13/09/2024
DidiMn Logo
Top

ڕۆماننووسێکی عێراقی لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

سه‌عد محه‌مه‌د میوانى بیستویه‌که‌مین فێستیڤاڵى ڕوناکبیریى گه‌لاوێژ بوو

دیدی من

 

سه‌رله‌به‌یانیى ڕۆژى دووشه‌ممه‌، ڕێکه‌وتى 9/4/2018، ڕۆماننووس و چیرۆکنووسى ناودارى عێراقى سه‌عد محه‌مه‌د ڕه‌حیم، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى سلێمانى به‌ جه‌ڵته‌ى دڵ کۆچى دوایى کرد.

ئه‌م ڕۆماننووسه‌ میوانى بیستویه‌که‌مین فێستیڤاڵى ڕوناکبیریى گه‌لاوێژ بوو، له‌ ڕۆژى دووه‌مى چالاکییه‌کانى فێستیڤاڵدا (6/4) له‌ ته‌وه‌رى وه‌رگێڕانى ئه‌ویدى له‌ ڕووى ڕۆشنبیرییه‌وه‌ به‌ بابه‌تێک به‌شداریى کرد به ‌ناونیشانى ‌وه‌رگێڕانى ئه‌ویدى و ساتى ئاماده‌نه‌بوونى ڕۆشنگه‌ری. ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌، 8/4/2018، له ‌کاتێکدا خۆى ئاماده‌ کردبوو له‌ ڕێگه‌ى فڕۆکه‌خانه‌ى سلێمانییه‌وه‌ سه‌فه‌رى به‌غداد بکات و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌که‌ى، ته‌ندروستیى تێک ده‌چێت و جه‌ڵته‌ى دڵ لێی ده‌دات، دواتر له‌ سه‌رله‌به‌یانیى رۆژى دووشه‌ممه‌، 9/4/2018، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى بووژانه‌وه‌ى دڵ له‌ سلێمانى کۆچى دوایى ده‌کات. سەعات 10:00ی سه‌رله‌به‌یانى له‌ ڕێوڕه‌سمێکدا به‌ به‌شداریى بنکه‌ى ڕووناکبیریى گه‌لاوێژ و هه‌ندێک له‌ نووسه‌رانى تر و  که‌سوکارى کۆچکردوو، ته‌رمه‌که‌ى گواسترایه‌وه‌ بۆ زێدى خۆى.

سه‌عد محه‌مه‌د ڕه‌حیم‌ ساڵى 1957 له‌ شارى به‌عقووبه‌ له ‌دایک بووه‌، له‌ ساڵى 1980دا به‌کالۆریۆسى له‌ کۆلێجى کارگێڕى و ئابووریدا به‌ ده‌ست هێناوه‌، پاشان بووه‌ به‌ مامۆستاى ئاماده‌یى و وانه‌ى ئابووریی وتووەته‌وه‌، به‌ڵام خه‌مى سه‌ره‌کیى ئەو ئه‌ده‌ب و ڕۆمان و ڕۆژنامه‌گه‌رى بوو، بۆیه‌ ژماره‌یه‌ک کتێبى له‌ بوارى چیرۆک و ڕۆمان و لێکۆڵینه‌وه‌و ڕه‌خنه‌دا چاپ کردووه‌، له‌م دواییه‌دا پتر به‌ ڕۆمانى کوژرانى کابرای کتێبفرۆش ناوبانگى ده‌رکرد و له‌ ماوه‌ى ساڵێکدا ١٠ جار چاپ کرایه‌وه‌ و بۆ چه‌ندین زمان وه‌رگێڕراوه‌، له‌وانه‌ زمانى کوردى که‌ سه‌باح ئیسماعیل کردوویه‌تى به‌ کوردى و دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

گرنگترین کتێبه‌کانی:

سه‌رکه‌وتن به‌ره‌و بورجى دوانه‌، کۆمه‌ڵه‌چیرۆک، 1989، بەغداد
سێبه‌رى تووه‌ سووره‌که‌، کۆمه‌ڵه‌چیرۆک، 1993، بەغداد
ئه‌و و ده‌ریا، کۆمه‌ڵه‌چیرۆک، 2000، بەغداد
کازیوه‌ى له‌قله‌قه‌کان، ڕۆمان، 2000، بەغداد
وێستگه‌ دووره‌کان، کۆمه‌ڵه‌ چیرۆک، 2004، بەغدا
هاندان، چیرۆک، 2004، دیمەشق
گوڵى باده‌م، کۆمه‌ڵه‌چیرۆک
سێبه‌رى جه‌سته، ڕۆمان، 2015
ئه‌و ڕۆشنبیره‌ى لووت له‌ هه‌موو شتێک ده‌ژه‌نێت، لێکۆڵینه‌وه، 2016
کوژرانى کابرای کتێبفرۆش،‌ رۆمان،  2017
گێڕانه‌وه‌ به‌ مێژوو خۆى ده‌نوێنێت، لێکۆڵینه‌وه، 2017
بوارێک بۆ شێتبوون، رۆمان، 2018

هاوبەشی بکە

Galawej, Kujrani Kabrai Ktebfrosh,