26/03/2024
DidiMn Logo
Top

نامه‌ی ئه‌ناییس نین بۆ هێنری میله‌ر

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ئه‌ناییس نین و هێنری میله‌ر

دیدی من
له‌ كتێبی نامه‌كانی نێوان هێنری میله‌ر و ئه‌ناییس نین

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ئەژین باجەڵان

 

هێنری،

دۆستۆیڤسکی لە سیبیریا و هینری لە دیجون! لە قەڵا بەرزەکەمەوە، لە شوێنی غەریزەتە بەستووەکان لە سویسرا، لەو شوێنەی کە تێیدا بە دوای داناییدا ناگەڕێم، بەڵکو بە دوای وزەیەک بۆ شاردنەوەی شێتییەکەم، ته‌له‌گرافێکم بۆت ناردووە وات لێ دەکات پێبکەنیت. 150 فڕانکیشی تێدایە. ئامۆژگاریت دەکەم دەست لە کار بکێشیتەوە هینری، ئەو شوێنە بۆ تۆ ناشێت. هیوگۆ ڕۆژی هەینی دێت بۆ ئێرە، کاتێک نامەکەت دەخوێنێتەوە تێدەگات.

گوێبگرە، ئەمڕۆ لە کاتی پیاسەکردندا نامەکەتم دەخوێندەوە. هەموان بڕوایان وایە کە دەرفەتێکت بۆ نووسین دەست دەکەوێت، بۆ ئەوەی درک بەو ژیانە ناوازەیە بکەیت کە چاوەڕێت دەکات، یان وا لە خەڵکی بکەیت درکی پێ بکەن. هینری، پێت دەڵێم بگەڕێوە بۆ لۆڤیین ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بووە. دەزانم ئەمە چارەسەر نییە، ئەمە مەنفایەکی ترە بۆ تۆ، تۆ ئازاد نیت بەو شێوەیەی کە خۆت دەتەوێت، لە پاریسەوە ماڵیش زۆر دوورە، بەڵام من ئەم پێشنیارەم کرد بۆ ئەوەی جێگەیەکت هەبێت بۆ خواردن و خەوتن لەم ماوەیەدا.

هیوگۆ هەوڵ دەدات کارێکی ترت بۆ بدۆزێتەوە. چوارشەممە وەرە، ئەو کاتە ئێمە لە ماڵ دەبین، لەبەر ئەوەی تۆ ناتوانیت وا زوو دەست لە کار بکێشیتەوە، بەڵام ئەگەر ویستت پێش چوارشەممە بێیت، ئەوە ڕاستەوخۆ بڕۆ بۆ لۆڤین، ئیمیڵیا (خزمەتکار) بە خزمەتکردنت خۆشحاڵ دەبێت. ئەمڕۆ بۆی دەنووسم و پێی دەڵێم. لە ژوورەکەی ئێمە بمێنەرەوە. لەوانەیە هیوگۆ نامەی بۆت ناردبێت بۆ ئەوەی هەمان شتت پێ بڵێت، پێم وا بێت وای نەکردبێت. خۆت دەزانی ئەگەر لە دوولایەن یەکێکیان زیاد بڕوات، ئەوە دەبێت ئەوەکەی تر بگەڕێتەوە دواوە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی دروست بکات، هەروەکو چۆن تۆ و جۆنی هاوژینت. دۆستۆیڤسکی لە سیبیریا بە شتێکەوە دەرچوو، بەڵام بە شێوازی قسەکردنت وا دیارە دیجون وەکو سیبیریا نەبووە. ئەو لاواز، بێڕەنگ، بچووک و بێنرخە. زۆر لەوێ مەمێنەرەوە، بۆم بنووسە ئەگەر بڕیارت دا چی بکەیت.

ئەم نامەیە دەبێت زوو بە دەستت بگات، بۆ ئەوەی بتوانم بەردەوام بم لە نووسینی ئەو شتانەی کە دەمەوێت پێت بڵێم و باسی جۆنت بۆ بکەم. کاتێک گەڕایتەوە قسە دەکەین، ئەگەریش نا، ئەوا زۆرت بۆ دەنووسم و خەمی ئەو ڕەخنانەت نەبێت کە ئاڕاستەی منت کرد، زۆرم خۆش ویست و بڕوام پێیان بوو. تۆ یارمەتیم دەدەیت.

ئەناییس،
(لیسی کارنۆ، دیجون)
پێنجشەممە، 1932/2/4

هاوبەشی بکە

Anaïs Nin, Henry Miller, nama,