27/07/2024
DidiMn Logo
Top

کەزییەکانت

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زەردەشت نورەدین

١
بەربوومەوە ناو تووناتوونە هەزار بە هەزارەکانی خۆم
پاش ئەوەی کەزییەکانت وەک خۆری زەردەپەڕ
بەسەر پێدەشتەکانی چاومدا کشا
ئەو کاتەی بەبێ ‌ئەوەی سەرنجت لە مندا جێ بمێنێت
تەماشات دەکردم.
زەردەپەڕ هەر بە تەنیا حزوری خۆی
لە زیهنی گژوگیادا ناچێنێت، پاش ئاوابوونی
بەسەر دڵی درەختەکانەوە قورسترین دڵتەگی بەجێدێڵێت.
تۆش بەسەر بەرزترین لووتکەکانی غرورمەوە
چڕترین تەمی دڵتەنگیت، جێهێشت
ئەو تەمانەی ئەگەر بەسەر کەژ و کێوەکاندا
بباریایە وردووخاشی دەکردن.

٢
تووناتوونە هەزار بە هەزارەکانی کەزییەکانت
چ ونبوونێکیان بە من بەخشی
چ لەبیرچوونەوەیەکیان خزاندە ناو منەوە.
هەرچی پرچی دونیایە لەناو بەینی پەنجەکانمدا هەڵوەری
هەرچی یادوەری زۆڵفە لەبیرمچووەوە.
بە تەنیا من مامەوە و تووناتوونەکانی کەزییەکانت.
هەزار باڵی هەزار باڵندەی ئوستورەییم پێوەبایە
هەزار تزەم لەگەڵ بایە
هێشتا مەحاڵ بوو لە توونانوونی کەزییەکانت دەرچووبام.

٣
خۆم دایە دەست سەرخۆشیی تەزووی تاڵە تاڵەی مووەکانت
و دەستم لەخۆم بەردا
تا پڕکردنی دواین کونیلەی سییەکانم لە عەتری ئەگریجەکانت
نە کونیلەکانی من دوایی‌ دەهاتن
و نە عەتری تۆ بە کۆتا دەگەیشت.

٤
چ بەربوونەوەیەک بوو
بەربوونەوە بۆ ناو تووناتوونە هەزار بە هەزارەکانی پەلکەکانت.
ئەو کاتەی من لە بەرزترین لوتکەی ئارەزوودا ڕاوەستابووم
ئەوە بسکی تۆ بوو بە ئاسمانی زەوییەوە
نەهەنگە شینەکانی من تێیدا سەمایان دەکرد
ئەو نەهەنگانەی خۆکووژیی بە کۆمەڵی خۆیان
بە تاڵە مووەکانی تۆوە پێکەوە گرێدەدا
ئەگەر تاڵە مووەکانی تۆ نەبووبان خۆکوشتنەکانیان دەپچڕایەوە.
ئەوە جەستەی من بوو
دووپشکەکانی تەزووی زوڵفت، گەرایان تێدا دادەنا
تاسەی دووریت دەیتروکاندن
و لە کونیلەکانی جەستمەوە دەهاتنەدەر
ئەو کاتانەی دڵتەنگی کەزییەکانت گیانمیان دەتاساند
دەبوون بە فرمێسکێک و بە چاومدا دەهاتنەخوار.

٥
شەپۆلەکانی پرچت
هەزاران جار منیان بە گاشەبەردەکانی وجوودما کێشاوەوە
و هەزاران جار هەپروون هەپروون بووم
کەچی بۆ تەنیا جارێکیش نەکەوتوومەتە ئەودیوو بوونەوە.
نەبوون نازانێت ڕایەڵەکانی من بە بوونەوە
ئەفسوونی لەبننەهاتووی کەزییەکانتە.
ئەو نازانێت تا کەزی هەبێت، مانا هەیە
تا مانا هەبێت ژیان هەیە.
ئەو نازانێت تا پەلکە هەبێت خەیاڵ هەیە
تا خەیاڵ هەبێت جوانی هەیە.

٦
ئیدی بۆ من لە هێرشی بێ‌مانایی بترسم
کاتێک دارستانی قژی تۆ
نەک لە باڕەش بەڵکو لە چاوی خۆریش دەمشارێتەوە،
دەمداتە دەم پەنجەکانی تاریکییەوە
کاتێک بەسەر شان و قۆڵتدا
ڕژاوەتە ناو ئەو کێوانەی بەفر لووتکەکانی بەرنادات و
هەرگیز ڕۆژی لێ ئاوا نابێت.

٧
من لە مەرگ ناترسم
ڕایەڵەی گرێدانی من بە ناوکی ژیانەوە
گوریسێکی چنراو لە قژی تۆیە.
لەوە ناترسم لە بیری دونیا بچمەوە
تا دونیا هەبێت شەوی جیهانی زۆڵفت یادگەی منە.
باکم بە تەنیایی نییە
تا شەپۆلی ئەگریجەکانت هەوای ژیانم بێت.
من کە لەناو پێدەشتی چیاکانی تۆدا
تا ناوکی زەوی، بەرەوخوار کشابێتم
باکم بە کشانی ئەستێرە چییە بە ئاسمانەوە.

٨
بەوە نییە دەستم بە کەزییەکانت ڕاناگات،
بەوە نییە قورسترین بەفری دڵتنەگی بەسەر دڵمەوە نیشتەوە
لە شوێنێکدا کە خۆری لێ نییە.
بەوە نییە دەربازبوونم لە جەهەنمی زوڵمەتی شەوی زوڵفت نییە،
بەوە نییە لەنابەینی تووناتوونە هەزار بە هەزارەکانی کەزییەکانتدا ونبووم
و ئاسودەیی خۆم بۆ نادۆزرێتەوە.
من خۆم بە کەزییەکانتدا هەڵدەواسی
وەک یەکەم بەختەوەری سەرزەوی،
ئەو دەمەی قژت دوایین ژەهر بوو
لە یەکەم برینەکانی هاتنە دونیامەوە پێچام
کاتێک چاوم بەڕووی دونیادا داخستبوو
لەو ساتەدا ڕام لە دونیا نەبوو
ئەفسوونی کەزییەکانت؛ دڕکەزی ئارەزووکانم بوو
من مامەوە لەگەل بێ‌پایانی زۆڵفی تۆ.

٩
چەند سامناکە بێپایانی مەرگ
ئەو دەمەی دەزانیت ئەوەی هەیە مەرگە و ئیدی هیچ.
بێپایانی مەرگ لە بێپایانی گرێی کەزییەکانت دەچێت کە ناگەن بە کۆتا.
بێپایانی مەرگ ئەو دەمەیە کە تێیدا
خۆر خامۆش دەبێت، ئەستێرەکان دەکەونە خوارەوە،
ئاسمان دەدڕێت، شاخەکان دەبنە تەپوتۆز،
دەریاکان دەخنکێن، گرانبەهاترین خشڵەکان بێبەهادەبن،
دۆزەخ دەبێتە دەنووکی کەو و بەهەشت نزیکدەبێتەوە،
لە ئاسۆی ئەو ڕووداوانەدا فریشتەیەک دەردەکەوێت
و دەڵێت تۆ شێت نیت و زیندوو دەبیتەوە.
چۆن باوەڕ بە زیندووبوونەوە بکەم
کە  ڕۆحم بە ئەگریجەی تۆوە گرێداوە
ئەگریجەت هەموو گوناهە نەکردووەکانی مرۆڤەکانی هەڵگرتووە.
چۆن زیندوو ببمەوە
کە نەمری خۆمم گۆڕییەوە بە عەتری قژت
ئەو دەمەی ڕۆحم بە قژتەوە وشک بووەوە.

١٠
سەیرکە ژیانی مرۆکان لە خوداکان خۆشترە،
خوداکان ناتوانن
ئاوابوونی زوڵفی ماشوقەکانیان ببینن لە زەردەپەڕدا
ئەو کاتەی وشەکان، دوایین شکستی خۆیان
بەرانبەر سەمای ڕەنگەکانی ڕۆژ لەسەر کەزییەکانت دەردەبڕن.
خوداکان ناتوانن شەوان
تاسەی شەوێکی تر کە هێشتا نەهاتووە
و هێشتا شەونمی قژت بە ڕوخسارمەوە نەنیشتووە
وەک نادڵنیاییەکی ئەبەدیی ئەزموون بکەن.
ئەوان ناتوانن جیاوازی نیگای تاڵە مووەکانت بکەن
ئەو کاتەی لەمسی خورپەی دڵییان دەکەیت
لە چاوانیاندا زەریایەک تاسە دەبینیت
ئاخۆ جارێکی تر هەمان زەریا لە شەپۆلەکانیدا سەرنگونم دەکات!

١١
خوداکان ناتوانن دڵتەنگ بن.
دڵتەنگ دەبم ئەو کاتەی
ناتوانم بۆنی تاڵە بە تاڵەی مووەکانت بکەم
ئەو دەمەی دەرفەت نییە
تاکە بە تاکەی مووە هەڵوەریووەکانت مۆمیا بکەم و
لە ”دەربەندی پاشاکان”دا بە نەمرییان بسپێرم.
ئاخر چۆن دەتوانم باوەڕم بە زیندووبوونەوە هەبێت
کە مردن ڕێگە نەدات
شین بۆ یەک بە یەکی مووە ڕۆیشتووەکانت بگێڕم.
کێ دەتوانێت ئەو ئاگرە لە دڵمدا بکوژێنێتەوە
بڕینی قژت لە دڵمدا هەڵیدەگیرسێنێت.
مێخوداکان چەند بەدبەختن
قژیان ڕەنگی پیری لێنانیشێت،
سامناکی سووتانی سەر تاڵەکانی قژ
ئاوێتەی وجوودیان نابێت
و بەرەو عەدەم بەریان ناداتەوە.

١٢
خودا نیم،
بۆ من ژیان تراژیکە.
دەزانم لە غەریزەکاندا تەنیا دووبارە بوونەوە چێنراوە.
دەزانم گەردوون بەرەو هیچ شوێنێک وەگەڕ ناکەوێت.
دەزانم ڕۆژێک ژیانم
بە ڕەنگی تاڵەمووە هەڵوەریوەکانت دەچێت و
کەسێک نییە مۆمیای بکات.
دەزانم ڕۆژێک وەک وشکبوونەوەی شەونمی پرچت
رۆحم بە تاسەیەکی سەوزەوە وشکدەبێتەوە.
دەزانم لە قژی هیچ کیژێک وەک زۆڵفی تۆ
کەزی ناهۆنرێتەوە
جوانتر لە هۆنراوەکانی گۆران.
دەزانم هیچ ئەگریجەیەک، دێڕێک شیعری لە خۆیدا هەڵنەگرتووە،
جگە لە ئەگریجەکانی تۆ
ئەو ئەگریجانەی هێزی خورافی بە من دەبەخشن
تا جوانترین شیعر بۆ کەزییەکانت بنووسم
بۆ ئەو کەزییانەی ڕەنگ و عەتری لە هیچ کەزییەکی تر ناچێت
بۆ ئەو کەزییانەی غەزەلەکانی نالی
کەوتە ناو تووناتوونە هەزار بە هەزارەکانی و نەهاتەدەرەوە.

١٣
حەقیقەتی مردن هیچ لەوە ناگۆڕێت
خۆم بە ئەفسوونی جوانیی تاهەتایی کەزییەکانتەوە نەبەستمەوە.
نیگەرانییەکانی وجوود
دەرحەق بە جادووی ئەگریجەت دوودڵم ناکات.
کەڵکەڵەی خەونێکی ئەبەدی
سەرخۆشی هۆنینەوەی کەزییەکانتم لێنابڕزکێنێت.
چاوە زەقەکانی مردن
بریق و باقی زوڵفت کاڵ ناکاتەوە.

١٤
ژیان وەک خۆی بەچییەوە دەنازێت،
ژیان بەوشێوەی هەیە بەرگەی چی دەگرێت،
ژیان لە خۆیدا پزدانێکی دزێوە
تەنیا ”مانەوە”ی تێدا هەڵکۆڵراوە.
سەری من پڕێتی لە خورافەی کەزییەکانت،
بەکەڵکی گەڕانەوە نایەم بۆ ناو ئەو پزدانە دزێوە.
دڵم پڕێتی لە نووری پەلکەکانت
چۆن دەتوانم کافر بم
کە باوەڕ، خورافەیەکی سەوزە لە ئارەزووکانمدا،
ئەو ئارەزووانەی لەناو تووناتوونی کەزییەکاندا ون بوون.
حەقیقەتی ژیان لە گۆڕی خورافەی جوانیی زوڵفت نایەت
ئەو دەمەی لەبەردەم وەسوەسەی چەپکێک موودا
نەک بە تەنیا سروشت بەڵکو خوداکانیش دەدۆڕێنیت.
خوداکان چین جگە لە زەخرەفەی کەزییەکانت
ئەوکاتەی بەسەر جەستەی ڕووتتدا،
پەخشان و بڵاوە و دەستەکانم نایگاتێ.
ئەو کاتەی کفنەکەم لە قژت چنراوە و
تاسەی ئەبەدیم لە زۆڵفت ناشکێت،
پاش ئەوەی نامەوێت زیندوو ببمەوە.
بەهەشت چییە
جگە لە ئارەزووی بەدینەهاتووی نووستن لەناو قژتدا
ئەو دەمەی وەک کابووسێک دەیبینم،
خەبەرم دەبێتەوە، پرچت لەسەر ڕوخسارمە.

13/6/2021

هاوبەشی بکە

DidiMn, DidiMnPoetry, zardashtnwradin,