01/12/2024
DidiMn Logo
Top

خه‌ڵاتی هونه‌رمه‌ندی ساڵ ده‌به‌خشرێت به‌ كه‌یهان كه‌لهووڕ

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

كه‌یهان كه‌لهووڕ له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی هونه‌رمه‌ندی ساڵ - وۆمێكس | فۆتۆ: ئێریك ڤان نیولاند

دیدی منژیوار جه‌وهه‌ر

ئێواره‌ی 27\11\2019، له‌ بیستوپێنجه‌مین «كۆنفرانسی موزیكی جیهان – وۆمێكس»، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترین كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ بواری موزیكدا، خه‌ڵاته‌كانی وۆمێكس بۆ ساڵی 2019 دابه‌ش كران و موزیسیان و كه‌مانچه‌ژه‌نی نێوداری كورد كه‌یهان كه‌لهووڕ خه‌ڵاتی هونه‌رمه‌ندی وۆمێكسی بۆ ساڵی 2019 پێ به‌خشرا. ‌

كه‌یهان كه‌لهووڕ له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی وته‌كه‌ی – وۆمێكس | فۆتۆ: ئێریك ڤان نیولاند



”خه‌ڵاته‌كه‌م پێشكه‌ش ده‌كه‌م به‌ ئوستاد موحه‌مه‌د ڕه‌زا شه‌جه‌ریان، ئوستادی گه‌وره‌ی موزیكی ئێران.“

له‌ دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ش، كه‌یهان گوتی: ”خۆشحاڵ و شه‌ره‌فمه‌ندم. شتێكی خۆشه‌ كه‌ له‌ كاتێكدا هێشتا له‌ ژیاندایت، ڕێزت لێ بگیرێت—كاتێك كه‌ هێشتا خۆت ده‌توانیت بیبینیت. وێڕای ئه‌وه‌یش، ئه‌من ئه‌وه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی تاكه‌كه‌سی نابینم—پێم وایه‌، مه‌عریفه‌ی زۆر، مێژوویه‌كی كۆن و كاركردنی بێوچان هۆكارن. من نوێنه‌ری موزیسیانه‌كانم لێره‌، شه‌ره‌فمه‌ندم كه‌ نوێنه‌ری ئه‌وانم. به‌ ناوی موزیسیارانی ئێرانیشه‌وه‌، خه‌ڵاته‌كه‌م پێشكه‌ش ده‌كه‌م به‌ ئوستاد موحه‌مه‌د ڕه‌زا شه‌جه‌ریان، ئوستادی گه‌وره‌ی موزیكی ئێران، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ شه‌ڕی نه‌خۆشییه‌كی قێزه‌ون ده‌كات. ئێمه‌ پێویستمان به‌ ده‌نگی ئه‌وه‌، پێویسته‌ له‌گه‌ڵمان بێت. ئێمه‌ هیوای باشی و سه‌لامه‌تی بۆ ده‌خوازین، هیوادارم كه‌ موزیسیاران ئه‌مه‌م لێ قبووڵ بكه‌ن. زۆر سوپاس.“

دواتر، كه‌یهان له‌گه‌ڵ مایسترۆ ئێرداڵ ئێرزنجان دوێتێكیان پێشكه‌ش كرد.

ئێرداڵ ئێرزنجان و كه‌یهان كه‌لهووڕ | فۆتۆ: ئێریك ڤان نیولاند

خه‌ڵاتی هونه‌رمه‌ندی ساڵی وۆمێكس ده‌به‌خشرێت به‌ كه‌سێك یان گرووپێك له‌ پای ده‌ستكه‌وته‌كانیان له‌ بواری موزیكدا؛ ئه‌وانه‌ی ئامانجێكی تاقانه‌ و به‌رپرسیارانه‌یان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ موزیك وه‌ك نێوه‌ندێك به‌كارده‌هێنن بۆ هێنانه‌كایه‌ی گۆڕانكارییه‌كی ئه‌رێنیانه‌. 

كۆنفرانسی موزیكی جیهانی باره‌گای سه‌ره‌كی له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیایه‌ و ساڵانه‌ له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ردا له‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌ ئه‌ورووپییه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت و ماوه‌ی پێنج ڕۆژ ده‌خایێنێت. كۆنفرانسه‌كه‌ پێكدێت له‌ كۆنسێرت، پێشانگا، گفتوگۆ، فیلم و دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی وۆمێكس كه‌ خه‌ڵاتی «هونه‌رمه‌ندی ساڵ» و خه‌ڵاتی «پیشه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتووی ساڵ» ده‌گرێته‌وه‌.

هاوبەشی بکە

Kayhan Kalhor, Music, Xalati Bashtrin,