25/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕاوچییانی قارچک

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

نیه‌ڵ گه‌یمان
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: هێرش سه‌عید

 

وەک دەزانیت وردیلەکەم،
زانست خوێندنەوەی سروشت و ڕەوتاری گەردوونە،
لەسەر بنەمای سەرنجدان و پێوانەکاری و شێوەگرتنی یاساکان،
بۆ پەسنی ئەو هەقیقەتانەی خۆیان ئاشکرا کردووە.

 

دەڵێن، لە سەردەمانی زوودا،
مێشکی پیاوان شێوەیەکی وای وەرگرتووە
کە بگونجێت لەگەڵ شوێنکەوتنی دڕندە کێوییەکاندا.
کوێرانە خۆیان هەڵدێرنە شوێنێکی نەزانراوەوە و
دواتر لە کاتی ونبووندا، ڕێی ماڵەوەیان بدۆزنەوە،
بە ئاسکێکی کوژراوەوە،
یان بە تەنیا بێنەوە، لە ڕۆژانی بێڕاویدا.

 

ژنان، کە پێویستیان بە ڕاونانی نێچیرەکان نەبووە،
مێشکێکی وایان هەبووە، شوێنیان کردووە بە نیشانە و
ڕێگەیان لە نێواندا دروست کردووە.
لە ژێر دەوەن و بناری کەژەکاندا ماونەتەوە و
بە شوێن قارچکدا گەڕاون.

 

بەر لەوەی پیاوان تیغ و نێزە دابهێنن،
یەکەم ئامێر، لانکە بووە، ژنان ساواکانیان تێدا داناوە
تا دەستیان نەگرێت.
هەندێک جاریش قارچک و توویان تێدا هەڵگرتووە،
ڕەگی ڕووەکەکان و گەڵا سوودبەخشەکان، تۆوەکان و خشۆکەکان.
ئاوان و دەسکەوانیان داهێناوە، بۆ وردکردن و هاڕین و شکاندنی خۆراکەکان.

 

هەندێک جاریش پیاوان دڕندەکانیان تا قووڵایی دارستانەکان ڕاو ناوە و
هەرگیز نەگەڕاونەتەوە.

 

هەندێک لە قارچکەکان دەتکوژن،
هەندێکیان خواوەندەکانت پیشان دەدەن و
هەندێکی تریشیان برسێتیمان دەڕەوێننەوە (بیانناسەرەوە).
هەندێکیان، گەر بە کاڵی بیخۆیت، دەتکوژێت.
گەر جارێکیش لێی بنێیت، دەتکوژێت،
بەڵام گەر بە ئاوی کانی بیکوڵێنیت و ئاوەکەی بڕێژیت و
جارێکی تر بیکوڵێنیتەوە و ئاوەکەی بڕێژیتەوە،
تەنها ئەو کاتە دەتوانی بە سەلامەتی بیخۆیت (سەرنج بدە).

 

سەرنجی منداڵبوون بدە، پێوانەی ئاوسانی سک و
شێوەی مەمکەکان بکە،
لە ڕێی ئەزموونەوە فێری ئەوە ببە کە چۆن بە سەلامەتی منداڵێک بهێنیتە جیهانەوە.

 

سەرنجی هەمووشتێک بدە.

 

ئیتر ڕاوچییانی قارچک بە شێوەی خۆیان دەڕۆن بە ڕێدا،
سەیری جیهان دەکەن و ئەو شتانە دەبینن کە سەرنجیان داوە.
هەندێکیان دەژێنەوە کاتێک بەر لێویان دەکەون.
هەندێکیشیان خۆیان لە گەدەیان دەئاڵێنن و دەمرن.
بەم شێوەیە یاساکان داڕێژراون و دەماودەمیان کردووە (شێوەگیر بوون).

ئەو ئامێرانەی بۆ بونیادنانی ژیانمان دروستیان دەکەین:
جلەکانمان، خۆراکەکانمان، ڕێگەی ماڵەوەمان…
هەموو ئەو شتانەی لەسەر بنەمای سەرنجدان،
تاقیکردنەوە، پێوانەکاری و ڕاستییەکان ڕۆیان دەنێین.

 

زانستیش، گەر لە یادت بێت کۆرپەکەم،
خوێندنەوەی سروشت و ڕەوتاری گەردوونە،
لەسەر بنەمای سەرنجدان و پێوانەکاری و شێوەگرتنی یاساکان،
بۆ پەسنی ئەو هەقیقەتانەی خۆیان ئاشکرا کردووە.

 

بەم شێوەیە ڕەگەزی مرۆیی بەردەوام بووە. ژنە زانایەکی زوو
وێنەی دڕندەکانی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان کێشاوە،
تا پیشانی منداڵەکانی بدات،
هەموو قارچک و تووەکان،
ئەوەی کە چ شتێک سەلامەتە بۆ ڕاوکردن.

 

پیاوان بە شوێن دڕندەکاندا ڕایان کردووە.

 

زاناکان بە ئەسپایی دەڕۆن بە ڕێدا، بەسەر گردەکاندا سەر دەکەون و
دێنە خوارەوە بەرەو کەناری ئاوەکان، بە لای قوڕە سوورەدا تێدەپەڕن.

هاوبەشی بکە

DidiMnPoetry, Neil Gaiman,