دیدى من – خوێنەر و کتێب
کتێب: بە ئارامى توانەوەى چلوورەکان
نووسەر: وریا مەزهەر
خوێنەر: بەڵێن عوسمان
”لەپڕ هەست بە جووڵە جووڵکردنى شتێک دەکەم لە ناو کاژەڵاکمدا.“
وریا مەزهەر لە کورتەچیرۆکى کرمدا، لە ڕێى خوڵقاندنى دیمەنێکى مەجازییەوە، بە زمانێکى ئاوێتە بە تەنز، باس لە یەکێک لە پەراوێزترین پرسە مرۆییەکان دەکات کە مرۆڤى مۆدێرن گیرۆدەیەتى. ئەو پرسەش لە بەراییدا بوونى پرسیار و دڕدۆنگییە بەرانبەر بە شتە بچووکەکان و لە ئاکامیشدا تێکچوونى پەیوەندیى نێوان مرۆڤ و دنیاى نوێیە.
مرۆڤێک باڵەخانەیەکى حەوت نهۆمى دەڕووخێنێت، تەنها بە خاترى ئەوەى بزانێت ئەو کرمە چییە کە شەو تا بەیانى لە ناو دیوارى ژوورەکەیدا جووڵە جووڵیەتى. دواتر دەستگیر دەکرێت و لە گرتووخانەدا هەست بە بوونى کرمێکى تر دەکات لە ناو کاژەڵاکیدا، بۆ ڕێگرتن لە نەهامەتییەکى نوێ پێویستى بە پارێزەرێکى یاساییە کە لایەنى کەم کرم لە کاژەڵاکیدا نەجووڵێتەوە.
لە کۆنتێکستى ئەم دەقەدا، ئایرو بە مێتافۆڕە ناسراوەکەى خۆى پەنجە دەخاتە سەر کێشەکانى مرۆڤى ئەم سەردەمە و بەشێک لە گرفتە دەروونییەکانى. هەر لە گێڕانەوەى چیرۆکەکەوە وێناى مرۆڤێک دێتە پێش چاومان کە مرۆڤێکى گۆشەگیر و دابڕاوە لە جیهانى دەرەوە، مرۆڤێک کە لێکەوتەکانى دنیاى نوێ چەپاندوویەتى و بەهۆى خۆدواندنەوە قسە دەکات. هەر ئەم مرۆڤە هەستەکانى قسەى یەکەم دەکەن، بەڵام سیستم ئەمە ڕەت دەکاتەوە و ئەو هەستەشى کە لەگەڵ حەقیقەتى سەلمێنراودا یەک نەگرێتەوە، بە خەیاڵ و مەحاڵى دادەنێت، سیستم پێویستیى بە جۆرە مرۆڤێکە کە عەقڵى نەک بکات بە سەنتەر، بەڵکو ڕێژەى ڕەهای گشت گومانەکان پشکى بێت؛ ئەمە وا دەکات ئەم کەسە لە کۆتایى چیرۆکەکەدا تەسلیمى ئەو خواستەى سیستم بێت و کرمەکەی ناو کاژەڵاکى فەرامۆش دەکات: ”من دەبێت لەمە زیاتر عەقڵم بەسەر هەستمدا زاڵ بکەم.“
ئەم چیرۆکەش، وەک زۆربەى چیرۆکەکانى ترى، تاک کەسایەتییە و گێڕانەوە لەبرى زاڵبوونى دایەلۆگ بە مۆنۆلۆگ نووسراوەتەوە. تایبەتمەندیى لەم شێوەیە پتر لە نووسینەوەى یادداشتدا بە کار دەهێنرێت، وەلێ ئایرو بە بوونى ئەو کۆنسێپتە جیاواز و نوێیەى ناوى، بەرگى چیرۆکى بە دەقەکە پۆشیوە. لە بنەڕەتدا ڕووخاندنى ئاپارتمانێک بە هۆى بوونى کرمێکەوە، ململانێیە لەگەڵ مۆدێرنە، لە لایەکى دییشەوە فزووڵییەکى سروشتیى مرۆڤە بۆ پەیبردن بە نهێنییەکان کە لە خواستى زانین و حەزى ناسیندا خۆى ڕەنگڕێژ دەکات، ئەم فزووڵییە زادەى خۆدوورگرتنە لە پاسیڤى و خواستى کەشفکردنى دیوى نەبینراوى بینراوەکانە.
ئەم چیرۆکە دوورکەوتنەوەیە لە ستایلى چیرۆکنووسینى تەقلیدیى کوردى، بە تایبەتى لەم چەند دەیەیەى دواى ڕاپەڕین، کە زیاتر بە زمانێکى ڕۆژنامەوانى و ناوەڕۆکێکى ڕیالیزمانەى ڕووت بەرهەم هێنراون، زۆر جاریش نووسەرانى ئەزموونگەرا لەسەر ئەو هێڵەى گێڕانەوە لایان نەداوە کە کە تێماى چیرۆکەکان پشتى بە ئەزموون و ڕاستیى سادە بەستووە؛ ئایرو لە خودى چیرۆکەکەدا باس لەمە دەکات، نێوەڕۆکەکەى دەکات بە ئارگۆمێنت بۆ بابەتەکە و دەڵێت: ”پێکەنیندارە! باشە، ئایا کرمێک ئەوە دەهێنێت کە پیاو خۆى بکاتە گاڵتەى دەستى هەموان و ببێتە بنێشتە خۆشەى سەر زارى ئەم و ئەو، دواتریش کەلەپچە لە دەستت بنێن و بە تاوانى ئەوەى تێکدەرێکى چەپەڵى کارکوشتەیت، بتخەنە زیندانەوە؟ ئەوساش هەرچەندە بقیڕێنیت و هاوار بکەیت کە وەڵا و بیللا من نووسەرم، ئەویش نەک نووسەرێکى کارکوشتەى ڕیالیست و سەد جار بۆیان شى بکەیتەوە کە هەموو ئەمانە پەیوەستن بە خەیاڵکردنەوەیەکى تووڕەهاتى چیرۆکنووسیى ئەزموونگەرایانەوە، کە لەوانەیە لە سوریالیزمیشدا چێژێکى پەنهانى وەرگرتبێت. کێ لەو ناوەدا گوو بە کڵاوت دەپێوێت؟“ ئایرو لەم ڕستەیەى کۆتاییدا بێهیوایانە باس لەو خوێنەرانە دەکات چێژى ساختە لەو چیرۆکانەدا دەبینن کە ڕیالیزمى بێ پێچوپەنان و هەمان ئەو خوێنەرانە گوو بە کڵاوى چیرۆکنووسێکى وەک ئایرو ناپێون، کە لە چیرۆکێکدا باس لە شتێکى بچووکى وەک کرم بکات.
وریا مەزهەر، ناسراو بە ئایرو، ساڵى 1975 لە خۆرهەڵاتى کوردستان لە دایک بووە. لە سەرەتاکانى تەمەنیدا دەستى کرد بە نووسینى شیعر و چیرۆک و هەر زوو وەک نووسەرێکى جیاواز و جیدى دەرکەوت. زۆربەى نووسینەکانى بە زمانى فارسى نووسیون و بەشێک لە شیعرەکانى وەرگێڕراون بۆ کوردى. جگە لەوانەش چەند دانە شیعر و چیرۆکى بە کوردى نووسیون. کۆمەڵەچیرۆکى بە ئارامى توانەوەى چلوورەکان کۆکراوەى چیرۆکە کوردییەکانیەتى کە لە ساڵى 2013دا لە لایەن دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەمەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. بە داخەوە کە زۆرینەى بەرهەمەکانى ئەو بە تیراژى کەم و چاپى خراپ بڵاو کراونەتەوە. ئایرو لە ساڵى 2011 و لە تەمەنى 36 ساڵیدا، لە وڵاتى فینلەندا کۆتایى بە ژیانى خۆى هێنا.
تێبینى:
ئایرو، لە پێچەوانەکردنى ناوى ”وریا“وە هاتووە
کاژەڵاک واتە کەللەسەر
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.