04/06/2020
DidiMn Logo
Top

کوردیی و سۆمەریی، تۆ بڵێی ڕۆژهەڵاتناسان شتێکیان شاردبێتەوە؟

لە لایەن دیدی من 2 هەفتە پێش ئێستا

پویا قەنبەروەیسیی
بۆ کوردیی ناویین: سوورێن ئیبراهیم

پێشەکیی وەرگێڕ:

فێردیناند دی سۆسێر دەیوت، زمان لە دوو بچینەى لێک هەڵنەبڕاو پێک دێ: دەنگ و واتا، داهێنانی دەنگ یەکەمین شۆڕشی مرۆڤایەتیی بووە، لە دەنگ و زمانەوە باوەڕمەندییەکان، ئەفسانەکان، وێناکان، داکەوتوون و بێهەژمار تێچنی مرۆڤایەتیی لە سەر بنەمای ئەو وێنەدەنگ و ڕێسا ڕێزمانییانە تۆمار کراون. پاشانەکێ بەپێی ڕەوتی گەشەى زمانە جیاوازەکان بیچمیان گرتووە. جا هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە گوزارشتیان پێ لە بیروباوەڕی ئایینی و ئەفسانەیی و مێژوویی و فەلسەفیی و تەکنەلۆژیی کراوە. یاکۆپسن لە پەڕتووکی ‘دەنگ و واتا’ـدا دەیوت، هەر دەنگێک واتایەکی هەیە و هیچ واتایەک نییە بەبێ ئەو دەنگەى وا دەری دەبڕێ. کەواتە یەکەمین شۆڕشی مرۆڤ داهێنانی نووسین نییە، بەڵکوو داهێنان و توانای پەیڤین و وێنەدانە بە دیاردەکان لە سەر بنەمای ئاوازی دەنگەژێیەکانی .لەم وتارەی وا من وەرمگێڕاوە، وەرگێڕ تەنیا ئاماژەی بەو دەنگە وێنە بۆ دانەنراوە کردووە وا لە وشەکانی (مانگ و مانگا)ـدا هەیە، لێ لە بنزاری گەرمیاندا، بەشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی گەرمیان، پێنج دەنگی تر هەن، سا ئەو دەنگانە وەک یەک دەبێژرێن و گۆ دەکرێن، لێ چوار ئەرکی جیایان هەیە، واتە چوار دەنگی جیاوازن، ئەم دەنگانە وێنەیان بۆ دانەنراوە، لەوانەشە لەو سۆنگەوە بێت، کە دانەران و مامۆستایان کاتی خۆی ئاشنای نەبوون، ئەگینا زۆر گرنگن و هەر بەوەى کە وێنەیان بۆ دانەنراوە، لەوانەیە لە بانەڕۆژدا چەندین وشە و دەستەواژە لەکیس بدەین… من وێنەدەنگەکانم بەپێی نزیکییان لەو پیتەى وا لە سۆرانیی ستانداردا بۆیان دانراوە، داتاشیوە، هەر وەک بەپێی نزیکیی (فـ) وێنەی دەنگی (ڤ)، و (س) بۆ (ش) و (ج) بۆ (چ) داتاشراون، ئاوام کردووە. بانگەشەی بەکارهێنانی ناکەم، بەڵام بێ ئەملاولا، گەر وێنەدەنگیان بۆ دانەنرێ، ئەوا سەدان وشەی ئەو ناوچەیە خاشەبڕ دەبن، کە هیچ وشەیەکی تر لەوانەیە فیتاوفیت جێی مەبەست و مانایان نەگرێتەوە. بۆ پرسیی شەددەی عەرەبییش ئێمە لە کوردییدا هێزمان هەیە کە قورسایی دەخاتە سەر جووپیتێکی دووبارە: گوللە، کوللە، چللە، شەممە و هتد…

١. لە دۆخی کرداری ڕابردووی تەواودا: (وە)ـی نیشانەى کرداری ڕابردووی تەواو جێی وێنەدەنگێکی گرتووەتەوە کە من (ۋ)ـم داناوە: فڕیوە، چڕیوە، خواردووە، کردووە، بردووە. ئاوایان لێ دێت: فڕیـۋە، چڕیۋە، خواردۋۋە، کردۋۋە. بۋۋەسۆ (بووەتەوە.)

٢. شێوەیەکی تری ئەم دەنگە پیتی (گ) جێی گرتووەتەوە، وەک، چەرمـڴ، کارڴ، کەورڴ، ئاڴر، چێیڴ، ورڴ، هەڕڴ. شەوڴەرد. لە سۆرانیی ستاندارددا ئاوای لێ هاتووە: چەرموو-چەرمگ، کارگ، کەورگ، ئاگر (ئاور) ورگ، هەڕگ، چێیو (چێیی. چێیگ؟!) (پلەیەک لە ڕچیو کەمتر)، شەوگەرد.

٣. شێوەیەکی تری ئەم دەنگە جێی جێناوی لکاو بۆ کەسی دووەمی تاک دەگرێتەوە، من (ث)ـم بۆ داناوە، سا ئەم وێنەدەنگە هیچ پەیوەندیی بە پیتی (ث)ـی عەرەبییەوە نییە و ئەرکەکەى جیاوازە، بۆ نموونە: سەرت، ملت، دەنگت، پرچت، سەگت، دەشتت. دەت کەم. (لێت دەم.). ئاخێوەرانی ئەم بنزارە ئاوا گۆی دەکەن: سەرث، ملث، دەنگث، پرچث، سەگث، دەشتث، دەث دەکەم، جا بە ناچار، پیتی (ت)ـی جێناوی لکاوی کەسی دووەمی تاک جێی گرتووەتەوە.

٤. شێوەیەکی تری ئەم دەنگە پیتی (ک)ـی کۆتا جێی گرتووەتەوە: بەد، یەک= بەڭ، یەڭ.

٥. شێوەیەکی تری بەشێکە لە ڕەگی ڕانەبردووی دانانیی: بدا= بڎا و کرداری ڕابردووی ناتەواو (دا) لێی ڎا. ئەم دەنگە لە زاری هەورامییشدا هەیە، جا بۆیە هەمان وێنەم بۆ داناوە کە لە ڕێنووسی هەورامییدا بۆی درووست کراوە، دەنگی (ڎ) لە هەورامییدا دەنگێکە لە نێوان پیتی (د-ڵ):

ئەڎا = دایک

ئاڎ = ئەو (بۆ کوڕ)

ئاڎە = ئەو (بۆ کچ)

کەواتە: یەک دەربڕین و گۆکردنمان هەیە، بەڵام لە بنەچەدا جیاوازن و چەند ئەرکی جیا ڕادەپەڕێنن، بۆ نموونە: بەگزادە و بەدکردار. لە بنچینەدا ئاوا دەخوێنرێنەوە: بەڴزاڎە و بەڎکرڎار، کەواتە ئەم دەنگانەی وا وێنەدەنگم بۆ داتاشیون، پێنج دەنگی جیاوازن، چونکە لە پێنج جێی لێکجیاوازدا دێن و پێنج ئەرکی جیا ڕادەپەڕێنن. زمانی کوردیی زمانێکە تەواو سرووشتیی، لە سرووشتەوە سرووشی بۆ هاتووە و سەرچاوەى گرتووە نەک سازییە کۆمەڵایەتیی و ڕامیارییەکانی مۆدێڕنیتە درووستیان کردبێ، وەک هەندێ زمان!، بۆیە دەنگ ڕۆڵێکی ناوەندیی لە ناسنامەى ئەم زمانەدا دەگێڕێ!

زۆرینەى ئەم گۆکردنانە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی گەرمیان بەکار دەهێنرێن، ئەوەى من تێی ڕامابم و لێم خوێندبێتەوە و ئەزموونم کردبێ، ئەم دەنگە پەیوەندیی بە ڕووباری سیروانەوە هەیە، ئەم گۆکردنە لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە لە پارێزگای سنەوە درێژ دەبێتەو بۆ مەریوان و لەوێوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە (هەندێ لەم دەنگانە لە ناوچەی سلێمانیشدا دەبینرێنەوە)، پاشان لێژ دەبێتەوە بۆ و شارەزوور تا خواری کەلار لە بەشی خۆرئاوا بە کۆتا دەگات و لە بەشی کەوانەى ڕۆژئاوا و باشوورەکەى لە زنجیرە گوندەکانی کوردەمیر و ئەو شەقامە سەربازییەى وا ناوچەی زەنگەنە و بنەى جاف لێک هەڵدەبوێرێ، کۆتایی دێت، لەوبەریشەوە واتە ناوچەى زەنگەنە و داوێ تا درێژ دەبێتەوە و خورماتوو تێ دەەپەڕێنێ و دەگاتە کەرکووک، بۆ خوارێش لە زەرداوەوە تا خانەقین، ئەم ناوچەیە بە گۆکەری دەنگی (سۊور) دەناسرێنەوە، ئەم دەنگە لە زۆر زمانی زیندووی جیهانییشدا هەیە.

٦.  کوردی ئەم ناوچەیە ئەم دەنگە کاتێک گۆ دەکەن کە پێش ئەو دەنگە دەنگێکی نەبزوێن هاتبێت:

سۊر: سوور

چۊ: چوو

بۊ: بوو

مۊ: موو

شۊ: شوو

 لە کوردیی کرمانجییدا ئەم دەنگە وینەدەنگی (ü)ـی بۆ دانراوە.

ڕەنگە ئەمەش کاریگەى ئەو هەبوونە زمانەوانییەی کوردیی خواریین یان باشووریی یان کرماشانیی بێت و تا ئێرە تەرزی کوتابێت. پرسی بنزاری گەرمیان و گەرمەسێر، لە هەموو ئاستەکانی دەنگسازیی و وشەسازیی و ڕستەسازییدا، پرسێکی ئاوکێشە، هەندێ پرسی ڕیزمانیی ئەم ناوچەیە هەن، گەر بکرێنە سەربار بۆ کوردیی ستانداری سۆرانیی، ئەوا ئەم کوردییە ناوەندییە لە زۆر تەنگەژە و لیڵیی ڕێزمانی ڕزگاری دەبێت. ئەمە جارێ با بمێنێ. (من بۆ شتێکی تر هاتم!)

بۆ پرسی زاری باشووریی یان کوردیی خوارینییش، نووسەر لەمەڕ ئاوەکیکردن ‘ئایسمیلاسۆن’ـی زارەکە ڕاستی ڕوون کردۆتەوە، لێ بۆ بابەتی جیاوازیی لێل کوردیی ناویین زۆر هاوڕا نیم و کوردیی خواریین خۆی خاوەنی ڕێسا و شووناسی تایبەت بە خۆیەتی و هەر ئەو جیاوازییەش بەشێکە لە دەوڵەمەندیی.

دەقی وتارەکە:

ئەم وتارە لە جووتێک ئامانجی سەرەکیی دەگەڕێ: یەکەم: تۆژینەوەیەکی پانوپۆڕتر لە ماتەوزەی زمانی کوردیی و کێماسییەکانی زمانی فارسیی. دووەم: بەرپەرچدانەوەى ئەو پاگەندە پڕوپووچانەى وا زمانی کوردیی بە زارێکی فارسیی دەزانن. سا بانگەشە لەرزۆکەکانیان دەڵێت، گوایە زمانی کوردیی ماتەوزە و بڕستی پێویستی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەوى زانستیی نییە.

لە چوار بەشدا دەپەرژێینە سەر ئەم پرسە:

بەشی یەکەم: عەرەبەیل بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە فارسیی زاری سیوسێیەمی زمانی عەرەبییە، مسۆگەر ئەم بانگەشەیەش هەڵۆڵ و پووچەڵ نییە.

لە ٣٢ پیتی زمانی فارسیی ٩ پیتیان سەرومڕ عەرەبیین.

پیتی (ث): هەر وشەیەک ‘ث’ـی تێدا بێت، بێگومان عەرەبییە و ڕیشەکەی فارسیی نییە.

پیتی (ح): هەر وشەیەک ‘ح’ـی تێدا بێت، بێگومان عەرەبییە و ڕیشەکەی فارسیی نییە.

پیتی (ذ): هیچ فارسزمانێک (ذ)ـی ذال وەک ذال گۆ ناکات، بەڵکوو بە (زال) گۆی دەکات. پتر لە ٩٥%ـی واژەی ذالدار ڕیشەکەیان عەرەبییە. جگە لە واژەکانی گذر و گذراندن و پذیرش و پذیرفتن و آذین.

پیتی (ص): هەر وشەیەک (ص)ـی تێدا بێت، مسۆگەر عەرەبییە، جگە لە ژمارەی (شصت و صد)، کە بە ئەنقەست چەوت دەنووسرێن، تا لێل پەنجەى شست (هەڵمەقووتە) و سد (بەنداو)ـی سەر ڕووبار ئامێتە نەبن.

پیتەکانی (ض/ظ/ع) بێ هەڵاواردن تایبەتن بە وشە عەرەبییەکان، شتی وا لە فارسییدا نییە. بە تایبەتیی ظاد، بگرە عەرەبەیل بە ظادبێژ بەناوبانگن. کەواتە ئەم ڕێسایە تایبەتە بە عەرەب نەک نەتەوە سامییەکانی تر.

پییتی (ط) مشتومڕهەڵگرترین پیتی ڕێنووسی وشەکانە. (ط) تایبەتە بە عەرەبیی و لە فارسییدا «ط»ـمان نییە. ئەو وشانەى وا بە «ط» دەنووسرێن یان عەرەبیین یان چەوت دەنووسرێن.

پیتی «ق»ـی پلەی دووەمی ئەم پیتە مشتمومڕهەڵگرانەى پێ دەبڕێ. لە فارسییدا (قاف)ـمان نییە، بەڵکوو «غ»ـمان هەیە. ٩٠%ـی قافەکان تایبەتن بە عەرەبیی و زۆربەی وشە عەرەبییەکان لە ڕیشەی سێ پیتی و ئاوازدارییدا خزمن، وەک: قاسم، تقسیم، مقسم، انقسام، قسم، قسمت، اقسام، مقسوم، قسام، منقسم، دۆزینەوەى وشەی قافداری عەرەبیی کارێکی ئاسانە. بەڵام وشە قافدارەکانی تر یان تورکیین یان مەغۆلیی یان کوردیی. 

لێ پرسەکە هەر ئاوا نابڕێتەوە:

هەمزە «أ – و – ؤ – ء» لە وشە عەرەبییەکانن و بە زۆریی لە وشە فارسییەکاندا بەکار ناهێنرێن. بۆ نموونە: مؤمن، مسئول، قرآن، تأكید.

لە کۆتایی زۆربەی وشە عەرەبییەکانیشدا تەنوینی «آ» بەکار دەبرێ و بە شێوەی «ن» گۆ دەکرێ.

بۆ نموونە: مثلا (مثلن) – لطفا (لطفن)

هەندێ لەو وشە عەرەبییانەى وا هاتوونەتە نێو زمانی فارسییەوە، بە (یٰ) کۆتاییان دێت و وەک (ا) گۆ دەکرێن. بۆ نموونە: عیسی (عیسی)، – کبری (کبرا)،  عضمی (عظمی)، – هوی (هوا)

شەددە یان هێز ««ّ یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی زمانی عەرەبیی و پتر  لە وشە عەرەبییەکاندا بەکار دەبرێ.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زمانی عەرەبیی بوونی هاوڕیشەیی چەمکەکانە بەپێی ڕێسای سێ پیتە بنەڕەتییەکەیە. سا لە فارسییدا ئەم ڕیسایە ڕەچاو ناکرێت. بۆ نموونە: رحیم، مرحوم، رحمت، مراحم، (رحم)، شرکت، مشترک، شریک، اشتراک،، (ش ر ک)، ئەو وشانەشى وا لە سەرۆ پەنجەنما کران، عەرەبیین.

گەر چەند نموونەیەک بهێنینەوە، بابەتە ڕوونتر ڕۆشنتر دەبێتەوە:

تنظیم تظاهرات به منافع ملت است. «ڕێکخستنی خۆنیشاندان لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییانە.»

لەو ڕستەى سەرێ وشەکانی «تنظیم و، تظاهرات و، منافع»، عەرەبیین. گەر چاو لێ بکەن وشەی «ملت» هیچ یەک لەو ٩ پیتەى وا ئاماژەمان پێ کرد تێدا نییە، لێ دیسانەوە ئەویش عەرەبییە. ئەڵبەت نموونەی زۆر هەن: «موسوم، فکر، شمال، جنوب، اخبار، اختلاف»، گەر پیت و وشە عەرەبییەکان لە زمانی فارسی دەربکێشین، ئەوا فارسیی قسەی پێ ناکرێت.

بە نموونەیەکی ڕەزا پەهلەویی ئەم باسە دادەخەم.

ڕۆژێکیان ڕەزا پەهلەویی بە بۆنەى کردنەوەى وێستگەى هێڵی ئاسنی تاران ئامادە بوو، تابلۆیەکی دیت، تێچنێکی سەیروسەمەرەی لەسەر نووسرابوو، چەند جار هێنای و بردی. لێ سەرەندەری لێ دەر نەکرد. «سرنشین گردکی، آورد و برد سیخکی»، بەرپرسی ئەو شوێنەى بانگ کرد، تێی ڕاخوڕی: ئەمە چییە کابرا؟ بەرپرسەکە بە دەستەپاچەیی و لاڵەپەتێ، وەک بی ناو ئاو هەڵدەلەرزی، وتی: قوربان، فەرمانت دابوو بەکارهێنانی وشەی بێگانە و بەتایبەت عەرەبیی لە فەرمانگەکاندا، بێ ئەملاولا، ڕێبەند بکەین. ئەم تابلۆیە پێشتر ئاوا بوو: (رئیس دایرەی حمل و نقل مستقیم.)، چەندمان هێنا و برد، بەرانبەری وشەی (رئیس)ـی عەرەبییمان چنگ نەکەوت، سەرەتا (صدر)ـنشینمان هەڵبژارد، لێ (صدر)ـیش عەرەبیی بوو. ناچار وشەی (سرنشین)ـمان لەبری (رئیس) دانا. سەرەی وشەی (دایرە)ـی عەرەبیی هات و بەرانبەرەکەیمان نەبوو. بۆیە (گردکی)ـمان هەڵبژارد. پاشان بەرانبەر وشەی (حمل و نقل)ـی عەرەبیی، (آورد و برد)ـنمان دۆزییەوە، کەواتە هەمان آورد و بردنە. بۆ قوڕبەسەریی وشەی (مستقیم)ـش عەرەبیی بوو. بەرانبەری ئەویشمان نەبوو. (سیخکی)ـمان لەباتی دانا و ئاوای لێ هات: (سرنشین گردکی آورد و برد سیخکی.)

بەشی دووەم: بەراوردی زمانی فارسیی کوردیی لێل فارسیی: ئەلفبێی کوردیی ٣٩ پیتە، تەنها جووتپیتی (ع-ح)ـی بۆ زیاد بووە، ئەم جووتپیتەش بۆ گۆکردنی ناوەکانی (احمد و محمد و علی و عمر و…) بەکار دەبرێ. ئەو وشە عەرەبییانەى وا ئەم دوو پیتەیان تێدایە بۆ سەر زمانی کوردیی زیاد نەبوون.

ئەلفبێی زمانی کوردیی: (ئـ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر  ڕ ز ژ س ش ع غ ف ڤ ق ک گ ل ڵ م ن و وو ۆ) دیسانەوە دەبینیت پیتەکانی (ڕ، ڵ، ۆ، ێ، ڤ، وو) تایبەتمەندیی زمانی کوردیین و لە ئەلفبێیی عەرەبیی و فارسییدا نابینرێنەوە. ئێمە لە زمانی کوردییدا تەنیا یەک دەنگمان هەیە کە گۆی بکەین وێنەدەنگیمان نەبێ، لە زمانی کوردییدا گەر (مانگا و مانگ) گۆ بکەین، درک بە دەنگی نێوان (ا، ن) دەکەین. لێرەدا ئامانجمان دانەوەى وانەى کوردیی نییە، بۆیە هەر بەو نموونانە دڵمان ئاو دەخواتەوە. لە ڕستەى (تنظیم تظاهرات به منافع ملت است.) بەرانبەرەکەی لە کوردییدا دەبێت بە: (ڕێکخستنی خۆنیشاندان لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییانە.)

موسوم: ناڤدێر.

فكر: خەیاڵ، ڕا، ڕەت، زەین، هزر، هژر، هەسەر، هەڵوێس، هەڵوێست، هیزر، ویر، بیر.

شمال: باكوور.

جنوب: باشوور، ڕاژێر، ژێروو، نشیڤ.

اخبار : باسوخواس، دەنگوباس، قسەوباس، هەواڵ، هاڵوهەواڵ.

اختلاف: ناکۆک، کێشمەکێش.

رئیس: سەردەسته، سەرگەوره، سەرگەڤار، سەرگەڤاز، سەرەک، سەرۆک، مەزن، مەزند، یەکمان، دایره: بز، خاز، خیزک، شووز، گۆفەندەک، هیل، کۆز، چووز، بازنە. خودان.

حمل و نقل: گواستنەوه، ئازوگوێز.

مستقیم: ڕاس، ڕاسا، ڕاست، ڕاستەوخۆ، ڕاستەوڕاست، ڕاستەڕێ، سەرڕاست، مەرتەبا.

گەر سەرنج بدەیت، لەوێدا کە فارسیی هازی نییە تەنانەت یەک وشەش بۆ بەرانبەرەکەى دانێ، کوردیی چەندین وشەی بەرانبەری هەیە.

ئەم بەشەش بە وتەیەکی خاتوو ‘نیکتا هایدن’ـی زمانناس دەبڕێنمەوە:

لە زمانی کوردییدا ئەوەندە پێچوپلووچ و ناسکیی هونەریی و شەنگ هەیە، لێم دوورە مرۆڤ دەستی لە چنینیدا هەبێ، هەر دەڵێی خواوەند خۆی ئەم زمانەى چنیوە.

بەشی سێیەم: لە بەشی سێیەمدا دەپەرژێینە سەر ئەو مژارە مێژووییەی کە زمانی فارسیی ناوەند نییە تا زمانی فارسیی ئەمڕۆمان هەبێ. تەماشا، بەپێی پەڕتووکەکەى مامۆستا سۆران حەمەڕەش، ڕیشەی زمانی کوردیی بۆ سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە. لەم وتارەدا ناتوانین ئەوە بەسەر بکەینەوە. لێ بە هێنانەوەى چەند نموونەیەک ئەو نزیکییەى نێوان زمانی کوردیی ئەمڕۆیی و زمانی سۆمەریی دەبینین:

سۆمەریی: نامه مو زی مو.

کوردیی: ئامەم ژی/ژینمه.

فارسیی: مادرم زندگی من است.

سۆمەریی: ئامه مو شه ئاڕی.

کوردیی: ئامەم جۆ ئەهاڕێ.

فارسیی: مادرم جو آسیاب میکند.

سۆمەریی: ئامه مو ئیش گار نوه.

کوردیی: ئامەم ئیشكەر نییه.

فارسیی: مادرم کار کن نیست.

سۆمەریی: مێلی مو گوره.

کوردیی: ملم گەورەیه.

فارسیی: گردنم بزرگ است.

سۆمەریی: یمالمو دار نوه.

کوردیی: ماڵم تار نییه.

فارسیی: خانەام تاریک نیست.

سۆمەریی: ئامه مو نو مێه.

کوردیی: ئامەم نەماوه.

فارسیی: مادرم نمانده است. (بە واتای لەدەستدان.)

سۆمەریی: پاپ مو نو نوه.

کوردیی: بابم نانوێ.

فارسیی: پدرم نمیخوابد.

سۆمەریی: پاپ مو وشو دینار لایه.

کوردیی: بابم سی دیناری لایە.

فارسیی: پدرم سی دینار مقروض است.

سۆمەریی: پاپمو گو زوبی نینده گوه.

کوردیی: بابم لە گوێی زێ نان ئەخوا.

فارسیی: پدرم غذایش را در کنار رودخانه میخورد.

سەرنج بدەن، زمانی سۆمەریی بۆ حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەگەڵ کوردیی ئەمڕۆیی نەختاڵێ جیاوازە، بە خوێندنەوەی پەڕتووکی ‘کورد کێیە؟’ـی مامۆستا سۆران حەمەڕەش، دەتوانی سەدان وشەی هاوبەشی کوردیی و سۆمەریی بدۆزیتەوە. هەروەتر ئێمە ئەوە دەزانین کە کوردەیل نەوەى ئەو مادانەن وا تۆرەمەی سۆمەرییەکانن. لەم بەستێنەدا هەردوو توێژەری گەورە Diakonoff و Gershevitchـی شارەزای فارسیی کۆن و ئیلامیی پێیان وایە ئەو ئەلفبێیەی وا فارسیی کۆنی پێ نووسراوە، لە بنەڕەتدا هیی مادەکان بووە و فارسەکان گۆڕیویانە و زمانی خۆیانیان پێ نووسیوەتەوە. (Panaino &Circassia p.79,80 2006)، ئەم بیرۆکەیە فیتاوفیت ڕاستە، چونکە فارسەیل زۆربەی ڕەفتار و جلوبەرگ و… ـیان لە مادەکان (کوردەکان)ـەوە وەرگرتبوو. (فێری ژیارمان کردن.) لەو سۆنگەوە کە کە فارسەیل نەتەوەیەکی تازە بوون، دوور بوو ماخۆی ئەلفبێی خۆیان بن. بۆ سەلماندنی ئەم بیرۆکەیە دەبێ تەماشایەکی پەڕتووکەکەى ئیبن وەحشیە (شوق المستهام في معرفه رموز الاقلام) بکەین، ئیبن وەحشیە لە ساڵی ٨٥٦ـی زاینیی لە پەڕتووکێکدا ئەلفبێی کۆنی گشت زمانەکان گلێر دەکاتەوە، گوایە خۆی واتەنی تا پێش بە لەناوچوونیان بگرێت. ئەوەى وا ئیبن وەحشییە بە ئەلفبێی کوردیی ناودێر کردووە، ماخۆی ٣٧ پیتە، ٣٠ پیتی عەرەبیی لە بەرانبەریان داناوە. ئەو پێی وا بووە: زمانی کوردیی ژمارەیەکی فرەتری لە ستاندارد پیت تێدایە. ئیبن وەحشییە لە ساڵی ٨٥٦ـی زایینییدا وتویەتی: ئەلفبێی کوردیی لکێکە لە ئەلفبێیەکی سەیروسەمەرە، چونکە ڕیزێک پیتی تێدایە کە لە زمانەیلی تردا نابینرێنەوە. ئێستاش گەر ورد ببینەوە دەبینین ژمارەی پیتە کوردییەکان ٣٧ و ژمارەی ئەلفبێی مادیی ٣٦. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە زمانی کوردیی هەر زمانی مادەکانە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە هەمان پەڕتووکدا شێوەیەکی ئەلفبێی فارسیی هەیە کە ٢٨ پیتە. هەروەها لەو سەردەمەدا کوردەکان خۆشیان ئەو بابەتەیان زانیوە و گوتوویانە: زمانەکەیان هەر زمانی مادەکان و سەرەنجام زمانی سۆمەرییەکانە. هەروەها ئەلفبێیەکی تری کوردیی هەبووە کە دەقەکانی ئێزدیی پێ نووسراوەتەوە، گەرچی ئەم ئەلفبێیە سادەترە، لێ وا دەنوێنێ کە لەو ئەلفبێیەی وا ئیبن وەحشییە ئاماژەی پێ دەکات، تازەتر بێت. وادیارە شێوە و پلەیەکی تری زمانی کوردیی بێت، بەڵام ئەم ئەلفبێیەش ٣٤ پیتییە. دیسانەوە ٢ پیتی لە ئەلفبێی مادەکان کەمترە. ئەمە لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا ئەلفبێی ئارامییەکان تەنیا ٢٤ پیت بووە. هەردوو پەڕتووکی پیرۆزی (جیلوە) و (مەسحەفا ڕەش) بەم ئەلفبێیە نووسراونەتەوە. ئەم ئەلفبێ تازەیە ژمارەیەکی زۆر تێکست و دەقی لێ بەجێ ماوە، خۆشبەختانە لە وای ئایینی یارسانەوە پارێزراوە، دەتوانین ئاماژە بە باڵووڵی ماهیی لە سەدەى هەشتەم و نۆیەمی زایینی بکەین، ژمارەک هەڵبەستی لێ بەجێ ماوە، زۆربەیان ئایینین و پەیوەندییان بە ئایینی یارسانەوە هەیە. یان باباتاهیری هەمەدانیی، کە ئەویش کەسێتییەکی گەورەی ئایینی یارسانە و ژمارەیەکی زۆر هەڵبەستی نایابی لە پاش بەجێ ماوە. سەیر ئەوەیە هەندێک کەس هێشتانەکێش پێیان وایە پێشینەى زمانی کوردیی بۆ دووسەت تا سێسەت ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە!!! لە کاتێکدا هەزاران هۆنراوە بە زاراوەى سۆرانیی و گۆرانیی سەدەى هەشت و نۆی زایینیی بەجێ ماون!!!

بەشی چوارەم: ئەمە کورتەیەک بوو لەمەڕ مێژووی زمانی کوردیی، ئێستاش سەرەی بەشی چوارەم و پەیوەندیی زمانیی کوردیی فارسییە. توێژەران زمانی فارسییان بۆ سێ بەش پۆڵێن کردووە:

١.  فارسیی کۆن (ئەو فارسییەى وا لەسەر بەردەنووسەکان هەڵکۆڵراوە.)

٢.  فارسیی ناوەڕاست (ناوێکی تری زمانی پەهلەویی.)

٣.  فارسی نوێ (ئەو فارسییەى وا ئەمڕۆ پێ دەدوێن.)

گەرچی سەرچاوەکانی فارسیی کۆن ڕوون و ئاشکران، لێ فارسیی ناوەندیی یان پەهلەویی زمانی نەتەوەى فارس نەبووە. زۆربەی لێکۆڵەران هاوڕان کە پەهلەویی زمانی ئەشکانییەکان (پارتەکان) بووە، ئەوانیش نەتەوەیەکی سەربەخۆ بوون. مەڵبەندی سەرەکیی ئەشکانییەکان باکووریی ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئێستا بووە. ئەویش مەڵبەندێکی تەواو جیاواز بووە لەو مەڵبەندەی فارس وا لە کەناری خەلیجی فارس هەڵکەوتووە. زمانی پەهلەویی پەیوەندیی بە زمانی کوردیی و بلووچیی و ئەفغانیی و فارسیی و… بووە، لێ هیچکامیان نییە. (ئیبن نەدیم) لە سەدەى دەیەمی زاینییدا ژیاوە، لە پەڕتووکی (الفهرست)ـدا هەردوو زمانی فارسیی پەهلەویی سەرتاپێ لێک هەڵدەبوێرێ. (ابن الندیم ٢٠١٠ پ.١۵) بە هەمان شێوە (استخری)، کە لە سەدەى دەیەمی زایینیدا ژیاوە، گوتویەتی: هەموو خەڵکی مەڵبەندی فارس بە یەک زمانێک دەدوێن و زمانی یەکتری تێ دەگەن. مەجووسییەکان بۆ نامەنووسیین سوودیان لە زمانی عەجەم وەرگرتووە. ئەم زمانەش زمانی پەهلەوییە، کە فارسەکان بۆ ئەوەى تێی بگەن، پێویستییان بە ڕاڤەیە. زمانی عەرەبیی زمانی نامەنووسیین و دەربار و فەرمانڕەوا و ڕەشەخەڵکە. (الصطخری .٢٠١ پ١۵) سەرەنجام ئیبن ئەسیر ئامانجەکەى پێکاوە، لە پەڕتووکەکەیدا وتویەتی: ئەوانەى ئاگایان لە وڵاتی فارسەیلە، دەڵێن پاش ئەسکەندەر کەسێکی بێگانە بووە بە فەرمانڕەوای وڵاتی فارسان (ئەوێش هەر کەناری خەلیجی فارسە.) گوایە پادشای شانشینی چیا بوون. ئەوان ئەشکانییەکان بوون و فەرمانڕەوانی نەتەوەکانی تر بوون. (ابن الاثیر ٢٠١٠ پ.٩٨) بەپێی ئەو سەرچاوانەى بەردەستن، پەهلەویییش وەک عەرەبیی زمانی نەتەوەیەکی تر بووە، سا فارسەکانیش لێی تێنەگەشتوون. لە سەرچاوەیەکی کۆنی مەسیحییەکانیشدا ئاماژە بۆ جەنگی نێوان ئەشکانیی و فارسان کراوە، سا ئەوانی بە دوو نەتەوەی جیاوازیان داناوە.  (Karwerau and Kroll1985 p16and17) لێرەوە تێ دەگەین کە پەهلەویی زمانی نەتەوەی فارس نەبووە، بەڵکوو زمانی ئەشکانییەکان بووە، لێ ئەوکات زمانی فارسیی بۆ نووسین سوودی لێ نەبینراوە، بۆیە فارسەکان بە زمانی پەهلەویی و عەرەبیی نامەیان نووسیوە. زمانی فارسیی جگە لە زمانی عەرەبیی بێهەژمار وشەشی لە زمانی کوردییەوە وەرگرتووە.

فارسیی کۆن: aivam

فارسی نوێ: یک

کوری نوێ: یەکyak.ek: ، یەک

کوردی کۆن: میتانیی(aika) سۆمەریی(iku)

نزیکەى هەزار ساڵ پێش ئێستا میتانییەکان لە کوردستاندا بەم ژمارەیەیان گوتووە: aika. سۆمەرییەکانیش حەوت هەزار پێش ئێستا بە (یەک)ـیان دەگوت:  .iku

فارسەکان دووهەزاروپێنج سەت ساڵ پێش ئێستا وتویانە: .aivam

تێبینیی١: گۆکردنی وشەی کوردیی کۆن لێل نوێ بە مەودای حەوت هەزار ساڵ گۆڕانێکی وای بەسەر نەهاتووە.

تێبینیی٢: فارسیی وشەکەی لە کوردییەوە وەرگرتووە.

سەرپاکی ئەم سەرچاوانە نیشانی دەدەن کە زمانی فارسیی لە سەرەتاوە تا سەدەى سێیەمی پێش زاینیی لە بن کاریگەریی زمانی کوردیی/مادییدا بووە. هەزاران وشەی لە کوردییەوە وەرگرتووە و ڕێزمانەکەى بە ڕێچکەى کوردییدا هێناوە. وەک نیشانەی کۆ (ان) کە لە بنچینەدا کوردییە و ڕیشەکەی سۆمەرییە (ene)، ئەمە لە کاتێکدا فارسیی کۆن لە هندییەوە نزیک بووە و (تاک و جووت و کۆ)ـی بووە. پاش ئەمە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەشکانییەکاندا کەوتە بن کاریگەری پەهلەوییەوە، پاشانیش کاریگەریی زمانی عەرەبیی، لە نیوە زیاتری وشەکانی فارسیی نوێ عەرەبیین. (سەرنجی نموونەکانی بەشی یەکەم بدەن.)

بەشی چوارەم: لە کۆتایی ئەم وتارەدا پێویستە خاڵێکی فرە گرنگ بیر ئاخێوەرانی کوردیی باشووریی بێنمەوە:

دەیەی شەست:

ناوی/ نامی شەونم بی، دەنگی خوەش بی، باڵای فره بەرز بی!

دەیەی حەفتا:

اسمی شەونم بی، دەنگی خوەش بی، باڵای فرە بەرز بی!

دەیەی هەشتا:

اسمی شەونم بی، صدای خوەش بی، خیلی باڵای بەرز بی!

دەیەی نەوەت:

اسمی شبنم بی، صدای عالی بی، خیلی قد بلند بی!

هەمان ڕستە بە کوردیی ناویین ‘سۆرانیی’ (کوردیی ناویین نۆ زاری لێ دەبێتەوە، ئاوا: موکریانیی، ئەردەڵانیی، سلێمانیی، و گەرمیانیی، هەولێریی، کەرکووکیی و هتد…) ئاوای لێ دێ: (ناوی شەونم بوو، دەنگی خۆش بوو، باڵای فرە/ زۆر بەرز بوو.) بە هەمان شێوە گەر زاری باشوورییش وەک دەیەی شەست گۆ بکرێ، جیاوازییەکی وای لێل کوردیی ناوییندا نییە. ئاخێوەرانی کوردیی باشووریی گەر هەروا درێژەی بەنێ، ئەوا تا چەند دەیەیەکی تر پۆتکی زمانی کوردیی لە نێوانیاندا دەبڕێتەوە. بۆ نموونە لەو ڕستەی سەرێ: (اسم و صدا و عالی و قد) ڕیشەیاکیان عەرەبییە، سەرەتا هاتوونەتە نێو زمانی فارسییەوە و پاشان ئاخێوەرانی زاری باشووریی لە زمانی ڕۆژانەدا بەکاریان هانیوە.

سەرچاوە: پێگەى خاکی کوردستان

Wtari Kteb,