15/11/2024
DidiMn Logo
Top

“په‌له‌ى دڵخۆشيم نييه‌”

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

سه‌ركار سالار

بودا دينێكى له‌سه‌ر ژيانكردنى ڕوت جێ هێشت
به‌ڵام به‌و پێيه‌ى له‌ ناو خه‌ڵكا گه‌وره‌بووين
نه‌كرده‌يه‌ ژيانى ڕوت

گه‌ر هه‌ست ئه‌كه‌ى بۆ ئامۆژگارييه‌كانى بودا
گوێ ڕايه‌ڵى
ئه‌وه‌ كاتێكه‌ لانى كه‌م
مه‌ترسى له‌سه‌ر ئاواته‌ بچوك و ناچارييه‌كانت نييه‌
ئه‌مه‌يه‌ نهێنى ئه‌وه‌ى  
زۆرێ له‌ يۆگى و سۆفى و عاريفه‌كان
له‌ خۆشگوزه‌رانيا ڕۆحانين

ئه‌وه‌نه‌ خراپ نه‌بووم
به‌س كه‌ دڵڕه‌قى دنيا ئه‌بينم
گه‌ر نه‌شتوانم بۆ ئه‌وه‌ى دنيا تێك بده‌م 
بچم ببم به‌ تيرۆرست
ئه‌توانم سوك سه‌يرى هه‌موو بوون بكه‌م
زۆر ئاسانه‌ بڕوا به‌ خۆم بێنم
سه‌رسام نه‌بم به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان
به‌ مناڵانه‌ى ببينم شادييه‌كانتان
ئێ هەر واشه‌ سه‌ركه‌وتن و شادييه‌كانمان

كه‌ دنيات وێران بوو
كه‌ كارته‌كانى ده‌ستت سوتان
ئه‌بێ وا بيربكه‌يته‌وه‌
ئاده‌م و حه‌وا هه‌رچى ئه‌وه‌ى 
بۆ مليۆنان ساڵ مێژوو بيرى ناچێته‌وه‌
هه‌مووى مايه‌ى گاڵته‌ جاڕين
دڵ به‌و هه‌واڵه‌ تاڵانه‌ خۆشكه‌ى 
له‌سه‌ر وێنه‌ى خودا 
يا ئاينده‌ هه‌يه‌
هه‌قى ئه‌وه‌ى 
خه‌ڵك سوتانى كارته‌كان له‌ ده‌ستتدا قورستر ئه‌كا
هه‌قى ئه‌وه‌ى
زۆرێ له‌ ئازاره‌كانى هه‌ر يه‌كێكمان
 تيرى نيگاى خه‌ڵكه‌
من وا ئه‌ڵێم و 
ئاگاشم له‌و زۆر به‌كار هێنانه‌ى درۆى
(گوێ ناده‌م به‌ قسه‌ى خه‌ڵك)ه هه‌يه‌

بيرم نه‌بوو ئه‌وه‌ش بڵێم
كاتێ تۆ ئاواته‌ گه‌وره‌كانيشت بۆ نه‌يه‌ته‌ دى
نه‌ك ئه‌و ئاواتانه‌شى تۆزێ له‌ولاى ژيانى 
ڕوته‌وه‌ دات ئه‌نێن
ئه‌توانى وه‌ك من بير له‌ تۆڵه‌ نه‌كه‌يته‌وه‌
ئه‌گينا قه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نيم
كه‌س شكستى سه‌رتاسه‌رى
نه‌يكا به‌ دڵڕه‌قێكى گه‌وره‌

كه‌ ژيان فێڵى لێ كردى
خۆزگه‌ ئه‌وتوانى بڵێى من نايكه‌م
به‌س كوا يارييه‌كانى چاره‌نووس وه‌ك ئه‌وانه‌ى مناڵين
هه‌نێ كات بتوانى بڵێى: ( نه‌يكه‌م ناكرێ )*
ئه‌مه‌يه‌ نهێنى ئه‌وه‌ى 
تيرۆرست و شۆڕشگێڕه‌كانى دنيا 
كه‌مينه‌يه‌كى زۆر كه‌من

 من سه‌خت ئه‌ژيم
گوێم لێ بووه‌ زۆر وتراوه‌
به‌س من په‌يوه‌ست به‌ هه‌ستێكى تره‌وه‌
ئەڵێم : من سەخت ئەژیم

شيعر گوێ بۆ دڵشكانه‌كانم ڕاناگرێ
زمان تواناى نيه‌ به‌ كينايه‌ شته‌كانى دڵم 
باس كات
ناچار
(هه‌نێ له‌م چيرۆكانه‌ له‌ تابوته‌كه‌ما ئه‌شارمه‌وه‌)**
گێڕانه‌وه‌ى هه‌ندێكيشيان 
ئه‌خه‌مه‌ قومارێكى ئيستاتيكى شيعریەتەوه‌

دواى ناخۆشييه‌كانم
ناخۆشييه‌كانم بير خۆ بردووه‌ته‌وه‌
نه‌ك خۆشى هاتبێ 
خۆشييه‌ تێپه‌ڕ و كورته‌كانم
خيانه‌ته‌ له‌ ڕيتمى گشتى ژيانم
هی ئەوەیە بیرکردنەوە لێیان
ئازاراێکی هەیە 
هەست ئەکەم هی ویژدانە
نه‌ك ماليخۆليا

شۆڕشگێڕانه‌ترين كرده‌
ده‌ركه‌وتنى تۆيه‌
كه‌ تۆ يه‌يت دنيام ڕاديكاڵانه‌ ئه‌گۆڕێ
به‌س ئه‌مه‌ كاتێ ڕاسته‌
هه‌ندێ له‌ شته‌كان پێويستيان به‌ گۆڕان نه‌بێ
هاتنت هه‌ندێكى تريان بگۆڕێ

گه‌وره‌ترين ئاواتم كه‌ نه‌يگه‌مێ تۆى
كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌
ئاواته‌ بچووكه‌ككانيشم له‌ په‌يوه‌نديا به‌ تۆوه‌
مانايان هه‌يه‌

ئه‌بێ ڕێز له‌ شته‌ گرنگه‌كانى ناو دڵت بگرى
وه‌ك قوتابييه‌كى جدى
كات به‌ى به پيت به‌ پيت ى 
ئه‌و دێڕانه‌ى دڵيان گرتوى 
له‌ خه‌مه‌كانت ڕا مه‌كه‌
په‌له‌ى دڵ خۆشيت نه‌بێ
ئه‌وبه‌خته‌وه‌رييه‌ى له‌ ڕه‌چه‌ته‌ى 
 زانايانى ده‌رونييه‌وه‌ يه‌ت
ساخته‌يه‌

*سەردەمی مناڵ ئێمە کە یاریەک ئەکراو مناڵێک تازە ئەهات بۆ ئەوەی بهێڵن ئەویش بەشداربێ لە یاریکە ئەیوت (نەیکەم ناکرێ) یانی یان ئەبێ منیش یاریتان لەگەڵ کەم یان لێتان تێک ئەدەم
**له‌ دێڕێكى ماردين ابراهيم ه‌وه‌ دروستم كردووه‌ كه‌ ئه‌ڵێ: (پێتان وايه‌ ئه‌م وێنانه‌ لە تابوته‌كه‌ما ناشارمه‌وه‌)

هاوبەشی بکە

Kurdish Poetry, Poetry,