26/04/2024
DidiMn Logo
Top

پڕی دووکەڵ شیعری من

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – شاڵاو حەبیبە

بۆنی کراسەکەی دایکم
بۆنی بەرەبەیانی هەڵەبجە
لە بیر ناکەم

بەڵێنت پێ دام بمبەیتەوە بۆ ماڵ
ئێستا ماڵەکەمان کوا؟
بەڵێنت پێ دام دەستم بەر نەدەیت
ئێستا دەستەکانم کوا؟
بەڵێنت پێ دام هاوڕێکانم ببینمەوە
ئێستا چاوەکانم کوا؟

*****

بمبەوە بۆ دۆڵەکان
تەرمەکان
چاوەڕێمن
بمبەوە بۆ چیاکان
هاوارەکانم
دەدۆزمەوە
بمبەوە بۆ شارەکەم
فریا نەکەوتم
خەونەکانم دەرباز بکەم

*****

باسی دووکەڵم بۆ مەکە
چیرۆک نەبوو
خنکانی هاوڕێکانم
پێم مەڵێ بێدەنگ بم ڕێگا ترسناکە
بێدەنگ نەبوو سووتانی هاوڕێکانم
باسی گوڵم بۆ مەکە
بریندارم دەکات
باسی بەهار

*****

دووکەڵناس نیم و
شارەکەم بە دووکەڵدا
دەناسمەوە
بۆنناس نیم و
تەرمی هاوڕێیانم
بە بۆندا
دەبینمەوە
دەنگناس نیم و
سەرقافڵەچیی من زریکەی

ەدووکەڵناس نیم و
شارەکەم بە دووکەڵدا
دەناسمەوە
بۆنناس نیم و
تەرمی هاوڕێیانم
بە بۆندا
دەبینمەوە
دەنگناس نیم و
سەرقافڵەچیی من زریکەیە

ژیانناس بووم و
کەچی ڕێگام بە تەرم گیرابوو

مرۆڤ بەناو کاتدا دەڕۆیشت و
کورد بەناو تەرمدا

سڵاوم لە شارەکەم کرد
با بێدەنگ بوو
کانی بێدەنگ بوو
درەخت بێدەنگ بوو
تەنانەت مێگەلەکەم
وەڵامی من شەو دایەوە

سڵاوم لە شیعر کرد
سەرتاپا
بوو بە تارمایی

*****

ئەوە درەختەکانن
لە پێشوازیمدا
بەڵام
وشکهەڵگەڕاو

ئەوە کانییەکانن هەڵدەقوڵێن
ئاویش
بەڵام
دەگری

*****

شارخنکاو
مەرگەڕێ
هاوار دەکەین و دەنگمان نییە
ڕادەکەین و لە جێی خۆمانین
باڵندەیش تەنانەت نافڕێ
ئەوە کوردەکانن

*****

ئەمە شیعری منە
کە من تێیدا دەخنکێم
ئەمە شاری منە
کە من تێیدا دەنووسم
ئەمە ماڵی منە و
من لەوێ نیم
ئەمە تەرمی منە و
من لەوێ نیم
ئەمە دەستی تۆیە
من لەوێم و شاری من و شیعری من

*****

من مەولەویم دەخوێندەوە و دووکەڵ من
بەرەبەیان هەستام و شارەکەم لەوێ نەبوو
ئەی شاری من
          هاواری من
شیعر نەبوو، ئازاری من
دایکم لە حەوشە کەوتبوو
باوکم لە کۆڵان مردبوو
دووکەڵ بوو بە یاری من
مردن بوو بە باری من

ئەی شاری من
پڕی دووکەڵ شیعری من
لە خەنجەر پڕ چاوی من

دۆست و هاوڕێم لێ بزر بوون
تەرم و خەونم بەجێ هێشتن

دۆڵی خەونان پەناگەی من
داری سووتاو پاسەوانم
کانیی ژەهر دوائومێدم
شیعر و پەخشان ناونیشانم

بێ نان و ئاو و بەرگیان کردم
لەنێو دۆڵ و ژێرزەمینەکان مردم
لە بەنی ئادەم ترساوم من
خەون بووم و خنکاوم من

ئەی شاری من
خامۆشییە ناوی تۆ
فەرامۆشی ناوی دنیا
تاریکییە شیعری من
ئاوەدانی یادی تۆ

هاوبەشی بکە

Kurdish Poetry, Poetry, Shalaw Habiba,