دیدی من – چارڵز بۆدلێر
لە ئینگلیزییەوە: پاک موحسین
“دەبێت هەمیشە مەست بیت. بابەتەکە هەر ئەوەیە؛ ئاخر ئەوە تاکە رێگەچارەیە. ئەمەش بۆئەوەی هەست بە قورسایی کات نەکەیت کە پشتت دەشکێنێت و تاکو زەوی کووڕت دەکاتەوە، دەبێت هەمیشە مەست بیت.
بەڵام بە چی؟ شەڕاب، شیعر، چاکەکاری، ئارەزووی خۆتە. بەڵام مەست بە.
ئەگەر جاروبارێکیش، لەسەر پەیژەی کۆشکێک یان گژوگیای سەوزی پاڵ جۆگەلەیەک، لە تەنیایی خەمناکی ژوورەکەت، دووبارە بەئاگا هاتیت، مەستیی هێز و بەهاکەی کەم بووەتەوە یان هەر نەماوە، بپرسە لە بـا، شەپۆڵ، ئەستێرە، باڵندە، کاتژمێر، هەر شتێک کە دەفڕێت، هەر شتێک کە دەناڵێنێت، هەر شتێک کە دەجووڵێت، هەر شتێک کە دەچڕێت، هەر شتێک کە دەدوێت… بپرسە کاتژمێر چەندە، ئەوسا، بـا، شەپۆڵ، ئەستێرە، باڵندە، کاتژمێر لە وەڵامدا پێتدەڵێن: “کاتی مەستبوونە! تاکو نەبیتە کۆیلەی کات، مەست بە، بەردەوام مەست بە! بە شەڕاب، بە شیعر یان چاکەکاری، بە ئارەزووی خۆت.” (١)
_____________________________
چارڵز بۆدلێر شاعیرێکی بەناوبانگی فەڕەنسییە، بە کۆمەڵە شیعری (گوڵەکانی خراپە) زیاتر ناسراوە، وەرگێڕانی شیعرەکانی ئێدگار ئاڵن پۆو، ئەوی لە فەڕەنسا زیاتر ناساند. بە منداڵی زۆر هۆگری دایکی بووە، مەرگی باوکی، ئەوی لە دایکی نزیکتر کردووەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی دایکی هاوسەرگیریی کردووەتەوە، ئەو هەستەی بۆ دایکی بە یەکجاری لەدەستداوە.
کەسایەتی و دنیابینینی بۆدلێر ڕۆڵێکی تایبەتیان لە تێگەیشتن لە پەیام و شیعرەکانیدا هەیە. ئەو باوەڕی بە ژیانێکی سەربەخۆی ئاژەڵئاسا هەبوو، بەبێ هیچ بەربەست و کۆتوبەندێک، دوور لە تێکۆشان لەپێناو ئامانجە دنیەوییەکاندا.
بەمۆدێرنەبوون و و شارنشینبوونی خێرای پاریس لە شیعرەکە ڕەنگدەداتەوە. ئەو داوامان لێدەکات هەمیشە مەست بین و پێماندەڵێت بابەتەکە هەر ئەوەیە، ئامانجیش تێیدا ئەوەیە تاکی شارنشینی پاریسێکی مۆدێرن بۆ نموونە، لە بارگرانیی سەختی کات ڕزگاری ببێت.لای بۆدلێر، مەستبوون لەپێناو ڕاکردن لە واقیع و دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵی لێوڕێژ لە جوانی نییە، بەڵکو بۆ نەهێشتن یان لانیکەم سووککردنی ئەو بارەیە کە کات لەسەر تاکی مۆدێرنی هەیە.
دەکرێ نووسینی پیتی یەکەمی وشەی Time لە زمانی ڕەسەنی شیعرەکە بەشێوەی کەپیتاڵ، بەتایبەتکردنی ناوە گشتییەکە و دەرخەری ناوەکە وەک شتێک/کەسێکی تایبەتی شەڕانگێز بێت. کاتێکیش دەڵێت “…و تاکو زەوی کووڕت دەکاتەوە”، مەبەست لە وشەی ‘زەوی’ گۆڕ بێت، کە کات وردەوردە بەرەو مەرگ پەلکێشت دەکات.
لە دێرەکانی دواتر، دەنووسێت: “بە شەڕاب، شیعر، چاکەکاری؟ بە ئارەزووی خۆت.” شەڕاب و شیعر ئاسایین، بەڵام کە دەڵێت بە چاکەکاری مەست بە، ئایرۆنییەک لەئارادایە، ئاخر زۆربەی ئایینەکان جەخت لەسەر چاکەکاری دەکەنەوە و مەستبوون تێیاندا تاوانە، ئیتر کە دەڵێت بە چاکەکاری مەست بە، دژبێژییەک لەنێوان مەستبوون و چاکەکاریدا دروستدەکات. دەشکرێ ئەو چاکەکارییەی بۆدلێر مەبەستییەتی، هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینەوە نەبێت و تەنیا کردەگەلێکی ئەخلاقی/مرۆیی بن.
لە دێرەکانی دواتر، باسی “کۆشک، گژوگیا و ژووری خەوتن” دەکات، کە پێناچێت هیچ خاڵێکی هاوبەشیان هەبێت. دەکرێ مەبەست لە کۆشک مەستبوون بێت لە ئاهەنگێک؛ لەکاتێکدا بەئاگاهاتنەوە لە ژووری خەوتن نیشاندەری تەنیایی و بێهوودەیی بێت. گرنگ نییە لەکوێ بەئاگا دێیتەوە یان هۆشت دێتەوە بەر، ئەوەی گرنگە، دووبارە مەست ببیتەوە. کاتێکیش دەپرسیت لە “بـا، شەپۆڵ، ئەستێرە، باڵندە، کاتژمێر…”، هەر شتێک لە سروشتدا هەبێت، گیاندار بێت یان بێگیان، لەپاڵ کاتژمێر، هەموویان یەک وەڵامت دەدەنەوە، ئەمیش ئەوەیە هەمیشە مەست بیت، تاکو نەبیتە کۆیلەی کات.
______________________
(١) “BE DRUNK” A POEM BY CHARLES BAUDELAIRE
“Be drunk” A poem by Charles Baudelaire | The Random in Review (wordpress.com)
و: پاك موحسین
(٢) بۆ شیکردنەوەکە بەگشتی پشت بەم وتارە بەستراوە:
A Brief Analysis of Charles Baudelaire’s ‘Be Drunk’ | by Chloe Venn | Medium
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.