25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی عەندەلیب: ئاوازدانەرەکانی عەبدولحەلیم حافز

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – تەحریر نیوز (Tahrir News)
لە عەرەبییەوە: لانیاس عەتا
سەرپەرشتیاری پەڕاو: لاوک ئەبوبەکر

ئەو گەنجەی بووە ”عەندەلیبە ئەسمەرەکەی عەرەب”، سەرەتا زۆر ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ ڕەتیان کردەوە. بەڵام عەبدولحەلیم حافز کۆڵی نەدا، لە شەرقیەوە هاتە قاهیرە و بە دوای یەکێکدا دەگەڕا، دەستی بگرێت و خەونەکەی بەدی بهێنێت.

زۆرینەی سەرچاوەکان باسی ئەوە دەکەن، عەبدولحەلیم حافز لە وتنی ئەو ئاوازانەی بۆی دانراون، زۆر هەستیار بووە؛ بە جۆرێک ئەگەر بەو شێوازە ئەداکردنەی خۆی دەیویست، ئاوازەکانی نەچڕیایە، پێیان ڕازی نەدەبوو. سەرەڕای ئەمەیش، ئاوازدانەرە هەرە بەناوبانگەکان، وەک کەمال تەویڵ، محەمەد موجی، بەلیغ حەمدی، محەمەد عەبدولوەهاب و مونیر موراد ئاوازیان بۆ دانا، کە نەوەی پێش ئەو بوون و حەلیم تێیپەڕاندن و بەسەریاندا بازی گەورەی نا.

سەرەڕای دژایەتیکردنەکانی، هێشتایش کۆمەڵێک ئاوازدانەر و موزیسیان هەبوون کە لە پشت پەردەی سەرکەوتنی عەندەلیبەوە بوون. ئەوان بە تەواوی بڕواوە کاریان لەگەڵدا دەکرد، سەرەڕای جیاوازیی تەمەن و ئەزموونیان، متمانەیەکی زۆریان بە حەلیم بووە و هەمیشە گۆڕانکارییەکانیان قبووڵ کردووە. ئەمانەی خوارەوە، بەشێکن لەو ئاوازدانەرانەی پێش عەبدولحەلیم حافز، خۆیان ناودار بوون و بە کارکردنیشیان لەگەڵ ئەو، بوونە خاوەنی ئەزموونی دوو نەوە.

کەمال تەویڵ

کەمال تەویڵ و عەبدولحەلیم حافز دەرچووی یەک پەیمانگەن. تەویڵ دوای تەواوکردنی، لە ڕادیۆی وێستگە (محطة) کار دەکات و لە دەرفەتێکدا عەبدولحەلیمیش دادەمەزرێنێت. تەویڵ لەو ئاوازدانەرانە بوو کە لە سەرەتاوە بەهرەی عەندەلیبی هەست پێ کرد. تا وای لێ هات ٥ گۆرانی پێکەوە دروست بکەن: ”بە باوەشەکانەوە” (بالاحضان)، ”کوڕەکەت پێت دەڵێ ئەی پاڵەوان بەیانیم بۆ دروست بکە” (ابنک یقول لک یا بطل هتلي نهار)، ”ناسڕ ئەی ئازادی” (ناصر یا حریة)، وێنە (صورة)، ”سوێند دەخۆم” (احلف)، ”بێ ماندوویەتی” (بلاش عتاب)، ”بێوێنە” (جبار) و ”لەسەر زینی تامەزۆریی” (علی قد الشوق).

محەمەد موجی

بەناوبانگبوونی عەندەلیب لەگەل محەمەد موجیدا دەستی پێ کرد، ئەوەیش بە گۆرانیی ”صافیني مرة”، کە بووە ناوی عەبدولحەلیمی خستە سەر دەمی زۆرینەی میسڕییەکان. پاش ئەوەی لە دەرکەوتنەکانی یەکەمیدا تەماتەیان تێدەگرت، بەڵام ئیتر جەماوەر و گوێگران ئالوودەی ئەم گۆرانییەی بوون. کاری موجی و حەلیم درێژەی کێشا؛ زیاتر لە ٥٠ گۆرانییان پێکەوە دروست کرد، کە بەناوبانگترینیان ”قاوەگرەوەکە” (قارئة الفنجان) بوو. سەرەڕای ئەم کاروانە درێژە، بەڵام هەمیشە پێکەوە لە ناکۆکیدا بوون و چەندین جار بڕیاری دوورکەوتنەوەیان لە یەکدی داوە، بەڵام هەر یەکیان دەگرتەوە و گۆرانیی جوانتریان دروست دەکرد.

محەمەد عەبدولوەهاب

محەمەد عەبدولوەهاب لەگەڵ ئومکەلسومدا، سوپەرستاری پەنجاکانی موزیکی میسڕی بوون. وەک هەموو میسڕییەکی تر، یەکێک لە دڵخوازەکانی حەلیم، عەبدولوەهاب بوو. لە ئاهەنگێکدا عەبدولحەلیم داوای لێ کردبوو ئاوازێکی بۆ دابنێ، بەڵام لەبەر ئەوەی پێ وابووبوو سەرکێشییە هەموو ئەزموونی هونەریی خۆی بخاتە ژێردەستی گەنجێکی سەرکێشی واوە، ڕەتی کردبووەوە. بەڵام پاش ئەو سەرکەوتنە گەورانەی لەگەڵ محەمەد موجیدا بە دەستی هێنان، عەندەلیب سەرنجی عەبدولوەهابی ڕاکێشا و چەند ئاوازێکی بۆ دانا، لەوانە: ”لە پاڵمانەوە نەما” (فاتت جنبنا)، ”لە کوێوە چیرۆکەکە دەست پێ بکەین” (نبتدي مین الحکایة) و ”خۆشم دەوێیت” (اهواک).

بۆ کامڵبوونی ناوبانگەکەی، عەبدولحەلیم حافز چووە دنیای سینەماوە؛ هەڵبەت بە گۆرانییەکانیەوە. عەبدولوەهاب یەکێک بوو لەو کەسانەی بە ئاوازەکانی ئەو کامڵبوونەی دروست کرد، ئەوەیش بەوەی کاتێک عەندەلیب لە فیلمی ”کچانی ئەمڕۆ” (بنات الیوم) نواندنی کرد، ئاوازی گۆرانییەکانی بۆ دانا. دواتر پێکەوە بەردەوام بوون و لە ٢٠ گۆرانیی تردا کاریان کرد.

بەلیغ حەمدی

بەشێک لەو گۆرانییانەی عەندەلیب کە دڵخوازی جەماوەرن، گۆرانییە میللی و فۆلکلۆرییەکانین، کە لەگەڵ بەلیغ حەمدیدا دروستی کردوون. حەلیم بەلیغی بە ”هیوای موزیکی میسڕییەکان” ناو دەبرد و کارەکانیان پێکەوە سەدایەکەی بێوێنەی هەبوو. لەوانە: ”ئەگەر خۆشەویستەکمتان بینی سڵاومی پێ بگەیەنن” (ان لقاکم حبیبي سلمولي علیە) و ”هەموو ئەوەی دەیڵێم تۆبەیە” (انا کل ما قول التوبة). لەگەڵ ئەوەیشدا ئاوازی بۆ چەند گۆرانییەکی نەتەوەیی دانا، لەوانە ”ڕۆژ ڕۆیشت” (عدی النهار) و زیاتر و زیاتر ئەفسانەی عەندەلیبی بەرەوپێش برد.

مونیر موراد

مونیر موراد بە یەکێک لە ڕابەرەکانی موزیکی  نمایشیی میسڕ دادەنرێت و لەگەڵ حەلیمدا ١٠ گۆرانیی دروست کردووە، کە ئیتر بۆ عەندەلیب بوونە سەری هەڕەمەکە و کردیە ژمارە یەکی ڕۆمانسیەت. لەوانە: ”یەکەم جارە عاشق دەبی ئەی دڵم” ”أول مرة تحب يا قلبي”، ”بە فەرمانی خۆشەویستی” (بأمر الحب)، ”خەونت پێوە دەبین” (بحلم بیک) ”وەرە پێت بڵێم” (تعالى أقولك) و ”شتێکی نامۆ” (حاجة غريبة).

هاوبەشی بکە

Abdul halim Hafiz, arabic music, Music,