14/12/2018
DidiMn Logo
Top

کتێبە خراپەکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار

لە لایەن دیدی من 2 هەفتە پێش ئێستا

بڕیار محه‌مه‌د

 

کاتێک چووینە خوێندنگە، یەکەم کتێب سەرنجی ڕاکێشابین کتێبی”ئەلف و بێ‌ی نوێ“ی ئیبراهیم ئەمین باڵدار بوو، لەو کتێبەوە فێری پیتەکان و نووسین بووین بە زمانی کوردی.
دوای چەند ساڵێک خوێندن، من لە خوێندگەیەکدا کارم کرد، 3 ساڵی کۆتایی کارکردنم لەو خوێندگەیە وەک سەرپەرشتێکی زمانی کوردی بوو، دەبوو باشترین کتێب و باشترین ڕێگەکان هەڵببژێرم بۆ ئەوەی خوێندکارەکان ئاسانتر فێری زمانی کوردی ببن، چونکە ئەو خوێندگەیەی من کارم تێدا دەکرد خوێنگەیەک بوو بە زمانی ئینگلیزی دەیانخوێند و کوردی کەمێک سەخت بوو بۆیان، لەم ساڵانەدا چوومەوە سەر کتێبەکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار، هەڵبەت زوو هەستم کرد کە کتێبێکی خراپە و ناکرێت منداڵ بەم کتێبە فێر بکرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم ساڵانەی ڕابردوودا، لە ناو جیلی ڕۆشنبیراندا زوو زوو، لەملاولا دەبینم ئەم کتێبە دادەنرێتەوە و بە شان و باڵیدا هەڵدەدرێت، وا بزانم لەوەش تێپەڕیوە و چووەتە ناو شیعر و پەخشان و هونەریشەوە، دیسان لەم شەوانەدا لە فەیسبووک پۆستێکم بینی لەسەر ئەم کتێبە، وەک هەمیشە بە شانوباڵدا هەڵدان بوو.
کێشەی سەرەکیی ئەم کتێبە دووبارەکردنەوەی نەریتە کۆمەڵایەتییە خێڵەکییەکانە کە ئێمە پێوەی دەناڵێنین، زەقترینیان تێڕوانینە لەسەر مەسەلەی ڕەگەز و جێندەر و دووبارەکردنەوە و چڕکردنەوەی ئەو نایەکسانییەیە.
ئەم کتێبە ناڕاستەوخۆ لە زەینی هەمواندا کاری کردووە و جێدەستی خۆی داناوە، بەتایبەت کاتێک باس لە ئەقڵیەتی پیاوسالارانە دەکەین، پێم وایە ئەم کتێبە جێدەستی خۆی هەبووە نەک لە دروستکردن، بەڵکو لە تۆخکردنەوە و جەختکردنەوەیدا.
سەرەتا کاراکتەری یەکەم لە ناو کتێبەکەدا ”دارای کوڕ“ە. چوار وانە دەڕوات و نزیکەی 10 جار ناوی دارا دەهێنرێتەوە، ئینجا دواتر ناوی زارا دەهێنرێت، دەستپێکردن بە کوڕێک و دەرکەوتنی زارا دوای 4 وانە، دەکرێت لەو کاتەدا منداڵێکی 6 ساڵان نەبێتە پرسیار، بەڵام بێگومان ناتوانیت دڵنیا بین لەوەی کە ئەمە لە ناو مێشکی منداڵەکەدا چەسپ نابێت و دواتر کاریگەرییەک جێ ناهێڵێت.
شێوازی جلوبەرگ و ئەو ئامێرانەی بەکاری دەهێنن، بووکەشووشە بۆ کچەکە و مزراح و هەڵماتەکان بۆ کوڕەکان، ڕاستەوخۆ بە منداڵەکان دەڵێیت ئەگەر تۆ کچیت دەبێت چ یارییەک بکەیت، ئەگەریش کوڕیت چ یارییەک. لە وانەیەکدا کچێک لەگەڵ دایکیدا لە ماڵەوەن و لە پەنجەرەکەوە دارا دەبینن لە دەرەوە یاری بە کۆلارە دەکات، کچەکە بە دایکی دەڵێت: ”خۆزگە منیش کۆلارەم هەبوایە و یاریم پێ بکردایە“، بەڵام دایکی دەڵێت: ”یاری لەوە خۆشتر هەیە“. واتە: ئەوە یاریی تۆ نییە!
لە چەند چیرۆکێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کچان و ژنان چ کارێک دەبێت بکەن و کوڕان و پیاوانیش چ کارێک بکەن.
لە یەکێک لە چیرۆکەکاندا باوکی دارا دەگەڕێتەوە ماڵەوە و کاڵەکی پێیە، دارا دەچێت لێی وەردەگرێت، باوکی دارا بە دارا دەڵێت: ”بیدە بە دایکت با بۆت لەت بکات و توێکڵەکەی باش پاک بکات“.
لە چیرۆکێکی تردا بەم جۆرە دەست پێ دەکات: ”نەسرین ئارەزووی کارکردن دەکات،
وا نانی ساج دەکات، یارمەتیی دایکی دەدات، دارا قنج دانیشتووە سەیر دەکات.“
لە چیرۆکێکی تردا دەڵێت منداڵان حەز بە کاری ناو ماڵ دەکەن، بەڵام دەبینین کە منداڵەکان تەنها کچن و لە وێنەکەشدا هەر کچەکانن، هەڵبەت مەبەستیەتی بڵێت: منداڵە کچەکان حەز بە کاری ناوماڵ دەکەن.

”نەسرین چا لێدەنێت، نێرگز قاپ دەشوات“. وەک وێنەکان، ئەو فیگەرانەی تێیدا بەکار هاتوون کوڕ و کچەکان دیسان یەکسان نییە، لە کۆی کتێبەکەدا 130 وێنەی کوڕ و باوک و مامی تێدایە، بەڵام 94 وێنەی کچ و دادە و دایکی تێدایە. لە ڕووی ئەو ناو و ناسناوانەشەوە کە بۆ بانگکردنی مرۆڤ بەکار دێن 99 دانەی تایبەتن بە نێر و 75 دانەی تایبەتن بە مێ، یەکێکیان ناسکۆڵێیە،
لە هەمووی خراپتر بۆ نموونەی پێتی ”ڤ” لە کتێبەکەدا وشەی ”مرۆڤ“ هێنراوەتەوە، وێنەیەکیشی لەگەڵدا دانراوە و کە وێنەی پیاوێکە!
بەگشتی من داوا و چاوەڕوانیی زیاترم لە ئیبراهیم ئەمین باڵدار نییە، کێشەکە لەو گەورەکردن و بەرزنرخاندن و پێداهەڵدانە زۆرە بێبنەمایەیە بۆ ئەم کتێبە،
بە کورتی ئەم کتێبە بێئەندازە خراپە و نەدەبوو بە هیچ جۆرێک لە منداڵیماندا یەکەم شتێک کە لە خوێندنگە فێری بین ئەم کتێبە بێت، نەدەبوو لەو تەمەنەوە ئەم هەموو جیاوازییە ڕەگەزییە بخزێننە ناو میشکمانەوە، بێگومان دواتر ئەمە کاریگەری دادەنێت لەسەرمان، وەک چۆن دایناوە،
بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەم کتێبە نەماوە، کتێبەکەی ئێستا کارەکتەرە سەرەکییەکەی سمۆرەیەکە نەک کوڕێک بە ناوی دارا، کە دوو دار دەبینێت.

Bryar Muahamd, Wtari Kteb,