

گوتی: «ئەم تۆمارانە هیی ئێمە نین، بەڵکوو هیی دنیان.»  

* * *
[لەم بەشەدا بە دوورودرێژی باسی سۆماڵیلاند و کۆسۆڤۆ کراوە
کە لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا نییە.]
* * * 

هەر وەک سدیق ساڵح لە کوردستان پێی گوتم، شەڕێکی ئاشتیخوازانەیە. سەرەتا ئەمەی بەدەم چاخواردنەوەوە لە کافتریایەکی شێوە-ئیتاڵی لە باسی پێشکەوتنی تازەی سلێمانی هێنایە مەیدانەوە.

درووشمێک بەسەر باڵاخانەی بەرزی خۆڵەمێشی و سپییەوە بوو: «ژیانێکی خۆشتر». گەنجانیش لە دەوروبەرمان نێرگەلەیان دەکێشا و چاویان بە ئینستاگرامدا دەخشاند. بەراورد بەوە، سدیق –ئەو پیاوەی هاوڕێیانی ناوی «ئینسایکڵۆپیدیا»ـیان لێ ناوە– وەک یادگاریی زەمانی زووە، کەسێکە ڕابوردوویەکی تاڵ هەڵدەکۆڵێت لە کاتێکدا نەتەوەکەی هەوڵ دەدات بەرەو پێش بچێت.

شەڕە ئاشتیخوازانەکەی سدیق سەردەمێک لە دژی زۆردارێک بووە، سەردەمێک لە دژی خەمساردیی گەلەکەی بووە. هاوشێوەی کراسنیقییەکانی کۆسۆڤۆ و جاماکانی سۆماڵیلاند، کاتێک لەسەر نەخشە ڕوانییە هێڵە پچڕپچڕەکانی سنووری نیشتمانەکەی، کوردی بینی، ئامانجی ژیانی بۆ پاراستنی مێژووەکەیانی بینی، ئەو ئامانجەی لە بەرامبەر بەرژەوەندییە جوگرافی-سیاسییە گەورەکاندا دانراوە. دەیشیزانی دەشێت لە هەر ساتێکدا کارەکەی ئاشبەتاڵی لێ بکرێت.

سدیق پێشتر بە شێوەیەکی سەرەکی خەمی خودی ئەرشیفەکەی بوو، بەڵام ئێستا زۆربەی دەستنووس و کتێب و گۆڤارە گرنگەکان بە دیجیتاڵ کراون، خەمەکەی بۆ خەمێکی بنچینەیی و درێژمەودا گۆڕاوە. تەمەنی خۆی و براکەی هەڵدەکشێت. پێکەوە سوار ئۆتۆمبێلێک نابن یان هاوکات پێکەوە گەشت ناکەن. کارەکەیان –قاییلکردنی نەتەوەیەک، یان تاکێک، تا متمانەیان پێ بکەن و مێژووەکەیان بپارێزن– تاقەتپڕووکێنە. دوای نەمانی ئەمان، کێ بە داهات و پێزانینێکی کەمەوە ژینی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکات؟

بیرمە کە لە ماڵی ژین حیلمی هاتینە دەرەوە، شەکەتی ڕووخساری سدیقی تەنیبووەوە. دوای نزیک چوار کاتژمێر دانوستان، دوو کتێبۆچکەی چنگ کەوت.

چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، دەفتەری یادداشتەکانی ناهیدەم –کە خوشکەکەی بەخشی– لە کتێبخانەی بنکەی ژین کردەوە. دەستپێکەکەی سەری ساڵی ١٩٦٠ـە، ناهیدەی ٣٢ ساڵ لە بەغدا، زەبروزەنگی باوکی بە زاڵەی هێناوە و تاسەی ئەو کۆنەیارەکەی لە ئەورووپایە دڵی گوشیوە. نووسیویەتی لای یارەکەی درکاندوویەتی مەراقیەتی یادداشتەکانی بڵاو ببێتەوە، بەڵام دوای مردنی، پێیشی گوتووە: «گەر ئێستا بڵاوی بکەمەوە، دەبمە بنێشتە خۆشە و خەڵک لێم نابڕێتەوە.»  

ئەوسا دنیا ئامادەی چیرۆکەکەی نەبووە. وەک بڵێیت ناهیدە پێشبینیی کردبێت یادداشتەکەی لەسەر ڕەفەیەکی بنکەی ژین دەنیشێتەوە، دەنگیشی ڕێ بە نەوەکانی داهاتوو دەدات تا بەر کوردستانێک بکەون کە هەرگیز لە کتێبەکانی مێژوودا نایبینن.

ڕەنگە دڵخۆش بێت بەوەی ئاواتەکەی بەدی هاتووە: شێنی عەبدووڵا بەدەم خوێندنەوەی نووسینەکانی ناهیدەوە شوێنەواری چیرۆکەکەی خۆی تێدایە دۆزییەوە؛ خوێندن لە ئەمریکا، بەدواداچوونی مرۆناسی، هەستکردن بەوەی لە نێوان نیشتمان و ژینە نوێیەکەیدا دابەش بووە. تاسابوو بەوەی چۆن مێژوو دوای ٦٠ ساڵ خۆی دووبارە دەکاتەوە، گوتی: «هەر دەڵێیت پێکەوە بەستراونەتەوە. کەس ناتوانێت بەبێ ئێستا ڕابوردوو بگێڕێتەوە.»

سەرچاوە: 

“When a people’s stories are at risk, who steps in to save them?” by Nina Strochlic, National Geographic – May 29, 2024 (Translated into Kurdish by Jiyar Homer \ Kashkul)

هاوبەشی بکە

Archive, jiyar homer, Kashkul, Photography,