05/12/2024
DidiMn Logo
Top

پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه‌: مێژوویه‌كی دووباره‌ی كورده‌كان له‌ كورته‌فیلمێكدا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

كورته‌فیلمی پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه‌ له‌ نووسین و ده‌رهێنانی هه‌وڕاز موحەممه‌د له‌ قۆناغی وێنه‌گرتندایه‌‌

كورته‌فیلمی پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه‌ له‌ نووسین و ده‌رهێنانی هه‌وڕاز موحەممه‌د له‌ قۆناغی وێنه‌گرتندایه‌‌

دیدی من – ڕاگه‌یاندنی فیلم

 

فیلمی پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه‌ كه‌ ماوه‌كه‌ی 12 بۆ 14 خوله‌ك ده‌بێت و نزیكه‌ی شه‌ست كه‌س له‌ به‌رده‌م كامێرا و پشتی كامێرا كاری تێدا ده‌كه‌ن. له‌ سلێمانی، به‌ كاست و تیمێكی تایبه‌ته‌وه‌ وێنه‌ی ده‌گیرێت. هه‌وڕازی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ گوتی: “بڕیارمان داوه‌ ڕۆژی 10ی ئۆگه‌ست یه‌كه‌م ڕۆژی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌ بێت. سێ ڕۆژمان داناوه‌ تاوه‌كو فیلمه‌كه‌ قۆناغی پڕۆده‌كشنی ته‌واو بكه‌ین، ئه‌گه‌ر كێشه‌ی ته‌كنیكیمان بۆ دروست نه‌بێت. دواتر یه‌كسه‌ر ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ مۆنتاژ، بڕیاره‌ تا  25مانگ كاره‌كه‌ ته‌واو بێت و ئاماده ‌بێت بۆ نمایش.“

 

كورته‌فیلمه‌كه‌ ژانرێكی كۆمیدی، سیاسی و مێژوویی هه‌یه‌ باس له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق دروست ده‌كرێت و ویلایه‌تی موسڵ (كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێك بوو له‌و ویلایه‌ته‌) ده‌لكێنرێت به‌ عێراقه‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌م كاره‌ به‌رپرسیاره‌، هێزی داگیركاریی بەریتانیا بوو، كه‌ پاش جه‌نگی جیهانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كۆنتڕۆڵ كردبوو. چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ خه‌ڵكی شارێك ده‌كات كه‌ به ‌هۆی نه‌خواردنه‌وه‌ی چاوه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك تووشی ژانه‌سه‌ر بوون، ئه‌ویش به ‌هۆی بۆمبارانی فڕۆكه‌كانی بەریتانیاوه‌یه‌ كه‌ چا نایاته‌ ئه‌و شاره‌وه‌. هه‌وڕاز موحه‌ممه‌د گوتی: ”بیرۆكه‌ی ئیشه‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێین ڕۆژئاوا خۆیان چه‌رمه‌سه‌رییه‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن و پاشان هه‌ر خۆیشیان دێن ده‌ڵێن چاره‌سه‌ره‌كه‌مان بۆ هێناونه‌ته‌وه‌. چیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ بە هۆی بۆردومانی ئینگلیزه‌كانه‌وه‌یه‌ چا نایه‌ته‌ ئه‌و شاره،‌ به‌ڵام دوایی هه‌ر خۆیانن دێن ده‌ڵێن ئێوه‌ ده‌توانن چا بخۆن، ئه‌وه‌ ئێمه‌ین چامان بۆ هێناون، به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی بچنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تازه‌.“ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی گوت كه‌: “فیلمه‌كه‌ چەندێك ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ كۆڵۆنیاڵیزم، ئه‌وه‌نده‌ش ڕه‌خنه‌یه‌كی ناوخۆییه‌ له بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی‌ خۆمان كه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وی تری پێ گرنگتره‌ له‌ خۆی، هه‌میشه‌ كابرایه‌كی چاوشینی پێ گرنگتره‌ له‌ خۆی، بۆیه‌ فیلمه‌كه‌ چه‌ندێك ڕه‌خنه‌یه‌ له‌و بارودۆخه‌ ده‌ره‌كییه‌ی سه‌پاوه‌ به‌ سه‌ر كورددا، هێنده‌ش ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ دۆخی ناوخۆی خۆمان. ئه‌گه‌ر ده‌نگێكی جدییش هه‌بێت بڵێت نا. هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی گوتنی ’نا‘ی دابێت، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی دراوه‌. ئه‌مه‌یه‌ دیوی ئه‌و دیوی فیلمه‌كه‌.“

ناونیشانی كورتەفیلمی پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه‌ له‌ ناونیشانی كتێبێكی میلان كۆندێراوه‌ وه‌رگیراوه كه‌ كتێبێكه‌ كۆمه‌ڵه‌وتاری ئه‌ده‌بیی ئه‌و نووسه‌ره‌ جیهانییه‌ی له‌خۆ گرتووه‌، هەوراز گوتی ”وه‌كو كۆنسێپت هه‌ستم كرد زۆر له‌گه‌ڵ باردودۆخی ئه‌و فیلمه‌ی ئێمه‌ ده‌گونجێت، هه‌رچه‌نده‌ هیچ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ی میلان كۆندێراوه‌.“ هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ناونیشانی فیلمه‌كه‌ زیاتر دوا و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ پێكه‌نین و بیرچوونه‌وه‌ چیرۆكی میله‌تێك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ”كاره‌ساتێكمان به‌سه‌ردا دێت، له‌ كاتی كاره‌ساته‌كه‌دا نوكته‌یه‌ك ده‌گێڕینه‌وه‌، هه‌موومان به‌ ده‌نگی به‌رز به‌ نوكته‌كه‌ پێده‌كه‌نین، دوای پێكه‌نینه‌كه‌ هه‌م نوكته‌كه‌مان بیر ده‌چێته‌وه‌، هه‌م كاره‌ساته‌كه‌مان بیر ده‌چێته‌وه‌، ئاماده‌شین بۆ جارێكی تر كاره‌ساتێكی ترمان به‌سه‌ردا بێته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ ڕۆحی كاره‌ساته‌كانه‌وه‌ خه‌ریكین نوكته‌ دروست ده‌كه‌ین.“

به‌شێك له‌ ستافی فیلمه‌كه‌

‌فیلمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژانرێكی تا ڕاده‌یه‌ك خه‌یاڵیی هه‌یه‌، به‌ڵام سوود له‌ مێژوو وه‌رگیراوه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكه‌ خه‌یاڵییه‌ی كه‌ فیلمه‌كه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌. هەوراز موحه‌ممه‌دی ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێت كه‌ هه‌وڵی زۆری داوه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و تێكسته‌ مێژووییانه‌ی كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ دیاریكراوه‌دا نووسراون، یاخود له‌باره‌یانه‌وه‌ نووسراوه‌. ئه‌و ده‌ڵێت: ”چیرۆكی له‌ خه‌ومای جه‌میل سائیب یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانم بۆ دروستكردنی ئه‌تمۆسفێری فیلمه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی ناو فیلمه‌كه‌ دروست بكه‌م، كۆمه‌ڵێك فۆتۆ هه‌یه‌ سوودم لێ وه‌رگرتوون وه‌ك سه‌رچاوه‌ تاوه‌كو مۆدێله‌كانی له‌سه‌ر دروست بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێك نووسینی مامۆستا جه‌مال بابان كه‌ له‌باره‌ی تێكستی له‌ خه‌وما نووسیویه‌تی، له‌باره‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌وه‌، كتێبه‌كه‌ی مامۆستا كه‌مال مه‌زهه‌ر كورد له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیادا، هه‌روه‌ها چه‌ند كتێبێكی تریش كه‌ باس له‌ كوردستان ده‌كات له‌و كاتانه‌دا. هه‌وڵم داوه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ له‌ واقیعه‌ سیاسیه‌كه‌ تێبگه‌م.“

كورته‌فیلمه‌كه‌ ڕووداوێكی مێژوویی به‌ چیرۆكێكی خه‌یاڵی ده‌گێڕێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڕاز هه‌وڵی داوه‌ كه‌ تیمێك بدۆزێته‌وه‌ تاوه‌كو له ‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ مێژووییه‌ وه‌ك خۆی دروست بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و گوتی: ”له‌ ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ چه‌ند تیمی پڕۆفیشناڵ هه‌ن له‌ فیلمه‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن. ده‌رهێنه‌ری هونه‌ری و سێتدیزاینه‌ر كاری دروستكردنی دیكۆر ده‌كه‌ن، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌و سه‌رچاوه‌ مێژووییانه‌ی كه‌ هه‌ن، ته‌واوی لۆكه‌یشنه‌كه‌یان دروست كردووەته‌وه‌، ته‌واو وه‌كو ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خۆی. ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ شێوه‌ی دانان و ڕازاندنه‌وه‌ و مۆدێل و شته‌كان به‌ته‌واوه‌تی هیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌. له‌باره‌ی كه‌ستمدیزاین كه‌ جلوبه‌رگ ده‌گرێته‌وه‌، دوو كه‌س تایبه‌تمه‌ندن كه‌ خۆیان دیزاینه‌ری جلوبه‌رگن، به‌ته‌واوی جلوبه‌رگه‌كانیان دیاری كردووەته‌وه‌ له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی كاره‌كته‌ره‌كان. بۆ مه‌یكئه‌پ، دوو هاوڕێمان له‌ تارانه‌وه‌ هاتوون خۆیان مه‌یكئه‌پ ئاڕتیستن و به‌‌پێی كاره‌كته‌ره‌كان كه‌ سه‌رچاوه‌مان بۆ دیاری كردووه‌ ماكیاژیان بۆ ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا به‌و كاره‌كته‌رانه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌یانبینین.“

هه‌وراز محه‌مه‌د، ده‌رهێنه‌ری كورته‌فیلمه‌كه‌

له‌باره‌ی پاڵپشتیكردنی دارایی فیلمه‌كه‌وه‌ هه‌وڕاز ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵ زیاتره‌ بە هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ قورسه‌ی ڕووی له‌ كوردستان كردووه‌، پڕۆسه‌ی فیلمسازی له‌ كوردستان په‌كی كه‌وتووه‌. ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ گوتی: ”وه‌ك سه‌رمایه‌، خۆم پڕۆدیوسه‌ری فیلمه‌كه‌م، خۆم پاره‌م خەرج كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كانی كام پڕۆده‌كشن له‌ ڕووی دابینكردنی كه‌لوپه‌له‌ سینه‌ماییه‌كان وه‌ك ڕووناكی و دیكۆر نه‌بوایه،‌ به‌ڕاستی زه‌حمه‌ت ده‌بوو. كامێرای كۆمپانیای بۆكس به‌كار ده‌هێنین. ئه‌و دوو جێگه‌یه‌ هاوكاری كردووین، وه‌ك تێچوونیش خۆم ئه‌ركه‌كه‌م گرتۆته‌ ئه‌ستۆ.“ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی گوت كه‌ سه‌رجه‌م كاست و تیمی فیلمه‌كه‌ خۆبه‌خشانه‌ كار ده‌كه‌ن. به‌رده‌وام بوو: ”ئێمه‌ بڕوامان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سینه‌ما پیشه‌سازییه‌ و ئێمه‌ هه‌موومان كرێكارین تێیدا. هه‌ر یه‌كه‌ و كارێك ده‌كات كه‌ نه‌ له‌ ئیشی یه‌كێكی تر زیاتره و‌ نه‌ كه‌متره‌. چه‌ند بازنه‌یه‌كه‌ و هه‌موومان پێكه‌وه‌ گرێدراوین. من یه‌ك كار ده‌كه‌م له‌ ناو ئیشه‌كه‌دا و كاری ده‌رهێنانه‌، كه‌سێكی تر كارێك ده‌كات كه‌ ئیشی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌مه‌، كه‌سێكی تر ئه‌كته‌ره‌… ئێمه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ین. ئه‌م فیلمه‌ فیلمی من نییه‌، فیلمی هه‌موو كاسته‌كه‌یه‌. ئێمه‌ نزیكه‌ی شه‌ست كه‌س ده‌بین، فیلمه‌كه‌ فیلمی ئه‌و شه‌ست كه‌سه‌یه‌.“

 

تیمی فیلمه‌كه‌:
هه‌وڕاز موحه‌ممه‌د كاری ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنان بۆ فیلمه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات، ژینۆ هادی و ئه‌ژین كاوه‌ یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌رن. كاوان عه‌زیز و شاد شه‌وكه‌ت له‌ تیمی به‌رهه‌مهێنان كار ده‌كه‌ن. خه‌یبه‌ر ڕه‌فیق به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنە‌. زانا مه‌حمود و ئاوات یاسین یاریده‌ده‌ری وێنه‌گرتنن. ده‌رهێنه‌ری هونه‌ری به‌رهه‌م ته‌یب ئه‌نجامی ده‌دات. شۆڕش موحه‌ممه‌د و هێمن سه‌ڵاحه‌دین كاری سێتدیزاینه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. سه‌رخێڵ كه‌مال و هه‌ردی كاری ڕووناكی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. شۆڕش مه‌عرووفی، مه‌یكئه‌پ ئاڕتیستی فیلمه‌كه‌یه‌. دانا مه‌حموود كاری كره‌ین ده‌كات. تاریق خه‌یات كاری جلوبه‌رگ ئه‌نجام ده‌دات و ڕێباز خدر وه‌ك فۆتۆگرافه‌ر كار ده‌كات. پشتیوان كه‌مالیش كاری ڕاگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

 

كاستی فیلمه‌كه‌:
كاستی فیلمه‌كه‌ كه‌ له‌ سیوپێنج كه‌س پێك هاتووه‌، بریتین له‌: ئاكام تاهیر، نه‌هرۆ موحه‌ممه‌د، كاوان عه‌زیز، نه‌هرۆ موحه‌ممه‌د، چالاك فه‌تاح، عوسمان موحه‌ممه‌د، میران ئازاد، ڕاهۆز كامه‌ران، دڵشاد حه‌مه‌عه‌لی، خه‌سره‌و حه‌مه‌ كه‌ریم، هاڤێڵ عه‌بدولعه‌زیز، ژیر فه‌ره‌یدوون، زه‌ریا سامی، هۆگر هادی، ئه‌ژین حه‌مه‌نووری، سان، حه‌مه‌، ئێرین هونه‌ر، بانو به‌هادین، حه‌مه‌عه‌لی سوره‌قه‌ڵاتی، لاس كاوان، ڕێبه‌ر ڕابه‌ر، باوه‌ڕ جه‌مال، حه‌مه‌ شین، هۆشمه‌ند هه‌ڵگورد، تاریق، وه‌هاب مسته‌فا، گوڵان ئه‌بوبه‌كر، نژۆ ئه‌كره‌م، سۆناتا ده‌روون، یارسان ده‌روون و هێوه‌ند چێنه‌ر.

هاوبەشی بکە

Hawraz Muhamad, Kurdish Cinema, Pekanin u Birchunawa,