29/03/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بیكێت: نامەکانی بیکێت داهێنانێکی گۆشەگیرانە ئاشکرا دەکات

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە سوێدییەوە: دانا ڕەئوف

 

شتێکی ئاشکرایە، کە بڵاوکردنەوەی نامەکانی ساموێل بیکێت تا ئاستێکی بەرز ڕووداوێکی گرنگە و شتێکی بەبەها و گەورەیە. مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد و لەو بڕوایەدا بوو ئەو شتانەی زیاتر لە هەموو شتێکی تری نووسەر خۆین، بەتایبەتی کە نامەکانی بەوپەڕی تواناوە هەموو جۆرە پێشنیارێک سەبارەت بە بڵاوکردنەوەیان ڕەت بکرێتەوە؛ بەڵام بیکێت تا ئاستێکی باڵای سنووردار و بەوپەڕی پارێزییەوە ئەو ڕەزامەندییەی دەربڕیوە: تەنها ئەو نامانە بڵاو بکرێنەوە کە وەکو نووسەرێک گوزارشت لەو دەکەن و پەیوەندیی بەوەوە هەیە. ئەم مەرجەیش یەکڕاست ئەم پرسیارە دەخوڵقێنێت: ئایا چ جیاوازییەک، چ سنوورێک لە نێوان کەسایەتیی نووسەر و کارە ئەدەبییەکانیدا هەیە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیش بە شێوەیەکی بێلایەنانە و دەستنیشانکردنی جیاوازییەکانیان زۆر سەختە؛ هەمیشە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سنووردانان لە نێوان کەسایەتیی نووسەر و بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا جۆرە نابابەتیبوونێک لەخۆ دەگرێت. بێگومان لە کۆتاییشدا تا ئاستێکی بەرز بەرپرسیارێتی و هەڵبژاردنی نامەکان و بڕیارەکە دەکەوێتە سەر شانی ئەو کەسەی/کەسانەی نامەکان هەڵدەبژێرن.<1>

ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی ئەم نامانەی بیکێت، ئەوە دووپات دەکەنەوە بیکێت لەو نامانەیدا کە باسی ڕەوشی تەندروستیی خۆی دەکات، بۆ نموونە ئازاری قاچەکانی، ئاستی ترپەی دڵی، هەڵئاوساویی و سووربوونەوەی پێستی لەسەر ئاستێکی گەورە و گرنگیپێدان هەڵگری ئاماژەکانی ئەون وەک نووسەرێک.  ئەو کەسانەیشی کە مافی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی نووسەریان هەیە، بیروبۆچوونێکی تریان هەیە؛ بە ڕای ئەوان ئێمە بۆمان نییە سەبارەت بە تەندروستی و گرژییەکانی جەستەی نووسەر هیچ شتێک بخوێنینەوە؛ هەروەها بۆشمان نییە هیچ شتێک سەبارەت بە نهێنی و پەیوەندییە دڵدارییەکانی و دونیای ئافرەتەوە بزانین. ئەمەیش شتێکی سەیرە، بەتایبەتی یەکێک لە بنەماڵەی بیکێت، بە ئارەزووی خۆی و بەبێ مۆڵەت بەوپەری سەربەستییەوە نموونە لە نامەکانی دەهێنێتەوە، بەکاریان دەهێنێت و بڵاویان دەکاتەوە. بۆ نموونە نابێت سەبارەت بەو پەیوەندییە دژوار و پڕ لە کێشە و دەردەسەرییەی بیکێت لەگەڵ لویسا (کچەکەی جێمس جۆیس) هەیبووە لەوە زیاتر بزانین، کە بیکێت هەستی بە ئازاری ویژدان کردووە، لەبەر ئەوەی هەرگیز سەردانی نەکردووە، ئەو لەو بڕوایەدا بووە کە سەردانیکردنی لویسا زیاتر بووەتە هۆی تووڕەیی و بێزارکردنی.<2> بەڵام چیتر قسەکردن لەسەر (نامەکانی ساموێڵ بیکێت 1941-1956 لە ئامادەکردنی: جۆرج کرەیگ، ماتا داو فەیسن فێلد، دان جوون و لۆویس مۆر ئۆڤەێیک لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی کەیمبریج یونیڤێرستیی پرێس، 884 لاپەرە) کەڵکی نییە. <3>

ئێمە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر، نزیکەی پازدە هەزار نامەی ترمان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن سەرپەرشتیار و دەستەی نووسەرانێکی تایبەتمەندەوە بە ڕەنج و تەقەلایەکی زۆر دەبێت سەرلەنوێ بنووسرێنەوە. ئەم دەستەیە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە لەگەڵ ڕۆژگاردا دەستوخەتی بیکێت گۆڕانکارییەکی وەهای بەسەردا هاتووە کە زۆر زەحمەتە بخوێندرێتەوە. لەم چاپەدا هەڵبژاردەیەک لە نامەکانی، کە نزیکەی دووهەزار و پێنجسەد نامە و ڕستەی کورت لەخۆ دەگرێت، بڵاو دەکرێنەوە.

نامەکان لێکدانەوە، ڕەوانبێژی و ڕوونکردنەوەیەکی تەواوی ورد و هەمەلایەنەیش لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە: بیکێت دەنووسێت ئەو دڵی زۆر بەوە خۆشە “شوگە ڕێی” بردوویەتیەوە، خوێنەر خێرا دەزانێت مەبەستی بیکێت لەم دڵخۆشییەی چییە، کە ئەو یاریزانە (مەبەست “شوگە ڕێی“یە) لە نۆی مانگی دوازدەی ساڵی ١٩٥٥دا، لە پێشبڕکێیەکدا دەبێتە پاڵەوانی جیهانی لە کێشی ناوەند، بەوەی بە پۆکسێک کارل بۆب ئۆڵسن دەبەزێنێت.<٤> بەشێکی زۆری نامەکانی ئەم قۆنا‌غە بە زمانی فەڕەنسی نووسراون. لەم چاپەدا ئەو نامانەی لە بنچینەدا بە فەڕەنسی نووسراون، وەرگێڕدراویشن بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و پێکەوە بە فەڕەنسی/ئینگلیزی بڵاو دەکرێنەوە.

بەرگی یەکەم کە نامەکانی نێوان ساڵانی 1929-1940 لەخۆ دەگرێت، لە مانگی دوازدەی ساڵی 2009دا بڵاو کراونەتەوە، ئێستایش کاتی بڵاوکردنەوەی بەرگی دووەمە، کۆی نامەکانیش لە چوار بەرگدا کۆ کراونەتەوە. بەرگی دووەمی نامەکان لە ساڵی 1940ەوە دەست پێ دەکات و لە ساڵی 1956دا کۆتاییان پێ دێت، ئەو ساڵەی بیکێت پەنجا ساڵەی تەمەنی پڕ دەکاتەوە. بیکێت بەم شێوە کورتە گوزارشتی لە پەنجاساڵەی تەمەنی خۆی کردووە: “هەژدەهەزار ڕۆژ، بەڵام هیچ شتێکی ئەوتۆم نییە پیشانی بدەم.

ئەم بەرگەی نامەکان تەنها لە ڕووی تیۆرییەوە لە ساڵی 1940ەوە دەست پێ دەکات، لەبەر ئەوەی لە کاتی ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەمدا بیکێت پەیوەندیی لەگەڵ جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی فەڕەنسی دژی نازییەکان هەبووە؛ بۆیە هیچ نامەیەک لەم قۆناغە و لەو ڕۆژگارەی ژیانیدا بەردەست نەکەوتووە، ئەوەی هەشبووە لەناو چووە. لەبەر ئەوە بە ڕاستی کتێبەکە لە دەوروبەری 17ی مانگی یەکی ساڵی 1945ەوە دەست پێ دەکات، ئەو دەمەی بیکێت گەڕاوەتەوە بۆ ئەپارتمانەکەی خۆی لە پاریس، لە ناوچەی rue des Favorites.<٥>

بیکێت لە ساڵی 1945دا تا ئاستێکی سنووردار و لە ناو گروپێکی بچووکی ئەدەبی، کە تەنها چەند کەسێکی دەستەبژێر (نوخبە) دەبن، ناسرابوو. لەو دەمەدا بیکێت دوو ڕۆمانی نووسیبوو: وات Watt و مۆرفی Murphy، هەروەها چەند پارچە شیعرێک و باسێکی کورت سەبارەت بە مارسێل پرۆست. ئەگەرنا لە ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکەدا بە شێوەیەکی گشتی کەسێکی نەناسراو بووە <6>، بەڵام لەپڕ لە ساڵی 1956دا دەبێتە شانۆنامەنووسێکی بەناوبانگ و جیهانی؛ هەر لەم کاتانەیشدا بڕوانامەیەکی ئەکادیمی لەسەر کارەکانی نووسرابوون. هەر لێرەوە بیکێت کتوپڕ لە هەموو جیهانەوە بانگهێشتی ئەکادیمیا و ئاهەنگە فەڕمییە گەورەکان دەکرا. لەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی گشتی ئەوەی هەبووە، ئەوەی کە بیکێتی پێ ناسرابوو، تەنها بیکێتی شانۆنامەنووس بووە، بیکێت وەکو نووسەری دەقە شانۆییەکانی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە و کۆتایی گەمە و ڕۆژە بەختیارەکان ناوبانگی بڵاو بووبووەوە.<7>

لەگەڵ ئەوەیشدا من دەمەوێت لێرەدا و بەوپەڕی دڵنیاییەوە ئەوە دووپات بکەمەوە کە ناوبانگە گەورە پرشنگدارەکەی بیکێت، وەکو بلیمەتێکی مەزنی ئەدەبیی سەدەی ڕابردوو، بە پلەی یەکەم ناگەڕێتەوە بۆ دەقە شانۆییەکانی، بەڵکو بۆ ڕۆمانەکانی یان بۆ ئەوەی کە دەکرێت ئەمڕۆ بە سێینە ئاماژەی بۆ بکرێت، دەگەڕێتەوە. ئەو دەقە لیریکییانەی کە بیکێت لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بڵاوی کردبوونەوە، بریتی بوون لە: مۆلۆی، مالۆن دەمرێت و ئەوەی ناو نانرێت. <8> بیکێت لەم سێینەیەدا قۆناغبەقۆناغ، پلەپلە هەموو جۆرە کەلوپەلە دەرەکی و ئێکسسوارەکانی هونەری (ڕۆمان کە بە تەکنیک ئاماژەی بۆ دەکرێت) وەلاوە ناوە، لە کۆتاییدا تەنها دەنگێک ماوەتەوە کە زیاتر بەرەو تاریکی ڕۆیشتووە و لەناو بێدەنگیدا منگەمنگی کردووە تا بەتەواوی بزر بووە. ئەم نووسەرە لە ساڵی 1961دا بە شاکارێکی پەخشانئامێزی گەورە، بە ناوی ئەوە چۆنە؟ زیاتر لەم جۆرە تەکنیکە و فۆڕمەکانی سێینەکەی نزیک دەبێتەوە. بە بۆچونی من و لەو مێژووە ئەدەبە تایبەتییەی کە من خۆم ڕێکم خستووە، بیکێت و خۆرخێ لویس بۆرخێس دوو نووسەری دانسقە و بێهاوتان. <٩>

هەر لەم قۆناغەدا بیکێت سەرپەرشتیار و خاوەنی دەزگای چاپەمەنییە فەڕەنسییەکەی ژیرۆم لیندۆن لە ئێدیتیون دێ مینوی (Editions de Minuit) دەبینێت، لیندۆن دەستبەجێ هەست بە گەورەیی بیکێت دەکات، هەر لیندۆن خۆیشی هەموو پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ بەڕێوە دەبات، هەوڵی ئەوەیش دەدات کە بەرهەمەکانی بە شێوەیەکی بەربڵاو بە هەموو ئامڕازە بەکارهێنراوەکان بڵاو بکاتەوە. لە هەمان کاتدا ئەم دەزگایە، بیکێت لە هەموو جۆرە کەناڵە دەرەکییەکان بە دونیای دەرەوە دەپارێزێت، کە بیکێت بە هیچ شێوەیەک نەیدەویست هیچ لەبارەیانەوە بزانێت، لەوانەیشە بیکێت هەر نەشیتوانیبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات و ڕێکیان بخات.

ئەو بوونەوەرانەی لەم نامانەدا دەردەکەون، ئەو کەسانەیشی کە نامەکانی بۆ نووسیون، کەسانێکی تایبەتمەند و نزیکی بوون، دەرگاکانی ژیانی بۆ چەند کەسێکی نزیک و خۆشەویستی خۆی کردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هەموو شێوەیەک کەسانێکی تری لە دەرەوەی ئەو پەیوەندیانەوە هێشتووەتەوە.

لەم بەرگەدا سنووری هاوڕێیەتییەکەی لەگەڵ لیندۆن و بەرپرسی دەزگای چاپەمەنییە ئەمریکییەکەی بارنێ ڕوسێ گەورە و بەربڵاو دەبێت، هەروەها چەند کەسێک لە شانۆکاران و جیهانی هونەر و چەند هاوڕێیەکی دێرینی ڕۆژانی دبلن، تا ئەو کاتەیش پەیوەندیی پێیانەوە ماوە. هەر لەم ساڵانەدا بیکێت بەتەواوی هەموو پەیوەندییەکانی خۆی بە زێدی باوکوباپیرانیەوە ئێرلەندا دەپچڕێنێت. بیکێت هەر بەر لەم پەیوەندیپچڕانەوە بە وڵاتەکە خۆیەوە، دەستبەرداری زمانەکەی دەبێت کە زمانی ئینگلیزی بووە، بۆ ئەوەی لەبری ئەوە زمانی فەڕەنسی بکاتە زمانی پەیڤ و نووسینەکانی.<10>

هەر لەم کاتەیشدا براکەی لە سەرەمەرگدا دەبێت، بیکێت لە دبلنەوە نامەیەکی ناردووە و دەڵێت: “بەم زوانە من تەنها کەسێک دەبم لە خێزانەکەمان کە لە ژیاندا مابێت، هیوادارم هەرگیز پێویست نەکات جارێکی تر بگەڕێمەوە.”<12> بیکێت تێگەیشتنی بۆ بەرهەمەکانی فرەواتا و پەرش و بڵاوە، خۆی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە قێزی لێیان دەبێتەوە، بەمەیش مەبەستی ئەوەیە کە لە دوای پەنجا ساڵ تەمەنیەوە لەسەر ئەم گۆی زەوییەمان هیچ شتێکی ئەوتۆی نەنووسیوە کە شایانی پیشاندان بێت. خودا لەو کەسانە خۆش بێت، کە بەبێ ئەوەی داوای مۆڵەت بکەن پەنجەیان لە کارەکانیەوە ژەندووە و گۆڕیویانە؛ بەڵام لە کاتێکدا سیمۆن دی بۆڤوار و دەزگای لێی دۆ مۆدێغنا (واتە زەمەنی سەردەم کە دەزگایەکی فەرەنسییە)، دەیانەوێت تەنها نیوەی یەکەمی سویت (Suite) بڵاو بکەنەوە، بیکێت نائومێد و بێزار دەبێت؛ جارێکی تر بەتەواوی تووڕە و شێتگیر دەبێت کە دەزگایەک بەبێ مۆڵەتی ئەو گۆڕانکارییان لە تێکستەکەیدا کردووە. بیکێت دەیەوێت ئەو دەزگایە بدات بە دادگا، لەم بارەیشدا هەر دەبێت لیندۆن بە هەموو شێوەیەک ئارامی بکاتەوە. ئەم دوو جارە تەنها ڕووداوێکە، بە لایەنی کەمەوە کە بیکێت لەم ساڵانەدا بەتەواوی لە نامەکانیدا تووڕە و بێزاری دەردەبڕێت، ئەگەرنا لە زۆربەی نامەکاندا وەکو کەسێکی نەرم و ڕەشبین دەردەکەوێت. دەبێت مرۆڤ هیچ چاوەڕوانییەکی سەبارەت بەم نامانە نەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا تووشی نائومێدی دەبین، لە کاتێکدا ڕۆبێرت پینییەت، کە نووسەرێکی هاوڕێ و هاوکاری بووە، دەیەوێت ڕاوێژی پێ بکات، بیکێت بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە: “خۆت بڕیار بدە، بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانیت کە هەر چارەسەرێک هەڵببژێریت و هەر بڕیارێک بدەیت، لە کۆتاییدا هەر پەشیمان دەبیتەوە.  سەرکەوتن و نەهاتی لەسەر ئاستی جیهان، بە هیچ جۆرێک کاری لە کەسایەتیی بیکێت نەکردووە. ئەوەی ڕاستیش بێت ئەو زیاتر لە ناو ئەو کەسانەدا هەستی بە ئارامی کردووە، کە تووشی نەهامەتی هاتوون و لە خوارەوەی هەرەم و ئاستەکانی کۆمەڵگەدا بوون؛ سەرکەوتنەکانی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوەش بە ڕای ئەو تەنها ڕەوشێکی هەڵە و بە هەڵە حاڵیبوونە. یەکێک لە هاوڕێکانی پێی دەڵێت: “تۆ هەرگیز وشەیەکی خۆش و باشت نییە کە بە کەسانی تری بڵێیت، جگە لەوانە نەبێت کە کەسانی سەرکەوتوونین“.

ڕەنگە خوێندنەوەی نامەکانی نووسەرێک، جێگەی بیۆگرافیاکەیمان بۆ نەگرێتەوە، بەڵام ئەو نامانە هەستێکی بەهێزی ئامادەبوونمان پێ دەبەخشن، کە زۆر کەم، یان ستەمە بیۆگرافیاکان بتوانێت ئەو بەرئەنجامە بەدەست بهێنێت. ئێمە نامەکان بە دزیی بیکێتەوە تا ڕادەیەک لە زەمەنی ڕاستەقینەی خۆیاندا دەخوێنینەوە، بەم شێوەیەش مرۆڤ ڕاستەوخۆ دەچێتە ژیانی بیکێتەوە، کە هەرگیز ئەو بوارەمان بۆ ناڕەخسێت.

وەک لەوەوبەر گوتمان، بیکێت هەموو چاوەڕوانییەکانی دونیای دەرەوە کپ دەکات و دەیەوێت بەوپەڕی تواناوە دونیای دەرەوە بە ڕووی خۆیدا (بەبێ ئەوەی بەتەواوی دوور بکەوێتەوە لە هەندێک لە پەیوەندییە نزیکە کۆمەڵایەتییەکانیەوە) دابخات؛ هەر لەم ڕووەوە بەم شێوەیە باسی خۆی دەکات: “زۆر ماندوو، گێل، پیس، پیر و بێویست.” جار لە دوای جار، لە کۆتایی ئەم قۆناغەی کە نامەکانی دەگرێتە خۆ، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو بۆ چەندین ساڵە هیچ شتێکی نەنووسیووە، بیریش لەوە دەکاتەوە کە نازانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرلەنوێ توانای نووسینی دەبێت؟ کە ئەو دەنووسێت، بۆ ئەوە نییە مەبەستی شتێک بووە: “مەبەست لەو وشانەیە، کە ئەرکی سەرەکییان گەیاندنی مانایەک نییە، بەڵکو (بەد هیواخوازم) شەڕکردنێکی بێئاکامە دژی ئەو بێدەنگییە.”

لە کار و بەرهەمەکانی بیکێتدا هیچ جۆرە هێماگەلییەک نییە؛ ئەو ئەوە دەڵێت کە مەبەستێتی، نە زیاد و نە کەم.<12>  ئەو کورتبینییەی کە بۆ توانای زمانەکەی و ئێستاتیکا خەڵوەتگەرانەکەی هەیەتی، یەکێکن لەو هۆکارانەی کە ئەو بە هیچ شێوەیەک مل بۆ ئاوازدانان و ئاوازاندنی دراماکانی نەدا. بیکێت بۆ چەندین جار گوزارشتی لەوە کردووە کە ئەو بە هەموو شێوەیەک دوورەپەڕێزە لە هەموو جۆرە هەوڵێکی تێکەڵاوکردن یان پێکەوەبەستنی هونەرە جۆراوجۆرەکان. بۆ ئەو دراما تەنها و تەنها وشە و کردارە.

جارێکیان بیکێت کە بە ڕادیۆ گوێی لە ئەندرۆماکی ڕاسین دەبێت، دەڵێت تەنها وشەیە، بەڵام چ وشەیەک! دەکرێت بەم شێوەیەش، لەسەر ئاستێکی بەرز ئاماژە بۆ تێکستەکانی بیکێت خۆیشی بکرێت، زۆر جار بۆ ئەوەی چەمکێک بەکار بهێنین کە زۆر کەم پابەندە بە بەرهەمەکانیەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا بێکۆتا و تا ئاستێکی باڵا جوانە. ئەمە بەشێک لە نامەکانیشی دەگرێتەوە، کە لە فۆڕمێکی سادەی پەیڤی ڕۆژانەوە سەبارەت بە کاروباری ژیانی ڕۆژانەوە، دەپەڕێتەوە بۆ سەر جۆرێک لە ئاخاوتنێکی فرەنایابی، فرەمانای مینیماڵی. بەشێکی گرنگی نامەکان سەبارەت بە نمایشە جۆراوجۆرەکانی شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆ و چۆنێتیی دابەشکردنی ڕۆڵەکانیەتی؛ هەروەها لە هەندێک لە نامەکاندا باسی پلانی نمایشەکەی باستەر کیتین و مارلۆن براندۆ  دەکرێت، کە لە نیویۆرک دەبوایە نمایش بکرایە، بەڵام ناگەنە هیچ ئەنجامێک و نمایشەکەیش پێشکەش ناکرێت. لە لەندەنیش هەمان چارەنووس ڕووبەڕووی پلانەکانی ئاڵێک گینیسیش دەبێتەوە، بەڵام لە نێو ئەم نامانەدا باسی نمایشێکی ئەڵمانیی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆەوە دەکات، کە لە یەکێک لە بەندیخانەکاندا و لە لایەن بەندەکانەوە بینراوە، دڵخۆشییەکی ئێجگار گەورە بە بیکێت دەبەخشێت.<13> لەم نمایشەدا ئەکتەرە گەورە و بەنازەکان ڕۆڵی پۆزۆ، لەکی، ئێستراگۆن و ڤلادیمیر نابینن، بەڵکو لە زۆر ڕووەوە، بەتایبەتی ئەو کەسانە ڕۆڵەکانیان بینیوە، کە خەڵکانی خواری خوارەوەی کۆمەڵگە و کەسە پەراوێزخراوەکان بوون، کە بیکێت بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە خۆی لە ئەواندا بینیوەتەوە؛ هەروەها بیکێت نمایشێکی تر لە نیۆیۆرک زۆر سەرنجی ڕادەکێشێت، کە هەموو ڕۆڵەکان لە لایەن ئەکتەری ڕەشپێستەوە بینراون: “پیاوی گەورەی ڕەش… تەماشاکەن لەکییەکی دوو مەتر و دوازدە سانتیمەتری!”

زۆر بڵێییەک لە نامەکاندا هەیە، بەتایبەتی کە باس دێتە سەر گفتوگۆی یەکەم هەنگاو و یەکەم نمایشەکانی گۆدۆ لە سەر شانۆکانی جیهان. لە لایەکی ترەوە ئەم زیادەڕۆییە ئەو هەستە بە خوێنەران دەبەخشێت کە ئامادەی خوڵقاندنی مێژووی شانۆ و ئەدەب ببن.<14>

بیکێت لەگەڵ سوزان دیشۆڤۆ دومینیل دەژیا، کە لە حەفتاکاندا، لە کاتە سەختەکانی ژیانیدا بە کاری بەرگدروویی یارمەتیی بژێویی ژیانی دەدا، بیکێت چەند ساڵێک دوای بەرگی دووەمی نامەکان، بەتەواوی هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات؛ هەروەها ئەم ئافرەتە هەمیشە لە بەرەکانی پێشەوەی ئەو جەنگەدا بووە، کە بیکێت ڕەزامەندی بۆ هیچ جۆرە چاوپێکەوتنێک دەرنەبڕیوە. دواتر سوزان دیشۆڤۆ دومینیل پاداشتی نۆبڵی ئەدەبی، کە بیکێت لە ساڵی 1969دا وەریگرت بە کارەسات ناوزەد دەکات، چونکە ئەو پاداشتە بیکێتی کردە کەسێکی ناودار و جۆرە فەڕمییەکی جیهانیی پێ بەخشیی. ڕۆڵێک، بیکێت بە هەموو توانایەکیەوە ڕەتی دەکردەوە و هەرگیز ئامادە نەبوو ئەو ڕۆڵە ببینێت<15>؛ هەروەها هەر لەم ساڵانەدا کە هێشتا ناو و ناوبانگە گەورەکەی بەتەواوی ئەوی بێزار نەکردبوو، بەوپەڕی تواناوە خۆی لە چاوی میدیا و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان دەشاردەوە، بۆ ئەم مەبەستەیش خانوویەکی بچووک و ساکار چەند میلێک لە دەرەوەی پاریس بە کرێ دەگرێت. لە قوڕاوی کەنار ڕووباری مارندا کە لەوێ هەموو کاتەکانی خۆی بۆ کێڵانی زەوی و چاڵهەڵکەندن تەرخان کردبوو، بە درێژایی ڕۆژ و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە، لەبری ئەوەی باسی پڕۆسە و دەقە شانۆییەکانی بکات، کە ڕۆژبەڕۆژ ناوبانگیان بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبووەوە، باسی ئەو چاڵانە دەکات، کە هەڵی کەندوون و باسی ئەو زەوییانە دەکات، کە کێڵاونی.<16>

بیکێت لە نامەیەکیدا بۆ هونەرمەند برام فان فیڵدا بەتایبەتی، کە زۆر ستایشتی کارەکانی ئەوی کردووە، دەڵێت: “من بە دوای ڕێگەیەکدا دەگەرێم تا کۆڵ بدەم، بەبێ ئەوەی بەتەواوی بێدەنگ بم.” لەوانەیە ئەمە گوزارشتێکی تەواو بێت لە پڕۆژە ئەدەبییەکەی بیکێت.<17>

ئەگەر مرۆڤ نەیزانیایە بیکێت بەردەوامە لە نووسیندا، بەتایبەتی لەو فۆڕمە چڕ و کورت و داماڵڕاوەدا، ئەوە لەو بڕوایەدا دەبووین کە هەر لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا کۆتایی بە کاری نووسین هاتبوو، بیکێت هەر لەم ڕۆژگارانەدا سەبارەت بە خۆی گوتوویەتی: “هیلاکییەکی زۆر، پێویستی بە تاریکی و تەختەنووستنێکی باریک و هێدی هێدی دەستبەرداربوونی هەموو شتێک.” یان تاکە ئاواتی ئەوەیە لە دەرەوە خۆی بخاتە ناو قوڕوچڵپاوەکانەوە و ڕوو لە مانگ بلوورێنێت. هەندێک جار هەر لە فیگۆرێکی بەرجەستەکراوی ناو ڕۆمانێک دەچێت. وات و مۆرفی دەکرێت زۆر بە ئاسانی شتێک لەم ستایڵە بڵێن: “من بە شێوەیەکی ترسناک ماندوو و سڕم، بەڵام هێشتا بەتەواوی ماندوو و سڕ نەبووم. نووسین شتێکی هەر زۆر نەشیاوە، بەڵام هێشتا هێندە نەشیاو نییە.” مرۆڤ لێرەدا تا ئاستێکی باڵا، هەست بە دوا وشەکانی لە ئەوەی ناو نانرێت، دەکات: “من ناتوانم بەردەوام بم، من بەردەوام دەبم.”

لەوانەیە هەندێک کەس وا بیر بکەنەوە کە خوێندنەوەی ئەم نامانە هەست و سۆزێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ڕەشبینی دروست دەکات، هیچ شتێک هێندەی ئەم بیروبۆچوونە هەڵە نییە، لە لای بیکێت جۆرە مەودا و دوورەپەرێزییەک و جۆرە تیژبینی و هۆشمەندییەک هەیە کە ئاسوودەیی دەبەخشێت و ئارامگیرە. ئەدەبێکی گەورە و مەزن هەرگیز دڵپەشێو و خەمگیین نییە، با چەندە ڕەشبینیش بێت.

شتێکی ئاشکرایە بیکێت جیهان وەکو جۆرە گەمەی مەیمونێک دەبینێت، کە بەبێ ویستی خۆی ناچار دەکرێت بەشداری تێدا بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەست بە هەموو ئەو کەسە داماو و بێویستانە دەکات و بەرگرییشیان لێ دەکات کە ناچار دەکرێن بەشداری بکەن، هەر وەک بەزەیی بەو کرمانەشدا دێتەوە کە لە کاتی چاڵهەڵکەندندا بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن ئازاریان پێ نەگەیەنێت. بیکێت ئازار و پەژارەکانی مرۆڤی دەدی.

لە ڕوانگەی ئەو تێگەیشتنەیەوە، هەر لە ساڵی 1949دا، چل ساڵ بەر لە مردنی، بەرجەستەی پڕۆژە مۆڕاڵی و ئێستاتیکییەکەی خۆی کردووە: “من چیتر مل بۆ هیچ کردارێک نادەم، کردارێک نەبێت بەتاڵ لە هیوا و قایل بە نەفرەتی خۆی.”

 

سەرچاوە:

SvD, Understrecket. Becketts brev offentliggor ensligt skapande av Carl Rudbeck. 2012

 


پەراوێزەکانی وەرگێڕ

1- ساموێڵ بیکێت لە ساڵی 1906 لەدایک بووە. خێزانەکەی دەوڵەمەند و ناسراو بوون و ژیانیان لە ناوچەی فۆکس ڕۆک لە دەرەوەی شاری دبلن بەسەر بردووە. خانەوادەکەی، چ دایکی و چ باوکی، سەر بە بنەماڵەیەکی ئێرلەندی پرۆتستانتی بوون. بیکێت لە باشترین قوتابخانە و زانکۆکانی ئەو کاتەی دبلن خوێندوویەتی. لە ساڵی 1926دا بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی زانکۆکەیانەوە سەردانی پاریس دەکات. بیکێت لە زانکۆی ترینیتی لە دبلن، گرنگییەکی زۆر بە زمانە مۆدێرنەکان دەدات و هەر لەم زانکۆیەدا زمانی فەڕەنسی و ئیتاڵی خوێندووە. لە  هەر لە سەرەتای تەمەنی بیکێتدا، نووسینەکانی دانتی کاری زۆری تێ دەکەن، دواتر ئەو کاریگەرییە لە هەموو نووسینەکانیدا بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەنگ دەدەنەوە. بیکێت بە نۆڤێلت، شیعر، لێکۆڵینەوەی ڕەخنەی ئەدەبی و دواتر بە ڕۆمان دەستی کردووە بە نووسین، هەرچەندە ڕۆمانەکانی گەلێک گرنگن و جێگەی سەرنج و تێڕوانینن، بەڵام زیاتر بە شانۆنامەکانی ناوبانگی جیهانی بەدەست دەهێنێت.

2- لویسای کچی جەیمس جۆیس، هونەرمەندێکی بەهرەمەند و بەسەلیقە بووە، زۆر نزیک بووە لە ڕۆحی باوکیەوە. جۆیس بەها و خۆشەویستییەکی تایبەتمەندی پێ بەخشیوە؛ بەڵام لویسا هاوسەنگیی هەست و مێشکی لەدەست دەدات و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە نەخۆشخانەی دەروونی دەمێنێتەوە. ئەم بار و ڕەوشەی لویسا، جەیمس جۆیسی تووشی پەژارە و بارێکی خراپی دەروونی کردووە.

3- بەرگی یەکەمی نامەکانی بیکێت ئەو نامانە دەگرێتە خۆ کە لە نێوان ساڵانی 1941 -1956دا نووسیونی.

4- مەبەست لەم پێشبڕکێیە شەڕە بۆکسێنە کە بیکێت زۆر ئارەزووی لێ بووە. بیکێت حەزێکی زۆری بۆ یاری هەبووە، خۆی لە مەلەکردن، بۆکسێن و تێنسدا گەلێک بەتوانا بووە، ئەم بەهرەیەشی لە فرانکی برا گەورەی و باوکیەوە بۆ ماوەتەوە.

5- کە جەنگی جیهانیی دووەم هەڵدەگیرسێت، بیکێت و سوزان لە دبلن دەبن، بیکێت ڕاستەوخۆ بڕیاری گەڕانەوە بۆ فەڕەنسا دەدات، دوای ئەویش بە چەند ڕۆژێک سوزانیش دەگەڕێتەوە بۆ پاریس. بیکێت لەم ڕووەوە گوتوویەتی: “فەڕەنسام لە کاتی جەنگدا زۆر لە لا خۆشترە وەک لە ئێرلەندا لە کاتی ئاشتیدا) دوای کەوتنی پاریس، بیکێت تێکەڵاوی هێزێکی بەرهەڵستکار دەبێت و دژی سوپای نازی کار دەکات. بیکێت لەو جەنگەدا ڕۆڵی کۆکردنەوەی زانیاری دەگێڕێت، دەزگایەکی زانیاریی کۆکردنەوەیش دەکاتە بنکەی چالاکییەکانی خۆی. بۆ ئەم مەبەستە زۆر بە وریایی میکرۆفیلم، بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنت دەربارەی چالاکی و جووڵانەوەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا ڕەوانەی بەڕیتانیا و شوێنە باوەڕپێکراوەکانی تر دەکات. بیکێت بۆ کۆکردنەوەی ئەو زانیارییانە زۆر جار ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام سوور دەبێت لە بەئەنجامگەیاندنی ئەو کارانە. لە ساڵی 1942دا کە شانەکەیان ئاشکرا دەبێت، بیکێت و سوزان ناچار دەبن ڕا بکەن و خۆیان بگەیەننە ناوچە ئازادکراوەکانی فەڕەنسا و بۆ ماوەی دوو ساڵ بە نهێنی لە گوندە دوورەدەستەکانی ئەو وڵاتەدا ژیان دەبەنە سەر. بیکێت هەر لەم قۆناغەی ژیانیدا دەست دەکات بە نووسینی ڕۆمانی وات (Watt). دوای جەنگیش دەگەڕێنەوە بۆ پاریس و حکومەتی فەڕەنسییش خەڵاتی جەنگ و مەدالیای ئازایەتیی پێ دەبەخشێت. بیکێت دواتر ئەم قۆناغەی ژیانی دەشارێتەوە و ‌هێندە بە گرنگییەوە باسی ناکات و پۆزی پێوە لێ نادات.

6- بیکێت هەر لە سەرەتاوە بڕیاری داوە ببێتە نووسەر، بۆ ئەم مەبەستە هەموو ڕێگەکان تاقی دەکاتەوە. بۆ نموونە بەر لەوەی ئێرلەندا بەجێ بهێڵێت، کۆمەڵێک بابەتی سەنجڕاکێش دەنووسێت: باسێک دەربارەی جەیمس جۆیس، شیعرێکی فەلسەفی سەبارەت بە دیکارت و بابەتێکی ڕەخنەی ئەدەبی بۆ ڕاڤەکردنی بەرهەمەکانی ڕۆماننووسی گەورەی فەڕەنسی مارسێل پرۆست. دەبێتە مامۆستا لە زانکۆی ترینیتی، بەڵام هەر دوای ماوەیەکی کورت واز لەم زانکۆ گرنگە دەهێنێت و لەبری ئەوە گەشتێک بە ئەوروپادا دەکات، دواتر بەتەواوی لە پاریس جێگیر دەبێت. بیکێت لە پاریس تێکەڵاوی چینێکی بەرزی ڕۆشنبیر و نووسەرەکانی ئەو کاتەی پاریس دەبێت، ئەم ڕۆشنبیرانەیش بەتایبەتی ڕۆمانی مۆرفی سەرنجیان ڕادەکێشیت. ڕۆمانی مۆرفی ئەتمۆسفێری کۆمیدیایەکی شێتانەی ڕەشی لەخۆ گرتووە. مۆرفی کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، هەوڵ دەدات لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکانیدا دونیای ناوەوە و دەرەوەی خۆی ڕێک بخات، بەڵام مۆرفی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ژیانی واقیعی و خودی خۆی نییە، تا لە ئەنجامدا لە یەکێک لە شێتخانەکاندا دەگێرسێتەوە و ژیانی لۆژیکیی خۆی لەدەست دەدات.

7- بیکێت توانیی بە شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە ڕێچکە باوەکە بشکێنێت و فۆڕمێکی نوێ و زمانێکی جیاواز بۆ هونەری دراما و شانۆ دابهێنێت. شانۆنامەکە هەر لە یەکەم نمایشەوە دەبێتە هێماگەلی دەستپێکی نوێ بۆ شانۆی فەڕەنسی، شانۆی جیهانی و تەوژمی شانۆی ئەبزێرد. بیکێت لەم شانۆنامەیەدا هەر لە سەرەتاوە، لە هەموو سەرچاوەکانی شانۆی تەقلیدی دوور دەکەوێتەوە، زمانێکی تایبەت و ئەتمۆسفێرێکی جیاواز بۆ شانۆ دەخوڵقێنێت. لە کۆتایی گەمەدا کارەکتەرەکان چیرۆک و یادەوەرییەکانی خۆیان دەگێڕنەوە و بیر لە هەندێک شت دەکەنەوە تەنها بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان بەسەر بوونی خۆیان و دەوروبەرەکەیاندا بشکێت. هەندێک لە کارەکتەرەکانی ئەم دەقە لە ناو تەنەکەی خۆڵدا خۆیان دەشارنەوە. كارەکتەرە سەرەکییەکەی شانۆنامەی ڕۆژە بەختیارەکانیش لە بەشی یەکەمدا تا ناوقەدی و لە بەشی دووەمیشدا هەموو جەستەی لە ناو لمدا دەنێژرێت.

8- بیکێت لە ساڵی 1951دا ڕۆمانی مۆلۆی دەنووسێت، لە هەمان ساڵدا ڕۆمانی مالۆن دەمرێت دەنووسێت و لە ساڵی 1953شدا ڕۆمانی ئەوەی ناو نانرێت بڵاو دەکاتەوە. ئەو سێ ڕۆمانە پێکەوە سێینەیەکیان پێک هێناوە و یەکتری تەواو دەکەن. پسپۆڕ و ڕەخنەگرەکانیش ڕۆمانی مۆلۆی بە سەرکەوتووترین بەرهەمەکانی بیکێت دادەنێن. ڕۆمانەکە بریتییە لە دوو بەش، لە بەشی یەکەمدا مۆلۆی دەگەڕێتەوە بۆ لای دایکی، هەرچەندە دوو قاچی پتەو و بەهێزی هەیە، بەڵام ناتوانێت پاسکیلەکەی بئاژوێت و لە ئەنجامدا ناچار دەبێت لەسەر سک بەرەو چاڵێک بخشێت. لە بەشی دووەمدا مۆران دەگەڕێت بەدوای مۆلۆیدا، مۆران لە ڕێگەدا ڕووت دەکرێتەوە و هەرچییەکی هەیە لە دەستی دەدات و هەرگیز مۆلۆییش نادۆزێتەوە. لە دوا وێستگەکانی ڕۆمانەکەدا مۆران گۆڕانگاریی بەسەردا دێت و وەک مۆلۆی لێ دێت.

9- خۆرخێ لویس بۆرخێس نووسەرێکی گەورەی ئەمریکای لاتینە. لە ئەرجەنتین لەدایک بووە و لە سویسرا کۆچی دوایی کردووە. ئەم نووسەرە گاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی بەسەر ئەدەبی جیهانییەوە هەیە و بەرهەمەکانی وەرگێرڕاونەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دونیا.

10- دەتوانین بڵێن، کە بیکێت سەر بە دوو کەلتووری جیاواز بووە: ئینگلیزی و فەڕەنسی. زمانی هەردوو کەلتوورەکەشی باش زانیوە. ئینگلیزی، کە زمانی دایکی بووە، لە دبلن و قوتابخانەکانی ئەو وڵاتەدا زمانێکی ستانداردی ئەدەبیی بەرز فێر دەبێت. وریایی لە زمان و خوێندنەوە بەردەوامەکانی، زمانە ئەدەبییە ئینگلیزییەکەی دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرز و سەرەتای نووسینەکانیشی هەر بەم زمانە دەبێت؛ بەڵام زمانی فەڕەنسی سەربەستییەکی تر و دەروازەیەکی جیاوازتری پێ دەبەخشێت، دەرگاکانی فەڕەنسا و شاری پاریسیان بۆ دەکاتەوە. زمانی فەڕەنسی بۆ بیکێت دەبێتە زمانی عیشق و داهێنان. كە هێدی هێدی لە زمانی ئینگلیزییش دوور دەکەوێتەوە، زمانی فەڕەنسی دەبێتە زمانی یەکەمی، بەڵام بیکێت  بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی هەردوو زمانەکە بە باشی بەکار دەهێنێت، بۆ نموونە هەر خۆی و زۆر بە سەلیقەوە بەرهەمەکانی لە فەڕەنسییەوە وەردەگێڕێتە سەر ئینگلیزی و لە ئینگلیزییشەوە بۆ سەر زمانی فەڕەنسی. ئەم زمانزانینە و گەمەکردنە لە نێوان ئەم دوو زمانە گەورەیەدا، بەرهەمەکانی گەلێک دەوڵەمەند کردووە و ئاسۆی بیروبۆچوونەکانیشی فراوانتر کردووە.

11- بیکێت و فرانکی برای لە ئێرلەندا پێکەوە زۆر بە ئاسوودەیی ژیاون و هەمیشە خەریکی یاریکردن بوون. فرانک بیکێت لە ساڵی 1954دا دەمرێت و بەم شێوەیەش بیکێت هەموو پەیوەندییەکانی بە ئێرلەنداوە دەپچڕێنێت.

12- ڕیژیسۆری بەڕیتانی پیتەر بروک، کە کاریگەرییەکانی بیکێتی بەسەرەوەیە، چ لە ڕووی تەکنیک و چ لە ڕووی خستنەسەر شانۆی دەقەکانی، کاری لەگەڵ دونیای بیکێت کردووە. سەبارەت بە هێماگەلی بیکێت دەڵێت: “بیکێت دەتوانێت وێنەیەک پێشکەش بکات، کە سەر بە تەختەی شانۆیە، هەروەها پەیوەندی و ئامڕازەکانیش هەمووی لە ئەزموونێکی چڕی تیژەوە سەرچاوە وەردەگرێت، لە بریسکەیەکدا کە ژیانی تێدایە؛ بەڵام خۆی ئاشکرا ناکات. هێماگەلی بیکێت بەهێزە، لەبەر ئەوەی ناتوانین بیانگرین، زۆر دوورە لەوەی تەنها کۆمەڵێک جیهانی لێکچووی وەک کتێبی قوتابخانەکان، یان نەخشە و وێنە دیاریکراوەکان بێت، بەڵکو شانۆنامەکانی زۆر بە ئاسانی ئەفراندنی ئەدەبییە.

13- لە سوێدیش بە چاودێری و ڕەزامەندیی بیکێت، هونەرمەند (یان یۆنسۆن) لە بەندیخانەکاندا کاری لە سەر شانۆنامەی بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە کردووە. لەو نمایشەدا تێکڕای ڕۆڵەکان لە لایەن بەندەکانەوە بینراون، دوای نمایشەکەیش هەموو هەڵدێن. ئەم ڕووداوە بیکێت گەلێک خۆشحاڵ دەکات. یان یۆنسۆن سەرلەنوێ لە ئەمریکا و لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتەدا، لە ژێر چاودێرییەکی توندوتیژدا لەگەڵ بەندییەکان بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە نمایش دەکات. بۆ زیاتر شارەزابوون لە وردەکارییەکانی ئەم ئەزموونە سوێدییە، بڕوانە کتێبی: شانۆی سوێدی. بەتایبەتی “هەندێک لە ساتەوەختەکانی واقیع” لە نووسینی دانا ڕەوف.

14- شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆەوە باسی دوو کەس (ڤلادیمێر و ئێستراگۆن) دەکات. ئەم دوو کەسە بەدەم چاوەڕوانیی کەسێکەوە کە ناوی گۆدۆیە داڵدەی یەکتر دەدەن و وتووێژەکانیان لە نێوان هەڵوێستەی کۆمێدی، بێئومێدی، هیوا و بێهیواییدا دەسوڕێتەوە. گۆدۆ پێی ڕاگەیاندوون کە دێت، بەڵام هەرگیز دەرناکەوێت. هەر لەم سەرەڕێگەی چاوەڕوانییەدا لەکی و پۆزۆ دەبینن، لە کۆتایی بەشەکانیشدا منداڵێک دێت و پێیان ڕادەگەیەنێت کە گۆدۆ ئەمڕۆ نایەت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سبەی دێت. لەسەر شانۆکەیش تەنها درەختێکی وشکی بێگەڵا هەیە، بەڵام لە بەشی دووەمدا ئەم درەختە وشکە گەڵای کردووە. بیکێت ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە مەبەستی لە گەڵاکردنی درەختەکە هیچ جۆرە هیوایەک نییە و تەنها مەبەست لەوەیە کە زەمەن تێپەڕیوە.

15- بیکێت ئامادە نەبوو ئەو پاداشتە گەورە جیهانییە وەربگرێت، ئامادەیش نەبوو سەردانی سوێد بکات و بە نامەیەک بە ئەکادیمیای سوێدی ڕادەگەیەنێت کە پارەی پاداشتەکە بدەن بە هەژارەکانی دونیا.

16-  “لە قوڕاوی کەنار ڕووباری مارن“دا، ئەو تێکستەیە کە بیکێت لەو خانووە بچووکەی دەرەوەی پاریس نووسیویەتی.

17- برام فان فیڵدا 1895-1981، هونەرمەندێکی وێنەکێشی بەناوبانگی هۆڵەندییە، لە ساڵی 1925ەوە لە پاریس ژیاوە. لە ساڵی 1965دا چووەتە سویسرا و تا کۆچی دوایی دەکات لەوێ دەژیی. تابلۆکانی ستایلێکی ئێکسپرێشنیزم، ئەبستراک و ئێکسنتیالیزمی لەخۆ گرتووە.

هاوبەشی بکە

nama, SamuelBeckett, په‌ڕاوی بیكێت,