25/04/2024
DidiMn Logo
Top

20 فۆتۆی مارلین مۆنرۆ، پێش بەناوبانگبوون

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

فۆتۆ: ئه‌ندرێ دی دێنیس

دیدی من – ڤینته‌یج
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ژیوار نازەنین

”بۆ ئەو، مردن کۆتاییی هەموو شتەکانە.“

پێش ئه‌وه‌ی مارلین مۆنرۆ بوونی هه‌بێت، كچێک هه‌بوو به‌ ناوی نۆرما ژین دۆوگێرتی. نۆرما، كه‌ دواتر بوو به‌ مۆنرۆـی ئه‌ستێره‌، له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا به‌ فۆتۆگرافه‌ر ئه‌ندرێ دی دێنیس ئاشنا ده‌بێت؛ ئه‌مه‌ له‌ ساڵی 1945 بوو، پێش ئه‌وه‌ی مارلین مۆنرۆ ببێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی به‌ناوبانگ.

پێکەوە، مارلین و دێنیس وه‌ک دوو خۆشه‌ویست گه‌شتیان كردووه‌ و وێنه‌ی فۆتۆگرافییان گرتووه‌؛ هه‌ر ئه‌و فۆتۆیانه‌، نۆرما ژین دۆوگێرتییان كرد به‌و مارلین مۆنرۆیه‌ی ئه‌مڕۆ جیهان پێی ئاشنایه‌.

فۆتۆكان له‌ كه‌نار ده‌ریاكانی مالیبوو گیراون و مارلین مۆنرۆ به‌ بێ ئاراییشت ده‌رده‌كه‌وێت؛ جیاواز له‌و مارلین مۆنرۆیەی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ ئاراییشت و ئێكسسوارات و هه‌یه‌جانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌.

ئه‌ندرێی فۆتۆگرافه‌ر، لەبارەی فۆتۆکانەوە دەدوێت:
”ئه‌و ته‌مه‌نی بیست ساڵان بوو و تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ مه‌ستیی سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموون نه‌كردبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌ گه‌رموگوڕی و پێكه‌نینه‌كانیدا ئه‌مه‌ به‌دی ده‌كرا.“

”ڕۆژێكیان، له ‌كاتێكدا ئێمه‌ خه‌ریكی پشوو وه‌رگرتن بووین، دوای گرتنی چه‌ند فۆتۆیەک، بڕیارم دا كه‌ فۆتۆی چه‌ند ده‌ربڕینێكی تازه‌ی ڕوخساری مارلین بگرم؛ داوام لێ كرد بۆ ئەو پەیڤانەی پێی دەڵێم، به‌ ڕوخساری هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ک بكات كه‌ هه‌یه‌تی، به‌ به‌رده‌وامی و به‌ بێ ئه‌وه‌ی بیری لێ بكاته‌وه‌. وشه‌كان بریتی بوون له‌: به‌خته‌وه‌ری، مزگێنی، تیشكدانه‌وه‌، گومان، ئاشتیی ده‌روون، خه‌مباری، خودئازاردان و… مردن. كاتێك گوتم مردن، ئه‌و پارچه‌ قوماشه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی كۆكرده‌وه‌ و ڕوخساری پێ داپۆشی.“

”مردن بۆ ئه‌و ڕه‌شی، پووچی و بێمانایی بوو. هه‌وڵم دا ڕازی بكه‌م كاردانه‌وه‌یه‌كی تر بنوێنێت؛ مردن له‌وانه‌یه‌ سه‌ره‌تایه‌ک بێت، هیوایه‌ک بێت بۆ ڕوناكییه‌كی درێژمه‌ودا.“

”سه‌ری له‌قاند و گوتی: «بۆ من مردن واتە ئه‌مه‌.» ڕووی له‌ من كرده‌وه‌، ڕوخساری خه‌مبار نیشان دا، چاوانی نیگایه‌كی هیوابڕاویان هه‌بوو، له‌ ناكاوێكدا لێوه‌كانی ڕه‌نگیان په‌ڕی؛ بۆ ئه‌و، مردن واتە كۆتاییی هه‌موو شته‌كان.“

ناونیشانی یه‌كێک له‌ فۆتۆكان: مارلین مۆنرۆ به‌بێ ئاراییشت. بۆ گرتنی ئه‌م فۆتۆیەیان، پاره‌م پێی داوه‌. ده‌مویست كتێبێكی وێنه‌یی ده‌رباره‌ی شیعر و فه‌لسه‌فه‌ دروست بكه‌م، كه‌ ده‌مێک بوو له‌ مێشكمدا بوو.

 

هاوبەشی بکە

MarlineMonroe, Photography,