18/03/2024
DidiMn Logo
Top

ئۆركێسترای ماڵی موزیك: بۆچی پاگەنینی شەیتانی میوزیك بوو؟

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – كلاسیك ئێف ئێم
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: چرۆ عیزه‌ت

“نیكۆلۆ پاگەنینی” ئەو كەمانچەژەنە بەھرەمەند و لێھاتووەی كە خەڵكی لەو بڕوایەدان ڕۆحی خۆی بە شەیتان فرۆشتبێت.


كەسانێك پێیانوایە كە پاگه‌نینی خواوەندێكی خوازراوی میوزیكە، ھەندێكی دیكەش پێیانوایە بە ڕێككەوتنی لەگەڵ شەیتاندا بەھرە ھونەرییەكەی بەدەست ھێناوە، بەڵام ئاخۆ دەبێت چیرۆكی ڕاستەقینەی پشت بلیمەتی “نیكۆلۆ پاگەنینی” چی بێت؟

“نیكۆلۆ پاگەنینی” میوزیكژەنی بەھرەمەند و لێھاتوو؛ بە درێژایی مێژوو بە یەكێك لە مەزنترین كەمانچەژەنەكان دادەنرێت، لە ٢٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٧٨٢ لە “جێنەوا”ی “ئیتاڵیا” لەدایكبووە.


پێش ئەوەی لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە خوو بە ژەنینی كەمانەوە بگرێت؛ لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەست دەكات بە ژەنینی مەندۆلین [ئامێرێكی مۆسیقییە]. لە تەمەنی یازدە ساڵییدا و لە “جێنەوا” یەكەم پێرفۆڕمانسی كەمانی خۆی ئەنجام دەدات، لە تەمەنی پازدە ساڵییشدا ئەم گەنجە بەھرەمەندە دەست دەكات بە تاكژەنی میوزیك.

سەدەی نۆزدەھەم ژمارەیەكی ئێجگار زۆر كەمانجەژەنی بەخۆوە بینیووە، بەڵام ھیچیان وەكو “پاگەنینی” نەبوون، ئەو بەھرەمەندییەی لەم میوزیكژەنەدا ھەبوو مایەی چاوتێبڕین بوو و وایكرد خەڵكی بیر لەوە بكەنەوە كە لەگەڵ شەیتاندا پەیمانی بەستبێت.
تەنانەت پڕوپاگەندەی ئەوەش بڵاوبووەوە كە دایكی “پاگەنینی” ھەڵساوە بە فرۆشتنی ڕۆحی كوڕەكەی بە شەیتان؛ بۆئەوەی بتوانێت ببێت بە میوزیكژەنێكی ھێندە مەزن لە مێژوودا.

لێرەشەوە چیرۆكە ڕاستەقینەكە بزانن:


“پاگەنینی” لە تەمەنی سێزدە ساڵیدا بۆ خوێندن دەنێردرێتە لای كەمانچەژەن و مامۆستای ناودار “ئەلیساندرۆ رۆلا”، ئەم مامۆستایە ھەر زوو بەھرەكانی “پاگەنینی” بۆ دەردەكەوێت و بڕیاری ئەوە دەدات كە ھیچ شتێك نەماوەتەوە ھەتاكو فێری بكات؛ ھەربۆیە دەینێرێتە لای مامۆستایەكی دیكەی پلەژوورتر كە “فێردیناندۆ پایر” بوو، دواتر ئەویش دەینێرێتە لای مامۆستاكەی خۆی “گاسپارۆ گیرێت”.

“پاگەنینی” لاو بەئاشكرا منداڵێكی ڕەفتار سەیر و نائاسایی بوو، بەڵام لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە دەست دەكات بە تاكژەنی میوزیكی؛ دووچاری داڕووخانی دەروونی و ئالوودەی ئەلكھولیش دەبێت.
وردە وردە ناو و ناوبانگی ئەم كەمانچەژەنە “پاگەنینی” كرد بە قوماربازێكی ترسناك و بادەنۆش و مێبازێكی بەردەوام. تەنانەت قسەوقسەڵۆكەكان دەیانگووت كە “پاگەنینی” ئافرەتێكی كوشتووە؛ پاشان ڕیخۆڵەكانی وەكو دەزووی كەمانچە بەكارھێناوە و ڕۆحی ئافرەتەكەی لە ئامێرە مۆسیقییەكەدا بەند كردووە. قیژە و ھاواری ئافرەتەكان بۆ ئەوە بوون لە كەمانچەكەیەوە ببیسترێن كاتێك لەسەر تەختەی شانۆ ئاوازێك پێشكەش دەكات.
بەدڵنیاییەوە لێزانی و كارامەیی “پاگەنینی” لە كەمانچەدا بێھاوتا بوو، ئەو یەكێك بوو لە یەكەمین ئەو كەمانچەژەنانەی تاكئاوازەكانی پێشكەش دەكردن بەبێ ئەوەی پەڕەی نۆتەنووسراوەكان لەبەردەمیدا بن؛ لەجیاتی ئەوە ھەموو شتێكی لەبەردەكرد.

“پاگەنینی” بەتایبەتی بە ٢٤ سۆڵۆی كەمانە مەزن و سەرنجڕاكێشەكەی ناسراوە، بە پەرەپێدانی تەكنیكی تایبەت یارمەتیدەر بوو لە بەرەوپێشبردنی ھونەری میللیدا؛ بۆ نموونە لێدان لە ئامێرە چەماوەكان “Spiccato” و بەكارھێنانی پەنجەكانی دەستی چەپ “Pizzicato” و ئاوازە ھارمۆنییەكان. ھەروەھا بەئەنقەست لێدانەكانی دەگۆڕی بۆئەوەی پارچەكان ئاسانتر بێنە ژەنین.

دەگووترێت “پاگەنینی” توانیوویەتی لە ماوەی یەك چركەدا دوازدە ئاوازی نووسراو بژەنێت، ڕۆڵ و كارێك كە دواتر “دەیڤد گارێت”ی كەمانچەژەن تەواوی كرد، ساڵی ٢٠١٣ لە فیلمی (The Devil’s Violinist)دا ڕۆڵی “پاگەنینی” گێڕا، فیلمەكە لە چیرۆكی ژیانی ئاوازدانەرەكەوە وەرگیرابوو.

“پاگەنینی” پیاوێكی سەرسوڕھێن و ڕوومەت قوپاو بوو، ڕەنگ زەرد و لێوەكانیشی تەنك بوون، باڵای زۆر بەرز و باریكەلە بوو، بەزۆرییش جلوبەرگی ڕەشی دەپۆشی.
پەنجەكانی دەستی درێژ و باریك بوون، بەركەوتەی لەگەڵ پەڕە مۆسیقییەكاندا نەبوو، لەسەر تەختەی شانۆ ھەر ھاتوچۆی بوو؛ ئەمەش وایكرد نازناوی (پیاوی مەتاتی، پیاوی لاستیكیی) بەسەردا بسەپێنرێت.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بۆچوونەكان پێیانوایە ئەو درێژییە نائاساییەی پەنجەكانی “پاگەنینی” ھەیانبوو؛ كە ڕێگەیان پێدەدا ھۆنراوەیەكی ھەشت خشتەكی لەنێو یەك لەپی دەستتدا جێبكاتەوە و بیژەنێت؛ ھۆكارەكەی [دەردە نیشانە] بووە، كە تێكچوونێكی بۆماوەییە، لەگەڵ ئەمەشدا؛توانای “پاگەنینی” بۆ ژەنین بەو خێراییە بڕواپێنەكراوە دەكرێت ھۆكارەكەی نەخۆشی (Ehlers Danlos) بووبێت؛ تێكچوونێكە دەبێتە ھۆی زیادبوونی نەرمێتی و كەمی ھاوسەنگی و ھەماھەنگی.
ھەروەھا ئامێری مۆسیقی كەمانچە لە لایەن كەسانێكەوە وەكو ئامێری ئەھریمەن لێی دەڕوانرێت، ھەربۆیە بەگشتی شتێكی سەرسوڕھێنەر نیە كە قسەوقسەڵۆك لەبارەی ڕێكەوتن لەگەڵ شەیتاندا بڵاوبۆوە و لەنێو خەڵكیدا دەستاودەستی پێكرا، تەنانەت كەسانێك لەو بڕوایەدا بوون كە “پاگەنینی” ھەر خوودی خۆی شەیتان بێت.

یەكێك لەو قسەوقسەڵۆكانە لە میانەی كۆنسێرتێكەوە لە “ڤییەنا”دا سەری ھەڵدا، كاتێك یەكێك لە گوێگرەكان گووتی پێیانوایە گوایا شەیتانیان بینیووە لە ژەنینیدا یارمەتی “پاگەنینی” داوە، ھەر زوو خەڵكی دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەی ئەو بۆچوونەی كە “پاگەنینی” شاخ و ناڵی لێ ڕوواوە.
تەنانەت دەیانگووت جارێكیان لە میانەی پێڕفۆڕمانسێكی “پاگەنینی”دا شەیتان بەشداری ژەنینی ئامێرەكەی كردووە.

پاگەنینی چۆن مرد؟
“پاگەنینی” لە دواتردا؛ بەشێكی زۆری ژیانی بە دەردەداریی بەسەربرد، ساڵی ١٨٢٢ تووشی نەخۆشی سیفلیس بوو، ڕووبەڕووی زۆر كێشەی تەندرووستی كردەوە.


ساڵی ١٨٣٤ تووشی نەخۆشی سیل دەبێت و پاش ماوەیەكی كەم چاك دەبێتەوە، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە بۆی دەردەكەوێت بەردەوام لاوزتر دەبێت؛ ھەربۆیە بڕیار دەدات چیدی ئاھەنگ پێشكەش نەكات و خانەنشین ببێت، ئەو كات تەمەنی ٥٤ ساڵ بوو، ھەروەھا دواین ساڵەكانی تەمەنی بە گووتنەوەی وانە و فێركردنی ئامێری كەمانچەوە بەسەر برد.

“پاگەنینی” لە ٢٧ی مایسی ساڵی ١٨٤٠ و لە “نایس”ی وڵاتی “فەڕەنسا” بە شێرپەنجەی گەروو كۆچی دوایی كرد.
بەر لە مردنەكەی ڕوو دەكاتە لای قەشەیەك و دواین ڕەوشت و دانپێدانانەكانی خۆی بۆی دەخاتە ڕوو، ئەوانیش بریتین لە دواین نزا و پاڕانەوەكانی كاثۆلیكەكان كە لە دواساتەكانی ژیانیاندا وەریدەگرن.


“پاگەنینی” گووتی ڕووی لەو قەشەیە كردووە چونكە لەو بڕوایەدا بووە كە نامرێت، بەڵام ئەو كەسانەی پێیان وابوو كە “پاگەنینی” لەگەڵ ئەھریمەندا ڕێكەوتووە ئەم ڕاڤە و لێكدانەوەیەیان نەبوو.
ھەفتەیەك دواتر “پاگەنینی” بەبێ وەرگرتنی نزا و سرووتە ئاینییەكان كۆچی دوایی كرد، كڵێسا ناوخۆییەكەیشی ڕەتیان كردەوە لاشەكەی لە زەوییە پیرۆزەكەیاندا بە خاك بسپێرن، سەرەڕای ئەوەی ئەو یەكێك بوو لە ئەندامانی خانەوادە خاوەن پلەوپایەكان.


بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ، تەرمەكەی گەشتێكی لەڕادەبەدەری بە ئەوروپادا پێدەكرا و بەردەوام دەگوازرایەوە، جەستە مۆمیاكراوەكەی بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر پێخەفی مردنەكەی لە شاری “نایس” بەجێھێڵدرا، پێش ئەوەی ببرێتە ژێرزەمینی ماڵەكەوە؛ كە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك لەوێشدا مایەوە.


پاش ئەوەی كڵێساكەی شارەكەی ڕەتیان كردەوە كە بە خاكی بسپێرن؛ لاشەكەیان برد بۆ یەكێك لەو ماڵانەی كە كەسە دەستلێھەڵیگراوەكانیان تێدا دەھێشتەوە، دوای ئەوەش لە كارگەیەكی ڕۆنی زەیتوندا خرایە نێو كۆنكرێتەوە و دواتریش گوازرایەوە بۆ خانوویەكی تایبەتی لە شاری “نایس”.


نزیكەی چوار ساڵ پاش مردنی؛ “پۆپ گریگۆری شازدەیەم” ڕێگەی دا لاشەی “پاگەنینی” كەمانچەژەن بگوازرێتەوە بۆ “جێنەوا” و لەكۆتاییدا بە ئارامی لە گۆڕستانی “La Villetta”ی شاری “پارما”ی وڵاتی “ئیتاڵیا”دا ڕاكشا، ئەو گۆڕستانەش نزیكەی ٢٠٠ كیلۆمەتر لە “جێنەوا” و شوێنی لەدایكبوونی كەمانچەژەنەكەوە دوور بوو.

هاوبەشی بکە

Orchestra, Paganini,