26/07/2024
DidiMn Logo
Top

ڤان کوخ بۆ تیۆ، نامەی حه‌وته‌م

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – مەکتەبە عامه‌
ئیسلام عیسمەت
لە عەرەبییەوە: زرار حامید

ڤان کۆخ لەگەڵ تیۆی برای لە ساڵی 1886دا کۆمەڵێک نامەی زۆریان ئاڵوگۆڕ کرد، کە داوای لە تیۆ کرد پەیوەندیی پێوە بکات و بێت بۆ پاریس. تیۆ باش دەیزانی کە باری دەروونیی براکەی چۆنە، هەر بۆیە ڕازی بوو کە بچێتە پاریس.

ڤان کۆخ زیاتر لە 700 نامەی لەگەڵ تیۆ ئاڵوگۆڕ کردووە، کە پەیوەندییەکی باش و بەهێز لە نێوانیاندا هەبووە. ڤان کۆخ لە نامەکانیدا باسی بارودۆخی خۆی و باری دەروونی و ژیانی خۆی و چالاکییەکانی بۆ تیۆی برای کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری 1890/7/27، ڤینسێنت ڤان کۆخ دەمانچەیەکی لەگەڵ خۆی برد و چووە ناو یەکێك لە کێڵگەکانی نزیك پاریس، لەوێ فیشەکێکی بە سەر دڵی خۆیەوە نا. بەڵام لەوێدا نەمرد؛ هێنرایەوە بۆ ماڵەوە و تیۆ ئاگادار کرایەوە. ئەو ماوەیەی کۆتایی ژیانی، هەمووی لەگەڵ تیۆی برایدا بەسەر برد. تیۆ دوای مردنی ڤان ئاماژەی بەوە کرد کە براکەی دەیویست خۆی بکوژێت و ئەو دێڕەی ڤان کۆخی دەگوتەوە، کە لە سەرەمەرگدا پێی گوتبوو: ”خەم شتێکی نەمرە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت.“

تیۆ، دوای شەش مانگ لە مردنی ڤان کۆخ کۆچی دوایی کرد و لە ئۆتراخت بەخاک سپێردرا، بەڵام لەساڵی 1914 خێزانەکەی داوای کرد کە ڕووفاتی تیۆ بهێندرێتەوە و لە پاڵ ڤان کۆخ بە خاك بسپێردرێت.

لێرەدا هەندێك لەو نامانە دەخەینە ڕوو کە ڤان کۆخ بۆ تیۆی برای ناردووە و لە ڕێیانەوە دەکرێت درك بە بەشێك لە ژیانە پڕ نهێنییەکەی ڤان کۆخ بکەین، وەك یەکێك لە دیارترین هونەرمەندەکانی دنیای هونەر…

تیۆی ئازیز،

ڕێگەم بدە باسی کەشوهەوای ئەم چەند ڕۆژەی پێشووت بۆ بکەم… ڕۆژی یەکشەممەی پێشوو کاتێك لە پەنجەرەی خانووەکەم، کە بە هۆی بەرزیی شوێنەکەیەوە دەیڕوانی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی تردا، چەند شتێکم بەدی ‌کرد، سەرەتا با باسی دەریاکەی نزیك شارەکەی خۆت بۆ بکەم، ئەو ئێوارەیە دەریاکە ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو، بە تایبەت لە نزیك کەناراوەکە، لە لای سەرووشەوە پەڵەهەورێکی ڕەش دیار بوو کە بارانێکی زۆری لە خۆیدا هەڵگرتبوو، بایەکی بەهێز لە نێو بەردەکانی ئەوبەر دەریاکەوە دەهات، هەورە ڕەشەکەی لەگەڵ خۆی هێنا، دارگۆیژەکان و گوڵەکان بەم بایە دەهاتن و دەچوون، لای ڕاست کێڵگەی گەنمەشامی هەبوو، دوای ئەمانەش شاری شارەکەی من، شارێك لەو شارانەی وێنەکێشەکان دەیکێشن، شارێك بە تەلارە نزمەکانیەوە، بە ئاشی هەواکانیەوە، بەو خانوانەی لەسەر شێوازی ئەڵمانی دروست کرابوون، ئێوارەی یەکشەممەی پێشوو کاتێك من دەریام دی، هەموو شت ڕەش و خۆڵەمێشی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیار بوو لە پشت ئەم تاریکییەوە خۆر وا خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵهاتن… هێشتا کات زوو بوو، بەڵام چۆلەکەکان دەستیان بە گۆرانیوتن کردبوو، لە کێڵگەکانی نزیك دەریاکەش بولبولەکان دەستیان بە سروودە جوانەکانی خۆیان کردبوو، لە دووریشەوە تیشکی ڕوناکیی کەشتییەکان دیار بوو، هەر لەو شەوەدا لە پەنجەرەی ژوورەکەی خۆمەوە تەماشای ئاسمانی تاریکم دەکرد، تەماشای ئەو درەختانەم دەکرد کە لەوانی تر بەرزتر بوون، دەستم لەسەر لێواری پەنجەرەکەم دانابوو، ئەستێرەیەکم بینی، تەنیا بوو، بەڵام گەورە و درەوشاوە، لەو کاتەدا خەیاڵی ئێوە هات بە بیرمدا و کەوتمە بیری منداڵیم و شوێنی لەدایکبوونم، کەوتمە بیری نیشتمان. لەم کاتەدا بەدەم خۆمەوە دەمگوت: ”مەهێڵە ببم بە کوڕێك کە مایەی شەرمەزاری بم، پیرۆزیی خۆتم پێ بدە، نەک لەبەر ئەوەی شیاوی ئەو پیرۆزییەم، بەڵکو لەبەر دایکم، تۆ ئەی هونەر، ئەی دابینکەری هەموو شت! بەبێ پیرۆزیی تۆ، سەرکەوتن لە هیچدا یاوەرمان نابێت.“

برات،
ڤینسنت

هاوبەشی بکە

nama, Van Gogh,