16/04/2024
DidiMn Logo
Top

ساردەمەنی و چێژی سێکسی

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

پییر ڤارۆد
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەکبەر حەسەن

فرۆشتنی ساردەمەنی تەنیا فرۆشتنی چێژە و ھیچی تر. جگە لەم چێژە، ھیچ بیانوویەک نییە بۆ خواردنی ساردەمەنی. ھیچ تایبەتەمەندییەکی خۆراکیی تێدا نییە و بە سروشتییش ھیچ تایبەتمەندییەکی تەندروستیی نییە. لەسەر ئەم بنەمایە، ناوبانگی تایبەتیی ساردەمەنی تێمای ئەم چێژە وەبەر دەھێنێت، بەتایبەتییش ئەو چێژەی پەیوەستە بە سێکسکردنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تێمایە تەنها بواری مومکینی پەیوەندیکردن نییە. بنێشتی ھولیۆد (Hollywood Chewing-Gum) و کۆکاکۆلا، کە ھەروەک ئەگن-داز ھیچ تایبەتمەندییەکی خۆراکی و تەندروستییان نییە، لە لای خۆیانەوە چێژی بەشداریکردن و بەمێکردنیان ھەڵبژاردووە. لەبەر ئەوەش گوتاری سێکسی لەم بوارەدا شتێکی پێویست نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگن-داز ئەم گوتارەی ھەڵبژارد. دواھەمین ھەڵمەتی ئەگن-داز لەم بوارەدا ھەڵمەتێکی سەرنجڕاکێشە.

ئەگن-داز پەیامەکانی خۆی لە لاپەرەی یەکەمی لۆمۆنددا، لە تێمای تەواوکۆییەوە (perfection) دەنێرێت. دواتر بەتایبەت لەسەر ئەو پێنج پۆستەرە دەوەستین، کە لە ژمارە 13ی ئایاری 1998 بڵاو کراونەتەوە. ئەگەرچی ھەردوو ڕەگەزەکە (نێر و مێ) خوێنەری لۆمۆندن، کەچی ئەگن-داز بە مەبەست پەیامەکەی ئاڕاستەی پیاوان دەکات، ئەویش لەم تێمایەوە: ئێوە، ھۆ ئەوانەی بە دوای تەواوکۆییدا (perfection) دەگەڕێن، باشتر وایە چێژ لە ئەگن-داز وەربگرن. توێژاڵێکە و دەستبەجێ و بە دڵنیاییەوە چێژێکتان پێ دەبەخشێت، ھیچ ئافرەتێک ناتوانێت پێتان ببەخشێت. بەڵێنەکی بەھێزە، وەسوەسەی سەلماندن و پیشاندانیشی کەمتر نییە لە بەھێزیی بەڵێنەکە. ڕێکلامەکە بۆ ئەوەی بڕوامان پێ بھێنێت، پێشنیازی ئەوەمان بۆ دەکات بەراوردێکی ڕاشکاوانە لە نێوان ئافرەت و ساردەمەنیدا بکەین.

ئەو شیکردنەوەیەی لێرەدا پێشکەشی دەکەم، دەرئەنجامی ڕوانگەیەکی دەروونشیکارانەی ھەڕەمەکی نییە بۆ بەرھەمێک، کە ھیچ پەیوەندییەکی پێیەوە نییە. لێکۆڵینەوەمان لەم بابەتە پاساوی خۆی ھەیە، پاساوەکەش ئەو کەرەستە جۆرییە بەکارھێنراوانەیە لەم بونیادە بینراوەدا، کە دەبێتە ھۆی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئافرەت و سەرتوێژی ساردەمەنیدا.

بێگومان ڕێسای لۆژیکی ھەن کە فەرامۆش ناکرێن. پێوانەکردنی دووری نێوان دوو خاڵ یان دوو پارچەی جێگیر مومکینە، ھۆی ئەم ئیمکانەش ئەوەیە ھەردووکیان سەر بە ھەمان بوارن. لە بەرانبەردا ناتوانین دووری نێوان خاڵی \ڕ\ و مێزێک لە ھۆڵی دانیشتندا بپێوین، چونکە سەر بە ھەمان جیھانی بەڵگەنەویست نین.

تەنها خاڵی ئاوارتەی ئەم ڕێسایە نائاگاییە. نائاگایی باکی بەم سنوورانە نییە. بگرە مەسەلەکە لەمەش زیاترە. ئەو میتافۆرەی (ھەروەک کینایە) مادە بنچینەییەکە بەردەست دەخات بۆ خستنەکاری نائاگایی، ئەو شتانە پێکەوە دەبەستێتەوە، کە لە یەکەم نیگادا وا دەردەکەوێت ھیچ شتێک پێکەوە کۆیان نەکاتەوە. ھەموان دەزانن بابەتی میتافۆر پێکەوە بەستنەوەی ئەو ڕەگەزانەیە، کە ھیچ بەستەرێک (رابگ) لە نێوانیاندا نییە، ئەویش بە ھۆی ئامڕازی لێکچواندنی وەکەوە (ئەمەش سەرچاوە ڕاستەقینەکەی داھێنانی شیعری و گەمەییە). بەم شێوەیە چواندنی ئافرەت بە توێژاڵ، مانای دانانی ئافرەتە لە بازنەی نائاگایی و تەرزی کارکردنیدا. لەو ساتەدا دەرگا لە بەردەم خوێندنەوەی فرۆیدییانەدا دەکرێتەوە.

ئافرەتی سەھۆڵین
بەپێی ئەگن داد سێ جۆر ئافرەت ھەیە. دەتوانین لە ڕێگەی زنجیرەی سێ بینراوی سەرەکییەوە لەم سێ جۆرە تێبگەین. سێ جۆرەکە بونیادێکی بەھێزیان ھەیە لە میانەی لە بەرانبەر یەکدانانەوە: تەواو و ناتەواو (لە ڕووی بینینەوە بە دانانی چەپ لە بەرانبەر ڕاستدا تەعبیری لێ کراوە). سێ جۆرە یەک بە دوای یەکی سێ جۆر ژن لە بەردەمماندایە و نوێنەرایەتیی ھەموو جۆرەکانی ژن دەکەن، ئەوەش لە میانەی سادەییەکی سیمبولییەوە: قژزەرد، قژخەنەیی و ئەسمەر.

 

قژزەردی ساختە
ئافرەتی یەکەمیان قژێکی زەردی ھەیە، بەڵام قژی زەرد نییە وەک ئەوەی پیشان دەدرێت. جۆری یەکەمی ژنان قژ زەردە ساختەکان و ھاوشێوەکانیان دەنوێنن. بێگومان ئەم قژزەردەیان بەچێژە و کراوەیە (ڕوانینێکی بوێرانەی ھەیە، سنگی کراوەتەوە و پێمان بڵێت ستیانی نەبەستووە). ئەگەر ئەمە تەعبیر نەبێت بۆ ئامادەیی ڕۆیشتن لەوەش زیاتر (قاچی ڕووتە و گۆرەویی ئیغراکەری لە پێدا نییە، بەڵام ھەندێک سات ئەمە دەبێتە بەربەرست).

ئەو چەند وشەیەی کە لە پاڵ وێنەی ئافرەتەکەدا نووسراوە، بە دەلالەتی ئاگادارکەرەوە بارگاوی کراوە: قژزەردی ساختە. جگە لەم دوو وشەیە، ھیچ شتێکی تر نییە لەسەر ئەم ئافرەتە بگوترێت (ھەرچی دوو جۆرە ئافرەتەکەی ترە، زیاتریان لە بارەوە دەزانین). دەبێت تێبگەن و بگشتێنن: ئەوەی ھێلکەیەک بدزێت، گایەکیش دەدزێت. ناتوانن بە شێوەیەکی ھەڕەمەکییانە بیخەمڵێنن، بەڵام خوێنەران، ئێمە ئاگادارتان دەکەینەوە: ئەگەر سوورن لەسەر ئەوەی لە ئامێزی ئەم ئافرەتەدا بە دوای چێژدا بگەڕێن، ئەو کاتە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، ئەو چێژەکەتان لێ دەدەزێت، فریودەرە، بە مانای وشە کۆنتڕۆڵتان دەکات: شتێکی ترسناکە، باشتر وایە لێی دوور بکەونەوە. ساردەمەنیی ئەگن-داز بخۆن و لە بیری بکەن.

قژخەنەیی ڕواڵەتی
ئەوەتا لە بەردەم قژخەنەیی سەرنجڕاکێش و جوانداین. ئەم سەرنجڕاکێشی و جوانییە بە نووسین زامن کراوە. قژخەنەیی بە زگماک فریودەرە. پەیکەر مەترسیی نییە. تەنانەت ئەگەر ھەمیشەش ماکیاژ بکات و سیمای لەوپەڕی ھەمەچەشنەییدا بێت، ھێشتا لێی مەترسن. مەسەلەکە پەیوەستە بە شتێکی ڕاستەقینە و زامنکراوەوە، مەگەر وا نییە؟ بەڵام کێشەیەک ھەیە، مەسەلەکە پەیوەستە بە ڕاستییەکی بەتاڵەوە. ئەم ئافرەتە بوونی نییە. ڕواڵەتێکە بەبێ قووڵایی. وێنەیەکە بەبێ ڕەھەندە سایکۆلۆژییەکان (خۆشمەشرەب، زیرەکی، کرانەوە بەسەر جیھان و کەلتووردا). جگە لە سیمای ھیچ کارێکی تری نییە. جگە لە وێنەی خۆی نیگەرانی ھیچ شتێکی تر نییە. خۆی ددان بەوەدا دەنێت تەنیا وەک پانتاییەکی جەستەیی ڕووناکیبەخش بوونی ھەیە، تەنیا لەپێناوی کامێرادا دەژیی. با گوێی بۆ بگرین: (حەزەکان: کاتەکانی وێنەگرتن، خۆڕازاندنەوەم، قژداھێنانم…). بە دڵنیاییەوە حەقیقەتی قژخەنەیی فریودان نییە (ئەستەمە ئەمە بزانین) وەک جۆری قژزەرد، حەقیقەتێکە و بە ڕێگەی تر کەشف ناکرێت: جگە لە ماسکێک لە بەردەمتاندا ھیچی تر نییە. ئەمەیە حەقیقەتەکەی. جگە لە وێنەکەی، ھیچ ژیانێکی لە واقیعدا نییە. “ھیچ نھێنییەک لە ژیانیدا نییە، بڕۆ“.

وێنەیەکی ڕووتە و ھیچ قووڵاییەکی دەروونیی نییە. دەتوانن پەیکەرەکە (mannequin)  بە ڕەنگی زەرد ڕەنگ بکەن، دەتوانن قژی لوول بکەن، بەڵام دواجار پەیکەرێکی ڕاستەقینەیە. وەک خۆی دەمێنێتەوە (نەک وەک قژزەردە ساختەکەی پێشتر). ئۆبژەیەکە و تەنیا لەپێناوی کامێرادا بوونی ھەیە. دەشێت پەیکەرەکە قاڵبێکی دارینی گەڕۆک بێت و بە تیشکەکان کاریگەر بێت، بەڵام ناشێت ئافرەتێک بێت. وشەی پەیکەر وشەیەکی نێرانەیە و ئاماژەیە بۆ بوونێک کە نە پیاوە و نە ژن، بەڵکو بوونێکی بێلایەنە. لێرەوە مەسەلەکە پەیوەستە بە غیابی سەبجێکتیڤیتییەوە. بوونەوەرێکی بێبەشە لە سێکس و ھەستیاری.

با سەرکێشیی بکەین و تێبنییەکی فرۆیدییانە بخەینە ڕوو: ھیچ سیفەتێک ھاوپێچی وێنەی ئەم ئافرەتە نییە، وەک ئەوەی لە وێنەی یەکەم و سێیەمدا دەیبینین. وێنەکەی تەنها پشتئەستوورە بە ناوەکەی، چ ناوێک: ئانا-لیزا!! ناوی کچە نازدارەکەی فرۆید. ئەگەر وشەی سایکۆ (psycho)ی بخەینە سەر، ئەو کاتە ئەم وشە ئەڵمانییەمان دەست دەکەوێت (سایک-ئانا-لایز/ Psych- Ana- Lyse). بەھەرحاڵ، کەموکورتییەکەی ئانا-لیزا ڕێک لایەنە سایکۆلۆژییەکەیە. خاوەنی ڕێکلامەکە نەیویستووە ھیچ سیفەتێک بەم ئافرەتە بدات: نەک لەبەر ئەوەی وەسف ناکرێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوەی جیای دەکاتەوە، ناوەکەیەتی. دەبێت ناوەکەی وا بخوێنینەوە، وەک ئەوەی تایبەتمەندییەکی وەسفی بێت. دەبێت گوێ لەم ناوە بگرین کە باسی حەقیقەتەکەی دەکات و لە ھەمان کاتیشدا نائامادەییەکەیەتی. نائامادەیی ڕەھای فزووڵیەت و حەزەکان (ئەمە لە تێکستی ھاوپێچی وێنەکەدا ڕوون کراوەتەوە) لە ڕێگەی تێکست/ناونیشانەوەکەوە تەفسیر کراوە: ھیچ حەزێکی ڕاستەقینە لای ئەو ژنانە بوونی نییە، کە لایەنی کەمی ڕەھەندە سایکۆلۆژییەکانیان نییە. بە کورتی، ئەم ئافرەتە لێرەیە، ئافرەتێکی ڕاستەقینەیە (بە پێچەوانەی ئەوەی پێشترەوە)، بەڵام گەمژەیە. ئەم، بەبێ یاریکردن بە وشەکان، گەمژەیەکی ڕاستەقینەیە، وەک چۆن ئافرەتی یەکەمیان قژزەردێکی ساختەیە. چاوپۆشی بکەن، ئەگن-داز بخۆن و لە بیری بکەن.

ئەسمەری دەستپێڕانەگەیشتوو
ئێستا دەگەینە ئەو لاپەڕەیەی کە لە ناوەڕاستی ڕۆژنامەکەدایە و دوو لاپەڕەیە، ترۆپک و لوتکە دەنوێنێت. ئافرەتی سێیەم ئەسمەرە. زانیمان بۆچی ئەسمەرە. لە ھەموویان گرنگترە. حەز دەکەن بیکەن بە ژنی خۆتان. ھەموو ئەو تایبەتمەندییانەی ھەیە، کە حەزتان لێیەتی. بە پێچەوانەی دوو ئافرەتەکەی پێشترەوە، ھیچ کەموکورتییەکی نییە. با پێتان بڵێم بۆچی کەموکورتیی نییە.

بە پێچەوانەی ئافرەتی دووەمەوە، ئەسمەرێکی ڕاستەقینەیە. ئاخۆ ئەمە مەحاڵە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر. ئەمەش بە تایبەتمەندییەکی پۆزەتیڤ دادەنرێت و تەعبیر لە مۆرکێک دەکات کە حەزەکان کۆنتڕۆڵی دەکەن، وەک چۆن تەعبیر لە ھەڵچوونە بەھێزەکان دەکات. ڕاستەقینە و سیفەتی ئەسمەر دوو ڕەگەزن و لە زمانی باودا پاڵپشتیی یەکتر دەکەن. ئەم ئافرەتە فریودەر نییە.

بە پێچەوانەی ئافرەتی یەکەمەوە، ئافرەتی سێیەم بوونی ھەیە و دەستەواژە ھاوپێچەکەی وێنەکە بوونەکەی ڕادەگەیەنێت: “دەوڵەمەندە- elle est riche”. نابێت بیرمان بچێت ئەم ڕستەیە لە سێ وشە پێک ھاتووە، کە دوانیان (elle est) دەگەڕێتەوە بۆ ئافرەتەکە و میسداقیەتی پێ دەبەخشێت.

با بگەڕێینەوە بۆ لای دوو ئافرەتەکەی پێشتر. سەبارەت بە ئافرەتی یەکەم دەکرا ئاوا نووسینە ھاوپێچەکە بیخوێنینەوە (ئەو قژزەردێکی ساختەیە)، بۆ ئافرەتی دووەمیش بەم جۆرە بیخوێنینەوە: ناوی ئانا-لیزایە، بەڵام وا نەمانخونێدنەوە، چونکە بەو دوو جۆرە نەنووسراون. تەنیا ئافرەتی سێیەمە کە نە ساختەیە و نە کەموکوڕیی ھەیە. کەواتە کەموکورتییەکەی چییە؟ لەڕاستیدا بێکەموکورتییە. ھەموو شتێکی ھەیە: زیرەکە، ڕووخۆشە، دەوڵەمەند و جوانە. سەرباری ئەمانەش، سێکسییە.

بە ئاشکرا دیارە چاوەڕێی ھاوبەشێک دەکات (بێگومان بۆ یاریی کاغەز نا). وێنەگرەکە ھەموو ئەو کەرەستانەی بە کار ھێناوە، کە تەعبیر لەوە دەکەن. ئەمەی سێیەم جلوبەرگێکی پۆشیوە، کە لە جلوبەرگی دوو ئافرەتەکەی پێشوو بوێرانەترە. لەسەر ئەژنۆ لەسەر تەختێکی نووستنی پەرش و بڵاو دانیشتووە. لایەکی ستراپەکەی ھاتووەتە خوارەوە بۆ ژێر باڵی. ھەر دە پەنجەی دەستی بەناو یەکدا چوون. ئاخۆ خوێنەرێک ھەیە ھەتا ئێستا تێنەگەیشتبێت؟ کەواتە چی ھەیە؟

لەڕاستیدا ئەمەی سێیەمیان مایەی دەستپێگەیشتن نییە. لەبەر ئەوەی ھەموو شتێکی ھەیە، ھیچ شتێکتان پێ نادات. تەنانەت دەستتان بە پاژنەی پێی ناگات. لەوەش زیاتر، ناتوانن بیکڕن، چونکە دەوڵەمەندە. دەوڵەمەندی یەکەمیان تایبەتمەندیی ئەوە (نووسینە ھاوپێچەکەی وێنەکە وا دەڵێت). خۆتانی لێ ببوێرن. تەنیا لە خەوندا دەتوانن ژنی جوانتان ھەبێت نەک لە واقیعدا. خودا دەزانێت چەندە ئیغراکەرن. ئێمە دەزانین حەشەریترین ژنان لەناو جێگەدا ژنە بۆرژوازییە زیرەک و بێشەرمەکانن. نموونەیەکی دەگمەن و گرانبەھان. بەپێی نووسینە ھاوپێچەکە، ناتوانن بیانکڕن. چاوپۆشی بکە.

ئەسمەری خەونەکانتان بگۆڕنەوە بە ئەگن-داز: چێژی گەرانتیکراو (پارچەی ڕاستەقینە) و شیاو (لە ھەر شوێنێک و ھەر کاتێکدا بتانەوێت). ئەگن-داز: چێژ لە بەردەستتاندایە. دووبارەبوونەوەی ھەندێک دەنگ ھاڕمۆنیایەکی دەنگی دروست دەکات لە نێوان کرێم، دەوڵەمەند، فرێش (crème, riche, fraîche) ھاوکات ھەڵبژاردنی سەجەعیشە لەپێناو کێشکردنی پارچەی ڕاستەقینەی نانا  (ئەناناس).

چێژی تاکەکەسی
لە پاش دوورخستنەوەی ئافرەت چی مایەوە؟ چێژی تاکەکەسی کە چێژێکی گەرەنتیکراوە. ژوانەکەمان لە دواھەمین لاپەڕەدایە، دواھەمین خانەی گەیشتنە. ئێستا لە دواھەمین وێستگەدان. لاپەڕەی کۆتایی ڕۆژنامەی لۆمۆند بەتەواوەتی تەرخان کراوە بۆ ناردنی دوا پەیام. بورجی پیز خراوەتە بەرانبەر ستوونێکی بەرزی ھەڵچووی قتووی ئەگن-داز. لێرەدا مەسەلەکە پەیوەستە بە ڕەپبوونێکی ناتەواو لەگەڵ چێژێکی گەرەنتیکراودا. ئەگن-داز لە ڤیاگراش باشترە. بۆچی؟ چونکە ئافرەت دوور خراوەتەوە ھەر مەترسی و سوپرایزێک دوور خراوەتەوە.

ئەمەش پاشەکشەیە بەرەو قۆناغی پێش ئافرەت، ئەو کاتەی پیاو لە بەھەشتەکەیدا پشوو دەکات. دواھەمین پۆستەر جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە: “جیھانێکی تەواوە“. ئەمەش کەم نییە.

بە کورتی، دروشمە شاراوەکەی ئەگن-داز جگە لەمە شتێکی تر نییە: “پشت بکەنە ژیان“. ژیانی ئەم دنیایە کەموکورتیی زۆرە و مایەی ڕەزامەندیی نییە. بە مانایەکی تر، ڕەزامەندییەکە گەرەنتیکراو نییە. ئەوەی بە پلەی یەکەم تا ئەم ڕادەیە پەیوەستە بەم مەسەلەیەوە، ژیانی سێکسییە، بەتایبەتییش ژیانی سێکسیی پیاوان (لێرەدا ئەگن-داز ڕوو ناکاتە ژنان). سەرباری ئەمەش، ئەگەر ژیانی سێکسیی نێر کەموکورت بێت، ئەوا ھۆکاری ئەم کەموکورتییە دەگەڕێتەوە بۆ ئافرەتان.

ژیانی ڕاستەقینە لە شوێنێکی ترە

ڕامبۆ

ئەگەر بە باشی ڕابمێنین، تێبنیی بوونی سێ قۆناغ دەکەین لە ڕیکلامکردن بۆ ئەم ساردەمەنییە. لە قۆناغی یەکەمدا (لەگەڵ ڕیکلامی میکۆ) جۆرێک لە سێکس ھەیە: چێژی سێکسی- چێژی سێکسیی دەم، وەک ئەوەی لە جووڵەکانی دەمی ئافرەتدا دەبینرێت.

قۆناغی دووەم (لەگەڵ ماگنوم) دواخستنی کردەی سێکسکردنە. دەکرێت ئەم کردەیە مەترسیدار بێت. لە یەکێک لە ڕیکلامە کۆنە سینەماییەکانی ئەم بەرھەمەدا وێنەی کوڕێکی گەنجی نیگەرانمان پیشان دەدرێت، کە کچە ھاوڕێکەی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکات. لە کاتێکدا کوڕە لە بەردەم دوو دابەشکەردا وەستاوە، یەکێکیان کۆندۆم و ئەوی تریان ئایسکرێم دابەش دەکات. لەبەر ئەوەی کوڕە تاکە دراوێکی پێیە، بە ناچاری ئایسکرێمەکە ھەڵدەبژێرێت. دەشێت سێکسکردن لە دوای خواردنی ئایسکرێم ترسناک بێت، ئەمە ئەگەر کوشندە نەبێت. خۆشەویستیی جەستەیی بە لای کەمەوە دەرئەنجامەکەی نەخۆشخانەیە، یاخود زیندانە وەک ئەوەی لە ڕیکلامێکی تری ھەمان بەرھەمدا دەیبینین. پۆستەرەکە کچێکی دزی زیرەکمان پیشان دەدات کە خەریکی دزییە. کچە پێی باشترە پەنجە بە دوگمەی دەزگای ئاگادارکردنەوەکەدا بنێت بۆ ئەوەی بە کامەرانییەوە چێژ لەو ئایسکرێمە وەربگرێت کە حەزی لێیەتی. سەرەتا ئایسکرێم، دواتر سێکس. ژیان مەسەلەی ئەولەویەتەکانە.

لەگەڵ ئەگن-دازدا ھەنگاوی دوورتر لەم ئاڕاستانە دەڕۆین. لەم دۆخەدا خۆشەویستی ئاڵوگۆڕ ناکرێت بە جۆرەکانی تری وەک چێژی دەم، یان دوا بخرێت، یان فەرامۆش بکرێت لەبەر ئەوەی مەترسیی لە دوایە، بەڵکو لە ئێستاوە پەیوەندییە سێکسییەکان بەتەواوەتی فەرامۆش دەکرێن و ڕوو لە ئۆتۆ-ئیرۆتیزم دەکرێت، چونکە ئۆتۆ-ئیرۆتیزم گەرەنتیی زیاترە. خۆتان لە ژنان لا بدەن، خۆتان لە ژیان لا بدەن، خۆتان لە مەترسییەکان لا بدەن. لە گەرما دوور بکەونەوە، لە توانەوە دوور بکەونەوە، لە ھەڵچوونی ئیرۆسییانە دوور بکەونەوە. بە دڵنیاییەوە دەستپەڕکردن و دووبارەکردنەوەی جووڵە مەراسیمییە بێ سوپرایزەکان باشترە. دووبارەکردنەوەیەکە بەبێ کڵپە (کڵپە لە دۆخی خۆشەویستیدا تەنها ئەو کاتە دەبێت، کە حەزکردن لە ئەوی تر ھەبێت). لەگەڵ ئەگن-داز گەڕانەوە بەرەو دواوە (بێنەزمی) دەبێت بە شتێکی باو. سارد پێش دەکەوێت، بە سەھۆڵبوون، نزمبوونەوەی ئاستی وزەی پاشەکەوتکراو، دابەزینێکی ئارام و بێئازار بەرەو کۆتایی، ئاخۆ ئەمە مەرگێکی پێشوەختە لەگەڵ ئەگن-داز؟

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:
پێگەی تایبەتیی شەعید بنگراد

هاوبەشی بکە

Wtari Kteb,