27/07/2024
DidiMn Logo
Top

مانیفێستی خۆكوشتن یان كەشكۆڵی شەهیدانی شیعر

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە عەرەبییەوە: شوان ئەحمەد

 

”سیجئ الموت وستكون له عیناك“ كتێبێكی سەیر و تاقەتپڕوكێنە. كتێبێكە پڕە لە كفن ‌و تەرم‌ و لە تابوت. لێوانلێوە لە هاواری خنكاو، لە دڵی شكاو، لە ڕۆحی وردوخاش، لە تەنیایی، لە زامی بەسوێ،‌ لە گریەی بێدەنگ، لە داد و فوغانێك كە كەس نایبیستێت، بەڵام هاوكات خاڵییش نییە لە ئاوێتەبوونی سروشت‌ و لە ستایشكردنی ژیان‌ و لە نرخاندنی جوانی.

خانمە شاعیر و نووسەر و وەرگێڕی لوبنانی جومانە حەداد، بە درێژایی 655 لاپەڕە، حیكایەتی مەرگی بەسوێی سەدوپەنجا شاعیری سەدەی بیستەممان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەم كتێبە دەكرێت وەك مانیفێستی خۆكوشتن، یان كەشكۆڵی شەهیدانی شیعر، یاخود تۆماری مەرگی مرۆڤە بێ‌چارەنوسەكان ناوزەد بكرێت.

هەر شاعیرە و لەپاڵ ژیاننامەیەكی كورت‌ و چەنددێڕیدا، چەندین چامەی شیعریان دەخوێنینەوە. ئەو شیعرانە دۆكیومێنت‌ و شایەدحاڵی ئەوەن كە مردن چەند لە هەناسەی شیعری ئەو شاعیرانەوە نزیك بووە! تارمایی خۆكوشتن‌ و خۆدزینەوە لە ژیان، چەند تۆخ‌ و چەند گەورە و چەند كاریگەر بووە! ئەوەی لەم كتێبەدا گوێبیستی دەبین، ڕاز و گلەیی مرۆڤە ناموراد و ڕۆحە بریندارەكانە.

جومانە حەداد سی ساڵ بەرلەوەی ئەم كتێبە بنووسێت، داپیرەی لە ڕۆژی سێشەممە 22ی حوزەیرانی 1976 چامەی خۆكوشتنی خۆی دەنووسێتەوە و دنیا جێ دەهێڵێت. كتێبەكەش پێشكەشی ئەو دەكات.

 


 

بێدەنگی

 

ڕۆژێك دێت دەمرم
سپی وەك بەفر
ڕۆژێك دێت دەمرم
ساردوسڕ وەك بەرد
ڕۆژێك دێت بە تەنیا دەبم…
وەك چۆن شاخ تەنیایە

ئەلفۆنسینا ستۆرنی (1892-1938)

 

***

 

گەر ڕۆژێك لەناوتاندا نەمام

 

گەر ڕۆژێك مردم ‌و لەناوتاندا نەمام
-بەڕاست تۆبڵێی بمرم؟-
قورئانم بەسەردا مەخوێنن
ئەوە واز لێبهێنن بۆ ئەوانەی بازرگانی پێوە دەكەن
لە بەهەشتی خۆتان دوو دۆنم زەویم بۆ تەرخان مەكەن
دۆنمێك لەسەر ئەم زەوییە
بەشی بەختەوەریم دەكات.
تۆوی هەنجیری وشك بەسەر گۆڕەكەمدا مەكەن
بۆ ئەوەی باڵندەكان بێن‌ و بیماشنەوە
چاكتر وایە بیدەنە مرۆڤەكان.
ڕێ‌ لە پشیلەكان مەگرن
میز بەسەر گۆڕەكەمدا بكەن،
چونكە ئەوان
هەموو ڕۆژی پێنچشەممەیەك
لە نێو دەرگاكەمدا هەڵدەمیزان
لەپای ئەوە هەرگیز زەوی دانەچڵەكی.
ساڵی جارێك مەیەن بۆ لام
لەبەر ئەوەی هیچ شك نابەم پێشكەشتانی بكەم.
بە گیانی من سوێند مەخۆن
نە بەڕاست‌ و
نە بە درۆ…

 

سەفیە كتو (1944-1989)

***

 

لەمڕۆ بەدوا

 

لەمڕۆ بەدوا، دەبمە پیاوێكی بەختەوەر
ئاڵف ‌و جۆ بە ئەسپەكەم دەدەم،
دار دەشكێنم‌ و دنیا تەی دەكەم…
لەمڕۆ بەدوا
دەست بە خورادنی سەوزەوات‌ و دانەوێڵە دەكەم
ماڵێكم دەبێت بەسەر دەریادا دەڕوانێ‌
لەبەهارێكی جوان‌و قەشەنگدا.
لەمڕۆ بەدوا،
بۆ یەكبەیەكی ئەندامانی خێزانەكەم دەنووسم،
باسی بەختەوەریی خۆمیان بۆ دەكەم‌ و
پێیان دەڵێم:
چیم لە شۆكی ئەو بەختەوەرییە دەزگیر  دەبێت؟
لەمڕۆ بەدوا
ناوێكی جوان بۆ هەموو ڕووبارەكان دەدۆزمەوە،
هەروەها بۆ گشت چیاكانیش،
ئێوەش ئەی ئەوانەی ناتانناسم
نوێژتان بۆ دەكەم ‌و
هیوای داهاتوویەكی گەش‌ و پرشنگدارتان بۆ دەخوازم.
دوعا دەكەم
بەو كەسانە شاد بن كە خۆشتان دەوێن.
دەخوازم
هەرچی بەختەوەری هەیە و شایستەی ئێوەیە،
لەم دنیایەدا دەزگیرتان بێت.
وەلێ‌ بۆ خۆم یەك تاكە ئومێدم هەیە،
دەخوازم لە بەهارێكی جوان‌ و دڵڕفێندا
لە كەنار دەریا دابنیشم‌ و پشوویەك بەم.

 

های تسە (1964-1990)

***

 

 

شار

 

شار پڕە لەو شەقامانەی
قەرەیان نەكەوتم‌ و خۆم لێ‌ لادان،
نەبادا بە شوێنێكدا بڕۆم ‌و
بمناسنەوە.
شار پڕ پڕە لەو دەنگانەی
بە ناوی خۆمەوە بانگیان كردم،
پڕە لەو ماڵانەی
یادەوەریم تێیاندا هەیە.
پڕیەتی لەو پەنجەرانەی لێیانەوە
لە خۆر و باران ڕادەمام.
شار پڕیەتی لەو ژنانەی
نیگابارانم كردن.
پڕە لەو منداڵانەی هیچ نازانن،
جگە لەو شتانەی من دەیانزانم‌ و
حەز ناكەم پێیان بڵێم.

گابریال فێراتێر (1922-1872)

 

***

 

 

من‌ و چۆلەكە پاساری ‌و زەنگەكان

 

باڵم چەند لێك دەم‌ و
دەستم چەند درێژ بكەم،
ناتوانم وەك چۆلەكە پاسارییەكان بفڕم،
وەلێ‌ ئەوانیش ناتوانن وەك من
بەسەر زەویدا ڕا بكەن
چەند خۆم بلەنگێنم‌ و چەند بێم‌ و بچم،
ناتوانم وەك زەنگەكان زرنگەم بێت،
بەڵام ئەو زەنگانەی
زرنگەیان دێت
وەك من نازانن سترانی جوان بچڕن
من ‌و چۆلەكە پاساری‌ و زەنگەكان
زۆر لێك جوداین ئازیزەكەم.
من ڕۆژێك دێت دەمرم‌ و سەر دەنێمەوە
ئەویش بۆ خۆی هەر گۆرانی دەڵێت.

 

كانیكۆ میسوزۆ (1903-1930)

***

 

بێزاری

 

بێزار بووم بێزار…
لە پیاوە دەمبەخەندەكان
لە پیاوە تووڕە و خەمساردەكان.
بێزار بووم بێزار…
لە خانمە جوانەكان
لە خانمە ناشرین‌ و قەڵبەكان.
بێزار بووم
لە ڕق‌ و ئیرەیی
لە خەونەكان
لە وەرزەكان
لە چۆلەكە و لە پەپوولە و
لە كێڵگەی دانەوێڵەكان.
بێزار بووم بێزار…
لە بروسكە و لە چەخماخە و
لە خۆر و باران ‌و لە كات ‌و لە فەزا و
لە زەوی ‌و لە ئاسمان.
بێزار بووم
لە تەنبەڵی‌ و پاشان خۆڕەتاندن،
لە نووسین‌ و دواتر هەڵپە و ڕاكە ڕاكە…
بێزار بووم لە ژیان ‌و
لە خۆشی‌ و لە سەرگەرمییە بێتامەكانی
بێزار بووم لە مردن ‌و لە چاوەڕوانیكردنی.
لە بێزاریی خۆی بێزار بووم…
لە تۆش بێزارم‌ و بەتایبەتییش
لە خۆم بێزار بووم…

 

مالكۆلم لاوری (1909-1957)

 

 

هاوبەشی بکە

DidiMnPoetry, Joumana Haddad, Writer,