19/04/2024
DidiMn Logo
Top

پێنج شیعری فێدریکۆ گارسیا لۆرکا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – لە ئینگلیزییەوە: دلۆڤان عەلی

گۆرانی

ئەوەتا شەو لێرەکانەیە.
ڕووناکیی مانگ سەرسوڕهێنەرە
چەشنی سندانێکە ئێوارە.

ئەوەتا شەو لێرەکانەیە.
دارێکی کۆن هەر بە گەرمی ماوەتەوە،
پێچراوەتەوە بە وشەی گۆرانییەکان.

ئەوەتا شەو لێرەکانەیە.
ئەگەر تۆ دێی بۆ دیدەنی من
بە نێو ئاسماندا بڕۆ

ئەوەتا شەو لێرەکانەیە
دەمدۆزیتەوە لێرەکانە
دەگریم لە ژێر دارچنارە سوورەکاندا.

ئاهـ! مۆرینا،
قاوەیی بەرزم
لە ژێر دارچنارە سوورەکاندا.

************

گۆڵاوی بچووك

خۆمم لە چاوانی تۆدا بینی و
بیر لە ڕۆحی تۆ دەکەمەوە.

ئاهـ ژاڵەی سپی.

خۆمم لە چاوانی تۆدا بینی و
بیر لە دەمی تۆ دەکەمەوە.

ئاهـ ژاڵەی سوور.

خۆمم لە چاوانی تۆدا بینی
بەڵام دیتم کە تۆ مردوویت.

ئاهـ ژاڵەی ڕەش.

*************


گۆرانییەکانی دڵداری

لە دڵمدان
وشەکانت،
چەشنی شەپۆلە بازنەییەکان
لە نێو ئاودا.

ماچەکانت
لەسەر لێومن،
چەشنی ئەو باڵندەیەی
بەر یەک دەکەون لەگەڵ بادا.


چاوە ڕەشەکانم
لە پێستی تۆدان،
چەشنی فوارە ئاوەڵاکان
لە بەردەمی شەودا.

**************

دوو مانگی ئێوارە

(بۆ ئیزابیلێتای خوشکم)

ئێوارە گۆرانیی دەچڕێ
لایلایە بۆ پرتەقاڵەکان دەکات.

خوشکە بچووکەکەم گۆرانیی دەچڕێ:
زەوی پرتەقاڵێکە.

لە ڕۆندکاندا، مانگ دەڵێ:
دەمەوێ ببم بە پرتەقاڵێک.

جگەرگۆشەم، نالوێ
هەتا ئەگەر بگۆڕێی بۆ پەمەیی کاڵیش
تەنانەت لیمۆیەکی جوانکیلەش
ئۆهـ، چ کرێتییەکە!

***************

مۆڵەتخواستن

ئەگەر مردم،
باڵکۆنەکەم بە ئاوەڵایی جێبهێڵن.

خورتێک پرتەقاڵەکان دەخوات
(دەتوانم لە باڵکۆنەکەمەوە بیبینم.)

دروێنەکەرەکە گەنمەکان دەدروێتەوە.
(دەتوانم لە باڵکۆنەکەمەوە گوێم لێی بێت.)

ئەگەر مردم،
باڵکۆنەکەم بە ئاوەڵایی جێ بهێڵن!

هاوبەشی بکە

Lorca, Poetry,