23/03/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: کۆتاییەکانی تەمەنی عەبدولحەلیم حافز و گرژییەکانی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – شروق (shorouknews.com)
لە عەرەبییەوە: لانیاس عەتا
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

٣١\٣\١٩٧٧، لە کاتێکدا هەموان چاوەڕوانی گەڕانەوەی بوون، عەبدولحەلیم حافز لە نەخۆشخانەیەکی لەندەن کۆچی دوایی کرد.

چەند ساڵێک پاش ئەو کۆچە ناوەختە، ساڵی ١٩٨٦، کەمال ڕەمزی، نووسەر و ڕەخنەگری میسڕی، نووسینێکی لە بارەی پەیوەندیی نێوان عەندەلیب و جەماوەرەکەی، لەژێر ناونیشانی ”عەبدولحەلیم حافز، لە ساڵانی گەشانەوەوە بۆ ساڵانی شکست” بڵاو کردەوە.

ڕەمزی لە نووسینەکەیدا، باسی کۆتا شەوەئاهەنگ و کۆنسێرتەکانی حەلیم دەکات، کە بە هۆی ڕەخنە و هێرشی ڕۆژنامەنووسان و فشاری زۆری جەماوەرەکەیەوە، عەندەلیب بە بارودۆخێکی دەروونیی خراپدا ڕۆیشتووە: ”وێڕای ئەو هەموو شکۆیەی هەیبوو، بەڵام هەر کەسێک کۆتا ئاهەنگەکانی عەبدولحەلیمی لە بیر بێت، درک بەوە دەکات شتێک لە ناخیدا شکابوو، یان تووشی شتێک بووبوو لە نەخۆشییەکەی گەورەتر؛ هەرچەندە نەخۆشییەکەی ئاسەواری خۆی بەسەر ڕوخساریەوە جێ هێشتبوو و نیگاکانی وشک کردبوون، دەوری چاوە بێهێزەکانی ڕەش داگەڕابوون و هەمیشە ژاکاو دەردەکەوتن، پێستی چرچ بووبوو و وەک ئەوە وا بوو بە چنگ هەڵکەندرابێت.”

سەرەڕای ئەم دۆخە جەستەییە قورسە، ڕەمزی لە بارەی زەبرە دەروونییەکەی حەلیمەوە نووسیویەتی: ”بەڵام شتێکی تر هەبوو کە لە ناوجەرگەی ئەو خەندەیەی هێشتا دەیتوانی بیخاتە سەر لێوی، دەیتوانی نوقمی دڵتەنگیی بکات، متمانەبەخۆبوون و بزێوییەکەی پەرتەوازە بکات و بیەگەینێتە ئەوەی ترس لە دەموچاویدا دەربکەوێت. ئەمەیش لە یەکێک لە ئاهەنگەکانی کۆتایی تەمەنیدا دەرکەوت. کاتێک پێش ئاهەنگەکە تووڕە و شڵەژاو بوو و هەر ئەوەیش وای کرد دەماقاڵێ لەگەڵ جەماوەرەکەیدا بکات.”

سەبارەت بە هۆکاری ئەم گرژییە، ڕەمزی بەم جۆرە باسی دەکات: ”ئیتر جەماوەرکەی عەبدولحەلیم، وەک ساڵانی پەنجا و شەستەکان نەمابوون، بەڵکو لە نەوەی نوێ بوون. جەماوەری حەفتاکان پارەدار بوون، چێژی هونەرییان بۆ گرنگ نەبوو؛ هەر ئەوانیش لە داهاتوودا بوونە هۆی بەرهەمهێنانی جۆرێکی دیکەی هونەرمەند کە بە تەواوی لە حەلیم جیاواز بوو.”

عەبدولحەلیم حافز لەگەڵ جەماوەرەکانیدا، تونس

ڕەمزی پێی وایە گۆڕانی خواست و ئارەزووەکانی کۆمەڵگەی میسڕی بە هۆی کرانەوەی زیاتر بە ڕووی دەرەوە و داخرانی ناوەوەی وڵاتەکە لە هەموو سێکتەرەکانیدا، هۆکار بوون بۆ ئەو گرژییانەی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا تووشی عەندەلیب بووبوون، چونکە بە وتەی ئەو، لە پەنجا و شەستەکاندا بارودۆخ و وێستگەیەک نەبووە عەندەلیب تێیدا هەڵوێستی نەبووبێت و گۆرانیی بۆ نەچڕیبێت، بەڵام دواتر کە ئەو بارودۆخانە بە تەواوی دەگۆڕێن و نەوەیەکی نوێ بە خواست و خەونی جیاواز لە هیی پێش خۆیان دێنە مەیدانەکە، ئیتر هەم عەبدولحەلیم بەرگەی ئەوان ناگرێت، هەم جەماوەرەکەیش داوای زیاتر لەو دەکەن.

”سەرجەم ئەو دۆزانەی عەبدولحەلیم لە سەردەمی ساداتدا گۆرانیی بۆ وتبوون، ئیتر بۆ ئەو سەردەمە هەڵە بوون، چونکە هەر ئەوەندەی جەنگ و دۆزەکان کۆتاییان دەهات، دەسەڵاتداران پەیڕەوی سیاسەتیان دەگۆڕی و کاریگەرییەکی گەورەی خراپی دەکردە سەر ژیانی دارایی و کۆمەڵایەتیی خەڵک.”

لەگەڵ ئەم گرژییانەدا، عەندەلیب تووشی نامۆیی دەبێت. ڕەمزی هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو ”بەرەو خۆپەرستی چووە و پێی وابوو دەبێت هەمیشە سەرکەوتوو بێت”.

ئەوەی ڕەمزی باسی دەکات، زیاتر لە یەکێک لە ئاهەنگەکاندا نیشانەکانی دەرکەوتن. کۆمەڵێک ئامادەبووی ئاهەنگەکە، لە کاتی دەستپێکردنی گۆرانییەکدا، هەراوزەنا دروست دەکەن و دەست دەکەن بە فیکەلێدان. هەرچەندە ئەمە لە زۆربەی ئاهەنگەکانی تردا هەبوون، بەڵام لە هیچ یەکێکیاندا گۆرانیبێژەکە گرووپە موزیکییەکەی نەوەستاندووە و ڕووبەڕووی جەماوەرەکە ببێتە، وەک ئەوەی حەلیم کردی. تووڕەییەکی زۆر لە ڕوخساریدا دەبینرێت و بە ئاڕاستەی دەستی، هاوڕێ موزیسیانەکانی دەوەستێنێت، ڕوو دەکاتە جەماوەر و دەڵێت: ”ئەرێ بە ڕاست، خۆ منیش دەزانم فیکە لێ بدەم و هاوار بکەم!” فیکەیەک لێ دەدات و ئیتر وێنەی عەبدولحەلیم لە گەنجێکی ڕۆمانسی و دڵخوازی پەنجا و شەستەکانەوە، دەبێتە کەسایەتییەکی تووڕە و دژوەستاو بەرامبەر جەماوەرەکەی. ئەمە لە کاتێکدا بوو، حەلیم بەوە ناسرابوو ڕێزێکی زۆری جەماوەری خۆی لایە، تەنانەت بەوانەیشی کە ڕەخنەی لێ دەگرن. بۆ ئەم تایبەتمەندێتییە بەرزەیشی، هەمیشە نموونەی ئەوە دەهێنرایەوە، لە سەرەتای دەرکەوتنەکانیدا، عەبدولحەلیم حافز ئەوەی قبووڵ کرد جەماوەرەکەی تەماتەی تێبگرن، تا بەو سەرکەوتنە بگات کە خۆی دەیویست. ئەو بووە ”عەندەلیبە ئەسمەرەکەی عەرەب” و گەیشت بەوەی ویستی، بەڵام لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا هەراوزەنا و فیکەی بەشێکی کەم لە جەماوەرەکەی پێ قبووڵ نەکرا.

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, egypt, Music, public,