20/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: من فیلم دروست دەکەم، چونکە نازانم کارێکی دیکە بکەم

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – محەمەد تاهیر
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

بە ساڤان پێشکەشە

”بۆچی کە ڕۆژ دادێت بەخەبەر دێین؟ بۆچی کە شەو دادێت دەنوین؟ بۆچی دووبارە کە ڕۆژ دادێت بە خەبەر دێین؟ من بۆ وەڵام دانەوەی ئەم سێ پرسیارە فیلم دروست دەکەم.”

 قسەکردن لە بارەی سینەمای کیشلۆڤسکی، ڕاستەوخۆ پەیوەستی دوو قۆناغ دەبێت. قۆناغی یەکەم کارکردنی وەک دەرهێنەرێک کە بە دروستکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتەرییەوە سەرقاڵە. قۆناغی دووەم کاتێک دەست پێ دەکات کە دۆستایەتی لەگەڵ ”krzysztof piesiewicz” فیلمنامەنووس دروست دەکات. لێرەوە کیشلۆڤسکی جیهانێکی تایبەت بە خۆی بونیاد دەنێت. دروستکردنی فیلم لە بارەی مرۆڤی مۆدێرنەوە، کۆکردنەوەی هەموو دژیەکیەکانی وەک مەرگ و ژیان، جبر و بژاردە، بەخت و قەدەر، خیانەت و وەفاداری، نائومێدی و ئومێد، هەموو ئەمانە پێکەوە بە جۆرێک تایبەتمەندی سینەمای کیشلۆڤسکی پێک دەهێنن، گەرچی لە هەموو حاڵەتەکاندا (مەرگ، جەبر، قەدەر، خیانەت، نائومێدی) سەردەکەون.

لە سەرەتای سینەماکەیدا کیشلۆڤسکی زیاتر لە رێگەی دیالۆگەوە ڕووداوەکان ئاشکرا دەکات، یاخود باری دەروونی کارەکتەرەکانمان نیشان دەدات. ئەمەش بە ڕوونی لە فیلمەکانی (ئەماتۆر، بەختی کوێر، برین و فەرمانبەران)دا دەتوانین بیبینینەوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوون و دروستکردنی سینەماکەیدا، دەمانباتەوە بیری ئەو ڕستەیەی گۆدار کە دەڵێت ”هەندێک جار دەبێت گوێبیستی وێنە بین و تەماشای دەنگ بکەین.” بە هەمان شێوە کیشلۆڤسکی لە کارەکانی دواتریدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە (دیالۆگ، دوو ژیانەکەی ڤێرۆنیکا، سپی، شین، سوور)دا ئەم ڕستەیەی گۆدارمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە. لە تەواوی ئەم کارانەدا پشت بە گێرانەوەی وێنەیی دەبەستێت، تەواو لە دیالۆگ دوور دەکەوێتەوە، ناچارمان دەکات لە ڕێگەی وەستان و بێدەنگی و باری سایکۆلۆجی کارەکتەرەکانییەوە لە هەر کردەیەکدا کە بە ئەنجامی دەگەیەنن تێ بگەین.

لەدەستدانی دایک و باوکی هەر لە سەرەتاکانی تەمەنیدا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دونیای سینەمای ئەو دەبێت. وەک خۆی دەڵێت ”هیچ یادەوەرییەکی جوانم لەگەڵ منداڵیدا نییە.” دونیایەک پر لە قەلەقی و ناجێگیری، هەتا لەو کاتانەشدا کە شتەکان بە سانایی بەرەو پێشەوە دەرۆن، لەناکاو ڕووداوێک ڕوو دەدات کە هەرگیز پیشبینیمان نەکردووە. هەر بۆیە دەتوانم بڵێم سینەمای کیشلۆڤسکی بە تەنیشتی مەرگەوە دەڕوات، ئەمەش بە تەواوی دەتوانین لە فیلمەکانی (شین، بەختی کوێر) و بەشێک لە فیلمەکانی نێو زنجیرەکەیدا بیبینینەوە.

گەرچی لە سەرەتاکانی کارکردنیدا وەک سینەماکارێکی سیاسی دێتە ئەژمار، کاتێک فیلمی بەختی کوێر دروست دەکات بۆ ماوەی شەش ساڵ بڵاوکردنەوەی قەدەغە دەکرێت، هەر لە ڕێگەی ئەم فیلمەیشییەوە تەواو لە ناو دونیای سینەمای پۆڵەندیدا جیگەی خۆی دەکاتەوە وەک دەرهێنەرێک کە ئەخلاق مەسەلەیەکی گرنگە لە سینەماکەیدا. بەڵام ئەو فیلمسازێکی سیاسیی نییە هەتا کاتێک کە ”krzysztof piesiewicz” پێشنیاری دروستکردنی زنجیرەیەکی تەلەفیزیۆنی بۆ دەکات، کە لە بارەی دە پەیامەکەی مووساوە دروستی بکەن. لەوێشدا زنجیرەکە فۆڕمێکی ئایینی وەرناگرێت، بەڵکو لە کۆی زنجیرەکەدا پرسی (ئەخلاق، کوشتن، خیانەت) دەبێتە پرسی بنەڕەتی و بەردەوام لەو بارەیەوە پرسیاری جیاوازمان بۆ دروست دەکات. ئایا ئەو بڕیارەی ئێمە دەیدەین تا چەند بڕیارێکی ئەخلاقییە؟ لە کۆی زنجیرەکەدا تەنها لە ئەڵقەی یەکەمدا کیشلۆڤسکی یەقینی زانستی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەندێک جار دەکرێت زانستیش بە هەڵەدا بچێت و گریمانەیەکی ئاینی ڕاست دەربچێت، بەڵام بەشەکانی دیکەی دراماکە ئێمە لەگەڵ ئەگەرێک یاخود زانینێکدا لە کێشمەکێشمداین کە کۆتاییەکەی ڕووبەڕووی ئەوە دەبینەوە ئاخۆ هەموو ئەوەی ئێمە بە ئەنجامی دەگەیەنین تا چەند کردەیەکی مۆڕاڵییە؟ لە سینەمای کیشلوڤسکیدا ئەخلاق بە مانا ئایینی و میتافیزکییەکەی نییە کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزێکی موتەعالیدا دروست دەبێت، هەتا بە مانای گرێبەستە ڕۆسۆییەکەش نایەت واتە پەیوەستی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی بێت. بەڵکو تەواو کێشەیەکی فەلسەفییە بۆ کیشلۆڤسکی، ئەخلاق پێشمەرجی هەر ئاکتێکی سوبێکتانەیە کە بە ئەنجامی دەگەیەنین، واتە ئەوەی بۆ من ئەخلاقییە دەکرێت لەجێگەیەکدا یاخود لە بارودۆخێکدا بۆ ئەوی تر نائەخلاقی بێت. بۆیە بەردەوام کارەکتەرە تەنیاکانی ئەم، خۆیان لە ناو ئەم کێشمەکێشمەدا دەبیننەوە.

دیمەنی ڕاکردن بەدوای شەمەندەفەردا، فیلمی بەختی کوێر

لە دونیای ئەدەبیاتدا هەر کات لە بارەی حاڵەتی سایکۆلۆجی کارەکتەری ڕۆمانێکەوە قسەیەک بکرێت، ڕاستەوخۆ دەچینەوە سەر ”تاوان و سزا”ی دۆستۆڤسکی، کە لەوێدا خودایەک بوونی نییە و ”ڕاسکۆڵنیکۆف” لە ناو بارودۆخێکی سەختی دەروونیدا دەبینینەوە. وەک فڕۆید لە وەسفیدا دەڵێت: هیچ کەسێک وەک دۆستۆڤسکی دەروونی ئینسانی نەناسیوە. لە ڕاستیدا گەر ئەم دێڕە لە فڕۆید وەربگرین ڕەنگە بە هەڵەدا نەچین گەر بڵێین، هیچ دەرهێنەرێک وەک کیشلۆڤسکی دەروونی ئینسانی نەناسیوە و هێندەی ئەم لێی نزیک نەبۆتەوە. کارەکتەرەکانی لە تەنیاییەکی قووڵدا دەمێننەوە، بە تەنیا خۆیان لەگەڵ ئازارەکانیان دەمێننەوە. بەر پوچییەکی ڕەها دەکەون.

هەمیشە لە سینەمای کیشڵوڤسکیدا بەر ڕووداوێک دەکەوین، کە دووچاری کارەکتەری سەرەکی دەبیت، بە تەنیا ئەم ڕووداوەش وا دەکات تەواوی ژیانی کارەکتەرەکە بگۆڕێت، وەک لە فیلمی (بەختی کوێر)دا کە هەر جارێک کارەکتەرەکە لە وێستگەی شەمەندەفەرەکەدا بە دوای شەمەندەفەرەکەدا دەڕوات، گەیشتن یاخود نەگەیشتنی، سەرلەبەری ژیانی ئەو دەگۆڕێت. بە هەمان شێوە هەمان ڕووداوی ماشێنەکە لە دەسپیکی فیلمی شیندا، سەرلەبەری ژیانی کارەکتەرەکە دەگۆڕێت. لە فیلمی سووردا دووچاری هەمان بابەت دەبینەوە، بەڵام نابێت ئەوەمان بیر بچێت کە ئەم ڕووداوانە دەتوانن گۆڕانکاری گەورە لە ناو ژیانی کارەکتەرەکاندا دروست بکەن، بەڵام سەرەنجام بە کۆتاییەکی پوچ و بێهودەیان دەگەیەنێت.

لە جیهانبینی کیشڵوڤسکیدا شوێنێک نییە بۆ خۆشبەختی، هەمیشە مەرگ لە چاوەڕوانیدایە. گەر تەماشای (کورتە فیلمێک لە بارەی عەشق)ەوە بکەین باشتر لەمە تێ دەگەین، یاخود (بەختی کوێر) لە سینەمای کیشڵوڤسکیدا هەمیشە کارەکتەرەکان بە جێگەیەک دەگەن کە بە خۆیان دەڵێن ”لەمە خراپتر ڕوو نادات.” بەڵام هەر زوو لەوە تێ دەگەن کە خراپتر لەوەش بوونی هەیە و هەمیشە ئەگەری ڕوودانی هەیە. زۆربەی جار ئەوە ڕوو دەدات کە پێشبینیمان نەکردووە ڕێک وەک ڕووداوی لەدەستدانی دایکی و باوکی لە ژیانی خۆیدا.

لە کۆتاییەکانی کارکردنیدا کیشلۆڤسکی سەرنجی زۆر دەخاتە سەر کارەکتەرەکانی نەک چیرۆک، بەو مانایەی بە زۆری کارەکتەرەکانمان لا دەمینێتەوە، بەڵام هاوشێوەی کارەکتەرە هۆڵیودییەکان نا کە هەمیشە کێشەیەک چارەسەر دەکەن، یاخود گەر بڵێین سیستمی باوی هۆڵیود بەم کڵێشەیە ئیش دەکات کە بریتییە لە ”نەزم ئارامی سەرەتا، نائارامی و پشێوی، لە دواجاردا گەڕانەوەی نەزم.” بە جۆرێک هیچ ڕێگەچارەیەک نییە جگە لە گەڕاندنەوەی نەزم و ڕێکی و ئارامی. لەم ڕێگەیەشەوە بەر کارەکتەرێکی بەهێز دەکەوین، کە هیچ شتێک ناتوانێت بیوەستێنێت و هەموو لەمپەرەکان تێدەپەڕێنێت. ئەمە ڕێک پێچەوانەی کارەکتەرەکانی کیشلۆڤسکین کە کێشەکانیان تەواو واقعین و بە زۆری تێک دەشکێن و تەنیا دەمێننەوە. کە لە ڕاستیدا یەکەمیان تەواو کارەکتەریکی ئایدۆلوژییە و زیاتر لە خەون و خەیاڵەوە نزیکە و دووەمیان ڕەنگە لە ئەزموونی هەریەکێکماندا هەبێت.

 هاوشێوەیەکی زۆر لە نێوان دونیابینی کامۆ و کیشڵوڤسکیدا هەیە، هەردووکیان مامەڵەیان لەگەڵ پوچی و ئەفسوردەگی دونیادایە، بەڵام کامۆ بە پێنووسەکەی دەینووسی و کیشلۆڤسکیش لە ڕێگەی کامێراکەیەوە. پرسیاری هەرە گرنگ لای کامۆ پرسی خۆکوشتنە. ئایا خۆکوشتن ڕەوایە؟ ئەو دەلێت ئەگەرچی ئێمە دەزانین دونیا پووچە، بەڵام بە هەموو جۆرێک خۆکوشتن رەت دەکاتەوە، دەڵێت دەبێت لە ناو ئەم پوچییەدا مانایەک دروست بکەین یاخود بدۆزینەوە. کارەکتەرەکانی کیشلۆڤسکی لەڕاستیدا ئەم مانایەی کە کامۆ داوای دەکات دروستی ناکەن، بەڵکو کیشڵوڤسکی بە جۆرێک لە جۆرەکان پرسیارەکە ئاوا لێ دەکات: ئێمە کە دەزانین دونیا پووچ و بێئامانجە، هەوڵدانەکانمان کە دەکرێت بە تەنیا ئەگەرێکی وەک نەگەشتنمان بە شەمەندەفەرێک، یاخود ڕووداوی پێکدادانی دوو ماشێن، یاخود بە خیانەتێک هەموو شتێک تێکوپێک بچێت، ئاخۆ خۆماندووکردنی ئینسان لەم پێناوەدا پوچ و بێمانا نییە؟ لێرەدا ئەم تێگەیشتنە لە کیشڵوڤسکی، بە مانای پاسیڤبوون نایەت بەڵکو بەو مانایە دێت کە هەمیشە ئەگەرێک هەیە و وەک درز و بۆشاییەک دەمێنیتە، ئێمە هەرگیز چاوەڕوانیمان بۆی نەبووە. هەر وەک لە فیلمەکانیدا گەرچی کارەکتەرەکان لەم پێناوەدا تێدەکۆشن بەڵام ئەوان تێکدەشکێن و سەرەنجام بە دەروونێکی ئاڵۆزەوە بە تەنیا دەمێننەوە. مەرگی هەردووکیان لە تەمەنێکی کەمدا پشتڕاستی ئەو پووچییە دەکاتەوە کە مامەڵەیان لەگەڵی دەکرد.

هاوشێوەیەکی زۆر لە نێوان دونیابینی کامۆ و کیشڵوڤسکیدا هەیە، هەردووکیان مامەڵەیان لەگەڵ پوچی و ئەفسوردەگی دونیادایە، بەڵام کامۆ بە پێنووسەکەی دەینووسی و کیشلۆڤسکیش لە ڕێگەی کامێراکەیەوە

کیشلۆڤسکی یەکێک بوو لەو دەرهێنەرانەی لەگەڵ هەر کارێکی نوێدا کە بە ئەنجامی دەگەیاند، هەنگاوێک زیاتر دەچووە پێشەوە. لە کاتی دروستکردنی سێینەی (شین، سپی، سوور) لە دەرەوەی پۆڵەندا کە لە درووشمی شوڕشی خوێندکارانی ٦٨ی فەرەنساوە وەری گرتبوو کە دروشمەکە دەڵیت (ئازادی، یەکسانی، هاوڕێیەتی) گەشتە ئاستێکی بەرز لە دونیای فیلمسازیدا. ئەو دەربارەی دونیایەک فیلمی دروست دەکرد کە زۆر باشی دەناسی و بە باشی لێی تێگەشتبوو. هەر بۆیە بەر هەر شتێک دەکەوین لە ناو فیلمەکانیدا، دەرهاویشتەی ئەو دونیایەیە کە خۆی درکی کردبوو. هەم وەک ئەزموون هەم وەک بیرکردنەوە.

ئەگەر باس لە کیشلۆڤسکی بکەین ناکرێت نەڕوانینە کارە گرنگەکانی ئاوازدانەری فیلمەکانی”zbigniew preisner” کە یارمەتیدەرێکی گەورەی سینەماکەی ئەو بوون، هەم لە ئەفراندنی فەزایەکی تایبەتیی وێنەیی و هەم قوڵبوونەوەی ئەو ئازارانەی لە ناو فیلمەکانیدا نیشانی دەداین. میوزیک لە کارەکانیدا بەشێکی سەرەکییە لەو خەلاقیەتەی کیشلۆڤسکی، واتە میوزیک بەشێکە لە کارەکتەرسازی و بەشێکە لە چیرۆک و گێڕانەوەکەی، کە ئەم ئاوازدانەرە هاوشێوەی”ennio morricone” بۆ سێرجیۆ لیۆنە، هەروەها هاوشێوەی ”johan townwr Williams” بۆ سپیلنبرگ. کیشڵوڤسکی زیاتر لە فیلمسازێک بوو، بەڵکو فەیلەسوفێک بوو کە مامەڵەی لەگەڵ کێشەکانی مرۆڤی مۆدێڕندا دەکرد کە بە شێوەیەکی تەواو هونەرییانە گوزارشتی لێ دەکردن.

ئەوەی وەک ئازارێکی گەورە بۆ بینەرەکانی مایەوە ئەوە بوو لە لوتکەی کاری فیلمسازی خۆیدا بڕیاری دەستهەڵگرتنی لە کاری فیلمسازیدا، هەرچەندە دوای بڕیارەکەشی ویستی ئەوەی هەبوو کار لە (کۆمیدیای)ی ”دانتێ”دا بکات و سێینەیەکی دیکە دروست بکات. بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا و ئەو کارەی هەر وا بە ناتەواوی مایەوە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە دێڕێکی خۆی بابەتەکە بە کۆتا بهێنم کە لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت ”لە کاتی کارکردنم لە فیلمی ”سەرە قسەکەرەکان”دا دوو پرسیارم لە خەڵک کرد، تۆ کێیت؟ چیت دەوێت؟ دواتر هەمان ئەم دوو پرسیارەم لە خۆم کردەوە، بەڵام لەڕاستیدا خۆم نە دەزانم کێم، نە دەزانم چیم دەوێت.”    

سوودم لەم سەرچاوانە بینیوە.

١_http://daneshnameh.roshd.ir/mavara/mavara-index.php?page=%DA%A9%D8%B1%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%81+%DA%A9%DB%8C%D8%B4%D9%84%D9%88%D9%81%D8%B3%DA%A9%DB%8C

٢_ http://cinema-forever.blogfa.com/post/18

٣_ http://www.salemsalavati.blogfa.com/post/25

 ٤_ لە سفرەوە تا سینەما.

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,