19/03/2024
DidiMn Logo
Top

نزار زێوێیی و ئامێرە نوێیەکەی لە دیدی من

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ساڤان عەبدولڕەحمان

نزار زێوێیی یەکێکە لە موزیسیانەکانی باشووری کوردستان و ساڵانێکە لە ڕێی گرووپی موزیکی لووڕەوە چەندین بەرهەمی هونەریی پێشکەش کردووە. لە ئێستادا ئەو هونەرمەندە ئامێرێکی نوێی دروست کردووە و وەک خۆی بۆ دیدی من دەڵێت، ئامێرەکەی تەواو کوردییە و ئامادەیە بە ناوی کوردستانەوە تۆماری بکات. هەروەها لە نووسراوێکیدا کە تیراژێکی بۆ دیدی من ناردووە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هاوکاری بن لە بەرەوپێشبردنی ئامێرەکەدا.

ماوەی چەند ساڵە ئامێری موزیک دەژەنیت و لەسەر دەستی کام مامۆستا فێر بوویت؟ چەند ئامێر دەژەنیت؟ بۆ خوێندن سەردانی چەند وڵاتت کردووە، یاخود لە کوێ ڕاهێنانی موزیکت کردووە؟

لەدایکبووی 5/3/1982ی شاری سلێمانیم، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و ئامادەیی لە وڵاتی ئێران. موزیکم لە وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شارەکانی پاوە، کرماشان و تاران، لای مامۆستایان ئیرەج کەریمیان، ئیسماعیل مەسقەتی، بێهرۆز ئاهی، کەیوان ساکت و هۆشەنگ زەریف خوێندووە.

هەڵگری دبلۆمم لە بواری موزیکی شانۆدا و بڕوانامەی وانەگوتنەوەی موزیکم لە سەرانسەری وڵاتی ئێراندا هەیە. ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانم و ماوەی پێنج ساڵ مامۆستای موزیک بووم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی. هەروەها دەستەی دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری گرووپی موزیکی لووڕم.

چەند بەرهەمی موزیکت هەیە؟

خاوەنی ئەلبوومێکی موزیکی خۆمم بە ناوی ”یەکەم هەنگاو”، چەند پارچە موزیکێکە بۆ ئامێری تار، نزیکەی سێ هەزار دانەی لێ چاپ کراوە.

ئامێرێکی نوێی موزیکت دروست کردووە، هۆکاری ئەمە چی بوو؟

چەندین ساڵە ئازارێک ناخم دەهەژێنێت کە من خزمەتی ئامێری وڵاتێکی دیکە و نەتەوەیەکی دیکە دەکەم، هەمیشە حەزم دەکرد دوای ژەنین بڵێم ئامێرەکەم کوردییە، بەڵام ڕاستییەکەی وا نەبوو، بۆیە هەوڵم دا ئامێرێک دروست بکەم نەتەوەکەم خاوەنی بێت، دوای چەندین ساڵ ئەزموون ئەم ئامێرەم دیزاین کرد و دامە سازسازێک بۆم دروست بکات و ناوم لێ نا ”یار”.

ئامێرەکە لە چ ئامێرێکی ترەوە سەرچاوە دەگرێت و تایبەتمەندییەکانی چین؟

ئیلهامی ئەم ئامێرەم لە تەنبوورەوە وەرگرتووە، واتە دایکی ئامێرەکەم تەنبوورە. جگە لە وەتەرەکانی، سەرجەم کەرەستەکانی خۆماڵین و لە داری گوێز و توون.

گەر فێرخوازان بیانەوێت فێری ئەو ئامێرە ببن، پێویستیان بە نۆتە و کلیلی موزیکی تایبەت بە خۆی دەبێت و دەبێت ئەویشی بۆ ئامادە بکرێت؟

بەڵێ، لە ئێستادا سەرقاڵی نووسینەوەی کتێبی فێربوونی ئامێری  یارم، بەم نزیکانە پەیڕەو و پرۆگرامی دەنووسمەوە و بە شێوەی پەروەردەی کوردی دایدەڕێژم و لە کاتی بڵاوکردنەوەیدا کۆنسێرتێکی تایبەت بۆ ئامێرەکەیش ساز دەکەم.

بۆ بەڕێز/

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
وه‌زیری ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
پارێزگاری سلێمانی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر

بەندە، نزار زێوێیی، ماوەی نۆزدە ساڵە کاری هونەری دەکەم لە بواری موزیکدا، دوای ئەو چەند ساڵە لە فێربوون و ئەزموون وەرگرتن لە ژەندنی ئامێرە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، بە تایبەت ئامێرەکانی تار، سێتار، تارباس، سێتار باس، لە ئێستادا لە دوای ماندووبوونێکی زۆر هەوڵم دا دیزاینی ئامێرێکی نوێ بکەم و خۆشبەختانە دوای چەندین ساڵ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ سازسازەکاندا، توانیم ئامێرێکی نوێ دروست بکەم کە سەرچاوەکەی ئامێری تەمبوورە، بەڵام بە گۆڕانکارییەکی زۆر و بە فراوانکردنی توانای ژەنینی ئەو ئامێرە، کە لە هەموو جۆرە شێواز و سەبکەکانی موزیکدا بە شێوەیەکی باش بتوانێ دەرببڕێ، بەڵام بە مۆرکی کوردی .
من ئەو هەوڵەم بۆ میللەتەکەم داوە و دەمەوێ وەک پێشمەرگە قارەمانەکان خزمەتی وڵاتم بکەم .
ئامادەم ئامێرەکەم بە ناوی کوردستانەوە تۆمار بکەم .
ئەوەیش نموونەی دەنگ و ڕەنگی ئامێرەکەمە، کە ناوی ”یار”ە و پێشکەشی دەکەم بە نەتەوەکەم .

دەقی داواکەی نزار زێوێیی
هاوبەشی بکە

Kurdish Music, Music,