دیدی من – كتێبی ئێستا و ڕابردوو: نامهكان
له ئینگلیزییهوه: ئەژین باجەلان
14 و 15 يوليو 2008
ئازیزم پۆڵ…
ماوەیەکە بیر لە پەیوەندییە هاوڕێیەتییەکان دەکەمەوە، چۆن دروست دەبێت و چۆن بەردەوام دەبێت؟ هەندێکیان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبن، تەنانەت هەندێک جار لە پەیوەندیی خۆشەویستی بەهێزتر دەبن، کە ئێمە وای دادەنێن پەیوەندیی هاوڕێیەتی کۆپییەکی بێڕەنگی پەیوەندیی خۆشەویستییە. خەریک بوو نامەیەکت بۆ بنووسم لەسەر ئەمە، بە تێبینییەک دەست پێ بکات، کە ئەوەی لەسەر هاوڕێیەتی نووسراوە زۆر کەمە لەچاو گرنگییەکەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، بۆ خۆمان بەتایبەتی لە کاتی منداڵێتی؛ بەڵام پرسیارم لە خۆم کرد: ئایا ئەمە ڕاستە؟ یەکسەر چووم بۆ کتێبخانەکەم بۆ ئەوەی دڵنیا بم پێش ئەوەی بۆت بنووسم. ئای خودایە چەند هەڵە بووم! لە کتێبخانەکەم کتێبێکی زۆرم لەسەر ئەم بابەتە دۆزییەوە، دەیان کتێب، زۆریان نوێ بوون، بەڵام کاتێک کەمێک دوور کەوتمەوە و چاک سەیری ئەو کتێبانەم کرد، بۆم دەرکەوت هیچ جێگەی سەرنج نین، زۆربەیان وان، وا دیارە هاوڕێتی وەکو نهێنییەک دەمێنێتەوە. ڕاستە ئێمە دەزانین هاوڕێیەتی گرنگە، بەڵام بۆ خەڵکی دەبن بە هاوڕێ و بەو شێوەیە دەمێننەوە؟ جگە لە خەمڵاندن هیچ شتێکمان نییە بەرانبەری بیکەین.
دەزانیت مەبەستم چییە لەوەی کاتێک دەڵێم ئەوەی نووسراوە سەبارەت بەم بابەتە جێگەی سەرنج نییە؟ بەراوردی هاوڕێیەتی بە خۆشەویستی بکە، سەدان شتی ورووژێنەر هەیە کە جێگەی سەرنجە دەربارەی خۆشەویستی بۆ گوتن. بۆ نموونە: پیاوان ئەو ئافرەتانەیان خۆش دەوێت کە لە دایکی خۆیان دەچن، یان وەکو دایکیان وان و لە هەمان کاتدا وەکو دایکیشیان نین، شتێکی سەرنجڕاکێشە؟ بە دڵنیاییەوە. ئێستا با بڕۆینە سەر هاوڕێیەتی… کێن ئەوانەی پیاوان وەکو هاوڕێی خۆیان دادەنێن؟ پیاوانی ترن، لەوانەیە لە هەمان تەمەنیاندا بن، هەمان شت کۆیان دەکاتەوە، بۆ نموونە کتێب، ڕاستە؟ لەوانەیە. ئەمە جێگەی سەرنجە؟ بە دڵنیاییەوە نا.
با لەسەر هاوڕێیەتی باسی چەند خاڵێکت بۆ بکەم کە لە کاتی ڕۆیشتنم بۆ کتێبخانە کۆم کردوونەتەوە، وایان دەبینم جێگەی سەرنج بن.
یەکەم: کەس ناتوانێت هاوڕێیەتی شتێکی بێ گیان بکات، ئەرستۆ لە بەشی هەشتەمی کتێبی ڕەوشتدا وای دەبینێت. بە دڵنیاییەوە کەس ناتوانێت، کێ پێشتر گوتی ئەم شتە دەبێت؟ بەڵام هەرچۆنێک بێت جێگەی سەرنجە؛ لێرە مرۆڤ سەرچاوەی ئیلهامی فەلسەفەی نوێ دەبینێت. لە ڕستەی من هاوڕێی ‘س’م، ئەرستۆ دەڵێت: دەبێت ‘س’ ناوێک بێت بۆ بوونەوەرێکی زیندوو.
دووەم: دەکرێت تاک هاوڕێی هەبێت بەڵام نەیەوێت بیانبینێت، هەروەکو چۆن چارلس لامپ دەڵێت. ئەمەیان ڕاستە و جێگەی سەرنجیشە، ئەمە ڕوویەکی ترە لە ڕووەکانی جیاوازی لە هەستەکانی هاوڕێیەتی و پەیوەندیی ئایرۆتیکی.
سێیەم: هاوڕێکان (پیاوانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی)، باس لە هەستەکانی خۆیان ناکەن بۆ یەکتری. ئەمەیان بەراورد بە قسە و باسی خۆشەویستان بکەین. تەنانەت ئەمەشیان جێگەی سەرنج نییە. کاتێک برادەرێک دەمرێت، خەم دای دەگرێت؛ «ئۆو! کات بەسەر چوو».
پرسیار: «ئایا خۆشەویستی فرەوێژە لەبەر ئەوەی هەستەکان پێویستیان بە دەربڕین هەیە؟» شکسپیر.
لە کاتێکدا هاوڕێتی فرەوێژ نییە لەبەر ئەوەی پڕ لە هەست نییە؟
لە کۆتاییدا تێبینییەکەی کریستۆڤەر تیتجنز لە کۆتایی ڕێگەی فۆرد مادۆکس فۆرد ئەوەیە کە تاک، ئافرەت بەرەو جێگەی خەوەکەی دەبات بۆ ئەوەی لەگەڵی بدوێت. مەبەست لێرە ئەوەیە: لە یەکەم هەنگاودا ئافرەتەکە وەکو یارێک وەردەگرن، لە دووەم هەنگاودا، واتە بوونی بە هاوڕێ، ئەمەیان گرنگە، بەڵام هاوڕێیهتیکردنی ئافرەتێک لەگەڵی نەخەوتبیت، شتێکی مەحاڵە، چونکە شتی زۆر دەمێنێتەوە بۆ گوتن.ئەگەر ڕاست بێت، هیچ نەبێت بۆ گوتن دەربارەی هاوڕێیەتی کە جێگەی سەرنج بێت. دەتوانین دوورتر بڕۆین و بڵێین: ناوەوەی هاوڕێیەتی هاوشێوهیه لەگەڵ ڕووی دەرەوەی، بە پێچەوانەی خۆشەویستی و سیاسەت کە هەرگیز ناوەوەیان و دەرەوەیان لە یەک ناچن، واتە هاوڕێیەتی شتێکی ڕوونە.
هاوڕێت… جۆن
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.