19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕۆمانی ”زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت” بڵاو ده‌کرێتەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

دەزگای نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا، به‌م زوانه‌ ڕۆمانی ”زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت”، لە نووسینی ڕێبین خدر چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه.

له‌ باره‌ی ڕۆمانەکەیەوە، ڕێبین خدر بۆ دیدی من وتی: ”ڕۆمانەکەم تەواو بەو چاوە نووسیوە کە من خۆم دنیا و بە تایبەت کۆمەڵگەی کوردیی پێ دەبینم. بەڵام نەک بەو جۆرەی چاو و ڕوانین لە کارەکتەرانی ڕۆمانەکە وەربگرمەوە، نا، مەبەستم لە شێوازە. ڕەنگە ڕووداوەکان و وێنەکان هەڵگەڕاوە و سوریال، هەروا هەندێک جار ترسناکیش دەرکەون، یان نامۆ. یەکەم جارە بەم شێوازە دەگێڕمەوە. کۆمەڵێک فێڵ و تەکنیک و هێڵ و ڕەنگم لە دنیای شیعری خۆم قەرز کردوون، چونکە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە وەک لە ناونیشانەکە دەیبینن، زمانە. واتە گەمەکردن لەگەڵ زمان یان سەرکێشیکردن لەگەڵ زمان.”

هەروەها دەربارەی بڕیاردانی بۆ نووسینی ڕۆمانەکە، وتی: ”یەکەم جار بیرۆکەی ڕۆمانەکەم لە گۆڕستانی ‘جەنگاوەرانی جەنگ’ی شاری شتادێی ئەڵمانیا بە خەیاڵدا هات. کۆمەڵگەی کوردی و ژیانی خۆمم لە کوردستان بە شەپۆل هاتەوە ناو سەر. ڕستەی یەکەمم لەسەر کاغەزێک نووسی و ئاوا… ئاوا جیهانێکی دیستۆپی و بەسەریەکدادراو هەڵقوڵا و کارەکتەران دەربوونەوە. ڕووداوەکان لە دوای ڕاپەڕین ڕوو دەدەن و بەشی زۆری لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ تا دەگاتە ئێستا.”

زمان پاسکیلێکی شكاو لێدەخوڕێت، ڕێبین خدر

ڕێبین خدر، شاعیر و ڕۆماننووس، لە ساڵی ١٩٨٦ لە ئۆردووگەی پیرزین لە نزیک هەولێر لە دایک بووە. کۆلێژی زمان، بەشی کوردیی زانکۆی سەڵاحەدینی تەواو کردووە. یەکەم بەرهەمی بڵاوکراوەی، شیعرێک بووە لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە گۆڤاری ئایندە. لەو کاتەوە لە گەلێک گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی شیعر و چیرۆک، شانۆنامە و وتاری بڵاو کردوونەتەوە. هەندێک لە نووسەر و ڕەخنەگران بە دەنگێکی تازە و کاریگەری ئەو نەوەیەی دوای ڕاپەڕینیان لەقەڵەم داوە. ساڵی ٢٠١٢ یەکەم کتێبی شیعریی خۆی بە ناونیشانی ”بە ١٤ ڕێگادا” و ساڵی ٢٠١٣ ڕۆمانی ”باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا”ی بڵاو کردوونەتەوە. ژمارەیەک لە شیعرەکانی کراون بە ئینگلیزی، ئەڵمانی و فارسی. چەند چیرۆکێکی بە ئەڵمانی بڵاو کردوونەتەوە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە.

پەرەگرافیک لە ڕۆمانەکەوە:

”دووبارە ماڵەکەمان بە سێبەر دادەپۆشرێت. تەپە تەپیش دنیا خراپ دەکات. باڵندەکان لێرە و لەوێ دەردەپەڕن. پۆلێک باڵندە دەبینم، هەرگیز لەو دەروبەرە نەمبینیون. هەندێک عەلاگەی بەتاڵیش لەگەڵ باڵندەکان بەرز دەبنەوە. خۆیان لەگەڵیان دەگونجێنن. گەر تۆزێکتریش زیندوو بن، دەتوانن لەگەڵیان بڕۆنە هێلانەکانیانەوە و ئەوەی ماوە لە ژیانیان وەک باڵندە بژین.  فریشتەیەکی ڕەشی بچکۆلەش لە گۆڕی داپیرەم سەری دەرهێناوە و دەڕوانێتە ئەو سەرە زەبەلاح و ئاسمانخۆرە. سەرەکە تەواوی ئاسمانی داگرتووە و لووتی وەک باڵۆنێکی گەورە شۆڕبۆتەوە. هەوای لووتی لەوەدایە درەختەکان لە ڕەگەوە هەڵقەنێت. ئەمجارە یەکێک و دووان نین. مەندیل دەبینرێن و چاویلکە لە چاوی بۆینباخ لەملیش . هەندێکیان بچووکترن. دەنگی کچە مردووەکەیە، بانگی من دەکات:

-ئارەزوو خان!
دەمەوێت وەڵامی بدەمەوە:
– ئارەزوومە چیترئارەزوو نەبم، نامەوێت ئارەزووی کەس بم!”

هاوبەشی بکە

Book, Nusyar publication,