25/04/2024
DidiMn Logo
Top

خەڵاتی نووسیار: ڕاگەیەنراوی خەڵاتی نووسیار و پەیامێک بۆ بەشداربووان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – دەستەی ڕاپەڕاندنی خەڵاتی نووسیار

وەشانی نووسیار بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە خولی یەکەمی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاند. بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک ئەم خەڵاتەمان ڕاگەیاند و جارێکیش بە هۆی پەتای کۆڕۆناوە وادەی وەرگرتنی بەرهەمەکان درێژ کرایەوە.

لەسەرەتای ڕاگەیاندنی خەڵاتی نووسیارەوە، تا دوا ڕۆژی وەرگرتنی بەرهەمەکان لە بواری شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، بەرهەمێکی زۆرمان پێگەیشت. ژمارەیەک لەم بەرهەمانە مەرجە سەرەتاییەکانیان تێدا نەبوو، بۆیە وەک شۆرتلیست تەنیا ئەو بەرهەمانە درانە دەست لیژنە، کە ڕەچاوی مەرجەکانی خەڵاتی نووسیاریان کردبوو.

لە دوای دەستنیشانکردنی دادوەرەکان بۆ هەرسێ بوارەکان، لیژنەکە هەڵستا بە کاری خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان، کە هەر دادوەرێک بە شێوازی خۆی بەرهەمەکانی هەڵسەنگاند.  بەرهەمەکانی هەرسێ بوار بەبێ ناو نێردراون بۆ ئەندامانی لیژنە، هەتا هیچ کاریگەری و سەرنجێک نەچێتە سەر ناوی نووسەرەکان، بەڵکو تەنیا تێکستەکە خۆی بسەلمێنێت. بەمەیش باشترین دەق و ناوازەترین بەرهەم ببێتە هەڵبژاردە و بڕیاری کۆتایی دادوەرەکان. بەخێربێن بۆ خەرمانەی نووسیار!

 پەیامێک بۆ براوەکانی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠

ئێستا یەکەمین کتێبتان چاپ و بڵاودەکرێتەوە و دەبنە بینەری یەکەم بەرهەمی چاپکراوی خۆتان. دەبێت دڵتان خۆشبێت بەوەی بەرهەمەکەتان لە لایەن لیژنەی دادوەرانەوە متمانەی وەرگرتووە و جێگەی سەرنج و ڕامانیان بووە.

بناغەی یەکەم بەرهەمتان دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و گەورە، لە هەمان کات، ئەرکێکی قورس و پڕ بەرپرسیاریەتیشتان دەکەوێتە سەر، کە هەم بەردەوام بن و هەم کاری باشتر و جیاوازتر پێشکەش بکەن.  ڕاگەیاندنی ئەو جۆرە خەڵاتە دەبێتە یەکەمین خەونی نووسیار و وا دێتە دی کە لە ڕێیەوە بەرهەمی نووسەری گەنج و ناوە نوێکان دەردەخات.

نووسین رێگایەکی دوور و درێژە و پێویستی بە بەردەوامی و داهێنان هەیە. بۆ ئەوانەی هەڵەنەبژێردران ئەمە مانای ئەوە نییە بەرهەمەکانتان خراپ بن یان لە ئاستێکی نزمدابن بەڵکوو لە ئاست پێوەری دادوەرەکان و مەرجی خەڵاتەکە نەدەگونجان و هەمیشە هەوڵدانی بەردەوام دەبێتە کاری پیشەیی نووسینتان. بە هیوای ئەوەی ئەزموونێکی باش بێت بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆژەی نووسینتان.

دەستەی ڕاپەڕاندنی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم ٢٠٢٠
هاوبەشی بکە

Book, Kurdish Book Award, Nusyar publication,