08/05/2024
DidiMn Logo
Top

ڕۆمانییەکان و گۆڕینی دیدی تەلارسازی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
یلیپ ویلکینسۆن
لە ئینگلیزییەوە: سەرهەند خالید

تەلارسازیی ڕۆمانی، ڕێبازێکی تایبەت بوو بەوەی کە کارامەیی زیاتری ئەندازیاری تێیدا گەشەی کرد، بە تایبەت لە بینا قەبارە گەورەکاندا. ڕۆمانییەکان هەنگاوێکی فراوانیان نا لە ئەندازیاریدا، بونیادنانی پردی سەر جۆگەکان، پەرستگە گەورەکان، تەختایی دەورەدراو بە لێژگە و بونیادەکانی دیکە، کە هەندێکیان هێشتا ماون. بیناکارییەکانیان بە یارمەتیی کەرەستەی وەک کۆنکریت و بەکارهێنانی بونیادی پێشتر بە مەبەستی نوێ وەک گومبەت و گومەز.

ڕۆمانییەکان بەشێکی زۆری لایەنە کلتوورییەکانیان لە یۆنانەوە وەرگرتبوو، بیگومان لە تەلارسازییشدا بە هەمان شێوە بوو. پەرستگەیان بونیات دەنا کە وەک پەرستگە یۆنانییەکان وا بوو، چواردەوری پەرستگەکەیش بە ڕیزێک پایە بوو بەپێی ئۆردەرەکان. بەڵام ڕۆمانییەکان پەرەیان بە لایەنی ئەندازیاری و بیناسازی دا، لەم ناوچەیەیشدا پەرەیان بە بیرۆکەیەک دەدا کە درێژترین تەمەنی هەیە.

کۆنکریتی ڕۆمانی

لەوانەیە بیرۆکە هەرە کاریگەرەکان کۆنکریت بووبێت، لەوەیە ئاسان بێت وەک داهێنانێکی مۆدێرن لێی بڕوانین لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا ڕۆمانییەکان بە کاریان هێناوە. لە ڕاستیدا داهێنانی کۆنکریت بە ڕەهایی تەنها هیی ڕۆمانییەکان نییە، یۆنانییە کۆنەکان و دانیشتووەکانی ناوچەی کەمپانیا (بەشێک لە باشووری ئیتاڵیا کە یۆنانییەکان و ئێتسروسکانەکان تێیدا نیشتەجێ بوون)، جەبلەی کۆنکریتیان بە کار ‌‌هێناوە بۆ دیوارە بەردینییەکانیان، گەر بگەڕێینەوە بۆ سەدەی چواری پێش زاین. بەڵام ڕۆمانییەکان بەهرەمەند بوون لە هەڵگرتنەوەی بیرۆکەیەک و بەرەوپێشبردنی، هەر ئەوەیشیان کرد لەگەڵ کۆنکریت.

بینا گومبەتەکانی ڕۆمانییەکان

دروستکردنی چەماوە وردەکان، کە پێویستە بۆ بونیادنانی گومبەتەکان، ئیشێکی ئاسان نەبووە، بە تایبەت گەر کەرەستەکانی بەردەستت بەرد و چیمەنتۆی ئاسایی بن. دەبێت ڕاگرێکی چوارچێوەیی دارینی بۆ دابنێیت، بەمەیش دەوترێت ناوەندکردن، بەردەکان زۆر بە وردی بشکێنیت و بە وریاییەوە دای بنێیت، پاشان بەردی دیکە بکەیتە سەر چوارچێوە دارینەکە. دوای کاتێکی زۆر، کۆنکریتەکە ڕەق دەبێت، پاشان ناوەندکردنە لا دەبرێت [واتە چوارچێوە دارینەکەی ژێری لا دەبرێت]. لەگەڵ کۆنکریتدا کردەی ناوەندکردن دەکرێت کێش کەمتر بێت و بلیمەتیی زۆریشی ناوێت بۆ دروستکردنی گومبەتەکە. گەر کۆنکریتەکە دەستوبرد بە کار بێت، ناوەندکردنەکە خێراتر لا دەبرێت و بەمەیش ئیشەکە خێراتر دەڕوات.

کۆنکریت یەکێک بووە لە کەرەستەکانی ئیمپڕاتۆرە خێرا گەشەکەرەکە، ئەو شوێنەی پێویست بوو بیناکان بە پەلە سەر دەربهێنن. کاتێک ویستبێتیان دیوارێکی ئەستوور و پتەو دروست بکەن، بە شێوەیەکی خێرا، ڕۆمانییەکان تێکەڵەیەکیان لە وردە بەرد و کۆنکریت بە کار دەهێنا، ڕووپۆشیان دەکرد بە خشت یاخود بەردی ڕێک، بەمەیش ئەنجامەکە تێچووی کەم بوو، هەروەها ڕێیەکی خێرا بوو بۆ دروستکردنی دیوارێکی بەهێز و پتەو.  کۆنکریت بە هەمان شێوە کەرەستەیەکی نموونەیی بوو بۆ بینا شێوە چەماوەکان بە تایبەت ئەوانەی گومبەت و گومەزیان هەبوو، کە ڕۆمانییەکان زۆر تامەزرۆی بوون. هەروەها شێوەیەکی زۆر تایبەتیان پەرە پێ دا بۆ دروستکردنی کۆنکریتێک کە خێرا دابنرێت و دژەئاو بێت، ئەمەیش وەک خەونێک بوو بۆ ڕاگرەکانی پردەکان کە لە ناو ئاودا بوون.

پوزۆلانا

کۆنکریت بەو لکێنەرە ناسرابوو، کە تێکەڵی وردەبەرد دەکرا بۆ دروستکردنی بارستەیەکی پتەو و ڕەق. بە گشتی سێ پێکهێنەری هەبوو، تێکەڵە (لم وچەو)، چیمەنتۆ (مادەیەکی لکێنەر)، لەگەڵ ئاو. بەرهەمەکەیشی مادەیەکی جادوویی لکێنەر بوو و ڕۆمانییەکان ڕێیەکی تایبەت و کاریگەریان پەرە پێ دا، تێکەڵەیەک لە قڵس و جۆرە سووتوویەکی بورکانی کە ناسرابوو بە پازۆلانا.

پانسیۆن

یەکێک لە مەزنترین بیناکانی ڕۆم، پانسیۆنە (وێنەکەی خوارەوە)، پەرستگەیەک بۆ هەموو خوداکان، لە ناوەندی ڕۆمدا دروست کرا. پانسیۆن بینایەکی بازنەییە و بنمیچەکەی گومەزێکە، لە ناوەوەیش گومزەکە داپۆشراوە بە پاتێرنێکی چوارگۆشەیی کەلێندار، کە شێوەیەکی  دڵڕفێنی هەیە. هیچ کەم لەمانەیش بە دەست نەدەهێنران بەبێ بەکارهێنانی کۆنکریت بە وردی، کە کەرەستەی سەرەکیی گومزەکە بوو. بیناکارەکان بە شێوەیەکی تایبەت، تێکەڵەی جیاوازیان بە کار دەهێنا لەگەڵ کۆنکریتەکە، ڕادراوی بەهێز و قسڵەتوفیان بە کار هێنا بۆ بناغە و دیوارەکان تاکو کۆرنیسی (لێواری) یەکەم، خشتی سووکتر و تەنانەت مادەی سووکتر بۆ چینی داهاتوو، دواتر خشت بە تەنها، لە کۆتاییشدا لە ترۆپکی گومەزەکەدا، مادەیەکی سووکتریان بە کار هێنا، بەردەپێی بورکانی. [جێی باسە کە ناوەڕاستی گومەزەکە، بۆش بووە، ئەمەیش چەند مەبەستێکی لە پشتەوە بووە، یەکێک لەو مەبەستانە و سەرەکیترینیان بۆ هەواگۆڕکێ بووە، لەو پەرستگەیەدا بەردەوام ئاگر هەڵبووە، بەمەیش پێویستیان بەو بۆشاییە هەبووە تاکو گازەکەی لێ بچێتە دەرێ].

پوزۆلانا لە گردەکانی دەوروبەری شاری نەیپڵسەوە هاتبوو، ناوچەکە بە پوتیۆلی یاخود پوزۆول ناسرابوو. ڕۆمانییەکان سەرسام بوون بە پوزۆلانا و هەندێک تایبەتمەندیی ئەم مادەیە لە نووسینەکانی ”مێژووی سروشت”ی پلینی و ڤیتروڤیوسدا دەردەکەوێت. نووسینەکانی ڤیتروڤیوس لەسەر تەلارسازی بوون، کە تێیدا تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم مادەیەمان پیشان دەدات: ”ئەم مادەیە، کاتێک تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ لەگەڵ لم و چەودا، نەک پتەویی پێویست دەبەخشێت بە بیناکان، بەڵکو کاتێک ڕاگرەکان لە ئاودا بونیات دەنرێن، خۆڕاگر دەبن لە ئاودا.”  ڤیتروڤیوس ڕاست بوو. کۆنکریتی ڕۆمانی بە جۆرێک بەهێز بوو، هەزاران ساڵ دوای بونیادنانیان، دوای ئەوەی بەردی ڕووپۆشی بیناکە بە هۆی کەشوهەواوە زیانی پێ دەگەیشت، کەچی هێشتا کۆنکریتە ڕۆمانییەکە مابووەوە، بەبێ زیان.

”ئەوان بە سروشتی خۆیان دڵسۆز بوون بۆ بیناکانیان و ئەوەیش خۆی لە خۆیدا ئەو بلیمەتییە بوو کە دەوڵەمەندەکان دڵخوازی بوون.”

جەی سی ستۆبارت لە کتێبی ”ئەو گەورەییەی کە ڕۆم بوو”

درێژبوونەوەی ڕووبارەکان

دوای ئەوەی کۆنکریتیان بە پوزۆلانا دروست دەکرد، کە مادەیەکی نموونەیی بوو بۆ پردەکان. ئەمە جێدەستێکی گرنگی هەبوو، چونکە ئەو بەردانەی کە پردیان پێ دروست دەکردن، زەحمەت بوون بۆ بونیادنان، بەبێ بەکارهێنانی کۆنکریت. لە ڕاستیدا زۆربەی پردەکان لە سەردەمی پێش ڕۆمانییەکاندا یان بەردی زۆر بچووکی لەسەر یەک نراویان بە کار دەهێنا و پردێکی بچووکیان لێ دروست دەکرد یاخود بونیادی دارینیان بە کار دەهێنا، کە تەمەنێکی سنوورداری هەبوو. جا بۆیە کۆنکریتی ڕۆمانی کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر بونیادنانی پردەکان.

تاق و گومبەزەکان

بەکارهێنانی ئەم مادەیە لە مەبەستێک زیاتری تێپەڕاند، بەمەیش تەلارسازیی ڕۆمانی بە هەندێک ئاڕاستەدا ڕۆیشتن، کە یۆنانییەکان پێشتر بیریان لێ نەکردبووەوە، وەک بونیادنانی پەرستگەی مەزنی پانسیۆن لە ڕۆم، یاخود گەرماوەکانی ئیمپڕاتۆر، بینا گومبەتەکان وەک گەورەترین باسیلیکا [دادگای ڕۆمی] و هەموو جۆرە بونیادەکان کە تاق تێیاندا بە کار دەهات، هەموو ئەمانە بە لێهاتوویی بە بەکارهێنانی کۆنکریت.

هیچ کام لەم بونیادانە داهێنانی بە تەنها ڕۆمانییەکان نەبوو؛ یۆنانییەکانیش گومبەت و گومبەزیان بەکار‌هێنابوو پێش سەرهەڵدانی ڕۆم. بەڵام ئەوەی بلیمەتی دەداتە ڕۆمانییەکان، گەشەپێدان و زیادکردنی مەبەستی بەکارهێنانی گومبەت و گومبەز بوو، دروستکردنی گومبەزی مەزن، وەک ئەوەی پانسیۆن، یاخود ئەو بونیادانەی تاقی مەزنیان تێدا بە کار دەهات. ئەوە ڕۆمانییەکان بوون بەوەفا بوون بۆ بیناکان و ئەوان بوون مۆنیومینتە مەزنەکانیان دروست کرد، وایان کرد ئەم جۆرە بونیادانە ببنە بیرۆکەی گەورەی تەلارسازی و گەشەپێدەری بەکارهێنانەکانی بن. ئەوان دیدی تەلارسازییان گۆڕی.

سەرچاوە:

کتێبی ”٥٠ بیرۆکەی ئەندازیاری کە پێویستە بیزانیت”
(50 Architecture Ideas You Really Need to Know)

هاوبەشی بکە

architecture, Book,