16/03/2024
DidiMn Logo
Top

سەبارەت بە نووسینی دەق، یان ئیشکردن لە دەقی خۆتدا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕاڤیار نه‌وزاد

دەمەوێت بە ڕستەیەکی ”ئەسەر میلەر” دەست پێ بکەم کاتێک لێی دەپرسن نووسەربوونی شانۆنامە چۆنە؟ ئەو بە پوختی دەڵێت ”دەبێت هەست بە هەموو شتێکی دەوروبەرت بکەیت، نەک هەر هەست، بەڵکو لەناو شتەکانیشدا بژیت، چۆن ئەو ژیانە دەکەیت ئەوەیان نازانم، بەڵام دەزانم ئەوەی ئەو هەست و ژیانکردنەی نەبێت بۆ نووسەربوونی شانۆنامە دەست نادات.”

بە دڵنیاییەوە نووسینی شانۆنامە قورسترین جۆری نووسینە، لەبەر ئەوەی شانۆنامە تەنها ماهیەتێکی ئەدەبیی ڕووت وەرناگرێت، یان ڕاستتر بڵێم ماهیەتی شانۆنامە تەنها بنەمای ئەدەبیی نییە، بەڵکو ماهیەتی تەواوی شانۆنامە ماهیەتێکی درامییە و ماهیەتی ئەدەبی بەشێکی ئەو ماهیەتە درامییەیە.

هەر ئەوەی کە تۆ دەبێت لە یەک کاتدا هەم ئەدیب و هەم دراماساز بیت بۆ خۆی یەکێکە لە قورسترین ئەو ئەرکانەی کە کەم نووسەری جیهانیش توانیویانە بڕستی ئەو کارە بێن، کە دەشڵێم کەم، دروست دەکرێت بڵێم: ”شکسپیر و چیخۆف، بیکێت لە دەقەکانی چاوەڕوانی گۆدۆ و کۆتایی گەمە. ئەپسن لە مرواری کێوی. سترنبێرگ لە خەونە نمایش. یۆن فۆس لە کەسێک هەر دێت. یۆجین ئۆنێل لە سەفەری درێژی شەو لە ڕۆژدا. هێنری میلەر لە مەرگی فرۆشیاری گەڕۆک”دا گەشتوونەتە ئەو کەماڵە هاوتایەی کە ئەدەب (دراما) بە شێوازێکی زۆر ڕێک و گونجاو هاوتا بکەن، ئەمە کارێکی زۆر ئەستەمە، دەتوانم بڵێم نەکردەیە، تەنانەت بلیمەتێکی وەک برێشت نەیتوانیوە ئەو هاوسەنگییە لە هیچ یەکێک لە شانۆنامەکانیدا ڕابگرێت. هارلۆند پینتەر شێوازێکی تایبەتی لە دنیای شانۆنامەنووسین هێنایە ئاراوە و بگرە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت، بەڵام تەنها لە دەقی ”ناپاکی”دا لەو هاوتاکردنە نزیک بووەتەوە و لە ماباقی دەقەکانی بونیادێکی مەزنی ئەدەبی هەیە و دارامایەکی لاواز!

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاد لە چواردە دەقی نووسراوم بەدەست گەیشتووە، بۆ خوێندنەوە و ڕاگۆڕینەوە لەسەریان، چەندین نمایشی شانۆیم بینیوە کە نووسەری نمایشەکە کورد بوون (بەوانەی خۆشمەوە)

هەمیشە یەک خاڵ سەرنجی ڕاکێشاوم و وەک بازنەیەک ئەو خاڵە دووبارە دەبێتەوە ”یان بونیادی ئەدەب کراوە بە قوربانیی دراما، یان دراما کراوە بە قوربانیی ئەدەب. لە هەندێک حاڵەتیشدا هیچکامیان نەکراون بە قوربانی، لەبەر ئەوەی لە ئەسڵەوە هیچکامیان بوونیان نەبووە!”

وەک دەرهێنەرێک باش لەوە تێدەگەم کارێکی زۆر سەرنجڕاکێشترە نمایشەکەت پەیوەندیی گەرمی بە ئێستاوە هەبێت، یان بەو کۆمەڵەوە هەبێت کە نمایش دەکەیت بۆیان، بەڵام ئەوەش باش دەزانم کە ئەرکێکی زۆر قورسترە لەوەی بیری لێ دەکرێتەوە.

ئێستا لێرە دەقی شانۆیی ناخوێندرێتەوە، زۆر دڵنیام لەوەی کە دەقی شانۆیی ناخوێندرێتەوە، کەس نابینی دەست ببات بۆ دەقێکی جیهانیی ناوازە و لەسەر شانۆوە بە ئێمە بناسرێت، هەموان دەیانەوێت لە دەقی خۆیاندا کار بکەن. ”دەکرێت بڵاوبوونەوەی ئەم خراپەیە منیش بەشێکی تاوانەکەم لەئەستۆ بێت، کە منیش لە پێش خۆم و ئەوانیش لە پێش خۆیان هەڵگرتووە، بەڵام هەرگیز نەمگوتووە من نووسەرم و ئەو هەڵەیەش ناکەم وا بڵێم یان دەق چاپ بکەم و بڵاوی بکەمەوە.”

هێندەی ورد دەبمەوە لە ناونیشانی کارنامەی دەرچوونی پەیمانگەی هونەرەجوانەکان لە شارەکانی کوردستان، زیاتر دڵنیا دەبم کە بازنەیەکی دیاریکراو لە دەقی شانۆیی هەیە و تەنانەت خوێندکار لەو بازنەیەش دەرناچێت.

لە دڵەوە دەمەوێت بڵێم، ئەوپەڕی لاوازییە کە ناتوانم دەقێکی شاکاری وەک ”باخی گێلاس” بخەمە سەر شانۆ، کە زیاتر لە چوار ساڵە بیری لێ دەکەمەوە و ناتوانم بیکەم، ئەگەر دە نمایشی دیکەش دروست بکەم ئەوا بێگومانم لەوەی کە دەرهێنەرێکی باش نیم، تا ئەو ئەرکە بەجێ نەهێنم.

بەڵام ئەگەر باس بێتە سەر نووسینەوەی دەقێک بۆ پڕۆڤە و کارکردن تێیدا، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەوە باجێکی زۆر قورسی هەیە، باجێک کە دەبێت بە ژیانی ڕۆژانەت بیدەیت، بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت بیدەیت، بە خۆشی و ناخۆشی بیدەیت. ”خوێندنەوەی هەموو دەقە وەرگێڕدراوەکان، ڕۆمان، چیرۆک، ڕەخنەی ئەدەبی، فەلسەفە و شیعر، بینینی ڕۆژانەی نمایشی شانۆیی لە ئەنتەرنێت باج نییە، بچووکترین ئەرکە. ناکرێت تۆ سێ دەقی شکسپیر و چیخۆفت نەخوێندبێتەوە و دەست بەریت بۆ دەقنووسین.”

تێنسی وڵیامز دەڵێت: ”من ناتوانم هیچ لاوازییەکی مرۆڤایەتی بخەمە ڕوو لەسەر شانۆ، ئەگەر خۆم نەمبێت.”

ئەوەی وڵیامز و ئەوەی میلەر باسی دەکەن دوو ڕووی یەک دراون و قورسترین باجێکن کە نووسەری شانۆنامەیەک دەبێت بیدات بە ژیانی خۆی و بە بوونی خۆی وەک کەسێک لەم جیهانەدا و هەموو کەسێکیش نایەوێت و ناتوانێت ئەو باجە بدات.

دەمەوێت بڵێم ئەوەی میلەر لە ڕستەکەی سەرەوە باسی دەکات هیچ پەیوەندی بە کتێب و بینین و بەهرە و شانۆکاربوون و نەبوونەوە نییە، ئەوە دۆخێکی دەروونیی ئاڵۆزە کە باجەکەی ڕەنگە ئەوە بێت کە بە گەمژە یان درۆزنێکی زۆر گەورە بانگ بکرێیت.

کۆتایی قسەکانم بە وەڵامێکی شانۆنامەنووس ئێدوارد ئەلبییە سەبارەت بەوەی، ئایا کاتی نووسینی دەقێکی شانۆیی ئەو چەندێکی پێ دەچێت؟

ئێدوارد ئەلبی: زۆر جار خەڵک ئەو پرسیارەم لێ دەکەن، چەنێک کاتم پێدەچێت بۆ نووسینی دەقێکی شانۆیی؟ منیش پێیان دەڵێم ”هەموو ژیانم.” دەزانم ئەمە ئەو وەڵامە نییە کە ئەوان دەیانەوێت، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەو چەند کاتەیە کە دەقەکە لە مێشکمدا دروست دەبێت و ئەوەش کە لەسەر نووسینی بەسەری دەبەم، بەڵام دڵنیابن ”درێژایی ژیانم” ڕاستگۆترین وەڵامە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوەی سێ ڕستەکەی ئەلبی و میلەر و وڵیامز، کتێبی شانۆی ئەمەریکی مۆدێرن، نووسینی فرانک گۆتران.

هاوبەشی بکە

Kurdish Theatre\, Theatre,