19/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: کیشلۆڤسکی و هونەری سیاسی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڤۆکس Vox
لە ئینگلیزییەوە: داریان جەمال
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

ئەو کەسانەی کە دیمانەیان لەگەڵ کیشلۆڤسکی ساز دەکرد، هەمیشە ئەوەیان دەپرسی کە ئاخۆ ئەو فیلمسازێکی سیاسییە یان نا؟ ئەویش هەمیشە نکۆڵی لێ دەکرد. لە کۆتایی ژیانی پیشەیی خۆیدا و ماوەیەک بەر لە مردنی لەو بارەیەوە گوتی ”گەر فیلمەکانیشم لە بارەی خەڵکانێکەوە بووبێت کە لە سیاسەتەوە گلاون، ئەوا من هەمیشە هەوڵم داوە کە ئەو وەڵامە بدۆزمەوە کە ئەوان چ جۆرە کەسێکن. ژینگەی ڕامیاریی و سیاسی، تەنها باکگراوەندێک بوون”

ئەمە جێی بڕواپێکردنە چونکە دیارترین و بەناوبانگترین فیلمەکانی، ناوەڕۆکێکی سیاسیی ڕاستەوخۆ لەخۆی ناگرێت. بۆ نمونە، ”دووانە ژیانی ڤیرۆنیک” و ”سێ ڕەنگەکە، شین، سپی، سوور” هەروەها ”دیکەلۆگ” کە زنجیرەیەکی دە ئەڵقەییە و هەر ئەڵقەیەک یەک سەعاتە و لە ساڵی ١٩٨٨ پەخش کراوە. تێیاندا زیاتر تیشک دەخاتە سەر نیگەرانییەکانی هاوڵاتییانی ئاسایی، وەک سێکس، خێزان و پارە وەک لەوەی سیناریۆی سیاسی بن.

بەو پێیەی کیشلۆڤسکی یەکێکە لە هەرە کاریگەرترین فیلمسازە ئەوروپییەکان. کاتێک لە تەمەنی پەنجاوچوار ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات، هارڤی وینستاین لە گۆڤاری پریمێردا زۆر ستایشی دەکات، کاتێک سیناریۆی دیکالۆگ بڵاو دەکرێتەوە، ستانلی کوبریک پێشەکییەکەی بۆ دەنووسێت. کاریگەری کیشلۆڤسکی بە تایبەتی لە ساڵانی سەرەتای پیشەکەیدا دەردەکەوێت و لە کۆتایی ژیانی پیشەییدا گەورەترین خەڵاتەکانی بۆ چێکردنی فیلم وەردەگرێت کە بریتین لە خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەری لە ڤێستیڤاڵی کان ساڵی ١٩٨٨، ورچی زیویی لە ڤیستیڤاڵی فیلمی بەرلین ساڵی ١٩٩٤ بۆ دوو خەڵاتی ئۆسکاریش پاڵێوراوە لە ساڵی ١٩٩٥دا، براوەی چەندین خەڵاتی دیکەشە. 

کریستۆڤ کیشلۆڤسکی ڕەتی دەکردەوە دەرهێنەرێکی سیاسی بێت، بەڵام فیلمەکانی پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێن

لەو کاتەی کە ئەوروپا بە گۆڕانکاری سیاسیی گەورەدا ڕەت دەبوو، کیشلۆڤسکی دەنگێکی دیاری سینەمای ئەوروپی بوو، گۆڕانکارییە سیاسییەکان بریتی بوون لە کەوتنی ستارەی ئاسنینی سۆڤیەت و لەدایکبوونی یەکێتیی ئەوروپا. کریستۆڤ هەندێک جار دەربارەی سیاسەت پرسیاری دەکرد بەڵام  هەمیشە ڕەتشیی دەکردەوە کە هیچ جۆرە حەزێکی بۆ سیاسەت هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا فیلمەکانی شتێکی جیاوازتر دەڵێن.

کیشلۆڤسکی بینەرانی لەگەڵ لایەنە ئەخلاقی و تەمومژاوییەکانی سیاسەت ڕووبەڕوو دەکردەوە:

سەرەڕای ئەوەی یەکێک بوو لە فیلمسازە ستایشکراوەکانی سەردەمی خۆی، شارەزاییەکی زۆر باسیشی لە نووسینی چیرۆکدا هەبوو، کە سنورەکانی بیرۆکە و ئایدیای سیاسییان تێدەپەڕاند. بۆ نموونە، فیلمی پێنجەمی دیکالۆگ وەردەگرین کە دواتر فراوانکرا و کرایە فیلمێکی درێژ بە ناوی ”کورتە فیلمێک دەربارەی کوشتن” فیلمەکە باس لەو ڕاسپاردەیە دەکات کە کوشتن قەدەغە دەکات و تێیدا پارێزەرێکی لاو لە دادگادایە، بەرگری لە کوڕێکی بیست ساڵ دەکات کە گیرفانی شۆفێرێکی تاکسی بڕیوە، دڕندانە و بە بێ هیچ هۆکارێک کوشتوویەتی.

فیلمەکە لە جیاتی ئەوەی بینەر بە وردەکاری تاوانەکە بێزار بکات، نیوەی یەکەمی فیلمەکە تەرخان دەکات بۆ پیشاندانی ژیانی هەریەک لە لاوەکە و پارێزەرەکەش؛ لاوەکە بە ناو شارۆچکەکەدا دەگەڕێت، بەردەوام کێشە دەننێتەوە و ژیانێکی خەمۆک و نهێنیئامێزی هەیە. هەروەها ژیانی پارێزەرەکە بەردەوام گفتوگۆی ئەوە لەگەڵ دادوەران دەکات بۆچی سزای مەرگ بەربەستێک و چارەسەرێک نییە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان.

دیمەنێک لە فیلمی کورتە فیلمێک دەربارەی کوشتن

ئیتر لێرەوەیە کە بابەتەکان سیاسی دەبنەوە، دوو چیرۆکەکە لە ماوەی نیوەی فیلمکەدا تێکەڵ دەبن، کاتێک کە دەزانین پارێزەرەکە دەبێتە بەرگریکاری لاوەکە لە دادگا و هەر لەگەڵ وەرگرتنی کەیسەکەشدا، ڕوونە کە کەیسەکەی دۆڕاندووە و بریکارەکەی لەسێدارە دەدرێت. لە دیمەنێکی ئازاربەخشاویشدا جێبەجێکاری لەسێدارەدانەکە شوێنی سێدارەکە ئامادە دەکات. کیشلۆڤسکی دەیەوێت بپرسێت، ئایا کردەوەیەکی ئەخلاقییە دەوڵەتێک لە ڕێی هەڵەیەکەوە هەڵەیەکی دیکە سزا بدات؟

کیشلۆڤسکی لە پشت کامێرای “کورتەفیلمێک دەربارەی کوشتن”

کیشلۆڤسکی نەیدەویست دان بەوەدا بنێت کە فیلمەکانی سیاسین چونکە لەو سەردەمەدا لادان و یاخیبوون شتێکی مەترسیدار بوو. تەنانەت وروژاندنی پرسی سیاسیش مەترسیدار بوو. کیشلۆڤسکی ژیانی پیشەیی بە دروستکردنی فیلمە دۆکیۆمێنتاریەکان لە پۆڵەندا لە ساڵی حەفتاکاندا دەستی پێ کرد، لە کاتێکدا کە دەوڵەتی کۆمۆنیستی ئەو کاتە کۆنتڕۆڵی تەواوی تەلەڤزیۆن و بەرهەمی سینەمایی پۆڵەندایان کردبوو. 

لە ماوەی چەند ساڵێکدا، لە دروستکردنی دۆکیۆمێنتارییەوە چووە سەر دروستکردنی فیلمی درێژ، بەگشتی چیرۆکەکانی دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تاک بوو لە بەرامبەر بژاردە ئەخلاقییەکاندا. بەڵام بە هۆی پەیوەندیی کیشلۆڤسکی لەگەڵ چەند دەرهێنەرێکی دیکەی پۆڵەندی کە دەوڵەت بە لادەر لە قەڵەمی دابوون، فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکانی سەرەتای کیشلۆڤسکی هەندێک کات سانسۆر دەکران و هەندێک بەشیان لێ دەبڕدرا و هەندێک جاریش بە تەواوی ڕەت دەکرانەوە. بۆیە شتێکی ئاسایی بوو کە کیشلۆڤسکی نکوڵی لە بەسیاسیبوونی کارەکانی بکات. لە ژێر بارودۆخێکی هاوشێوەدا هەموان ئەو وەڵامەیان وەک میکانیزمێکی بەرگریکردن لە خود بەکار دەهێنا.

دواجار دەوڵەت کۆتەکانی شل کردەوە و چوار فیلمی کۆتایی کیشلۆڤسکی، بەرهەمێکی هاوبەشی پۆڵەندی- فەڕەنسیی بوون. بەڵام هەوڵی کیشلۆڤسکی بۆ خۆدەربازکردن لە سانسۆرەکان هەر لە ئارادا بوون. زنجیرەی دیکالۆگ لەسەر بنەمای ناودارترین یاسا مێژووییەکان بەرهەم هات، ترایلۆجی سێ ڕەنگەکە هەر یەکێکیان گوزارشت بوو لە بەها بنەڕەتەکانی کۆماری فەڕەنسی کە بریتین لە ئازادی، یەکسانی و برایەتی. هەروەها دووانە ژیانی ڤیرۆنیک کە دەربارەی کێشمەکێشمەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەوروپا بوو، لە دوای کەوتنی ستارەی ئاسنینی نێوان هەردوو لا. بۆیە کاتێک کیشلۆڤسکی دەڵێت فیلمی سیاسیی دروست ناکەم وەکو ئەو قسەیەی جۆن ستیوارت وایە کە دەڵێت ”دەیلی شۆو پڕۆگرامێکی هەواڵیی ساختەیە.” [ئەم وتەیەی جۆن ستیوارت لە کاتێکدایە کە پرۆگرامەکە تەواو سیاسی و ڕەخنەگرانەیە، بەڵام بە شێوازێکی گاڵتەئامێز]

شتێکی ئاسایی بوو کە کیشلۆڤسکی نکوڵی لە بەسیاسیبوونی کارەکانی بکات. لە ژێر بارودۆخێکی هاوشێوەدا هەموان ئەو وەڵامەیان وەک میکانیزمێکی بەرگریکردن لە خود بەکار دەهێنا.

لە دیمانەیەکی ساڵی ١٩٩٥دا کیشلۆڤسکی دەربارەی دیکالۆگ گوتی ”هەموو شتێک گرنگە جگە لە سیاسەت. تەنهایی گرنگە. هەروەها هەبوونی خۆشەویستی و نەبوونیشی. بێهیوایی و هەموو شتێک گرنگە. تەنها سیاسەت گرنگ نییە. لەبەر ئەوەی لەوێ نییە. تەنها لە دۆخە بێمانا و نهێنیئامێزەکان و ئەو کاتانەدا نەبێت کە گرنگی نییە. ئەوە بە دەگمەن پێی دەگوترێ سیاسەت، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەرئەنجامەکانی ناکارامەیی سیاسییە. ئاو نییە، ئەسانسۆرەکان کار ناکەن. شتە بنچینەیەکانی ژیان بوونەتە گرفت. ژیان بە شێوەیەکی خراپ و گەمژانە ڕێک خراوە.”

لێرەدا گومانێک هەیە. کیشلۆڤسکی دەڵێت کە ”سیاسەتکردن” گرنگ نییە بەڵام بە هۆی سیاسەتەوە یان وەکو ئەوەی ئەو دەری دەبڕێت، ناکارامەیی سیاسییەوە خەڵکی ئاسایی لە دۆخێکدان کە کەوتوونەتە ناکۆکی لەگەڵ یاساکاندا، چ یاسای خودایی بێت یان یاسای گەردوونی.  

زنجیرەکانی دیکەلۆگ لەسەر تەلەڤزیۆنی وڵاتە تەواو کاسۆلیکییەکاندا پەخش کران، بینەران دەستبەجێ تێبینی هەمان ئەو نشێوی و کێشە سەرەکییانەیان دەکرد کە ئەکتەرانی زنجیرەکەش ئەزموونیان دەکرد وەک کەوتنەداوی خۆشەویستییەوە، لەدەستدانی منداڵەکانیانەوە، ئەنجامدانی تاوان و ناپاکی.  

کیشلۆڤسکی لە ڕێی یارمەتیدانی خەڵکییەوە تا درک بەوە بکەن بە تەنها نین، بەرەنگاریی ژڕێمێکی چەوسێنەر بووەوە

لە ڕێی وێنەگرتنی فیلمەکان لە هەمان باڵەخانەی پڕ دڵتەنگی و ئاڵۆزیی، کیشلۆڤسکی دەیەوێت بڵێت کە ئەمانە ڕووداوی شاز و جیاواز نین، بەڵکو هاوسێکەی تەنیشتت و نهۆمێک خوار خۆتەوە و پێنج نهۆم سەروو خۆت، ئەزموونی هەمان کێشەی تۆ دەکەن و سەروکاریان لەگەڵ هەمان بەهای ڕەوشتی و ئاکاریی ژیاندا هەیە. ئەو ئاڵنگاریی ئەو تەنیاییە دەکات کە خەڵکی هەستی پێ دەکەن بە جۆرێک کە پیشانیان دەدات ئەوان تەنها نین.

لە تریلۆجی سێ ڕەنگەکەدا  کیشلۆڤسکی ئاڵنگاری ئایدیاڵەکانی کۆماری فەڕەنسا دەکات

فیلمی سێ ڕەنگەکە قوڵتریش لە سیاسەتدا ڕۆ دەچێت. هەر فیلمێکیان بە ناوی ڕەنگێکی ئاڵای فەڕەنساوە ناو نراوە کە شین، سپی و سوورن و بە ناو ئایدیای بزوێنەری کۆماری فەڕەنسادا گەشت دەکەن؛ ئازادی، یەکسانی و برایەتی. بەڵام هەر یەکێکیان بە بێدەنگی ڕەخنەی ئایدیاڵەکانی ئەو سێ چەمکە دەکەن. بۆ نموونە لە شینـدا، ئایدیای ئازادی و سەربەستی دەخاتە ڕوو -ئایدیاکە لە سۆنگەی نەخشەی سیاسییە فەڕەنسییەکانەوە تەواو باشە- جولێت بینۆچی ڕۆڵی جوولی دەگێڕێت، ژنێک کە ئەوپەڕی سەربەستی پێ دراوە، مێردەکەی ئاوازدانەرێکی بەناوبانگە لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا لەگەڵ منداڵەکانی گیانیان لە دەست داوە. جولی ماڵەکەی بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە پاریس، لەوێ ژیان بەردەوام دەکات بەبێ تێکەڵبوون و بەبێ ئەوەی خۆی بە کەسەوە ببەستێتەوە، تەنانەت یارمەتیدانی ژنێکیش ڕەت دەکاتەوە کە لە بەردەم ماڵەکەیدا لە تەنگانەدایە.

هێشتا فیلمەکە دەربارەی چێژەکانی ئازادی نییە. جوولی لەسەرخۆ و هێواش لە ژیانە سەربەخۆکەی بێزار و ماندوو دەبێت، کە بە بێ بوونی شتیک یان کەسێک بۆی بژیت ژیان بێمانایە. بە درێژایی فیلمەکە ئەو سەمفۆنییەی مێردەکەی جوولی، پێش مردنی دایناوە بەسەر تەواوی فیلمەکەدا باڵی کێشاوە و بڵاو بۆتەوە کە وا نیاز بوو لە یادی ئاهەنگێڕانی یەکخستنی ئەوروپادا لێ بدرێت. تێکستی سەمفۆنییەکە کە بە درێژایی فیلمەکە دەژەندرێت، تێکستی نامەیەکە بۆ مەسیحیەکانی یۆنان: لەگەڵ ئەوەی من بە زمانی مرۆڤ و فریشتەکان قسە دەکەم، بەڵام خاوەنی خۆشەویستی نیم، لەگەڵ ئەوەش بوومەتە دەنگی میوزیکی براس و میتاڵیی سیمباڵ.”

سێ ڕەنگەکە: شین، سپی، سوور

کیشلۆڤسکی پێشنیار دەکات کە ئازادی بە بێ پشتبەستنی دوو کەس بە یەکتری شتێکی پووچە. هەر بۆیە کۆڵەکەیەکی سەرەکی کۆماری فەڕەنسا پێویستی بە پێداچوونەوەیە. (لەوانەیە شایەنی تێبینیکردن بێت، کە یەکخستنی ئەوروپا ئەوە نیشان دەدات کە دوورکەوتنەوەیە لە سەربەخۆیی تەواو.) کیشلۆڤسکی هەمان جۆر فێڵ لە دوو فیلمەکەی تر ئەنجام دەدات.

دروستکردنی زنجیرەیەک یان فیلمێکی سیاسیی مەترسیدارە، بە لایەنی کەمەوە گەر دروستکەرەکەی بیەوێت بە ڕاستی هزری خەڵک بگۆڕێت یاخود بەرەو هەڵوێستگرتنەبەر هانیان بدات. پەیامە سیاسییە ئاشکراکان بە گشتی دوو کاریگەرییان هەیە: کەسانێک کە هەر خۆیان لەگەڵ پەیامەکە کۆکن و بە وزەوە سەری بۆ دەلەقێنن، هەروەها ئەو کەسانەشی لە بنەڕەتدا ناکۆکن و دژی دەوەستنەوە.

هەندێک جار ئەو بینەرانەی کە بڕیاریان نەداوە کاریگەر دەبن، بەڵام تەنها گەر بتوانیت لە ماوەیەکی کەمدا باوەڕیان پێ بێنیت. کاردانەوە، نەک بیرکردنەوەی قووڵ، ڕەنگدەرەوەی وەڵامی هونەری سیاسییە.

زەحمەتە بەڵام ڕێی تێ دەچێت: هونەرێکی سیاسیی بەرهەم بهێنیت بێ ئەوەی پڕۆپاگەندەی تێدا بێت

فیلم و تەلەڤزیۆنەکان لە هاندان و دروستکردنی جۆش و خرۆشی دۆخە سیاسیەکان ڕۆڵێکی کاریگەر و گەورەیان هەیە، بەڵام سەیرکردن و گوێگرتن لە خودی سیاسەت هیچ چێژبەخش نییە، هەر بۆیە زۆرینەی ئەوەی ئەمڕۆ لە سیاسەتدا دەگوزەرێت زۆر بە کەمی مامەڵە لەگەڵ پاشهاتە ڕاستەقینەکانی بیرۆکەکان دەکات.

بەڵام فیلمسازە سیاسییەکان بە دەگمەن هەیە تەنها بیانەوێت کارگەیەکی بیرکردنەوە دروست بکەن؛ ئەوان ئامانجیان گۆڕانکارییە لە هزر و دڵەکان و بوون بە هەوێنی گۆڕانکاری. هەروەها هونەری سیاسی ئەوەندە گرنگە کە هێزی مانەوەی هەیە و وا دەکات کە بە چیرۆکەکان خەڵکەکان کارتێکراو بکەن، دواتر ڕەخنە لە ڕژێمەکان بگرن یان چۆنێتی بیرکردنەوەی خەڵکی بگۆڕن بە بێ ئەوەی خۆشیان بزانن ئەو گۆڕانکارییە خەریکە ڕوو دەدات. 

کیشلۆڤسکی دەیزانی چۆن ژیرانە ئەم کارە بکات. لە جیاتی بەرهەمهێنانی ڕەخنەی ئاشکرا، هەستا بە گێڕانەوەی چیرۆکەکان لە بارەی خەڵکی ئاسایی کە کێشەی ئاساییان هەیە لە چوارچێوەیەکی گەورەی بیرۆکەکاندا.

لەبەر ئەوەی کیشلۆڤسکی تەنها چیرۆکی کەسانی ئاسایی دەگێڕایەوە، دەیتوانی ڕەخنەی بیروڕا سیاسییەکان، یاساکان و دەوڵەت بکات و هێشتاش بڵێت کە فیلمسازێکی سیاسی نییە. دواجار شیاوی سیستەمە سیاسیەکان ناتوانرێت لە ڕێی نووسینەکانی ناو کتێب و وتارەکانەوە دیاری بکرێت. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئاخۆ چی لە ژیانی هاونیشتمانیاندا ڕوو دەدات.

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,