24/04/2024
DidiMn Logo
Top

دیوار و کتێب

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

خۆرخێ لویس بۆرخیس
وەرگێڕانی: ئەکبەر حەسەن

لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا ئەوەم خوێندەوە ئەو پیاوەی فەرمانی بە دروستکردنی دیوارە بێکۆتاییەکەی چین کردووە، خودی ئیمراتۆری یەکەم شی ھانگ تی بووە. ئەو پیاوەی کە فەرمانی دا ھەرچی کتێبێک پێش ئەو نووسراوە، بسووتێنرێت. ئەم دوو پڕۆسەیە پێنجسەد یان شەشسەد فرسەخ گابەرد بۆ بەرگرتن لە بەربەرییەکان و ڕەتکردنەوەیەکی ڕیشەیی مێژوو (بە مانایەکی تر ڕابردوو) بە فەرمانی یەک کەس بووە و تەعبیریش بوون لە کەسێتیی ئیمپراتۆر. دەمەوێت بڵێم ئەم حەقیقەتە لە یەک کاتدا سەرنجی ڕاکیشام و بێزاریشی کردم. ئامانجی ئەم نووسینە لێکۆڵینەوەیە لە ھۆکارەکانی ئەو ھەڵچوونە.

لە ڕووی مێژووییەوە ھیچ نھێنییەک نییە لە ھەردوو پڕۆسەکەدا. شی ھانگ تی کە لە سەردەمی جەنگەکانی ھانیباڵدا ژیاوە، ھێرشی کردە سەر شەش شانشینەکە و سیستمی دەرەبەگایەتیی لەناو برد. دیواری دروست کرد، چونکە دیوار وەک بەرگری وایە، کتێبەکانی سووتاند، چونکە بەرھەڵستکارەکانی بە ھۆیەوە پەسنی ئیمپراتۆرەکانی پێش ئەویان دەکرد. سوتاندنی کتێب و بونیادنانی قەڵا لە ئیشە ئاساییەکانی ئیمپراتۆرەکانن، بەڵام تەنیا شتێک کە بۆ شی ھانگ تی نائاساییە، ئەو ستانداردەیە کە کاری پێ کردووە. بەھەرحاڵ، ئەمە ڕای پسپۆڕانی کاروباری چینە، بەڵام پێم وایە ئەم دوو ئیشە تەنیا زیادەڕەوییەک نین لە ئیشە ئاساییەکاندا. دەکرێت باخێک یان بێستانێک پەرژین بکرێت، بەڵام ئیمپراتۆرێک نا. ئاسان نییە نەتەوە نەریتییەکان ناچار بکەیت نکۆڵی لە یادەوەریی ڕابردووە ئەفسانەیی یان ڕاستەقینەکەی بکات. چین مێژوویەکی سێھەزار ساڵی ھەیە. لەناو ئەم مێژووە سێھەزار ساڵییەدا کەسانی وەک ئیمپراتۆری زەرد، شانگ تز و کۆنفۆشیۆس و لاو تزو ھەن کاتێک کە شی ھانگ تی فەرمانی کرد ئەو سەرەتای مێژوو بێت.

شی ھانگ تی دایکی خۆی دوور خستەوە، چونکە داوێنپیس بوو، بەڵام موحافیزکارەکان لەم دادپەروەرییەی شی ھانگ تیدا تەنیا بێبەزەییان بینیینەوە. ڕەنگە ئەو ویستبێتی کتێبە یاساییەکان لەناو ببات لەبەر ئەوەی تۆمەتباریان کردووە، ڕەنگە ویسبێتی ھەموو ڕابردوو بسڕێتەوە لەپێناو سڕینەوەی تەنیا یادەوەرییەکدا کە یادەوەریی دایکە ناشرینەکەیەتی (وەک یەھودی پاشا کە لەپێناو کوشتنی منداڵێکدا فەرمانی کرد ھەموو منداڵەکان بکوژرێن). ئەم خەمڵاندنە لە جێی خۆیدایە، بەڵام بۆ مەسەلەی دیوارەکە ھیچ سوودێکی لێ وەرناگرین، کە ڕوویەکی دیکەی ئەفسانەکەیە. بە ڕای مێژوونووسان شی ھانگ تی باسکردنی وشەی مردنی قەدەغە کرد و بە شوێن دەرمانی نەمریدا گەڕا. خۆی لە کۆشکێکی سیمبولیدا دابڕی، کە ژمارەی ژوورەکانی بەقەد ژمارەی ڕۆژەکانی ساڵ بوو. ئەم فاکتانە دەیسەلمێنن کە دیوار لە شوێندا و ئاگر لە کاتدا دوو بەربەستی جادوویین بۆ ڕێگرتن لە مەرگ. سپینۆزا نووسیویەتی ھەموو شتێک لە بوونی خۆیدا درێژە دەکێشێت. ڕەنگە ئیپراتۆر و حەکیمەکانی پێیان وا بووبێت نەمری لە ئاسماندایە و گەندەڵی ناتوانێت دزە بکاتە ناو فەزایەکی داخراوەوە. ڕەنگە ئیمپراتۆر ویستبێتی سەرەتایەکی نوێ بۆ زەمەن دابمەزرێنێت و خۆی ناو بنێت یەکەم بۆ ئەوەی بە ڕاستی ببێت بە یەکەم. ڕەنگە ناوی ھانگ تیی لە خۆی نابێت بۆ ئەوەی تەماھی لەگەڵ ئیمپراتۆری ئەفسانەیی ھانگ تیدا بکات کە نووسین و قیبلەنوومای داھێنا. ئەمەی دواییان، وەک ئەوەی کتێبی سروتەکان باسی دەکات، شتەکانی بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیانەوە ناو نا. شی ھانگ تی لە چەند دەستنووسێکدا کە ھێشتا ماون، شانازی بەوەوە دەکات کە لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەودا شتەکان ناوی گونجاوی خۆیان لێ نرا. ئەو خەونی بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشتاوپشتی نەمرەوە بینی و فەرمانی کرد دەبێت جێگرەکانی نازناوی ئیمپراتۆری دووەم، ئیمپراتۆری سێیەم، ئیمپراتۆری چوارەم… لە خۆیان بنێن.

باسی پلانێکی جادووییم کرد، دەشێت گریمانەی ئەوەش بکەین کە دروستکردنی دیوارەکە و سوتاندنی کتێبەکان ھاوکاتی یەکدی نەبوون. بەم شێوەیە، بەپێی ئەو ڕێکخستنەی ھەڵیدەبژێرین، وێنەی پاشایەکمان دەبێت کە دەستی بە وێرانکردن کردووە، پاشان بە مەبەستی خۆپاراستن وازی لێ ھێناوە، یان وێنەی پاشایەکمان ھەیە کە لە وەھم ڕزگاری بووە و ھەموو ئەو شتانە وێران دەکات کە پێشتر بەرگریی لێ دەکردن. ھەردوو خەمڵاندنەکە دراماتیکین، بەڵام تا ئەو ڕادەیەی من دەزانم، ھیچیان حەقیقەتێکی مێژووییان لەناو خۆیاندا ھەڵنەگرتووە. ھێربەرت ئالن گلیس، پسپۆڕی مێژووی چین دەگێڕێتەوە: ئەوەی کتێبی بشاردایەتەوە، بە ئاسنی گەرم داخ دەکرا و ھەتا ڕۆژی مردنی حوکمی کاری زۆرەملێی لە دیوارە بێکۆتاییەکەدا بەسەردا دەدرا. ئەم گێڕانەوەیە پاڵپشتیی تەئویلێکی تر دەکات و ڕێگەی پێ دەدات. ڕەنگە دیوارەکە میتافۆرێک بووبێت، ڕەنگە شی ھانگ تی حوکمی کاری بەسەر ئەوانەدا دابێت کە ڕابردوویان پەرستووە، کارێک کە بە ھەمان ئەندازەی ڕابردوو گەورە، گەمژانە و بێکەڵکە. ڕەنگە شی ھانگ تی وەک تەحەدایەک دیوارەکەی دروست کردبێت و بەم شێوەیە بیری کردبێتەوە: ”مرۆڤ ڕابردووی خۆش دەوێت، منیش بەرانبەر بەم خۆشەویستییە ھیچم لە دەست نایەت، جەلادەکانیشم بە ھەمان شێوە ھیچیان پێ ناکرێت، بەڵام ڕۆژگارێک کەسێک دێت و بەو شێوەیە ھەست دەکات، کە من ھەست دەکەم. دیوارەکە دەڕووخێنێت وەک چۆن من کتێبەکانم سووتاند، یادەوەرییەکانم دەسڕێتەوە و دەبێت بە تارمایی و ئاوێنەی من بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت“. ڕەنگە شی ھانگ تی لەبەر ئەوە ئیمپراتۆریەتەکەی دیواربەند کردبێت، چونکە درکی بە لاوازییەکەی کردووە، کتیبەکانی سوتاندبێت لەبەر ئەوەی درکی کردووە کتێبی پیرۆزن، یان ئەو کتێبانە ئەو شتانە فێری مرۆڤ دەکەن کە ھەموو گەردوون، یاخود ویژدانی مرۆڤایەتی فێریان دەبن. ڕەنگە سوتاندنی کتێبخانەکان و دروستکردنی دیوارەکە دوو پڕۆسە بن و بە شێوەیەکی نھێنی یەکدی ڕەت بکەنەوە.

دیوارە سەختەکە، کە لەم ساتە و بۆ ھەمیشە تارمایی خۆی بەسەر ھەموو وڵاتدا دەسەپێنیت و من نایبینم، تارمایی ئیمپراتۆرێکە کە فەرمانی بە نەتەوەکان کردووە ڕابردووی خۆیان بسوتێنن. خودی ئەم ئایدیایەیە کە کاریگەری لەسەر ئێمە دروست دەکات، نەک خەمڵاندنەکان. دەشێت فەزیڵەتە سەرەکییەکەی لە دژیەکیی نێوان ئاوەدانکردنەوە و وێرانکردندا بێت لەسەر ئاستێکی فراوان. بە گشتاندنی مەسەلەکەی پێشوو دەتوانین ئەنجامگیریی ئەوە بکەین کە فەزیڵەتی ھەر پراکسیسێک لە خودی پراکسیسەکە خۆیدایە نەک لە ناوەڕۆکێکی خەیاڵیدا. ئەمەش تیۆرەکەی بندیتۆ کرۆچە پشتڕاست دەکاتەوە. پاتەر لە ساڵی 1877 گوتوویەتی ھەموو ھونەرەکان ھەوڵ دەدەن لاسایی مۆسیقا بکەنەوە، کە جگە لە فۆڕمێک ھیچی تر نییە. مۆسیقا، بەختەوەری، ئەفسانە، ئەو ڕووخسارانەی کە زەمەن پێکی ھێناون، ئاوابوون (زەردەپەڕ)ی دیاریکراو و شوێنی دیاریکراو، ھەموو ئەمانە ھەوڵ دەدەن شتێکمان پێ بڵێن، یان شتێکیان پێ گوتووین کە نابێت خۆمانی لێ ببوێرین، یان دەیانەوێت شتێکمان پێ بڵێن: ئەوەی کە ڕوو دەدات و ھێشتا ڕووی نەداوە، لەوانەیە حەقیقەتێکی ئیستاتیکی بێت.

سه‌رچاوه‌:
ماڵپه‌ڕی جسد الثقافة، السور والكتب

هاوبەشی بکە

Jorge Luis Borges, Wtari Kteb,