24/04/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبێکی تایبەت بە شانۆی ئیمپرۆ بڵاو بووەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕاگەیاندنی کتێبی ”شانۆی ئیمپرۆ”

شانۆکاران دیار عومەر و بورهاد قەرەداغی، کتێبی ”شانۆی ئیمپرۆ”یان چاپ و بڵاو کردەوە، کە لە ٢١٦ لاپەڕەدا باس لە مێژوو و تایبەتمەندییەکانی ئەو جۆرە شانۆیە دەکات و گۆران محەمەد پێشەکیی بۆ نووسیوە. لە ئێستادا لە زۆرینەی کتێبفرۆشییەکانی باشووری کوردستان دەست دەکەوێت.

سەبارەت بە گرنگیی کتێبە بۆ شانۆی ئەمڕۆی باشووری کوردستان، نووسەران دەڵێن: ”ئێمە لەم کتێبەدا ھەوڵمان داوە شانۆی ئیمپرۆ وەک ڕەوت و تەرزێکی شانۆیی نوێ بە شانۆکار و بینەری کورد بناسێنین. ستایلی شانۆیەکی جودا لە فۆرم و پێکهاتە و مامەڵەکردن لەگەڵ بینەردا. خودی ئەم ڕەوتە شانۆییە، شانۆی لەژێر دەستی نووسەر و دەرھێنەر دەرھێنا و شانۆی لە ھەژموون و دەسەڵاتەکانی  نووسەر و دەرھێنەر ئازاد کرد. بۆیە ئێمە وەک ھەردوو نووسەری ئەم کتێبە پێمان وایە شانۆیەکی گرنگی وا پێویستە شانۆکاری کورد ئاگای لێ بێت و ئەزموونی بکات. بۆ ئێمە گرنگ بوو ئەزموونێکی وا کە جودایە لە شێواز و ئەزموونەکانی تر، بخەینە بەردەم شانۆکاری کورد. شانۆیەک کە بەرھەمی کۆمەڵگەیەکی کراوە و مەدەنی بێت و پانتاییەکی گرنگ و نوێ واڵا بکات بۆ دروستکردنی مرۆڤی ئازاد و بەرھەمهێن. شانۆیەکی نوێی لەم چەشنە گرنگە بۆ نێوەندەکەمان. تا جووڵەی شانۆکەمان فرەڕەنگ و فرەستایڵ بێت، کە ببێتە فاکتەر و سەرچاوەیەکی گرنگیش بۆ فرەڕەنگیی کۆمەڵگەکەمان.”

هەروەها لە بارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەیانەوە دەڵێن، کە بە وردی تەواوی مێژووی دروستبوون و گرنگیی ئەو جۆرە شانۆیە لە سەرەتای کتێبەکەدا باس کراوە، ئەمە جگە لەو تایبەتمەندییە جیاوازانەی هەیەتی و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازییان هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا باسیان لە ڕەگەزە دیارەکانی شانۆکە کردووە، بە تایبەتی ئەکتەر، کە بەشێکی تایبەتیان بۆ تەرخان کردووە و بە وردی ئەرک و پێگەیان دیاری کردووە. ئەمە جگە لە باسکردنی ئەو یارییە جیاوازانەی بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی توانای ئەکتەر لەو جۆرە شانۆیە گرنگن.

لە بارەی ئامانجی کتێبەکەیشیانەوە دەڵێن: ”ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە کە ئەم کتێبە گرنگییەکی باشی دەبێت بۆ ئاشناکردنی خوێندکاران و شانۆکاران بە پرۆسە و کاری خۆزایی و ئیمپرۆیی. ھەروەھا گرنگە بۆ گەشەدان بە توانا ھزری و ئەندێشە و فەنتازیا و دەربڕین و بیناکردن و دروستکردنی چیرۆک و ڕووداو و دۆزینەوی کاراکتەر و… ھتد، ئەمانەیش بۆ فێرخوازێکی شانۆ و شانۆکاران و ناوەندەکانی خوێندن گرنگ و پۆزەتیڤن. ئەم کتێبە ڕوویەکی پەروەردەیی و فێرکاریی ھەیە، ئەمەیش خاڵێکی گرنگە بۆ بۆ فێرخوازانی شانۆ و شانۆکاران، بە تایبەتی ئەکتەر.

هاوبەشی بکە

empreo, Theatre,